Draw Media

هەڵبژاردن لەنائومێدیەكی قوڵدا بەڕێوەدەچێت

هەڵبژاردن لەنائومێدیەكی قوڵدا بەڕێوەدەچێت

2018-08-15 17:01:59


( درەو میدیا): 
تائێستا 30 ئەیلول ڕۆژی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەك خۆیەتی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمیش بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكە لەو وادەیەدا.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر كۆمسیۆن ڕۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیاریكرد، بانگەشە كاتژمێر 12ی شەوی پێنجی ئەیلولی داهاتو دەستپێدەكات، ئەمڕۆش 15ی ئاب، لیستی كاندیدەكانی ئاشكراكرد. 
بەپێی زۆرێك لەو زانیانەی لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە ئاشكراكراون، تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات لەو وادەیەدا و پێدەچێت "هاوشێوەی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەسەر هەموو لایەنەكاندا بیسەپێنێت"، بەڵام بە ئەنجامێكی جیاوازتر لە ئەنجام و لێكەوتەكانی ڕیفراندۆم.

پارتی جیاوازییەكان گەورەتر دەكات
پارتی تەماحێكی زۆری لەم هەڵبژاردنەدایە بە جیاوازییەكی گەورە پێش لایەنەكانی تر بكەوێت، بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان كە ڕەنگە پارتی بەمەبەستیش لەڕێی ڕێكخستەكانییەوە دزەی پێكردبێت،  لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (40 بۆ 42) كورسی بەدەستدەهێنێت، ئەمەش مانای جێپی قایمكردنی سەرلەنوێی ئەو حزبەیە هەم لە ناخۆی كوردستان و هەم لە دەرەوەش.
لەسەر ئاستی ناوخۆ، پارتی دەیەوێت لەخولی داهاتوودا زۆرینەیەكی وەها لە پەرلەمان دروستبكات، كە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بەوشێوەیە چارەسەربكات لەبەرژەوەندی خۆیەتی و بواری ئەوەش بۆ هیچ لایەنێك نەهێڵێتەوە بیر لە دانیشتن لە شوێنەكەی بارزانی بكاتەوە.
وێڕایی پێكهێنانی كابینەی حكومەت بەشێوەیەكی ئاسانتر لە كابینەی هەشتەم و  گریمانەی بەهێزیش ئەوەیە لەگەڵ یەكێتی زۆرینەیەكی وەها دەستەبەربكەن كە بێكێشە و ئەنجامدانی دانوستانێكی قورس و پروكێنەر لەگەڵ لایەنەكانی تر، حكومەتی ئایندە پێكبهێنن.

نە سندوقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری دروستدەكات و نە ئەوانەی ئیدعای گۆڕانكاریش دەكەن گۆڕانیان پێدەكرێ


لەسەر ئاستی دەرەوەش، جارێكی تر ئەوە بۆ بەغدادو ئەمریكاو وڵاتانی هەرێمیش دەسەلمێنێت، كە لانی كەم  تا چوار ساڵی داهاتوو نەك هەر ڕكابەرێكی نیە هەڕەشەی سەندنی دەسەڵات لێبكات، بەڵكو وێڕایی هەموو سەركێشەكانیشی، بەجیاوازییەكی گەورە لەپێشیانەوەیە.   
پارتی بەهێز نیە ڕكابەرەكانی لاوازن
 پێداگری پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن پەیوەست نیە بەدەستكەوت و سەركەوتنەكانی ئەو هێزە لە ئیدارە و حوكمڕانیكردن تا دڵنیابێت لەوەی خەڵك لەبەرامبەریدا پاداشتی بكات و كورسییەكانی زیادبكات، بەقەد ئەوەی پەیوەندی بەدۆخی خراپی نەیارەكانییەوە هەیە، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك دوو "ڕكابەری" سەرەكی پارتی، كە گیرۆدەی كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆیی بوون و نایانپەرژێتە سەر ململانێكردن لەگەڵ پارتی، پێدەچێت پارتیش ئەوە بەهەلێك بزانێت كە ڕەنگە دوبارە نەبێتەوە، بۆیە بەهەموو توانای هەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدات لەوادەی خۆیدا.

نائومێدبونی خەڵك لە پرۆسەی دیموكراسی  
وادەی هەڵبژاردن لەوڵاتە دیموكراسییەكاندا وەك وادەیەكی پیرۆز تەماشا دەكرێت، لادان لێی بەرلەوەی پێشێلكردنی دیموكراسی بێت، تاوانە بەرامبەر بە خەڵك دەكرێت، بەوپێیەی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو متمانەیانداوە بە كۆمەڵێك كەس لە دامەزراوەی یاسادانان نوێنەرایەتیان بكەن، ئەمە بۆ وڵاتێكی دیموكراسی، بەڵام لە شوێنێكی وەكو هەرێمی كوردستان كە پرۆسەی هەڵبژاردن نەك هەر نەبوەتە میكانیزمی گۆڕانكاری و دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵكو خودی پرۆسەكە خۆی چەندین پرسیاری لەسەرە، بۆ نمونە ئازادی و شەفافیەت كە دوو بنەمای گرنگن و بەبێ ئامادەبونیان پرۆسەیەی هەڵبژاردن مانایەكی نیە، كێشەی گەورەیان هەیە.
لە ساڵی 1992وە كە یەكەم هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە تا دواین هەڵبژاردن كە لە 12 ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بەبێئەنجامدانی ساختەكاری و فشار و دەنگ كڕین و هەندێكجاریش توندوتیژی وخوێنڕشتن، هەڵبژاردن بەڕێوەنەچووە، ئەمە بەهۆكارێكی سەرەكی نائومێدبونی خەڵك لە پرۆسەی هەڵبژاردن دادەنرێت وەك میكانیزمێكی دیموكراسی و نەرم بۆ گۆڕانكاری، ئەمەش بەو مانایەی "لە هەرێمی كوردستان نەك وادەی هەڵبژاردن پیرۆز نیە، بەڵكو پرۆسەكە بۆ خۆشی هیچ پیرۆزییەكی تێدا نەماوە".

پێدەچێت پارتی هاوشێوەی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم هەڵبژاردن بەسەر هەموو لایەنەكاندا بیسەپێنێت، بەڵام بە ئەنجامێكی جیاوازتر لە ئەنجام و لێكەوتەكانی ڕیفراندۆ 


وێڕایی ئەوەی لەهەمودونیای دیموكراسیدا هەڵبژاردن ئالیەتێكی گرنگە بۆ چارسەركردنی كێشە سیاسیەكان بەبێ‌ توندتیژی، بەڵام لەهەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بۆخۆی بۆتە سەرئێشەو سەرچاوەیەكی سەرەكی كێشەكان.
خالێكی تر كە بەهای بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن نەهێشتۆتەوە لەهەرێمی كوردستان، دوو ڕوویی ئەوهێزانەیە كە ڕۆژانێك بانگەشەی ئەوەیان دەكرد ئەنجامدانی خراپترین هەڵبژاردن باشترە لەوەی هەڵبژاردن نەكرێت، شەڕی توندیان دەكرد لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا و دەسەڵاتیان بەدواخستنی دیموكراسی تۆمەتبار دەكرد، كەچی ئێستا دۆخەكە بەجۆرێك گۆڕاوە بەهۆی مەترسیان لەپاشەكشێ‌ و كەمبونەوەی دەنگەكانیان، ژێربەژێر هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدەن، وەك دەوترێت لەسەر ئەو بنەما هەمیشەیەی جارانی دەسەڵات"كاتێك حەزیان لەهەڵبژاردنە كە خۆیان براوەبن تیادا".


هێزە ناڕازییەكان نائومێدییان گەورەتر كرد
ڕەنگە ئامادەنەبونی ئازادی و شەفافیەت وەك دوو بنەمای گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردن هۆكارێكی گرنگی نائومێدبونی خەڵك بێت لە هەڵبژاردن و گۆڕین لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە، بەڵام وەك دەوترێت ئەمە كۆی هۆكارەكان نیە.
لەساڵ 2009وە و لەدوای دروستبونی ئۆپۆزسیۆنی جدی لە هەرێمی كوردستان، بەدەیان هەزار كەس بێگوێدانە فشار و دەرەنجامەكان بەڕوی دەسەڵاتدا وەستانەوە و لە سندوقەكانی دەنگدان تۆڵەیان لێكردنەوە، متمانەیان دا بەكۆمەڵێك هێز بەئومێدی ئەنجامدانی گۆڕانكاری و گۆڕینی ژیانی خەڵك، بەڵام ئەنجامە زەقەكەی ژیانی چەند سەد كەسێك لەناو ئەو هێزانە گۆڕاو و زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش لە دۆخێكی خراپەوە چونە خراپترو پرۆسەی دیموكراسیش بەجۆرێك پاشەكشێی كرد، كە بۆنی گەڕانەوەی لێدێت بۆ خاڵی سەرەتا.
دوای تێپەڕبونی 9 ساڵ،  كەتا 12 ئایاری ئەمساڵ، (6) هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە، سێ‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و 2 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنێكی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەهەموو هەڵبژاردنێكدا خەڵكێكی زۆر متمانەی بەو هێزانە دا كە جاران ئۆپۆزسیۆن و ئەمڕۆ ناڕازین، بەڵام ئاكامەكەی ئەم هێزانە نەك نەیانتوانی شوێن بەدەسەڵات لەق بكەن، بەڵكو نەیانتوانی ئەو بڕوایەش لای خەڵك بچەسپێنن كە بەدیلی دەسەڵاتن و شوێنیان دەگرنەوە، بگرە هەمیشە وا دەردەكەون كە چاویان لەدەستی دەسەڵاتە و هەنگاوەكانیان كاردانەوەی سیناریۆكانی ئەوانە.
ئەمانەش بەشێكن لەهۆكارە گرنگەكانی بڵاوبونەوەی نائومێدی لەناو خەڵك،  خەڵێكی زۆر  كە پێشتر دەنگدەری هێزە ناڕازییەكان بون، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن كرد، وێڕایی ئەوەی زۆریكشیان پێیوایە دەنگەكەی براوەو بۆی نەگەڕاوەتەوە، پێناچێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیشدا دۆخەكە باشتربێت، چونكە تادێت ئەو بڕوایە تۆختر دەبێتەوە كە" نە سندوقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری دروستدەكات و نە ئەوانەی ئیدعای گۆڕانكاریش دەكەن گۆڕانیان پێدەكرێ".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand