چوار سیناریۆ بۆ پێكهاتەی حكومەتی نوێی هەرێم
2018-11-07 13:51:17
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بەپێی پێشبینییەكان، لە باشترین حاڵدا حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە سێ لایەن پێكدێت، ئەگەری پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان زۆر لاوازە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا چوار سیناریۆ بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی پۆستە باڵاكان لەنێوان لایەنەكان دەخاتەڕوو.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی كرد، بەڵام نەیتوانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، بەوهۆیەشەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت كەوتوەتە دۆخێكی نادیارەوە نازانرێت كەی شەمەندەفەری حكومەت دەگات.
لایەنەكانی براوەی هەڵبژاردن نەیانتوانی لەیەكەم دانیشتنی پەرلەماندا پۆستەكان یەكلابكەنەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە گفتوگۆ هەبووە بۆ دابەشكردنی كێكی حكومەت، ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە، پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نایەوێت كابینەی (9)ی حكومەت كابینەیەكی بنكە فراوان بێت، بەو واتایەی زۆرینەی حزبەكان تێیدا بەشدار بن، بۆیە لە باشترین حاڵدا پێشبینی دەكرێت كابینەی نوێ لە (2 بۆ 3) لایەن پێكبێت، واتە حكومەتی (دوو قۆڵی) یاخود حكومەتێكی (سێ قۆڵی) كە لە فەرهەنگی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا".
لەبەر رۆشنایی ئەم زانیاریانەدا دەتوانرێت پێشبینی چەند سیناریۆیەك بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێم.
سیناریۆی یەكەم : حكومەتی ترۆیكا
ئەمە بەهێزترین سیناریۆیە بۆ شێوازی حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستان، واتا كابینەی حكومەتو پەرلەمان لەلایەن ئەم سێ لایەنەوە پێكبهێنرێت.
پێشبینی زاڵ بۆ حكومەتی "ترۆیكا" ئەوەیە (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان) پێكەوە گالیسكەی حكومەتو پەرلەمانی داهاتوو رابكێشن، كە سێ لایەنی یەكەمو دووەمو سێیەمی براوەی هەڵبژاردنن.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێتو حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمان لەم سێ هێزە پێكبێت، پێشبینی دەكرێت پۆستە(باڵاكان) بەم شیوەیە دابەش ببێت:
• سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی
• جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی
• جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان
• سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ گۆڕان
• وەزارەتی نەوتو ناوخۆ: بۆ پارتی
• وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان
• وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی
وەزارەتو دەستەكانی تریش بەوشێوەیە دابەشدەكرێن.
لەم سیناریۆیەدا ئەگەری گۆڕانكاری هەیە لە پشكی لایەنەكاندا، بەتایبەت پشكی بزوتنەوەی گۆڕان.
سیناریۆی دووەم: حكومەتی دوو قۆڵی
ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك پێشبینكراوە، بەتایبەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر فشاری دەنگدەرەكانی خۆی یاخود بەشداری پێنەكردنی لەلایەن پارتیو یەكێتییەوە، لە بەشداریكردن لە دەسەڵات بكشێتەوە.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، دەتوانرێت پێشبینی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان بكرێت بەمشێوەیە:
• سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی
• جێگری سەرۆكی حكومەت: بۆ یەكێتی
• سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كەمینەكان
• وەزارەتی نەوتو ناوخۆ: بۆ پارتی
• وەزارەتی داراییو پێشمەرگە: بۆ یەكێتی
وەزارەتو پۆستەكانی دیكەش بەوشێوە دابەشدەكرێتو پێشبینی ناكرێت دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" بێت، بەڵام پێشبینش ناكرێت جیاوازی زۆر هەبێت لە پشكی پارتیو یەكێتیدا لە كێكی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەماندا، چونكە پارتی چەندجارێك رایگەیاندووە بەبێ یەكێتی حكومەت پێكناهێنێت.
سیناریۆی سێیەم: حكومەتی چوار قۆڵی
ئەمەبەست لەم سیناریۆیە ئەوەیە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەم چوارلایەنە پێكبێت (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی).
پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چەندینجار ئەوەی راگەیاندووە كە ئەزمونی حكومەتی بنكە فراوان دووبارە ناكاتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێیانوایە لەكابینەی هەشتەمدا گۆڕانو كۆمەڵ وەكو دوو هاوبەش لە نیوەی رێگادا پارتییان لە حكومەت بەجێهێشتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی خواستی هەیە بەشداری بكات لەدەسەڵاتو بۆ ئەمەش لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی كردووە.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، پێشبینی دەكرێت پۆستەكان بەم شێوەیە دابەشبكرێت:
• سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی
• جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی
• جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان
• سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی
• وەزارەتی نەوتو ناوخۆ: بۆ پارتی
• وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان
• وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی
• وەزارەتێكو دەستەیەك: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی
كێكی دەسەڵات
كێكی دەسەڵات بۆ خولی نوێی حكومەتو پەرلەمانی كوردستان پێكدێت لە (35) پۆست، كە ئەمانە:
• پۆستی سەرۆك وەزیران
• پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری كارگێری
• پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی (ئەگەر هەیە ئەم پۆستە زیاددبكرێت)
• وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو
• وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان
• وەزارەتی پەروەردە
• وەزارەتی كارەبا
• وەزارەتی ئەوقافو كاروباری ئایینی
• وەزارەتی داراییو ئابووری
• وەزارەتی تەندروستی
• وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن
• وەزارەتی داد
• وەزارەتی ناوخۆ
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
• وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان
• وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار
• وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
• وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە
• وەزارەتی پلاندانان
• وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی
• وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە
• سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم
• فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
• فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت
• سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
• دەستەی وەبەرهێنان
• فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون
• دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
• ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان
• دەزگای گشتی كاروباری مین