گەنجترین ئەندامی كۆنگرێس ناتوانێت لە واشنتۆن خانوو بەكرێ بگرێت
2018-11-10 12:33:22
ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ
گرانی كرێی شوێنی نیشتەجێبوون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، كێشەی دارایی بۆ ئەندامانی نوێی كۆنگرێس دروستكردووە، بە تایبەتی ئەو ئەندامانەی لە چینی هەژارەكانەوە بۆ كۆنگرێس سەركەوتوون.
واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا لە لیستی 10 هەرە گرانترین شارەکانی جیهاندایە و كرێی شوقە و شوێنی نیشەجێبوون زۆر بەرزە و بە گوێرەی سایتی " بزنس ئینسایدەری" ئابوری كرێی مانگانەی یەك شوقە كە یەك ژووری نوستنی تێدابێت نزیكەی 2160 دۆلارە.
ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا موچەیەكی ساڵانە وەردەگرێت كە 174 هەزار دۆلارە و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی كۆنگرێس رایدەگەیەنن رووبەڕووی كێشەی دارایی دەبنەوە بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت شوێنی نیشتەجێبوونیان لە واشنتۆن و لەو ناوچانەشی لێوەی هەڵبژێدراون هەبێت .
ئەلكساندەریا ئۆكاسیۆ كۆرتیز، گەنجترین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، رووبەڕووی كێشەیەك بووەتەوە كە ناتوانێت كرێی خانوو بدات لە واشنتۆنی پایتەخت، چاوەڕوانەی ئەوەیە كانوونی دووەكی داهاتوو بە رەسمی لە كۆنگرێس دەستبەكاربێت و موچە وەربگرێت.
كۆرتیزی تەمەن 29 ساڵ ، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" رایگەیاند چاوەڕوانە وەك ئەندامی كۆنگرێس موچە وەربگرێت، بۆئەوەی بتوانێت شوێنی نیشتەجێبوون لە واشنتۆن بەكرێ بگرێت.
ئەمەش لە كاتێكدا هەینی رابردوو ئەید هێنری پێشكەشكاری بەرنامە لە كەناڵی " فۆكس نیوز" رایگەیاند ئەو ئەندامەی كۆنگرێس راستییەكان بە تەواوەتی ناڵێت چونكە لە چەند وێنەیەكیدا لە بەرگی یەكێك لە گۆڤارەكاندا دەركەوتووە " پۆشاكی وای لەبەركردووە بەهاكەیان هەزاران دۆلارە".
لەبەرامبەر ئەوەدا كۆرتیز لە تویتەرەوە وەڵامی دایەوە رایگەیاند ئەو پۆشاكانەی بە شێوەی خواستن بۆ وەرگیراوە بۆ وێنەگرتنی بۆ ئەو گۆڤارە.
كۆرتیز دوای بەڕێوەبردنی هەڵمەتێكی بانگەشەی سەركەوتوو، لە بازنەی 14ی هەڵبژاردن لە نیویۆرك بۆ كۆنگرێس هەڵبژێدرا و لە هەڵمەتی بانگەداشەكەشیدا زیاتر بایەخیدا بە پرسەكانی هەژاری، دادپەروەری، دابەشكردنی سامان و كۆچ.
كۆرتیز لە گەڕەكی برۆنكس لە نیویۆرد لە دایك و باوكێكی بەرەگەز دوورگەكانی پۆرتۆریكۆ لە دایبكووە، خۆی بەوە وەسفدەكات كە لە چینی كرێكارانە و هەتا سەرەتای 2018 لە چێشتخانەكاندا كاریكردووە بۆ زیادكردنی داهاتی خۆی وەك چالاكێكی كۆمەڵی مەدەنی.
كۆرتیز لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری " بۆن ئەبیتی" وتی:" سەبارە بە 80%ی بانگەشەكە لەو كیسە كاغەزیی میوەفرۆشییەی پشت ئەو دیوارەوە بەڕێوەمبردووە" لە ئاماژەیدا بۆ كاركردنی لە چێشتخانەكاندا.
هەروەها فۆرمی سامانی دارایی كۆرتیزیش ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ساڵی رابردوودا 26500 دۆلاری پەیداكردووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كۆرتیز لە تویتێكدا لە تویتەر رایگەیاند كێشەی نیشتەجێبوونی هەیە لە واشنتۆن و سیستمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە گونجاو نییە كە كە كەسانی چینی كاركەر سەركردایەتی بەڕێوەی ببەن، وای بڵاوبوونەوەی ئەو تویتەشی چەندین كەس هاوسۆزی خۆیان بۆ راگەیاند.
سەرچاوە: بی بی سی