ئەمریكا یەكلابووەتەوە لە سوریا ناچێتە دەرەوە
2018-08-15 10:06:11
( درەو میدیا):
سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماسی ئەمریكی كە بەمدواییە سەردانی عەممانی پایتەختی ئوردنی كردووە، ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریكا ئاگاداری تەواوی گفتوگۆكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و رژێمی سوریایە، بەڵام تائێستا بەشێوەی كۆتایی بڕیاڕی خۆی لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوە دیپلۆماسیيە باڵایە، كە قسەی بۆ (وەلید نەوفل) پەیامنێری ڕۆژنامەی (ئەلمودون)ی، عەرەبی كردووە، ئیدارەی ئەمریكا ماوەی دوو هەفتە دەبێت ڕای گۆڕیوە و داوای لە هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە پەلەنەكەن وهیچ بڕیارێكی پەلە نەدەن، ئاماژەی بەوەشكردووە، داوایان كردووە دانوستانەكان تەواو بكەن.
تەئكیدیشی كردووە، ئیدارەی ئەمریكا ڕیز لە ئامانجەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بڕیارەكانی دەگرێت لەبارەی دیاریكردنی چارەنوسیان، بەڵام بەباشتری دەزانن لەم دۆخەدا دان بەخۆیاندا بگرن لە چاوەڕوانی ئەوەی دۆخی سوریا بەكوێ دەگات، باسی ئەوەشی كردووە، ئیدارەی ئەمریكا لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بڕیاری یەكلاكەرەوەی داوە و لە سوریا ناچێتە دەرەوەو، بوونیشی وابەستەی بوونی ملیشیا ئێرانيیەكان كردووە لەو وڵاتە و بەوردیش بەدواداچون بۆ جموجۆڵەكانی ئێران دەكەن لە سوریا.
ڕوسەكان ناتوانن ملیشیا ئێرانیيەكان لە سوریا دەربكەن
ئەو دیپلۆماتە ئەمریكیيە كە ڕۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرانەكردووە، دەلێت" ڕوسەكان دڵنیای زۆریان پێداین لەبارەی چونە دەرەوەی ئێران لە سوریا، بەڵام هێشتا ئیدارەی ئەمریكا گومانی هەیە لەوەی ڕوسیا بتوانێت ئێران و میلشیاكانی لە سوریا بكاتە دەرەوە، بەتایبەت ئێران هەمیشە هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لەهەر بڕیارو پرۆسەیەك كە ببێتە هۆی كردنە دەرەوەی لە سوریا"، تەئكیدیشی كردووە، ناكرێت بۆ ئیدارەی ئەمریكا بایەخ بەناوچەیەك نەدات كە ڕەهەندێكی سەربازی و سیاسیی هەیە بۆی، سەرەڕای بونی بەڵێن و دڵنیایدانی ڕوسەكانیش، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئامادەن بەرگری لەبەرژەوەندییەكان بكەن ئەگەر پێویست بكات.
بەدوریشی زانیوە، رژێمی سوریا هێرشی سەربازی بە ئاراستەی ئەوناوچانە ئەنجامبدات كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تیادایە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و كارێكی لەو شێوەیەشی بەجۆرێك لە خۆكوژی و دەبەنگی وەسفكردووە.
دیپلۆماتە ئەمريكییەكە وتویەتی: لەئێستادا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەنیاز نيیە لە بنكەی (ئەلتەنەف) بكشێتەوە، بەبەشێك لە ئامادەبونی دادەنرێت لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، چونكە ئەوە پەیوەستە بەبوونی خێوەتگەی (ئەلركبان) و میلشیا ئێرانیيەكان و ڕێكخراوی داعش لە لادێكانی سوریا، ڕاشیگەیاندووە، دوای جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی داعش لە لادێكانی سوریا و هێرشەكانیان بۆ سەر (ئەلسویدا)، مانەوەی بنكەی سەربازی ئەلتەنەف بۆتە پێویستی.
وتوشیەتی، ئەمڕۆ نامانەوێت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەستوەردان بكەین و لەگەڵ رژێم و ملیشیاكان بەریەكبكەوین، بەڵام هەندێ جار بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گۆڕانكاركارییان بەسەردا دێت.
چارەسەر لە ژنێڤەو ئەستانە قبوڵناكەین
بەرپرسە ئەمریكیيە ئەوەشی بۆ ڕۆژنامەكە ئاشكراكردووە، ئیدارەی ئەمریكا تا سنورێك دۆسیەی سوریای ڕادەستی ڕوسیا كردووە لە چاوەڕوانی ئەوەی پێشهاتەكان بەكوێ دەگەن و ئاستی توانای ڕوسەكان لە چارەسەری كێشەكان چەندە، بەو مەرجەی چارەسەری سیاسی لە (ژنێف) بكرێت، ئیدارەی ئەمریكا هیچ چارەسەرێكی ڕوسی لەڕێی (ئەستانە)وە قبوڵناكات و گەڕانەوەی ڕاستەقینەش بۆ ژنێڤ لەپێناو چارەسەر لە سوریا چیتر دور نیيە، ڕاشیگەیاندووە، متمانەیان بە ئەنجامی گفتوگۆكانی ئێستا نیيە سەبارەت بە دەستوری سوریا و تەنانەت دەستوری ئێستای سوریاش، چونكە كێشە لە تێگەیشتنی رژێم و دەزگا ئەمنیيەكانیەتی بۆ دەستور و یاساو جێبەجێبەجێكردنی، بۆیە نوسینەوەی دەستوری نوێ سودی چیە ئەگەر ئامانج گۆڕینی ڕوخساری دەرەكی بێت و میكانیزمی جێەجێنەكردنی دەستور لە سوریا چالاك نەكرێت.