بەغداد بۆ یەكێتی و كەركوك بۆ پارتی
2018-08-14 19:12:52
( درەو میدیا):
پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت وەك رابردوو بەئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات، بەبێ وەرگرتنی پۆَستێكی كاریگەر، ئێستاش ئەو پۆستە تەنها پارێزگاری كەركوكە، كە پارتی دەیەوێت ئەو پۆستە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت.
زانیاريیەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن، پارتی، یەكێتی خستوەتە بەردەم دوو بژاردە، یان پۆستی سەرۆك كۆمار، یاخود پارێزگاری كەركوك، چونكە پارتی پێیوایە و چەندین جاریش جەختی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم بووە، بەڵام ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوە، بۆیە ئەو پۆستە دەبێت بە رێككەوتن بێت.
لەبەرامبەردا یەكێتی پێی وایە راستە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دراوە بە نێچیرڤان بارزانی كە جێگری سەرۆكی پارتیيە.
زانیاريیەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، یەكێتی مەیلی بەلای پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدایە، وەك لە پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئایا لایەنگرانی یەكێتی رازی دەبن كە خۆیان 6 كورسیيان لەو پارێزگایە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنابێت و پارتی هیچی نەهێنابێت، بەڵام پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بێت.
لێكدانەوەیەكی تر ئەوەیە، پارتی چاوی لە چنینەوەی پۆستەكانی بەغدادە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی كۆمار، بەتایبەتیش پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی و پۆستە سەربازيیەكان كە پشكی كوردن.
پارێزگاری كەركوك
كێشەی پارێزگاری كەركوك ئێستا لە ئەنجومەنی پارێزگا گیری خواردووە، بەهۆی بەشداری نەكردنی ئەندامانی پارتی و یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و دەوام نەكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت ( رێبوار تاڵەبانی)، كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیان كەوتووە، یەكێتی دوای دیاریكردنی چەندین كاندید بۆ پۆستی پارێزگار، بەڵام نەیتوانی سەركەوتوو بێت، بەو پێیەی لە ئێستادا لەكۆی (41) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (26) ئەندامی لە لیستی برایەتيیە، لەو ژمارەیەش (12) ئەندامی پارتین و (3) ئەندامی یەكگرتوون.
پارتی چەند جارێك ئەوەی بە گوێی بەرپرسانی یەكێتیدا داوە كە رازین بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، بەڵام لەبەرامبەر پارێزگاری كەركوكدا، ئەگەرچی پارتی هەمیشە ئاماژەی بەوەكردووە كەركوك داگیركراوەو بەو شێوەیە ناگەڕێنەوە، نوێترین لێدوانیش كەمال كەركوك كە كراوەتە سەرۆكی ئەنجومەنی كەركوك – گەرمیانی پارتی رایگەیاند: پارتی كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك، بە كەرامەت و سەربەرزی، نەك بە ژێر دەستەیی.
چاوتێبڕینی پارتی لە كەركوك تەنها لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار نیيە، پارتی چاوی لە نەوتی كەركوكەو دەیەوێت هەرچۆنێك بێت ئەو نەوتەی كە ئێستا بەشێكی بە قاچاغ دەبرێت و ئەوەی دیكەشی راگیراوە، لە رێگەی بۆريیەكانی خۆیەوە بینێرێتە دەرەوەو بەشدار بێت لە سودو قازانجەكانی نەوتی كەركوكدا.
كێ دەبێتە پارێزگاری كەركوك ؟
بە خوێندنەوەی هەڵوێستی لایەنەكان و بارودۆخی كەركوك چەند سیناریۆیەك دەخرێتەروو:
* ئەگەر پۆستەكە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت، ئەوا یەكێتی پێشتر چەند جارێك لە سەرزاری وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند ئەوان كاندیدیان بۆ پارێزگاری كەركوك تەنها (رزگار عەلی)يە، بەڵام رەنگە ئەو هەنگاوەیان سەرنەگرێت، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نیەو پێیان وایە لە" گروپی 16ی ئۆكتۆبەرە" لەبەرامبەردا باس لە (خالید شوانی) دەكرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
* خۆ ئەگەر لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بوو، ئەوا پارتی (سەڵاح دەڵۆ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یان (محەمەد خورشید) بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی و یاخود (كەمال كەركوكی) كە ئێستا كراوەتە شوێنی سەڵاح دەلۆ بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك گەرمیانی پارتی، كاندید دەكات، بەڵام رەنگە دانانی كەمال كەركوكی بۆ حكومەتی عێراق هێڵی سور بێت، چونكە بەپێی زانیاريیەكانی (درەو میدیا)، حكومەتی عێراقی بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندووە، دەبێت هەموو ئەو بەرپرسە سەربازیيانە دوور بخرێنەوە كە بەشداری شەڕیان كردووە دژی سوپای عێراق.
* هەروەها باس لە دانانەوەی (نەجمەدین كەریم) دەكرێت لە پۆستی پارێزگای كەركوك، كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لە پۆستەكەی دوورخرایەوەو پارتی پشتیوانی لێدەكات، بەڵام رەنگە حكومەتی عێراق رازی نەبێت، بەو پێیەی بڕیاری حكومەتی و پەرلەمانی عێراقی هەیە بۆ دوورخستنەوەی لە كاركەی.
* رەنگە كاندیدی تەوافوقی لەنێوان لایەنەكاندا چارەسەرێكی گونجاو بێت، بەتایبەتیش كارەكتەرێكی وەك (رێبوار تاڵەبانی) یاخود (عەبدولرەحمان مستەفا) كە هەردوكیان پارتی رەزامەندی لەسەر دەبێت، ئەگەر یەكێتی بەو پۆستە رازی بێت.
كێ لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار دادەنیشێت ؟
پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ئەگەرچی پۆستێكی رەمزیيە، بەڵام ئەو پۆستە ماف و ئیمتیازی زۆری هەیەو هێزێكی زۆری سەربازی كوردی لەوێیەو لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بەرژەوەنديیەكانی حزبەكەی پاراستووە.
رەنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیيەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (فوئاد مەعسوم) گونجاو بێت بۆ ویلایەتی دووەم دابنرێتەوە، ئەگەرچی هەر لەناو یەكێتیدا ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی محەمەد سابیر ئاوەڵزاوای تاڵەبانی كاندیدكراوەو ناوەكەی نێردراوە بۆ مەكتەبی سیاسی، لەهەمان كاتدا باس لە (لەتیف رەشید)یش دەكرێت، بەڵام دواجار كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبێت ئۆكەی پارتیشی لەسەر بێت، كە پارتی رەخنەی لە ئەدای فوئاد مەعسوم هەبووەو پێی وایە دەبێت كاندیدێكی بەهێز بنێردرێتە بەغداد و بەتەواوی بەرگری لە بەرژەوەنديیەكانی هەرێمی كوردستان بكات.