هاوپەیمانی, هەڵوەشانەوە یان بەردەوام بوون؟
2018-11-09 19:47:58
( درەو میدیا):
ئەمڕۆ هەینی رۆژی یەكلابونەوەی هاوپەیمانی بۆدیموكراسی و دادپەروەری بوو، رۆژێك لەلایەك ناوی هاوپەیمانی گۆڕدراو سەرۆكی نوێ بۆ هاوپەیمانێتیە نوێیەكە هەڵبژێردرا، لەلایەكیش بەزۆرینەی رەهای دامەزرێنەرانی, هاوپەیمانی هەڵوەشێنرایەوە.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كۆبونەوەی گشتی هاوپەیمانی ئەنجامدرا كە 400 هاودید تیایدا بەشداربوو، بەپێی بەلاغی كۆتایی كۆبونەكەش " بە زۆرینەی دەنگی هاودیدانی بەشداری كۆبوونەوەكە بڕیاری گۆڕینی ناوی (هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) درا، پاشتر و بە زۆرینەی ڕەهای هاودیدانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە ( ۲٤٤ ) دەنگ (ئارام قادر) وەك سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) هەڵبژێردرا"
سەرۆكی نوێی هاوپەیمانێتیەكە لە وتارێكدا جەختی كردەوە" كە هاوپەیمانیی بەجێهێشتنی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بە زەرورەت دەزانێت و لە پێناو زیندوڕاگرتنی سیاسەتی هەرێم بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست و دەسەڵاتێكی خزمەتگوزار بە پێویست دەزانێت" بەڵام ئەم گروپە كە ناوی هاوپەیمانیان گۆڕی هیچ بیناو میدیایەك و مومتەلەكاتێكی هاوپەیمانیان لەبەردەست نیەو بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو بیناو بارەگای نوێ بكەنەوە
بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا بەرهەم ساڵح لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیدا بووەو داوای لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی كردووە كە هاوپەیمانی هەڵبوەشێننەوە. هەربۆیە ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەناوی زۆرینەی رەهای دەستەی دامەزرێنەری هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییان راگەیاند.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە"ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا"
راشیانگەیاندووە كە هاوپەیمانی گشتی درێژكراوەی هاوپەیمانی نیەو دەڵێن"بەڕێزگرتن لەبنەماكانی ھاودیدبون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەركەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەك حزبێكی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕونی ڕایدەگەیەنین: كەو ئەو حزبە نوێیە، درێژكراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نییە، ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەكانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە كە ھاوپەیمانی وەك ڕەوتێكی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و كردار و گوفتارێك بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندكراو نابێت و ڕێكاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت"
رۆژی 7/11/2018 گروپێك لە هاوپەیمانی حزبێكیان دامەزراند بەناوی ( پارتی دیموكراسی و دادپەروەری) و سكرتێرەكەی ناوی ( یاسین شێخ سەڵاح)ە، یەكەم بەیاننامەشیان خوێندەوە.
دەقی هەردوو رونكردنەوەكە:
...............................
بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانیی:
بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ هەینی ۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۱٨ لە هۆڵی دێدەمان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە بەشداری زیاتر لە ٤۰۰ هاودید، هاوپەیمانیی كۆبوونەوەیەكی گشتی ساز كرد.
كۆبوونەوە بە مەراسیمێك كرایەوە، سەرەتای كۆبوونەوەكە بە وەستانی خولەكێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، دواتر لیژنەی باڵای كۆبوونەوە چەند ڕێنماییەكی پێشكەشی بەشداربووان كرد، دواتر لیژنەی هەمواركردنی پەیڕەوەی ناوخۆی هاوپەیمانیی ئەو بڕگانەی پەیڕەوەی ناوخۆی خستەڕوو كە هەموار بكرێنەوە و دەنگی بۆ درا وبە زۆرینەی دەنگ پەسەندكران لە بڕگەیەكی تری كۆبووونەوەكەدا وتاری (هاوپەیمانیی) لە لایەن بەڕێز م. محمد رەئوف لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی خوێندرایەوە.لە وتارەكەدا جەخت لەسەر زەروورەتی دیدگای نیشتیمانی وەك تاكە ڕێگاچارەی رزگاری گەلی كوردستان لە قەیران و نەهامەتییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان كرایەوە. دواتر بە زۆرینەی دەنگی هاودیدانی بەشداری كۆبوونەوەكە بڕیاری گۆڕینی ناوی (هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) درا، پاشتر و بە زۆرینەی ڕەهای هاودیدانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە ( ۲٤٤ ) دەنگ بەڕێز (ئارام قادر) وەك سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) هەڵبژێردرا.
لە میانەی وتەیەكیشدا بەڕێز ئارام قادر سەرۆكی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) جەختی لەسەر پابەندبوون بە بەهاباڵاكان و دەستووری هاوپەیمانی كردەوە و زەروورەتی فراوانكردنی هاوپەیمانی و پلانەكانی بۆ سەرخستنی پڕۆژەی هاوپەیمانیی كردەوە.
كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نیشتیمانی جەختیكردەوە:
۱. قۆناغی نوێی كاری سیاسیی، هەنگاوی جیددی دەبێت بۆ فراوانكردنی بەرەی چاكەخوازی لە پێناو حوكمڕانییەكی باش و ژیانێكی باشتر بۆ هاوڵاتیان.
۲. هاوپەیمانیی ناونیشانی هاوڵاتیبوون و مرۆڤ سەنتەری دەكاتە سیمبوڵی ڕێزگرتن و كردنەوەی بواری ڕای جیاواز، ئەمەش نیشانەی ڕەنگاوڕەنگی پڕۆژەی هاوپەیمانییە.
۳. هاوپەیمانیی لەسەر ڕێڕەوەی دیدگای نیشتیمانی كاری جیدیی دەكات بۆ تێپەڕاندنی دابەشكارییە ئایدۆلۆجی و جوگرافی و زەمەنی و باكگراوندە جیاوازەكان.
٤. هاوپەیمانی نیشتیمانی هێزێكی سەربەخۆی كاریگەر دەبێت و پەیوەندییەكانیشی لەسەربنەمای بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی بەڕژەوەندی تەسكی حزبی دادەڕێژێت و بڕوای بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی پڕۆژەی دیدگای نیشتیمانییە.
٥. هاوپەیمانیی بەجێهێشتنی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بە زەرورەت دەزانێت و لە پێناو زیندوڕاگرتنی سیاسەتی هەرێم بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست و دەسەڵاتێكی خزمەتگوزار بە پێویست دەزانێت.
٦. هاوپەیمانیی كاردەكات بۆ ئەوەی هێزێكی دەستەبژێر ببێتە بەدیلی كارو پڕۆژەی ڕابردووی هێزە سیاسییەكان و ئامادەكاری دەكات بۆ قۆناغ و پێشهاتە نوێییەكان.
لە كۆتاییشدا كۆبوونەوە هەرچی زووتر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە پێویست زانی و جەختی لەسەر ماف و ئیمتیازاتی خەڵكی كوردستان كردەوە كە پێویستە لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە هەوڵی دەستەبەركردنیان بدرێت.
كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانیی
۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۱٨
هەولێر
......................................
ڕونكردنەوەیەك لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بۆ ڕای گشتی
سەبارەت بە كۆبونەوەی بەشێك لە هاودیدان لە هەولێر:
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا.
ئێمە وەكو زۆرینەی ڕەھای دەستەی دامەزرێنەر و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی ھاوپەیمانی ڕایدەگەیەنین:-
١ - چارەنوس و ئایندەی ھاوپەیمانی، بەگوێرەی ڕیكارە حزبی و بڕیاڕە یاساییەكانی یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ پارتە سیاسیەكان لەعێراق كە ھاوپەیمانی لەسەر دامەزراوە، دیاری دەكرێت و لەم ڕوەوە ھەنگاوی سیاسی و یاسایی ڕاست و دروست، بە بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی، بۆ زۆرینەی ئۆرگانە گرنگەكانی ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی دەستیپێكردوە و ھەرئەوەش دواتر دەبێتە بڕیاڕی فەڕمی و دەستوری ھاوپەیمانی .
٢ - بەگوێرەی نەریت و پەیڕەوە باوەكانی حزبایەتی، بڕیاڕی گۆڕینی ناو و بەرنامە و سەركردایەتی و ستراكچەری ھاوپەیمانی، وەك ھەر پارتێكی سیاسی، لەدەستی زۆرینەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی دایە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەھەولێر ئەنجامدرا، تەنھا پەرچەكردارێكی نایاسایی و ناحزبیە و ھیچ كاریگەریەكی لەسەر بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی نابێت، كە پێشوتر دەستی كردوە بەوەرگرتنی ڕێوڕەسمە سیاسی و یاسایی و دەستوریەكان بۆ دیاریكردنی چارەنوسی ھاوپەیمانی كەھەڵوەشاندنەوەیەتی، بەگوێرەی ڕێكارە داواكراوە حزبی و یاساییەكان لەیاسای دامەزراندنی پارتە سیاسیەكانی عێراق .
٣- ئەو ٣ سێ ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەران، كەدیارە ڕێگای جیاوازیان ھەڵبژاردوە، ھیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین و بەڕێز و پێزانینەوە هاوكاریانین، بەڵام دەبوو ئەوان وەك زۆرینەی موتڵەق بڕیاریان لەچارەنووسی هاوپەیمانی نەدایەو لەچوارچێوەی مافی خۆیان دەستیان ببردایە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی نوێ كە ئەوكات دەیانتوانی پشتیوانی ئەوانە بەدەستبهێنن، كە لەهاوپەیمانی خوازیاری درێژە پێدەری كاری سیاسین لەگەڵ ئەوان، نەك بەم جۆرە ئەوان مافی زۆرینە بەخۆیان بدەن ، بۆیە داواكاریشین بەزوویی ئەو پێشێلكاریە ڕاست بكەنەوە، كە لەكۆبونەوەی ھەولێر تێیكەوتن و ڕێز لەبڕیاری زۆرینەی ھاوپەیمانی بگرن و دوربكەونەوە لە بەكارھێنانی ناو و لۆگۆی ھاوپەیمانی، كەپێشوتر بەزۆرینە و كەمینە، یەكلایی كراوەتەوە.
٤- بەڕێزگرتن لەبنەماكانی ھاودیدبون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەركەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەك حزبێكی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕونی ڕایدەگەیەنین: كەو ئەو حزبە نوێیە، درێژكراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نییە، ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەكانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە كە ھاوپەیمانی وەك ڕەوتێكی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و كردار و گوفتارێك بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندكراو نابێت و ڕێكاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت.
ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
٩ / ١١ / ٢٠١٨