ئێران: بازرگانیمان لەگەڵ عێراق بەردەوامە
2018-08-15 11:01:21
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە روونكردنەوەیەكدا پاڵپشتی خۆی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند و رەتیكردەوە عەبادی سزاكانی ئەمریكای بۆسەر ئێران پێشێلكردبێت.
زیاتر لە سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا پەرلەمانی نوێ دەستبەكارنەبووە و كابینەی نوێی حكومەتیش پێكنەهاتووە.
لەپاڵ قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی شەقام، كێشەیەكی نوێش هاتوەتە سەرشانی عێراق، كە كێشەی پابەندبوون یان نەبوونە بەو سزا ئابورییانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
رۆژی 8ی ئەم مانگە حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا بە راشكاوی وتی:"ئێمە پابەند دەبین بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، چونكە نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقی بخەینە مەترسییەوە".
ئەم لێدوانەی عەبادی لە شەقامی سیاسی عێراق بەتایبەتی لایەنە شیعە مەزهەبەكانی نزیك لە ئێران كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.
رەنگە هێندەی توڕەیی شەقامی سیاسی شیعەی عێراق، دەسەڵاتدارانی تارانیش لە عەبادی توڕەبووبن، چونكە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە لە هەندێك میدیای عێراقیدا بڵاوبوەوە گوایە عەبادی دەیەوێت سەردانی تاران بكات، بەڵام هەرزوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە هیچ پلانێك هەبێت بۆ ئەو سەردانەی عەبادی.
پێدەچێت فشارەكانی تاران كاری خۆی كردبێت، لەدواین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی كەمێك پاشەكشێی كرد كاتێك وتی: پابەند نابین بە هەموو ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، تەنیا پابەندی ئەو بڕگەیە دەبین كە بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵ نەكەین.
"ئەوەی سزاكان پێشێلبكات سزا دەدرێت"
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا پرسیار لە هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرا سەبارەت بە سزای ئەو وڵاتانەی كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران پێشێلدەكەن، ناوێرت وتی:" ئەوانەی سزاكان پێشێلدەكەن دەكرێت خۆشیان بكەونە ژێر سزاوە".
ئەم قسەیە لە میدیاكانی عێراقەوە وەكو وەڵامدانەوەیەكی ئەمریكا بۆ حەیدەر عەبادی بڵاوكرایەوە كە وتی: پابەندی هەموو سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران نابین.
زۆری نەخایاند، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد هاتە سەرخەت و بەیاننامەیەكی بۆ روونكردنەوەی قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە.
لە روونكردنەوەكەدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێ" لەبارەی ئەو بەشەی قسەكانی هیزەر ناوێرت كە تایبەتە بە سزاكان لەسەر ئێران، ئەو وتی: ئەو وڵاتانەی كە سزاكان پێشێلدەكەن روبەڕووی لێپرسینەوە دەبن، وەكو دەزانن سزاكان بریتییە لە مامەڵەكردن بە دۆلار لەگەڵ ئێران، وەكو دەزانن سەرۆك وەزیران وتی: عێراق بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات، بۆیە هیچ پێشێلكردنێكی سزاكانی ئەمریكا لەم قسەیەدا نییە".
باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەر لەو رونكردنەوەیەدا گلەیی لە دەزگاكانی راگەیاندنی عێراق دەكات كە "بەوردی ئەو هەواڵەیان نەگواستوەتەوە".
هیزەر ناوێرت -وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا
بانكی ناوەندی عێراق چی دەڵێ ؟
لەلایەكی ترەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق بە دۆلاری ئەمریكی مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات و ئێران سود لەو دراوە نابینێت.
مەحمود داغەر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری دارایی لە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بە دۆلار ماوەیەكی زۆرە یاساغە و شتێكی نوێ نییە، بانكی ناوەندی و هیچ سیستمێكی تری بانكیی لە عێراق لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سۆمەرییەنیوز، ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی عێراق ئاماژە بەوەشدەكات، هەموو بانكەكانی عێراق لەژێر چاودێری تونددان، هەروەك چۆن لەژێر چاودێری نوسینگەی شتنەوەی پارە و لایەنە چاودێریكارەكانی تریشدان.
بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسە، ئێران ماوەیەكی زۆرە سود لە دۆلاری عێراق نابینێت، چونكە مامەڵەی عێراق لەگەڵ ئێران بە دراوی ترە بەتایبەتی یۆرۆ.
رۆژی 7ی ئەم مانگە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی لەسەر ئێران زیندوكردەوە، زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا داوایان كرد ئەو سزایانە زیندونەكرێنەوە، بەڵام ترەمپ گوێی بە ناڕەزایەتییەكان نەدا و سەرباری ئەوە لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەمانە توندترین سزان و لە مانگی نۆڤێمبەری داهاتوشدا سزاكان دەچنە ئاستێكی باڵاترەوە".
پێنج بانكی عێراق سزا دەدرێن
بەپێ چەند راپۆرتێكی هەواڵی كە لە زاری ژمارەیەك سەرچاوەی دیپلۆماسی عێراقییەوە بڵاوكراوەنەتەوە، بانكی فیدراڵی ئەمریكا سزا بەسەر پێنج بانكی نوێی عێراقیدا دەسەپێنێت و ئێستا تیمێكی راوێژكارانی ئەمریكا لە عێراقە بەمەبەستی چاودێریكردنی ئەو بانكانە كە بڕیارە هەمان ئەو سزایانەیان بەسەردا بسەپێندرێت كە پێشتر بەسەر بانكی "البلاد الاسلامی"دا سەپێندرا.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو پێنج بانكەی كە بڕیارە ئەمریكا سزایان بەسەردا بسەپێنێت گومانیان لەسەرە لەلایەن ئێرانەوە بەكاربهێنرێن بۆ حەواڵەی دارایی و لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە لەژێر چاودێریدان، بەڵام ئەوكات تەنیا یەك بانكیان سزای بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا جارێكی تر چاودێرییەكانی لەسەر ئەو پێنج بانكە عێراقییە كاراكردوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان خۆی دەبینێتەوە لە گومانی "گواستنەوەی نەختینەی پارە، حەواڵەی دارایی گوماناوی بۆ لوبنان و سوریا و ژمارەیەك وڵاتی ئاسیا و ئەوروپای خۆرهەڵات".
ساڵی رابردوو ئەمریكا بانكی "ئیلافی ئیسلامی" عێراقی خستە لیستی رەشەوە.
ئەو بانكانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە دەخرێنە ناو لیستی رەشەوە ناچاردەكرێن لە نێوان دوو بژاردەدا یەكێكیان هەڵبژێرن، راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی ئێران كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون یاخود راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ سیستمی دارایی ئەمریكا.
بانكی فیدراڵی ئەمریكا
هێشتا بازرگانی لە دەروازەكانەوە بەردەوامە
هاوكات لەگەڵ ئەو مشتومڕانەی كە سەبارەت بە پابەندبونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دروستبووە، ناسر بیهروز راوێژكاری بازرگانی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، پرۆسەی هاوردە و هەناردەكردنی لەنێوان عێراق و ئێران بەردەوامە لەڕێگەی هەموو دەروازە سنورییەكانەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)ی وڵاتەكەی ناسر بیهروز وتی:" ئێران سورە لەسەر فراوانكردنی ئامادەگی خۆی لە بازاڕی عێراقدا، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندی هەردوولادا".
بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسەی ئێران، لە چوار مانگی رابردوودا بەبەهای (2 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار كەلوپەل لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق كراوە، ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا، لەڕووی بەهاوە بەرێژەی 24%ی هەناردە زیادی كردووە.