گۆڕان بەشداری حكومەت دەكات ؟
2018-11-10 14:07:39
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف
پرسی بەشداریكردن لە كابینەی نوێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕانی دابەشكردووە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا، هەر یەكێك لەو دوو بۆچونە بەڵگەو پاساوی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری كۆتایی خۆی نەداوە.
بۆچوونی یەكەم:
ئەم بەرەیە پێكدێت لە هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی ئەوانەی كە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكەیان پێباشەو ماونەتەوە.
ئەمانە بۆچونیان وایە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە دۆخی لە كابینەی هەشت باشتر دەبێتو ئەگەر گۆڕان بەشداربێت تێیدا دەتوانێت هەندێك لە بەڵێنەكانی بۆ دەنگدەرانی جێبەجێ بكات.
لەناو ئەم بەرەیەدا بۆچونێكی تر هەیە كە پێی وایە، گۆڕان ناتوانێت جارێكی تر ببێت بە ئۆپۆزسیۆن و ئەگەر لە دەرەوەی دەسەڵات بمێنێتەوە زیانی گەورەتر دەكاتو ئاستی دەنگەكانی بەتەواوەتی دادەبەزێت.
میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگری لەم بۆچوونە دەكەن، واتە بۆچونی بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت، بۆ ئەمەش ماوەیەكە هەڵمەتێكی راگەیاندنیان لەدژی یەكێتی نیشتمانی دەستپێكردووەو یەكێتی تۆمەتبار دەكەن بەوەی هەوڵدەدات بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم دووربخاتەوە.
ئەمانە پێیانوایە بەشداربوونی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم بە سود بۆ گۆڕان تەواو دەبێتو دۆخی دارایی بزوتنەوەكە باشتر دەبێتو رزگاری دەبێت لەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت.
پێدەچێت دواجار ئەم بۆچونە سەربكەوێتو ببێتە بۆچونی زاڵی بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپێیەی میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگری لێدەكات.
بۆچوونی دووەم:
ئەمانە زیاتر ئەو كەسانەن كە رەخنەیان لە سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان هەیەو هەندێكجار پێیان دەوترێت "بەرەی ناڕازی"، ئەمانە پێیانوایە گۆڕان بە بەشداریكردنی لە كابینەی هەشتدا زیانی گەورەی جەماوەری بەركەوتووەو نەیتوانیوە بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، بە بەشداربوونی لە كابینەی نۆیەم، بەتەواوەتی دوچاری داڕمان دەبێتەوەو پشتیوانی دەنگدەرانی لەدەستدەدات.
ئەم بەرەیە بڕوایانوایە گۆڕان لە كابینەی پێشوودا كە خاوەنی (24) كورسی پەرلەمان بووە، رێگری لێكراوە، ئێستا بە (12) كورسییەوە هیچ رۆڵێكی لە حكومەتدا نابێتو بەشداربوونی تەنیا بۆ ئەوەیە چەند كەسێك پۆست وەربگرن.
سەرباری ئەمە، هەندێك لەوانەی لەناو ئەم بەرەیەدان پێیانوایە، پارتی بۆ تاكتیك دەیەوێت گۆڕان بباتە ناو حكومەتەوە، تاوەكو هەندێك سنور بۆ خواستەكانی یەكێتی دابنێت و دور نییە دواجار یەكێتیو پارتی رێكنەكەونو گۆڕان لە كابینەكە دوورنەخەنەوە یان ناچاری بكەن خۆی بچێتە دەرەوە.
هەندێكی تر باسلەوەدەكەن، هیچ گرەنتییەك نییە بۆ ئەوەی پارتی جارێكی تر هاوشێوەی كابینەی هەشت، وەزیرەكانیان لە حكومەت دوورنەخاتەوە.
گۆڕان راپرسی دەكات
جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پرسی بەشداریكردن لە حكومەت، بەمدواییە لە لێدوانێكدا بۆ (شارپرێس) رایگەیاند" تائێستا ئەو پرسە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەكراوەیی ماوەتەوەو هیچ بڕیارێكی لەبارەوە نەدراوە".
جەلال جەوهەر ئاماژەی بەوەكرد، لە چەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجامدەدرێتو لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا كۆنەبوەتەوە، هەندێك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان باسلەوەدەكەن، ئێستا لەناو هەڵسوڕاواندا راپرسی دەكرێت لەبارەی پرسی بەشداریكردن یان نەكردنی گۆڕان لە حكومەت.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری لەبارەی ئەو راپرسییە ناوخۆییەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستكەوتووە، بەپێی زانیارییەكان، راپرسییەكە زیاتر لە شێوەی كۆبونەوەدایە لەگەڵ ژوورو هەڵسوڕاوە دیارەكانو لەو كۆبوونەانەدا بەرپرسانی باڵای گۆڕان (ئەوانەی پشتیوانی بەشداریكردنی گۆڕان دەكەن لە حكومەت) سودەكانی بەشداربوون بۆ ئامادەبوان رووندەكەنەوەو دواتر گوێ لە بۆچونی ئامادەبوان دەگرن.
واتە راپرسییەكە بەشێوەی دابەشكردنی فۆڕم نییەو زیاتر لەچوارچێوەی وەرگرتنی بیروڕادایە بەشێوەیەكی زارەكی لە سنورێكی دیاریكراوی رێكخستنەكاندا.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، چەندجارێك پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان كراوەو لەو پەیوەندییانەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی بەشداربوونی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی رایگەیاند" وەك سەرەتا بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە، بەڵام وەك شاند، دانوستانی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكراوە".
عەلی حوسێن وتی:" پارتی وەك هێزی براوە، بەمەبەستی دانوستان لەگەڵ لایەنەكاندا، دوو لیژنە پێكدەهێنێت، لیژنەی یەكەم ئەركی نزیككردنەوەی لایەنەكانە لە پاكێجی پارتی بۆ پەرلەمانو حكومەت، لیژنەی دووەم شاندی فەرمییە".
پێشینەیەكی خراپ
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، یەكجار بەشداری لە كابینەی حكومەتی هەرێمدا كردووە، كە ئەویش كابینەی هەشت بوو، بەهۆی ناكۆكی لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەیوەندی نێوان گۆڕانو پارتی تێكچوو، بەوهۆیەوە پارتی وەزیرەكانی گۆڕانی لە كابینەی هەشت دەركردو سەرۆكی پەرلەمانیش كە سەربە گۆڕان بوو، رێگری لێكرا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە پێشینەیەكی خراپی هەماهەنگی نێوان گۆڕانو پارتی بوو لە حكومەتدا.
لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، تاڕادەیەك پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو پارتی ئاسایی بونەتەوە، بەمدواییە گۆڕانو پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستان بەهەماهەنگی یاسای هەڵپەساردنی (دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم)و یاسای (تیرۆر)یان تێپەڕاند.
پارتی كە پێشتر گۆڕان تۆمەتباردەكرد بە شكاندنی بەڵێنو رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتی حكومەت، ئێستا بۆچونی گۆڕاوەو خوازیارە گۆڕان بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا بكات، رەنگە مەبەستی سەرەكی پارتی لە هێنانە پێشەوەی گۆڕان، بۆ جڵەوكردنی یەكێتیو داواكارییە زۆرەكانی بێت لە كابینەی نوێدا.
پشكی گۆڕان لە كابینەی هەشتدا
لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2014 پێكهاتو كابینەیەكی بنكەفراوان بوو، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی وەرگرت:
• سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: یوسف محەمەد
• وەزارەتی پێشمەرگە: مستەفا سەید قادر
• وەزارەتی دارایی: رێباز حەملان
• وەزارەتی بازرگانی: ساماڵ سەردار
• وەزارەتی ئەوقاف: كەمال موسلیم
• دەستەی وەبەرهێنان: رێبوار خەلیل
• نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا: دارا بەكر ساڵح
• لەگەڵ ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار
سیناریۆی بەشداری گۆڕان لە حكومەت
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ ئەو پۆستانەی كە وەریاندەگرێت.
ئەگەر حكومەتی داهاتووی هەرێم (سێ قۆڵی- ترۆیكا) بێت، واتە تەنیا پارتیو یەكێتیو گۆڕان پێكیبهێنن، پێشبینی دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانە وەربگرێت:
• جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان
• وەزارەتی دارایی
• لەگەڵ چەند پۆستێكی تر
ئەگەر كابینەی داهاتوو (چوارقۆڵی) بێت واتە لە (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی) پێكبێت، كە ئەمە ئەگەرێكی لاوازەو قسە هەیە پارتی نایەوێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بكات، پێشبینی دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانە وەربگرێت.
• جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی
• وەزارەتی دارایی
• لەگەڵ چەند پۆستێكی تر