Draw Media

بەشیر بۆتانی: مەترسی لەسەر ژیانی جووەكانی كوردستان ھەیە

بەشیر بۆتانی: مەترسی لەسەر ژیانی جووەكانی كوردستان ھەیە

2018-08-15 13:15:42


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا

له‌گه‌ڵ دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل جووه‌ كورده‌كانی كوردستان و عێراق به‌ره‌و ئیسرائیل كۆچیان كرد. له‌و كاته‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ جووه‌ کوردەکان له شوێنه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ژین، به‌ تایبه‌تی له‌‌ گونده‌كانی بیابانی نێگڤ كه ‌زۆرینه‌یان گۆران و سۆرانیین و به‌شێكیان به‌ كرمانجی سه‌روو قسه‌ ده‌كه‌ن.
(دره‌و میدیا) له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ به‌شیر سه‌بری بۆتانی راگه‌یه‌ندكار و وه‌رگێڕ كه‌ خاوه‌ن چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌ری و كتێبه‌ له‌ بواری كه‌لتور و هونه‌ری كورده‌ جووه‌كان، تاوتوێی دۆخی ژیان و مافی كورده‌ جووه‌كانی وڵاتی ئیسرائیلی كرد.    


دره‌و میدیا: كورده‌ جووه‌كانی ئیسرائیل بۆ چ دۆزێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری تێده‌كۆشن؟ 
به‌شیر سه‌بری بۆتانی: خەڵكانی ئیسرائیل بەگشتی ئازاد و سەربەستن. بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كانیان له‌ رێگای سه‌ندیكای كرێكاران و سه‌ندیكاكانی دیكه‌ داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، چونكه‌ سه‌ندیكا له‌ ئیسرائیل ناوه‌ندی تێكۆشانه‌. فەرمانبەران لە خۆپیشاندانه‌كاندا ھەردەم بەشدار دەبن و دیتنی خۆیان دەردەبڕن بۆ داواكردنی مافه‌كانیان.

دره‌و میدیا: ئایا ئه‌وان هه‌مان مافه‌كانی هاوونیشتیمانییه‌كی تری ئیسرائیلیان بۆ ده‌سته‌به‌ره‌ تا بتوانن له‌ پۆسته‌ حكومی و باڵاكانی وڵات رۆڵیان هه‌بێت؟ 
به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بەڵێ، كوردە جووه‌كان وەك جووەكانی دیكە هه‌مان مافیان ھەیە، كە لە خەبات و كاردا بەشدارببن و لە ھێزە سیاسییەكان و لە حكومەتدا رۆڵێكی باشیان هه‌یە. بۆ نموونه‌ له‌و كوردانه‌ی كه‌ ناوداربوون له‌ حكومه‌ت وه‌ك؛ 
ئیسحاق مۆردیخای كه‌ وەزیری بەرگری بوو، ئیسرائیل ئیسحاق بەرپرسی یەكەمی پاسەوانانی سنوور بوو، رەحەمیم یۆنا لە شارەوانیی پارێزگای بێرشێڤا بەرپرسی كێشەی عەرەبە بەدووەكان بوو.  
لەم كاتەشدا چەند به‌رپرسێكی كورد له ‌ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ھێزە سیاسییەكانی ئیسرائیل پله‌ی باڵایان هه‌یه‌. وه‌ك  ئیسحاق شموولی كە لە پارتیی عەڤۆدە (كار) و په‌رلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە. میكی لێڤی كە لە پارتیی عەتید (پاشەرۆژ) و لە پارلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە. هه‌روه‌ها پرۆفیسۆر یۆنا تسەببار و وەردە شیلۆ له‌ نووسه‌ره‌ كورده‌ جووه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئیسرائیلن.
  

بەشیر بۆتانی: كورده‌ جووه‌كان بە نھێنی سەردانی ھەرێمی كوردستان ده‌كه‌ن
 

دره‌و میدیا: په‌یوه‌ندی باوه‌ڕدارانی جوو له‌ نێوان ئیسرائیل و كوردستان و عێراق چۆنه‌ و تا چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی دانه‌بڕاوه‌؟
به‌شیر سه‌بری بۆتانی: لە ساڵی 1993وە تا ساڵی 2014 كورده‌ جووه‌كان بە نھێنی سەردانی ھەرێمی كوردستانیان دەكرد و زۆرجار بەرپرسانی حكومەتی ئیسرائیل لەسەر ئەو سەردانانە رەخنەیان ھەبوو، چونكه‌ ئیسرائیل نه‌یده‌ویست له‌گه‌ڵ هێزە تیرۆریستەكان تووشی كێشە ببێت. ھەروەھا جووەكانی عێراقیش پەیوەندییەكی باشیان ھەبوو لەگەڵ خزم وكه‌س و كاری خۆیان، بەڵام یەكتریان لە ھەرێمی كوردستان دەبینی و نەیانتوانیوە سەردانی بەغداد یان بەسڕە بكەن.
بەڵام لە ساڵی 2014 ەوە ئەو كاتەی كە "داعش دەوڵەتێكی ئیسلامی راگەیاند" مەترسییەك لای جووەكان بەگشتی پەیدا وو، بۆیە لەو كاتەوە و تا ئێستا كەمتر سەردانی ھەرێم دەكەن. بەڵام كوردە جووەكان و جووەكانی عێراق لە تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ خزم و كه‌س و كاری خۆیان لە عێراق ھەیە.
تاكو ئێستاش كوردە جووه‌كان ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان دەكەن. ساڵی 2015 گرووپێكی كوردە جووەكان كە بریتی بوون لە 20 كەس بە سەرپەرشتیی یوسف رەحەمیم بۆ ماوەی 10 رۆژ سەردانی ھەرێمیان كرد. گرووپێكی دیكەش له‌ ساڵی 2016 بۆ پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز سەردانی ھەرێمیان كرد، ئێستاش زۆر كەس له‌ ئیسرائیله‌وه‌ سەردان دەكەن بەڵام ئاشكرای ناكەن. بۆ زانیاریش به‌پێی یاساكانی ئیسرائیل ئەم جۆره‌ سەردانانە قەدەغەن، چونكە ھیچ رێكەوتنێكی ئاشتی له‌ نێوان ئیسرائیل و عێراقدا نییە و ئەو كەسەی كه‌ ئه‌م یاسایه‌ پێشێل بكات له‌ رێگای دادگاوه‌ بۆماوه‌ی دوو ساڵ زیندان ده‌كرێت، پۆلیسی ئیسرائیلی شەش ساڵ لەمەوبه‌ر ژنێكی كوردیان ده‌ستگیر كرد كە سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردبوو.

به‌شیر  بۆتانی: ژمارەی كوردە جووەكان بە لای كەمەوە 200 تا 215 ھەزارە و 5 ھەزاریان لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژین


دره‌و میدیا: ئێوه‌ چه‌ند‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی جووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بینن، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای شه‌ڕی داعش؟  ئایا ئه‌وان ده‌وێرن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن؟ 
به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بە راستی ئێستا جووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بنەجووەكانی عێراق وەك جاران ناوێرن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن، نەك لەبەر داعش و بەس، بەڵام لەبەر حكومەتەكانی ئێران و توركیا و عێراقیش. خاڵێكی دیكەش ھەیە، كە ھێشتا كوردە ئیسلامییەكان لە راگەیاندنی كوردیدا سووكایەتی بە جووەكان دەكەن، چونكە ئەوان ھیچ ئاینێكی دیكە ھەر ناكەن، بۆیە مەترسی لەسەر ژیانی جووەكانی كوردستان و بنەجووەكانی عێراق ھەیە.

دره‌و میدیا: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق چه‌نده‌ توانیویانه‌ پارێزگاری له‌ شوێنه‌وار و مێژووی جووه‌كانی عێراق بكه‌ن؟ 
به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بە راستی شوێنه‌واری جووەكانی عێراق ئێجگار زۆر بوون، بەڵام حكومەتە یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق لە پەنجاكان و شەستەكاندا بەشێكیان تێكدا و گۆڕییان بۆ شتی تر، مێژووی جووەكانی عێراقیان تەزویر كرد. جێی داخە حكومەتەكانی پێشووی عێراق لە پەنجاكان و شەستەكاندا رێگایان بە عەرەب و كوردە موسوڵمانەكان دا كە پەرستگاكانی جووەكان بكەن بە مزگەوت و ئەو كاتەی جووەكانی ھەولێر بەم دەنگوباسەیان زانی، گەلەك دڵگران بوونە.  ھەروەھا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ھەر ڤیانیان نییە كە پارێزگاری له‌ شوێنه‌وار و مێژووی جووه‌كانی عێراق بكه‌ن.


دره‌و میدیا: ژماره‌ی كورده‌ جووه‌كانی وڵاتی ئیسرائیل چه‌ندن ئێستا؟
به‌شیر سه‌بری بۆتانی: به‌پێی زانیارییه‌كانی من ژمارەی كوردە جووەكان بە لای كەمەوە 200 تا 215 ھەزارە و 5 ھەزاریان لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژین. ھەروەھا جووەكانی عێراقیش بە لای كەمەوە 350 ھەزارن، بەڵام زیاتر لە 50 ھەزاریان ئیسرائیلیان بەجێ ھێشتووە و بەشێكیان لەسەر بزوتنەوەی سەھیۆنی رەخنەیان ئێجگار زۆرە، بۆیە نایانەوێ لە ئیسرائیل بژین.  
 

لەگەڵ میكی لێڤی كە لە پارتیی (عەتید: پاشەرۆژ) و لە پارلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە

 

به‌شیر سه‌بری بۆتانی: من لە سوێد ئەژیم وكاری وەرگێڕی ئەكەم و لە كاتی پشوودا كاری ھونەری و راگەیاندنی ئەكەم. بۆ نموونە، من ئەم گۆرانییە لەم رۆژانەدا تەواوی ئەكەم:
https://www.youtube.com/watch?v=xl8eUBYwM_w
من لە ساڵی 1986 ەوە لەگەڵ خەڵكانی ئیسرائیل، فەلەستین، باشووری سووریا، ئوردن و سینا پەیوەندیەكی ھونەریم ھەیە و موزیك و ھونەری كوردی لەو دەڤەرانەم بڵاو كردەوە و ھەندێ جاریش تۆمارم كردووە، بەڵام لەبەر نەبوونی رۆژنامەنووسێك لەو دەڤەرانە كە بە كوردی بنووسێت، من ناچار بووم كە دەستپێ بكەم، و بۆ زانین من خۆم بە رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار ناژمێرم.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand