دادوەرێك" دەسەڵاتی دادوەری بوەتە بەشێك لە حزب"
2018-11-10 18:41:50
ڕاپۆرتی:ئارام مەحمود
یەكێك لە دادوەرە دیارەكانی هەرێمی كوردستان جارێكی تر قەزییەی سەربەخۆ نەبوونی دادگاكان دەكاتەوە بە هەواڵی یەكەمی ڕۆژ و، پرسیاری گەورە لەسەر وەزیفەی سەرەكی ئەو دامەزراوە گرنگە دروستدەكات، كە ئۆباڵی بەشێكی زۆری بێدادی و لادان و تەنانەت بردنی داهاتی گشتی و زۆرێكی تر لە هۆكارەكانی خراپی ڕۆژگاری ئەمڕۆی دەخرێتە ئەستۆ.
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەمە پێنجەم دادوەرە دەست لەكاردەكێشێتەوە ( دادوەر ناز نوری ، دادوەر هاوژین حامد، دادوەر فەرهاد حاتەم، دادوەر بەختیار عەلی حەمە ئەمین، دادوەر لەتیف مستەفا) دەستلەكاركێشانەوەی ئەو دادوەرانە هەمووی بەهۆی دەستوەردان و نەبوونی سەروەری یاساوە بووە، لە كاتێكدا هەموو حزبەكان ئاماژە بە گرنگی و سەروەری یاسا دەكەن.
تۆڕی یاسا ماسییە بچوكەكان دەگرێت
ئەگەر تا دوێنێ لەه ەرێمی كوردستان ئەو بڕوایە بە تۆخی لای خەڵكە سادەكە ئامادەبووبێت كە "تۆڕی یاسا تەنها ماسییە بچوكەكان دەگرێ و ماسییە گەورەكان بە ئاسانی لێی قوتار دەبن" یان "یاسا تەنها بۆ هەژارەكانە" ئەوا لەناو خودی دامەزاروەكە خۆشی خەریكە دەبێتە دیاردە و پرسیاری گەورە لەسەر جەدوای ئامادەیی و وەزریفەی حەقیقی ئەو دەزگایە لەناو ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی و فەزای یاسا دروستدەكات.
"دەسەڵاتی دادوەری بووە بەلق و مەڵبەندی حزب"
(لەتیف مستەفا)، ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی دەڵێت:" دوای (30) ساڵ لەكاركردن لەدادگاكان، كە (20) ساڵ وەكو دادوەر و داواكاری گشتی كاریكردووە، بڕیاری داوە دەستلەكاربكێشێەوە".
(لەتیف مستەفا) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" دەسەڵاتی دادوەری نەك هەر سەربەخۆ نیە بەڵكو لەوپەڕی خراپیدایە، چ لە دەستوەردان لە دانانی دادوەرەكان و هەروەها لە سەرۆكایەتی دادگاكان و دەستوەردان لە پەیمانگای دادوەرییشدا، ئەمەش وایكردووە كە بەڕاستی دەسەڵاتی دادوەری ببێتە پاشكۆ و وابەستەی حزب وحكومەت و بەسەربەخۆیی نەمێنێتەوەو بوەتە درێژكراوەی لق و مەڵبەندەكانی پارتی و یەكێتی".
ئەو دادوەرە ئاماژە بەوەشدەكات" لە دوای 12ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە كاتێك (10) دادوەری دادگای تەمیز خانەنشیبون و (10) دادوەری تازە دانران، لەنێوان یەكێتی و پارتی پەنجا بەپەنجا پڕكرانەوە، بۆیە دەسەڵاتی دادوەری نەماوە و بوەتە بەشێك لە حزب".
"بۆم دەركەوت یاسا درۆیە"
پێش دادوەر (لەتیف مستەفا)، (ناز نوری) لێپرسراوی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوەو لە كاتی خۆیدا و لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا دامەزراوەكەی خستەژێر پرسیارەوە كاتێك وتی: " لە مانگی 7ی 2014 ئەو ڕۆژەی لە دادگا هاتمەدەرەوە كتێبخانەیەكی گەورەم هەبوو، پڕ بوو لە كتێبی یاسایی، پاسەوان و كارگوزارەكان لێیان پرسیم چی لە كتێبەكان بكەین؟ منیش پێم وتن دەتوانن هەمووی بسوتێنن، چونكە بڕوام بەهیچ نەماوە، دوای 27 ساڵ لە پیشەی پارێزەری بۆم دەركەوت یاسا درۆیە".
ئەو دادوەرە باسی ئەوەشیكردووە"سیستمی قەزا هەمووی بەدەستی حزبەوەیە، دەستورو پەرلەمان بەدەست حزبەوەن".
"هەمومان لەبەردەم یاسا یەكسانین "
دادوەر (فەرهاد حاتەم) سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی، كە دوای دادوەر (ناز نوری)، ئەویش لە نامەیەكی هەشت خاڵیدا كە بۆ وەزیری ناوخۆی نوسیبوو، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ "سەروەر نەبوونی یاسا و پیشتگیركردن لە تاوانباران گێڕابوەوە".
(فەرهاد حاتەم) ڕایگەیاندبوو، هەمووان لەبەردەم یاسا یەكسانین، ڕەخنەی توندیشی لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن گرتبوو كە فەرمانی دادگا ڕادەگرێت لە گرتنی تۆمەتباران و زۆرێك لە گەندەڵییەكانیش لەڕێگەی یاساوە ئەنجادەدرێن".
پێشتریش دادوەر هاوژین حامید بەهۆی دەستوەردان لە دادگاكانەوە دەستی لەكار كێشایەوەو وڵاتی جێهێشت، ساڵی رابردووش دادوەر بەختیار عەلی حەمە ئەمین سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی دەستلەكاركێشانەوەی رایگەیاند.
دەسەڵاتی دادوەری
دەسەڵاتی دادوەری كە بە دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بەپێی مادەی دووەمی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007 ی یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان- عێراق" دادوەری سەربەخۆیەو لە یاسا بەولاوە هیچ دەسەڵاتێكی بەسەردا نیە"
بەڵام بەپێی نوسراوی سایتی فەرمی دەسەڵاتی دادوەری بەم شێوەیە باس لە ئەنجومەنی دادوەریكراوە" ئەنجومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێ كردن (حكومەت) ، هەتا ساڵی 1992 دەسەڵاتێكی دادوەری سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان نەبوو كاری سەرجەم دادگاكانی كوردستان بە یاسای ژمارە (160)ی ساڵی (1979) رێكدەخران و سەر بە وەزارەتی دادی بەغدا بوون"
ئەنجوومەنی دادوەری پێكدێت لە :
1.سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەكانی .
2. سەرۆكەكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (هەولێر – دهۆك – سلێمانی – كەركوك/گەرمیان).
3.سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری. ( تا ئێستا یاسای تایبەت بە م دەستەیە دەرنەچووە).
4.سەرۆكی داواكاری گشتی.
ئەنجومەنی دادوەری چەند تایبەتمەندی و كارێك لە ئەستۆ دەگرێ، لەوانە:
یەكەم : ئامادەكردنی پلان و نەخشە بۆ دامەزراوەی دادوەری و وتووێژی لە سەر كردن و دەربڕینی تێبینیەكانی لەوبارەیەوە.
دووەم : سەیركردنی كاروباری دامەزراندن و بەرزكردنەوە و پلە و پایەی گواستنەوە و گەراندنەوەی دادوەرەكان و لێكۆڵینەوە لە رەوشت و توانایان و سەرپەرشتیكردنی سەربەخۆیی دادوەری .
سێیەم : ئامادەكردنی بودجەی ئەنجومەن و بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەند كردنی .
چوارەم : لایەنی رێكخستنی كارگێریی و دادگاكان بە كاروباری خزمەتی كارمەندان و بەرزەفتكردنیان.
پێنجەم : دیاریكردنی میلاكاتی دادگاكان و دامەزراندنی فەرمانبەرانی كە ئەو میلاكانە پڕ دەكەنەوە و ئەوانی دیكە لە چوارچێوەی تەرخانكراوەكانی بودجەی ئەنجومەن دەبن.
شەشەم : دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەن .
دەسەڵاتی دادوەری بودجەی تایبەتی خۆی هەیەو لە مادەی چواری هەمان یاسادا ئاماژە بەوە كراوە " دەسەڵاتی دادوەری بودجەیەكی تایبەتی هەیە و لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریەوە ئامادەدەكرێت " بەپێی دوایین پرۆژە بودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 ژمارەی فەرمانبەرانی دەسەڵاتی دادوەری ( 3468 ) كەس بووەو ئەو بودجەیەی بۆی تەرخانكراوە ( 46 ملیار و 787 ملیۆن دینار بووە، لە كاتێكدا هەر لەو ساڵەدا بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم ( 42 ملیار )دینار بووە, ئەمە سەرەرای ئەوەی وەزارەتی داد ( 4257 ) فەرمانبەری هەبووەو بودجەكەشی ( 48 ملیار و 840 ملیۆن دینار ) بووە.