واشنتۆن و ئەنكەرە لەهەوڵی چارەسەردان
2018-08-14 10:28:32
( درەو میدیا):
بۆ جاری دووەم و لە ماوەی چەند ڕۆژیكدا، بەرپرسانی ئەمریكا و توركیا یەكتر دەبینن، لەپێناو هێوركردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانەی كە لەنێوان هەردوو وڵات سەریانهەڵداوە، ئەوەش دوای دادگای كردنی قەشەیەكی ئەمریكی لەتوركیا، كەبوە یەكێك لەهۆكارەكانی قەیرانی دابەزینی دراوی توركی و، تائەم ساتە ئەنكەرە تەئكیددەكات كە هەڕەشەكانی واشتنتن چۆكی پێدانادات.
دوێنێ دووشەممە، سەردار قالیج باڵیۆزی توركیا لەولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا كۆبۆتەوە، سارا ساندرز وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتی ئەمریكا دیدارەكەی نێوان ئەو دوو بەرپرسەی بەبنیاتنەر وەسفكردوە، ئاماژەی بەوەشكردوە لەدیدارەكەدا پرسی قەشە ئەندرۆ برانسۆن و دۆخی پەیوەندییەكانی ئەمریكا وتوركیا تاوتوێكراوە.
لەپەراوێزی دیدارەكەدا، كیڤن هاسیت ڕاوێژكاری ئابوری كۆشكی سپی، ڕایگەیاندوە، ئیدارەی ئەمریكا لەنزیكەوە چاودێری دۆخی دارایی توركیا دەكات، دوای ئەو پاشەكێشێ زۆرەی لیرەی توركی بەرامبەر دۆلار تۆماریكرد.
باسی ئەوەیشیكردوە، بڕیاڕی زیادكردنی باج لەسەر ئاسنی توركی لەلایەن سەرۆك (ترەمپ)ەوە، بەشێكی بچوكی لەكۆی بەرهەمی ناوخۆیی توركیا گرتۆتەوە، ئەوەش بەومانایەی دابەزینی لیرەی توركی بە ڕێژەی 40% دەرخەری ئەوەیە كە كۆمەلێك كارلێكی بنچینەیی لەئابوری توركیا بەشێوەیەكی دروست كارناكات و ناچێت بەڕێوە.
هەفتەی ڕابردوش، وەفدێكی توركیا كە پێكهاتبو لە، سەعدەت ئۆنال جێگری وەزیری وەزیری دەرەوەو سەردار قالیج باڵیۆزی توركیا لەولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەواشنتن لەگەڵ وەفدێكی ئەمریكی بەسەرۆكایەتی جۆن سولیڤان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبونەوە، وەك هەولێك بۆ هێوركردنەوەی قەیرانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كە ئەندامن لەهاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بەڵام پێدەچێت دیدارەكە هیچ ئەنجامێكی بەئاڕاستەی چارەسەری قەیرانەكان نەبوبێت و لەوكاتەشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، گفتوگۆكان بەردەوامن.
نزیكەی ساڵ و نیوێك قەشەی ئینجیلی ئەمریكی برانسۆن لەتوركیا دەستبەسەربو، ئەوەش دوای ئەوەی بەمدواییانە ئازادكراو خرایە ژێر مانەوەی زۆرەملێ كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیایەوە بەپشتیوانی هەوڵی كودەتا شكستخواردوەكە لەتوركیا و سیخوڕیكردن و تیرۆر تۆمەتباركراوە، بەو هۆیەشەوە دۆناڵد ترەمپ سزای بەسەر هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی توركیا سەپاندو، باجی گومرگیی وڵاتەكەشی لەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی هاودەكراوی ئەو وڵاتە بۆ دوو هێندە زیادكرد، ئەوەش بوە هۆی قوڵكردنەوەی زیاتری كێشەكانی نێوانیان.