هروری: سەرۆكی پەرلەمان لەو لایەنە دەبێت كە زۆرترین ئەندامی ھەیە
2018-11-08 09:15:59
( درەو میدیا):
سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان ( پیرە سەرۆك) رایدەگەیەنێت" ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە."
ڕێڤینگ ھروری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: "دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەرێوە بچێت دووبارە بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تاكوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت، كە لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی پێك دێن."
ھرووری، ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای سازانی لایەنە سیاسییەكان، كاندیدەكان بۆ ھەریەك لەم پۆستانە دیاری دەكرێن و ئەندامان دەنگی خۆیان دەدەن و ھەڵدەبژێردرێن، هەروەها ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە."
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 6/11/2018 یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و تیایدا كاندیدە دەرچوەكان سوێندی یاساییان خواردوو دانیشتنەكەش بە كراوەیی هەڵگیرا، تا سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دیاری دەكرێن، بەو پێیەی تا ئێستا گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكێنانی حكومەت و پەرلەمان دەستی پێنەكردووە و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش پەیوەستە بەو گفتوگۆیانەوە بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت بەم زوانە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.