Draw Media

عێراق پشتیوانی توركیا دەكات لە روبەڕوبونەوەی سزاكانی ئەمریكا 

عێراق پشتیوانی توركیا دەكات لە روبەڕوبونەوەی سزاكانی ئەمریكا 

2018-08-14 16:22:19


( درەو میدیا):
حەیدەر عەبادی دەڵێت، حكومەتی عێراق پشتیوانی توركیا دەكات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە نەختینەیەی بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە بەرۆكی گرتوە، ئامانجی سەردانەكەشی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگێڕێتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش، ئاسایش وخوشگوزەرانی و سەقامیگری عێراق بە ئاسایش و خوشگوزەرانی و سەقامگیری توركیاوە دەبەستێتەوەو  دەڵێت: هەردوو وڵات هاوچارەنوسن.
ئەم قسانەی عەبادی و ئەردۆغان لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا هات كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەئەنكەرەی پایتەختی توركیا ڕێكیانخست. 
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ڕایگەیاند، هێڵێكی هەناردەكردنی نەوت هەیە ئەكرێت بەخێرایی چالاك بكرێت بۆ ناردنی نەوتی خاو لەپارێزگای كەركوكەوە بۆ توركیا و كردنەوەی ڕێڕەوێكی ڕاستەوخۆ لەنێوان عێراق و توركیا، وتیشی: سەرۆكی توركیا بەڵێنی داوە پشكی تەواوی ئاوی عێراق بدات.
عەبادی لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەسەر پرسی ئاسایشی سنورەكان ڕێككەوتون و نایانەوێ هیچ ڕێكخراویكی "تیرۆرستی" خاكی عێراق بەكاربهێنێ و هەر دەستدرێژەیەكیش بۆ سەر خاكی وڵاتانی دراوسێی و لەنێویشیاندا توركیا، ڕەتدەكەنەوە. 
عەبادی ئەوەشی وت، توركیا بەشداری دەكات لەبنیاتنانەوەی عێراق و داواشیكردوە بۆ دوبارە كردنەوەی كۆنسولگەرییەكانی لەبەسرە و موسڵ و بەمنزیكانەش كار لەسەر ئەوپرسە دەكەن.


ئەردۆغان ئاسایش و ئابوری بەئەولەویەت دەزانێت
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ڕایگەیاند: ئاسایش و خوشگوزەرانی و سەقامیگری عێراق لە ئاسایش و خوشگوزەرانی و سەقامگیری توركیاوە سەرچاوە دەگرێت و هەردوو وڵات هاوچارەنوسن.
وتیشی: ئامادەن بۆ كاركردن لەگەڵ حكومەتی داهاتوی عیراق بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و پێشخستنی هاوكارییەكان لەبوارە جیاوازەكاندا و لەپێش هەموشیانەوە ئاسایش و ئابوری.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد، كردنەوەی ڕێڕەوێكی سنوری تر لەگەڵ عێراق لەقازانجی هەردوو وڵاتەو بڕواشیانوایە هەنگاوی پێویست بۆ ئەومەبەستە دەگرنەبەر و كێشەكانی عێراقیش بەكێشەی خۆیان دەزانن و ئامادەشن بۆ هەر ئەركێك كە بكەوێتە سەرشانیان لەپرسی ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا.  
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومی گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا و  بەپێی ڕاگەیەنراویكی نوسینگەكەشی، لەمیانی سەردانەكەیدا عەبادی پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان ئەنكەرەو بەغدا و، چەند دۆسیەیەكی تایبەت بەئاو و كارەبا و تەندروستی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و ئاسایش و ڕۆشنبیری وچەند پرسێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێدەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand