Draw Media

ڕاپۆرت: درەو میدیا تا درەنگانێکى شەوى ڕابردو، هەردوو بەرە شیعیە دژبەیەکەى عێراق خەریکى ناونوسینى هێز و کوتلە سیاسیيە جیاوازەکانى عێراق و کۆکردنەوەى زۆرترین ژمارەى کاندیدە دەرچووەکان بوون بۆ خولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق، لیستى لەدواى لیست بڵاویاندەکردەوە، بەرەکەى سەدر و عەبادى هەر زوو بانگەشەى کۆکردنەوەى زۆرترین کورسى و پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیى کرد و دوو لیستى جیاوازى بەناو و ئیمزاى ئەو لایەنانە بڵاوکردەوە کە چونەتە بەرەکەى، بەرەکەى تریش (ماليكى – عامرى) وەنەبێ دەستەوستان دانیشتبێتن، ئەوانیش بەچڕى هاتنە سەرخت و دواى بڵاوکردنەوەى لیستێکى تایبەت بەو هێزانەى چونەتە پاڵیان، لەنیوە شەودا نورى ماليکى سەرۆکى ئیئتیلافى دەوڵەتى یاسا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا پێکهێانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیى ڕگەیاند. هەردوو بەرەکە شکستیان هێناوە  چاودێرانى دۆخى عێراق پێیانوایە، نە بەرەکەى (سەدر-عەبادى)و نە بەرەکەى (ماليکى عامرى)، لانى کەم تائەم ساتە نەیانتوانیوە گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیى پێکبهێنن و ڕێژەی پێویستى (50+1) کۆبکەنەوە، کە (165) کورسى پەرلەمان دەکات، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوبوون ڕێگرى جدى بۆیەکتر دروستبکەن و هیچیان نەتوانن پشتى ئەوى تریان بدات بە زەویداو هەموو ئەو بانگەشانەشى بۆ کۆکردنەوەى زۆرترین کورسى دەکرێت بەشێکە لە جەنگى دەرونى کە هەردوو بەرەکە دژ بەیەکترى دەیکەن، هاوکاتیش دروستکردنى فشار لەسەر هێز و لایەنە جیاوازەکان تا بەپەلە بکەن لەخۆیەکلاکردنەوە و پاڵدان بە یەکێک لەم دوو بەرەیە. غائیبى سەرەکى کورد بوو  ڕەنگە هیچ هێز و لایەنێکى عێراق شەوى ڕابردوو، هێندەى هێز و لایەنە کوردییەکان بێدەنگ و سەنگ نەبوبێت، کە هەندێک بە بەحازرى غائیب ناویان دەبەن، جگە لە (جوڵانەوەى نەوەى نوێ) کە خاوەنى چوار کورسیيە و لە یەکێک لەو لیستانەدا ناوى هات کە بەرەکەى سەدر و عەبادى بڵاویانکردەوە، نە (پارتى و یەکێتى) و نە "هێزە ناڕازییەکان" (بزوتنەوەى گۆڕان و یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى) ناویان لەهیچ لیست و هاوپەیمانێتیەکەدا نەهات. شرۆڤەکارانى دۆخى عێراق بۆ ئەم بێدەنگییەى کورد بەتایبەت پارتى و یەکێتى کە پێکەوە خاوەنى (45) کورسى پەرلەمانى عێراقن و بدەنە پاڵ هەر یەکێک لەم دوو بەرەیە دەیکەنە زۆرینەى ڕەها، چەند خوێندنەوەیەکیان هەیە: خوێندنەوەى یەکەم: پارتى و یەکێتى لەنێوان ململانێکانى ئێران و ئەمریکادا گیریان خواردووە و پێیانوایە بچنە پاڵ هەریەکێک لەم دوو بەرەیە بەتەواوى لەسەر لایەک ساغ دەبنەوە (ئێران یان ئەمریکا)و ئەوى تر دەکەن بەدوژمنی خۆیان کە ڕەنگە باجەکەى زۆر قورس بێت، بۆیە چاوەڕوێ دەکەن تادواساتەکان و ڕودانى پێشهاتێکى نوێ. خوێندنەوەى دووەم: پارتى و یەکێتى دڵنیان لەوەى بەبێ ئەوان هیچ کام لەبەرەکان ناتوانن زۆرینەى پەرلەمانیى پێکبهێنن، بۆیە تادواساتەکان هەڵوێستى خۆیان یەکلاناکەنەوە، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانى داواکارییەکانیان و چنیەوەى زۆرترین دەستکەوتى سیاسى و پۆست و ئیمتیازات. خوێندنەوەى سێیەم: دوو بارەبونەوەى سیناریۆى بەشدارى کورد لەساڵى 2014 لەدواین ساتەکان ، کە پێگەى سیاسى کورد هەم سەنگێکى واى نەمابو و هەمیش نەیتوانى بچوکترین داواکارییەکانى لەپێکهێنانى کابینەى ئەوکاتەى حکومەتى عێراق جێبکاتەوە. هەرچى "هێزە ناڕازییەکان"ە، تائێستا هەڵوێستیان ڕوون نیە دەدەنە پاڵ کام بەرەیە، بزوتنەوەى گۆڕان کە لایەنێکى سەرەکى ئەم بەرەیەیەو پێکەوە لەگەڵ یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى فراکسیۆنێکى هاوبەشیان بۆ کارى پێکەوەیى لە پەرلەمانى عێراق ڕاگەیاندووە، بڕیاریداوە بایکۆتى دانیشتنى ئەمڕۆ بکات، ئەوەش بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى تایبەت لەو بزوتنەوەیە کە پێشتر بە"درەو میدیا"ى، ڕاگەیاند.  


(درەو میدیا): سەرچاوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە "درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: کاندیدە دەرچوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ناکەن، کە بڕیارە سبەینێ ۳ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. لە وەڵامی پرسیارێکی "درەومیدیا" سەبارەت بەوەی ئاخۆ کاندیدە دەرچوەکانی بزوتنەوەکەیان کە ژمارەیان پێنج کەسە، تەنها دانیشتنی سبەینێ بایکۆت دەکەن یان بڕیاریانداوە بەشداری پرۆسەی سیاسی نەکەن، سەرچاوەکە وتی: بڕیاری بایکۆتی پرۆسەی سیاسیان نەداوە و ئێستا کاندیدەکانیان تەنها بایکۆتی یەکەم دانیشتن دەکەن، کە تیایدا کاندیدە دەرچوەکانی لیست و قەوارەکان سوێندی یاسایی دەخۆن. ئەو بڕیارەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەو بزوتنەوەیە لەگەڵ هەریەک لە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەشیان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند.


( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ و چەند كاتژمێرێك پێش دەستپێكردنی دانیشتنی یەكەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، میدیاكانی عێراق هەواڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان ڕاگەیاند، كە دیارترین ئەو لایەنانەی بەشدارن تیایدا ئەم هێز و لایەنانەن: (هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر و ئیئتیلافی نەسر حەیدەر عەبادی و لیستی حیكمەی عەمار حەكیم و ئیئتیلافی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی و بەرەی توركمانی و بەیارقی خەیر و پێكهاتەی سابئە و كریستیان و ئێزدی و عابرون و هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی (ئوسامە نوجێفی) و هاوپەیمانی تەمەدون و هاوپەیمانی سەلاحەدین ناسنامەمانە، هاوپەیمانی نەینەوا ناسنامەمانە، ئەنبار ناسنامەمانە، هاوپەیمانی بەغداد، نەوەی نوێ، هاوپەیمانی عەرەبی کەرکوک)، بەهۆی ئەوەی گوماندەدەكرێت لیستەكەی عەبادی لێكترازان تیایدا ڕویدابێت، ژمارەی ئەم هاوپەیمانێتیە ڕوون نیە، هەندێك بە 177 و هەندێكی تر 171 و هەندێكی تریش دەڵێن، تائێستا نەگەیشتونەتەئەوەی زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستبهێنن. ئەوەی جێی سەرنجە ناوی هیچ كوتلەیەكی كوردی لەنێو ئەم هاوپەیمانێتیەدا بەدی ناكرێت،لەكاتێكدا هێز و كوتلەی پێكهاتە جیاوازەكان پەیتا پەیتا پەیوەندی بەم هاوپەیمانێتیەوە دەكەن،  بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە یەكێتی و پارتی تائێستا خۆیان یەكلانەكردۆتەوەو بەهۆی فشاری زۆری ئێرانیەكانیەوە نەیانتوانیوە لانی كەم تائەم ساتە پاڵبدەن بەم هاوپەیمانێتیەوە كە ڕەنگە لەم چەند كاتژمێری لەبەردەستدا ماوە ئەوانیش بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆیان بدەن و هێزە كوردییەكانی تریش تائێستا هەڵوێستیان ڕون نیە دەچنە پاڵ ئەم هاوپەیمانێتیە یان هەر لەدورەوە تەماشاكەر دەبن. بەڕای بەشێك لەچاودێران، بەنیسبەت كوردەوە ڕەنگە هەمان سیناریۆی ساڵی 2014 دوبارەبێتەوەو لەساتەكانی كۆتایدا بڕیاری بەشداری بدەن و سودێكی وا لەو كورسیانە نەبینن كەبەدەستیان هێناوە، نە لەبەدەستهێنانی پرسە نەتەوەییەكان و نەدەستكەت و ئیمتیازێكی زیاتر لەوەی ڕابردو بەدەستیان هێناوە.    بەڵام وەك دەوترێت ئەمە هەموو دیمەنەكە نیە، لەوبەریشەوە كوتلیەكی بەهێز بونی هەیە كە ژمارەی كورسیەكانی نزیكدەبێتەوە لە 100 كورسی و وێڕایی ئەو پشتیوانیە بەهێزەی ئێرانیەكان كە هەمیشە وادەكات پێشهاتە سیاسیەكان بەڕووی هەمو ئەگەرەكاندا كراوەبن.


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت "نە خۆمم كاندید كردووە، نە هاوپەیمانیش منی كاندیدكردووە" ئەمە نوێترین وتەی بەرهەم ساڵحە لەسەر پرسی كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە لە 12ی ئایاردا، دەنگۆی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەكرێت. ماوەی نزیكەی چوار مانگە قسە لەبارەی كاندیدبونی دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح هیچ قسەیەكی نەكردووە، نە هەواڵ و دەنگۆكانی رەتكردوەتەوە، نە پشتڕاستیشی كردونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار بەفەرمی لەبارەی كاندیدبونییەوە لەسەر ئەو پرسە قسەیكرد و هەموو دەنگۆكانی رەتكردەوە، روونكردنەوەكەی ئەمڕۆی بەرهەم ساڵح دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڵاوكردنەوەی راگەیەنراوێك لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە كە دەرگای لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار داخست. ئەمریكا پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكات گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و دابەشكردنی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە قۆناغی كۆتایی نزیكدەبێتەوە، یەكێك لەو پۆستە سیادییانەی كە لە دوای 2003و بونیادنانەوەی عێراقی دوای بەعس بەر كورد دەكەوێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سێ‌ خولی رابردوودا ئەو پۆستە بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بووە، "مام جەلال" دوو خول و " فوئاد مەعسوم" خولێك. لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" كە رۆڵی سەرەكی هەیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، سەردانی سەرجەم لایەنەكانی كرد لە هەرێمی كوردستان و خواستی ئەمریكای بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەربڕی و هاوكات پشتیوانیشی لەوەكرد، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدرێت بە بەرهەم ساڵح كە پێشتر جێگیری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو و ئێستا سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە. هێشتا یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد لەنێویشاندا پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتونەتە رێككەوتوون، پارتی ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی خۆی دەزانێت، یەكێتی دەڵێ یەكلابوەتەوە پۆستی سەرۆك كۆمار جارێكی تریش هەر بۆ خۆی دەبێت، لەم نێوەندەشدا باس لەوەدەكرێت، یەكێتی بە مەرجێك پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح دەدات، بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی و حزبەكەی دابخات. رێككەوتنەكەی بافڵ تاڵەبانی لە چەند رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی كە ماوەیەكە بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات، جموجوڵی دەستپێكرد و لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبووەوە. بە گوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەك، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا رێككەوتنی كردووە بۆئەوەی لەبەرامبەر گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، بەڵام ئەم رێككەوتنەی بافڵ و بەرهەم ساڵح لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە پەسەند نەكراوە. دایكی ریسەكەی بافڵ دەكاتەوە بە خوری  لە كاتێكدا باس لە رێككەوتنی نێوان بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح دەكرا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بڕیاردەری یەكەمی یەكێتییە، شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە راگەیەندراوێكی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بڵاوكردەوە، بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك رەتكردنەوەی هەوڵەكانی بافڵی كوڕی لێكدرایەوە.  هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە خاڵی سێییەمی راگەیەندراوەكەیدا لەبارەی تایبەتمەندی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە دەڵێت:" دەبێت سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڤاڵێكی بە ئەزمون و مولتەزمی یەكێتی و قاڵبووی خەبات و تێكۆشان و دانەبڕاوی رێبازەكەی مام جەلالی بۆ كاندیدبكات، كە بتوانێت لە هەموو بوارێك و بارودۆخێكدا ئەركەكانی بەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان مسۆگەر بكات و رێبازە پیرۆزەكەی مام جەلال و سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیادەبكات و بەجێبهێنێت". بە گوێرەی ئەم مەرجەی راگەیەندراوەكە، بەرهەم ساڵح نابێتە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو نەقاڵبووی خەباتی شاخە و نە تێكۆشەرێكی دانەبڕاوی یەكێتیشە، ئەو ئێستا بە تەواوەتی لە یەكێتی دابڕاوە و سەرۆكایەتی حزبێكی تر دەكات. بافڵ رێگەكەی قوبادی برای تاقیدەكاتەوە ئەو هەوڵەی كە بافڵ تاڵەبانی ئێستا و بەر لە دەستنیشانكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەستیپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، رێك هاوشێوەی ئەو هەوڵەیە كە قوبادی تاڵەبانی برای ساڵی 2014 لە كاتی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار خستیەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایكی و بەرهەم ساڵح. ئەوكات هەوڵەكەی قوباد تاڵەبانی هیچی لێ سەوز نەبوو، بەرهەم ساڵح نەبوو بە سەرۆك كۆمار و لەبری گەڕانەوەش بۆ ناو یەكێتی، حزبێكی نوێ راگەیاند، پێدەچێت چارەنوسی هەوڵەكەی بافڵ لەوەی قوبادی برای باشتر نەبێت.  هەروەها پێدەچێت كێشەی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بەرهەم ساڵح لەوە قوڵتر بێت بە كوڕەكان چارەسەربكرێت. "ئەندامێكی ئاسایی یەكێتیم" دواین رۆژی مانگی یەكی ساڵی 2014 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بڕیاریدا وادەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب دوابخات. رۆژێك دوای ئەم بڕیارە و بە دیاریكراوی لە رۆژی 1-2-2014 بەرهەم ساڵح لە لێدوانێكدا لە پەراوێزی مەراسیمی یادی حەكیم لە حوسەینییەی شاری سلێمانی وتی:" ئێستا هیچ پلەیەكی حیزبیم نییە و هیچ پلەیەكیش بەڕەوای خۆم نازانم تاوەكو بەستنی كۆنگرە.. من تەنیا ئەندامێكی ئاساییی یەكێتیم"، بەمە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێك لە حزبە گەورە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بوو. گەڕانەوە بۆ ماڵە كۆنەكەی عەقاری دوای زیاتر لە 40 رۆژ لە بڕیاری وازهێنانی لە پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، بەرهەم ساڵح جارێكی تر دەركەوتەوە و لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا وتی:"بڕیارمداوە هەموو ئەو موڵك ‌و ماڵەی یەكێتی پێیداوم رادەستیبكەمەوە.. ئێستا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی خانووەكەی ماڵی باوكمم لە گەڕەكی عەقاری سلێمانی و لە نزیكترین ماوەدا ماڵەكەم دەگوازمەوە". ئەمە سەرەتای ماڵجیایی بەرهەم ساڵح بوو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی. هەوڵی گەڕانەوە بۆ بەغداد بەرهەم ساڵح كە دەستی لە پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی هەڵگرت، بەڵام دەستبەرداری خەونی گەڕانەوە بۆ بەغداد نەبوو. ئەو مانگی تەمموزی 2014 سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك لە یەكێتی دووركەوتبووەوە، بەڵام چوەناو كێبڕكێی هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، وەكو ئەوەی ئێستا مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە. دواجار یەكێتی دوو كەسی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، (فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵح)، ئەم بابەتە كێشمەكێشی لەناو یەكێتی و كاندیدەكان دروستكرد، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك سەرباری ئەوەی لەلایەن یەكێتییەوە كاندیدنەكرا, بەڵام لە دەرەوەی حزب خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرد، ئەمەش بەپلەی یەكەم بۆ دژایەتیكردنی بەرهەم ساڵح بوو، ئەوكات كە نەجمەدین كەریم كەسایەتییەكی نزیك بوو لە ماڵباتی جەلال تاڵەبانییەوە، وا لێكدەدرایەوە خۆكاندیدكردنەكەی بە رەزامەندی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێت بە مەبەستی لێدان لە بەرهەم ساڵح. یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان (فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح)دا بۆ یەكێتی نیشتمانی كارێكی سەخت بوو، رۆژی 22ی تەموز كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لەسەر ئەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەرێگەی دەنگدانەوە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوە. شەوی 23ی تەمموزی 2014 وەكو ئەوەی لە كۆبوونەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بریاری لێدرابوو، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڕێوەچوو، ، لە كۆی (62) پەرلەمانتاری كورد، (55) پەرلەمانتار ئامادەبوون بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان، (فوئاد مەعسوم) بە كۆی دەنگی (30) پەرلەمانتاری كورد وەكو كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، بەرهەم ساڵحیش (23) دەنگی بەدەستهێنا، (2) دەنگیش سپی بوون، دوای ئەو پرۆسەیە و یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ فوئاد مەعسوم،  نەجمەدین كەریم كە لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردبوو لە پرۆسەكە و لە بەرژەوەندی كاندیدی دڵخوازی ماڵی تاڵەبانی كشایەوە. رۆژی 24ی تەموز، دواجار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی دووەمی دەنگداندا بە دەنگی (211) پەرلەمانتار لە كۆی (269) پەرلەمانتار كە بەشداری دەنگدانیان كرد، فوئاد مەعسومی وەكو سەرۆك كۆمار هەڵبژارد و مەعسوم لە دوای جەلال تاڵەبانییەوە بوو بە دووەم سەرۆك كۆماری كورد  لە مێژووی عێراقدا و بەرهەم ساڵحیش خەونەكەی بوو بە مۆتەكە. خەونێكی نوێ دوای شكستهێنانی لە گەیشتن بە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح سەرەتای چەند هەنگاوێكی نوێ بۆ دەستپێكردنی پرۆژەیەكی سیاسی نوێ دەستپێكرد. مانگی ئابی 2014 دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە بەرهەم ساڵح دەیەوێت كەناڵێكی ئاسمانی بكاتەوە لە كەركوك بەناوی كەناڵی "بوار"،  بەڵام ئەوانە تەنیا دەنگۆ بوون و بەرهەم ساڵح هیچ پرۆژەیەكی نوێی لەو ساڵەدا نەخستە بواری جێبەجێكردنەوە و نەیتوانی بە تەواوەتی دەستبەرداری یەكێتی ببێت. ناوەندی بڕیار و هەوڵێكی نوێ بەرهەم ساڵح كە لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە لەناو یەكێتیدا تەنیا كەوتبوو، ئەمجارەیان بۆ هەستانەوە و لانیكەم راوەستان بەڕووی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا پەنای بۆ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی برد. شەوی 1-9- 2016 بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ پێكهێنانی (ناوەندی بڕیار) یان لەناو یەكێتی نیشتمانی راگەیاند، چەند كاتژمێرێك دوای راگەیاندنی ناوەندەكە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە مەكتەبی سیاسی بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و ناوەندی بڕیاریان بە ناوەندێكی "ناشەرعی" ناوبرد. ئەم هەوڵەش مایەپوچ مایەوە و نەتوانی كێشەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم چارەسەر بكات، نەیتوانی قورسایی دەسەڵات و بڕیاری یەكێتی بەلای ئەودا بشكێنێتەوە. جیابونەوە.. بڕیارە قورسەكە دواجار بەرهەم ساڵح بڕیارە قورسەكەیدا، ئەو بڕیارەی كە چەند ساڵێك بوو دۆستە نزیكەكانی چاوەڕوانی بوون،  رۆژی 16ی ئەیلولی 2017 پێكهێنانی حزبێكی سیاسی نوێی بەناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری" راگەیاند، ئەمە یەكەم هەنگاوی كردەیی بەرهەم ساڵح بوو بەرامبەر بە یەكێتی، بەڵام لە یەكەم بەشداریكردنی سیاسیدا كە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بوو، بەرهەم ساڵح دووچاری شكستێكی سیاسی گەورە بووە و لەو پرۆسەیەدا تەنیا (2) كورسی بردەوە كە ئەنجامێكی پێشبینی نەكراو بوو.   بەمدواییانە بەرهەم ساڵح بە فەرمی كاندیدەكانی حزبەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات كە بڕیارە 30ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت،  قسەوباسیش هەیە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكەی "خەندان" بەمزوانە دابخات، بەشێك لە "هاودید"ەكانی هاوپەیمانی نیگەرانن لەوەی سەركردەكەیان لە دەرگای پشتەوە خۆی بكاتەوە بە "ماڵە گەورەكە"دا و ئەوان لە گۆڕەپانەكە بەتەنیا بەجێبهێڵێت، پاشەكشێی هاوپەیمانی لە بەشداریكردنی هەڵبژاردن، رەنگە هیچ نەبێت جگە لە جێبەجێكردنی مەرجەكانی یەكێتی بۆ پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح.     


( درەو میدیا): بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم  لە كۆی ( 177 هەزار و 686 )كەس كە داواكاریان پیشكەش كردوە كە وەك كارمەند لەسەر سندوقەكانی دەنگدان،پێویستیان بە ( 42 هەزار و 172 )كەس دەبێت.    بە شێوەیەك  كە لە هەولێر ( 54 هەزار و 663 ) كەس و لە سلێمانی( 75  هەزار و 132 )كەس و لە دهۆك( 41 هەزار و 495 )كەس و لەهەڵەبجەش(6 هەزار و 396 )كەس داواكارییان پێشكەش كردووە. كە لە كۆی ( 177 هەزار و 686 )كەس كە داواكارییان پێشكەشكردووە، ( 75 هەزارو 791 )كەس سڕاونەتەوە و تەنها( 101 هەزارو 895 )كەس ماونەتەوە. بەو پێیەش  لە هەولێر( 15 هەزار و 305 )كەس و لە سلێمانیش( 16 هەزار و 280 )كەس و لە دهۆك( 9 هەزار و 615) كەس و لە هەڵەبجەش( 970 )كەس هەڵدەبژێرن.  


(درەو میدیا): سبەی پەرلەمانی نوێی عێراق یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و بە گوێرەی خشتەی كاری راگەیەنراو دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئان، هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی خولی سێیەمی پەرلەمان وتار پێكەش دەكەن و پاشان بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان كە " محەمەد ساڵح زەینی" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی مەدەنی سەرۆكایەتی دانیشتنەكە وەردەگرێت و ناوی پەرلەمانتارە نوێكان دەخوێنرێتەوە و سوێندی دەستوریی دەخۆن. ئەركە قورسەكە گرنترین ئەركی پەرلەمانی نوێی عێراق سبەینێ بریتیە لە هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگرەكەی كە لە رابردوودا سەرۆك بۆ پێكهاتەی سوننە بووە و جێگری یەكەم بۆ شیعە و جێگری دووەم بۆ كورد، بەڵام تائێستا كوتلە براوەكان رێككەوتنیان لەسەر نەكردووە، چونكە رێككەوتنەكە پەیوەستە بە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، و هەتا ئەو دوو پۆستە رێككەوتنی لەسەر نەكرێت ئەستەمە پەرلەمان سبەی دووشەمە بتوانێت سەرۆك و دوو جێگرەكەی سەرۆك هەڵبژێرێت. دواخستنی كۆبوونەوەكە بە گوێرەی مەرسومی سەرۆك كۆماری عێراق سبەی دەبێت پەرلەمانی عێراق یەكەمین كۆبوونەوە بكات، بەڵام زۆر باس لە دواخستنی ئەم كۆبوونەوەیە دەكرێت و شارەزایانی یاساییش رای جیاوازیان لەسەری هەیە. بە بڕوای تارق حەرب شارەزایی یاسایی پەرلەمانی عێراق سبەی دووشەممە دوای خواردنی سوێندی دەستوری پەرلەمانتاران دەتوانن بە زۆرینەی دەنگ كۆبوونەوەكە بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژبكەنەوە. حەرب لە نوسینێكیدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دانیشتنی یەكەمی بۆ 115 رۆژ درێژبكاتەوە، دوای سوێندخواردنی دەستوریی و سەرۆكایەتی كۆمار دەسەڵاتی نیە دانیشتنەكە درێژبكاتەوە، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بانگەواز بۆ دانیشتنەكە بكات". حەرب دەشڵێت هەتا ئەگەر سەرۆكی نوێی پەرلەمانیش هەڵنەبژێردرێت، سەرۆكی پەرلەمان كە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە دەرگا دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی دانیشتنەكە دەكات بۆ 15 رۆژ بە گوێرەی حوكمەكانی هەردوو مادەی 54 و 55ی دەستور. بەڵام عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی بە پێچەوانەی حەربەوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیەنێت كە " دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمان حەتمییە و پێویستە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرن و نابێت راگەیاندنی گەورەترین كوتلە یان هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلمان دوو جێگرەكەی دوابخرێت". دەشڵێت:" لە حاڵەتێكدا ئەگەر دانیشتنەكەی سبەینێ‌ بەبێ‌ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرەلمان دوابخرێت بۆ رۆژێكی تر، ئەوا دانیشتنە نوێكە نا شەرعیی و نادەستورییە و مایەی ئەوەیە لە دادگای فیدراڵی تانەی لێبدرێت". كێ‌ گەورەترین كوتلە رادەگەیەنێت؟ بە گوێرەی دەستوری عێراق كاندیدی گەورەترین كوتلە كە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا رادەگەیەنرێت لەلایەن سەرۆك كۆماری نوێی عێراقەوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەستپێدرێت و لە سێ‌ خولی رابردوودا كوتلە شیعییەكان گەورەترین كوتلەیان راگەیاندووە و پۆستی  سەرۆك وەزیرانیش لە نێویاندا بە دیاریكراوی بۆ حزبی دەعوە بووە، بەڵام بۆ ئەم خولی چوارەمە شیعەكان بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون و هیچكامیان ناتوانن بە تەنها گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رابگەیەنن و بۆ ئەوەش كێبركێیانە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ كوتلەكانی كورد و سوننەدا.


(درەو میدیا): نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدناكاتەوە. مالیكی لە نامەیەكدا كە ئاراستەی پەرلەمانتارانی كوتلەی دەوڵەتی یاسای كردووە دەڵێت:" كاتێك چەند ساڵێك لەمەوبەر رامگەیاند كە خۆم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدناكەم، جدی بووم و لە دیدێكەوە سەرچاوەی گرتبوو كە ئێستاش پابەندم پێوەی و باوەڕەم وایە كە قازانجە و ئێستاش بڕیارەكەم دووبارەدەكەمەوە كە لەبەرهەمان هۆكار و تێڕوانین خۆم كاندید ناكەن بۆ ئەو پۆستە". مالیكی لە نامەكەیدا سوپاسی ئەوانەشی كردووە كە پەرۆش بوون بۆئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە وەرگبرێت و راشیدەگەیەنێت كە هاوكار و پشتیوانی هەركەسێك دەبێت كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێتن بۆئەوەی بەشداریبكات لە راستكردنەوەی دۆخەكە و جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانییەكان. نوری كامیل مالیكی دوو خولی لەسەریەك 2006 – 2014 سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە و لە دوای ئەوەشەوە تا 30 حوەزیرانی 2018 جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بووە، هاوكات ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە كە چەند كوتلەیەك لەخۆدەگرێت.


راپۆرتی( درەو میدیا)  "دڵی كۆمسیۆن لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە هەر تەزویرێك بكرێت دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان تەحەمولی بەرپرسیارێتیەكەی بكات" ئەمە قسەی (خەسرەو گۆران) بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەدەر لە شرۆڤەی مۆتەكەی تەزویر و یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان، كە بە بڕوای هەندێك، بوەتە (خوی شیریی) حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و ئالیەتێكی گرنگی  مانەوە لە دەسەڵات، شیكارییەكی بەڵگەیی بۆ ئەو دڵە زیندەوەی كۆمسیۆن و بایەخی ئەو پۆستە دەكەین كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە، كە ئەو بەرپرسەی پارتی بە بەرپرسیاری سەرەكی دەزانێت لە هەر ساختەكارییەك ڕوبدات. بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان  2 كۆمسیار و 3 بەڕێوەبەری گشتیی و 8 بەڕێوەبەری بەش و 12 بەرپرسی هۆبەی هەیە، سەرۆكی فەرمانگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، یەكێكە لە كۆمسیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن گرنگی پێگە و هەستیاری ئەم پۆستە لەناو كۆمسیۆندا  بەپۆست  و پێگەی سەرۆكی حكومەت وەسفدەكەن لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەمەش بەو مانایەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو كۆمسیۆندا. بەگوێرەی دەسەڵاتە یاساییەكان، هیچ بڕیارێك لەباب و بواری تەنفیزیدا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ ڕەزامەندی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن تێناپەڕێت، تەنانەت لەلایەن سەرۆكی كۆمسیۆنیشەوە بێت، بەرپرسیاری سەرەكی تۆماری دەنگدەرانیشە، كە بەشێكی زۆری لایەنەكان بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە بەتۆمارێكی پیس و سیخناخ لەناوی مردوو و دووبارە و هۆكارێكی سەرەكی داواكانیان دەزانن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. ئەو تۆمارەی دەكرێتە بنەمای پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە ، لە فەرمانگەیەكە بەناوی فەرمانگەی (داتاكان)، ئەم فەرمانگەیەش ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە، دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە تانە لە ناپاكی تۆمارەكە بدات  و ڕێگری بۆ دروستبكات و نەینێرێت بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران تادەنگی لەسەر بدەن، دابەشكردنی بنكەكانی دەنگدان و گواستنەوەی فەرمانبەر و تۆماری فەرمانبەران بەشێكی ترن لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەم فەرمانگەیە كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە و بەرپرسێكی پارتی بەدڵ و شارەزایانی هەڵبژاردن بەسەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەسفیدەكەن، یان ئەوەی بەزمانی شەقام پێدەوێرێت"بەبێ‌ پرسی ئەو كەس ناتوانێت دەستبكات بە ئاودا". لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانیشدا، بزوتنەوەی گۆڕان (بەڕێوەبەری گشتی كردارەكان و دیوان و دارایی) لەدەستدایە، كە بەڕێوەبەری كردارەكان (عملیات) یەكێكە لە پۆستە گرنگەكان و هەرچی جوڵەی كۆمسیۆنە لەژێر فەرمانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدایە، وێڕایی ئەوەی خاوەنی چوار بەڕێوەبەری هونەرییە كە دوای بەڕێوەبەری فەرمانگەمان هەرچی كاری هونەری كۆمسیۆن هەیە لەڕێی ئەمانەوە ئەنجامدەدرێت. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (4) پێكهێنراوە، لە ڕۆژی 23/7/2014 یاساكەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، لە 9 ئەندام پێكدێت، لەگەڵ ئەوەی لە ماددەی سێیەمی بەشی دووەمی یاساكەدا هاتووە" كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەن و خاوەن كەسایەتیی مەعنەویی خۆیەتی و ملكەچە بۆ چاودێری پەرلەمان  و بەرپرسیاریشە لەبەردەمیدا"، بەڵام پێنج هێزە سەرەكییەكەی كوردستان (پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی پشكێنەی حزبیدا و بەپێی سەنگ و قورسایی هێزەكان لە پەرلەمان لەناوخۆیاندا بەشیانكرد (پارتی سەرۆكی كۆمسیۆن و  و دوو كۆمسیار، یەكێتی جێگری سەرۆك و كۆمسیارێك، بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن و كۆمسیارێك، یەكگرتوی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە بڕیاردەری كۆمسیۆنە ، كۆمەڵی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە وتەبێژی كۆمسیۆنە).    بڕیارەكان چۆن دەدرێن ؟ دەنگدان لەسەر هەر پرسێك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەزۆرینەی ڕەها یەكلادەكرێتەوە، واتە لە كۆی 9 دەنگ بە پێنج دەنگ یەكلادەكرێتەوە، سەبارەت بەڕێژەیی یاسایی بۆ گرێدانی كۆبوونەوەكانیش لە یاساكەی كۆمسیۆندا هاتووە"كۆبوونەوەی ئەنجومەن دروستە بەئامادەبونی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامەكانی و بڕیارەكانی بەزۆرینەی ئامادەبوان وەردەگیرێت و لەكاتێكدا ئەگەر دەنگەكان یەكسانبوون ئەو لایەنە براوە دەبێت كە سەرۆك دەنگی لەگەڵی داوە. بەم پێودانگە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی، كە لەكۆی 9 دەنگ (كۆمسیار) خاوەنی 6 دەنگن لە ئەنجومەنی كۆمسیاران، دەتوانن ڕێگری لە تێپەڕاندنی هەر بڕیارێك بكەن كە پارتی بیەوێت لەڕێی كۆمسیۆن و لەدەرەوەی خواستی ئەم حزبانە تێپەڕێنێت، لەسەرو هەمووشیانەوە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەو مانایەی هەروەك چۆن نوێكردنەوە و بژاركردنی تۆماری دەنگدەران بەشێكە لە دەسەڵاتە یاساییەكانی كۆمسیۆن، پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش بەشێكە لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و تا لەڕێی ئەوانەوە پەسەندنەكرێت ئەنجامەكان هیچ شەرعیەتێكی یاساییان نابێت. بەڕای زۆرێك لە چاودێران، چاوەڕوانیكردنی زۆر لە ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕەنگە جۆرێك بێت لە زیادەڕۆیی، بۆ نمونە لە حاڵەتی بوونی پێشێلكارییەكی زۆر لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی ساختەكاری لە بەرژەوەندی هێزێك یان دوان و زیاتر، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەندنەكەن و ڕەتیبكەنەوە، بەڕێوەچونی پرۆسەی ڕیفراندۆمیش بەنمونەیەكی زیندووی بۆ ئەو بۆچونە دێننەوە كە وێڕای ئەوەی ساختەكارییەكی زۆری تێدا كراو لەچەندین شوێن ڕێژەی دەنگدان لە ژمارەی دەنگدەران زیاتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم كۆمسیاران واژۆیان لەسەر ئەنجامی كۆتایی ڕیفراندۆمەكرد،  كە بەڕای زۆرێك، لە دوای ئاشكرابونی پێشێلكارییەكان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی بواری چاودێریكردنی هەڵبژاردن، پرسیاری گەورەی لەسەر بێلایەنی و پیشەیبوون و متمانە ئەو دامەزراوە هەستیارە گرنگە و دروستكرد.      


(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئابی رابردووی راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهاتی نەوت زیادیكردووە. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی ئابی رابردوو عێراق (111 ملیۆن و 61 هەزارو 618) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 583 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (69.593) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 729 ملیۆن و 57 هەزار) دۆلار بووە، بەراورد بە مانگی تەمموز داهاتی نەوتی ئاب  ( 200 ملیۆن دینار ) زیادیكردووە كە (7 ملیار و 532 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بووە.  


( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بۆ دانوستان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق گەیشتنە بەغدا و لە یەكەم كۆبوونەوەشیاندا لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایی نوری مالیكی و فەتحی هادی عامری كۆدەبنەوە. وەفدەكە هاوبەشەكە پێكهاتووە لە  مەلابەختیار و سەعدی پیرە و خالید شوانی و فریاد رەواندوزی لە یەكێتی و فازل میرانی و  جەعفەر ئیمنكی و فوئاد حسێن و بەنگین عەلی لە پارتی. سەعد مەتڵەبی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند وەفدەكەی یەكێتی و پارتی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و فەتح كۆدەبنەوە و ئەگەر رێككەوتن لەسەر هەموو خاڵەكان بكرێت، ئەوا لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەماندا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رادەگەیەنن.  


( درەو میدیا): جینین هێنیس پلاسخارت, وەزیری پێشووی بەرگری هۆڵەندا دەبێتە  نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق " یونامی" و جێگەی یان كۆبیچ دەگرێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی  راگەیەندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان. لە راگەیەندراوەکەداهاتووە:" سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس نوێنەری هۆڵەندا جینین هێنیس پلاسخارت، وەك نوێنەری تایبەتی لە عێراق و سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاوكاری عێراق دیاریكرد". ئاماژەی بەوەشداوە كە پلاسخارت 20 ساڵ شارەزایی لە چالاكی سیاسیی و دیپلۆماتی هەبووە و ساڵی 2012 بۆ 2017 وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە و بەوەش دەبێتە یەكەمین ژن كە ئەو پۆستەی پێدەسپێردرێت. جگە لەوەش جینین هێنیس پلاسخارت  ساڵی 2010 بۆ 2012 ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا بووە و ساڵی 2004 بۆ 2010ش ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووە و لە تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە كۆمسیۆنی ئەوروپا لە برۆكسل و ریگا و ئەمستردامیش كاریكردووە. نوێنەرەكانی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق: 1-    سێرجیو ڤێیرا دی میلۆ: 14ی ئابی 2003  تا 19ی ئابی 2003 و لە تەقینەوەیەكدا لە بەغدا كوژرا 2-    ئەشرەف قازی : 14ی تەمموزی 2004 تا 18ی ئەیلولی 2007 3-    ئاد میلكەرت   :  7ی تەموزی 2009  تا یەكی تشریی 2011 4-    مارتن كۆپلەر : یەكی تشرینی یەكەمی 2011  تا ئابی 2013 5-    نیكۆلای میلادنیۆڤ : دووی ئابی 2013   تا 5ی شوباتی 2015 6-    یان كۆبیچ  : 5ی شوباتی 2010 تا ئێستا...


وەرگێڕان و ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی و عێراقی و خۆرئاوایی رایدەگەیەننئێران موشەكی بالیستی پێشكەشی ئەو میلیشیا شیعانە كردووە كە هاوپەیمانی ئێرانن لە عێراقدا و تاران پەرە بە تواناكانی دەدات بۆ دروستكردنی موشەكی زیاتر بۆ دوورخستنەوەی هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراو بۆسەر بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وەك رێگاچارەیەكیش بۆ لێدان لە دوژمنەكانی لە ناوچەكەدا. هەر ئاماژەیەك كە نیشانی بدات ئێران سیاسەتی گەڕاندنەوەی موشەكە بەهێزەكانی بۆ عێراق پەیڕەودەكات، لەوانەیە ببێتە زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا دوای كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كە ساڵی 2015 وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێراندا ئیمزایان كرد. هەروەها دەشبێتە مایەی ئیحراجكردنی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەو سێ‌ دەوڵەتە ئەوروپییەی كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیان ئیمزاكردووە و هەوڵدەدەن بۆ رزگاركردنی رێككەوتنەكە سەرەڕای گەڕاندنەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر تاران. سێ‌ لێپرسراوی ئێرانیی و دوو سەرچاوە لە هەواڵگری عێراق و دوو سەرچاوە لە هەواڵگری خۆرئاوا بە ئاژانسی " رۆیتەرزیان" راگەیاندووە لەم چەند مانگەی دواییدا ئێران موشەكی بالیستی كورت مەودای بۆ هاوپەیمانەكانی لە عێراق رەوانەكردووە و پێنج لە لێپرسراوانەش رایانگەیاندوووە كە ئێران هاوكاری ئەو میلیشیایانە دەكات بۆ ئەوەی دەست بە دورستكردنی موشەك بكەن. لێپرسراوێك بۆ رۆیتەرز وتی:" لۆژیك ئەوەیە كە ئێران پلانێكی جێگرەوەی هەیە ئەگەر هێرشی بكرێتەسەر". وتیشی:" ژمارەی موشەكەكان زۆر نین، تەنها دەیان موشەكن، بەڵام ئەگەر پێویست بكات دەتوانرێت زیادبكرێت". لەماوەی رابردوودا چەندینجار ئێران رایگەیاندووە كە چالاكییە موشەكییە بالیستییەكانی سروشتێكی بەرگریی تەواوەتیان هەیە و لێپرسراوای ئێران ئامادەنەبوون هیچ قسەیەك لەسەر ئەم هەنگاوە نوێیە بكەن. هاوكات حكومەت و سوپاش لە عێراق ئامادەنەبوون هیچ قسەیەك لەو بارەیەوە بۆ رۆیتەرز بكەن. ئەو موشەكانەی كە رەوانەی عێراق كراون لە جۆری " زلزال و فاتح 110 و زولفیقار" ن و مەوادەكەیان لە نێوان 200 بۆ 700 كیلۆمەتردایە، ئبەوەش شاری ریازی پایتەختی سعودیە و تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل لە مەودایەكدا كە دەتوانرێت لێبانبدرێت ئەگەر ئەو موشەكان لە باشوور یان خۆرئاوای عێراق جێگیربكرێن. فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش كە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی وڵات لەو دوو ناوچەیەدا بنكەی هەیە و سێ‌ سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاند قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەرپەرشتی ئەو پرۆگرامە دەكات. لە ماوەی رابردووشدا وڵاتانی خۆرئاوا  بە كردەوە ئێرانیان تۆمەتباركردووە بەگواستنەوەی موشەك و تەكنۆلۆژیا بۆ سوریا و هاوپەیمانەكانی تری وەك حوسییەكان لە یەمەن و حزبوڵا لە لوبنان و وڵاتانی سوننەی دراوسێش لە كەنداو و هەروەها ئیسرائیل دوودڵی خۆیان بەرامبەر بە چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا دەربڕیوە و وەك هەڕەشەیەك بۆسەر ئاسایشیان لێكیانداوەتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیل ئامادەنەبوون لە پرسی گواستنەوەی موشەكەكان هیچ قسەیەك بۆ رۆیتەرز بكەن، و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە وتی:" ئەوانەی بە سڕینەوەمان هەڕەشەمان لێدەكەن، خۆیان دەخەنە بەر مەترسییەكی لەو شێوەیە و بەهیچ جۆرێك لە جۆرەكان ئامانجەكەیان بەدی ناهێنن". هێڵی بەرهەمهێنانی موشەكەكان بەوەی ئەو سەرچاوە خۆرئاواییەی كە قسەی بۆ رۆیتەرز كردووە ژمارەی ئەو موشەكانەی كە ئێران رەوانەی عێراق كردووە لە دەیان موشەك تێناپەڕێت و ئامانج لێی گەیاندنی پەیامێكە بە ئەمریكا و ئیسرائیل بە تایبەتی دوای هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر هێزە ئێرانییەكان لە سوریا و ئەمریكا ئامادەگییەكی سەربازیی ئاشكرای لە عێراقدا هەیە. سەرچاوە خۆرئاواییەكە دەڵێت:" وادەردەكەوێت كە ئێران عێراقی كردووە بە بنكەی موشەكی بەرەی پێشەوە". سەرچاوە ئێرانییەكان و سەرچاوەیەكیش لە هەواڵگری عێراق رایانگەیاند كە 18 مانگ لەمەوبەر بڕیارێك دراوە بۆ پشتبەستن بە گروپە چەكدارەكان بۆ بەرهەمهێنانی موشەك لە عێراق، بەڵام چالاكییەكە لەم چەند مانگەەی دواییدا زیادیكردووە و موشەكەكانیش گەیشتوون. فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لەمیانی شەڕی عێراق- ئێراندا لە هەشتاكاندا خزمەتیكردووە لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز دەڵێت:" بنكەی لەو شێوەیەمان لە زۆر شوێن هەیە لە نێویشیاندا عێراقن ئەگەر ئەمریكا هێرشمان بكاتە سەر، ئەوا دۆستەكانمان هێرشدەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا". سەرچاوە خۆرئاواییەكە و عێراقییە بۆ رۆیتەرزیان ئاشكراكردووە كە ئەو كارگانەی بۆ پەرەپێدانی موشەك لە عێراق بەكاردەهێنرێت لە ناوچەی زەعفەرانیەی خۆرهەڵاتی بەغدا و ناوچەی جرف ئەلسەخری باكوری كەربەلان و سەرچاوە ئێرانییەكەش دەڵێت كارگەیەكیش لە هەرێمی كوردستان هەیە. ئەو ناوچانەش لەلایەن گروپە شیعەكانی وەك كەتیبەكانی حزبوڵا كە نزیكترین گروپن لە ئێرانەوە كۆنترۆڵكراون و سێ‌ سەرچاوەش ئاشكرایانكردووە كە چەند عێراقییەك لە ئێران مەشقیان لەسەر چۆنێتی بەكارهێنانی موشەكەكان كردووە. سەرچاوەكەی هەواڵگری عێراق رایگەیاندووە كە كارگەی زەعفەرانییە لەسەردەكی سەددام حسێندا كڵاوەی جەنگی و مادەی سیرامیكی بەرهەمهێناوە كە بۆ دروستكردنی قاڵبی موشەكە بەكارهێنراوە و راشیگەیاندووە چەند گروپێكی شیعە بەهاوكاری ئێران لە ساڵی 2016ەوە كارگەیان نۆژەنەكردوەتەوە چالاكیان دەستپێكردوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكردووە پشت بە چەند ئەندازیارێكی شیعە بەستراوە كە لە سەردەمی سەددام حسێندا لەو كارگەیە كاریان كردووە و دوای پشكنینی تۆمارەكانیان دەستیانكردووە بە بەگەڕخستنەوەی كارگەكە و چەند موشەكییش لە نزیك " جورف ئەلسەخر" تاقیكراونەتەوە. لایخۆشیانەوە ئاژانسی هەواڵی ئەمریكا" سی ئای ئەی " و وەزارەتی بەرگری " پێنتاگۆن" ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە هیچ قسەیەك بۆ رۆیتەرز بكەنن بەڵام لێپرسراوێكی ئەمریكا كە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناسنامەكەی قسەی بۆ ئاژانسەكە كردوووە جەختیكردوەتەوە كە تاران لەم چەند مانگەی دواییدا موچەكی بۆ گروپە عێراقییەكان رەوانەكردووە، بەڵام نەیتوانی جەختلەوەبكاتەوە كە ئایا هیچ توانایەك هەیە بۆ تەقاندنی ئەو موشەكانە لەو شوێنانەی ئێستایان. سەرچاوە : رۆیتەرز  


( درەو میدیا): سەركردە "دیارەكانی" لیستەكەی عەبادی، فالح فەیاز بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كاندید دەكەن. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەك سەركردەی ئیئتیلافی (نەسر)كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، بڵاویانكردوەتەوە و وێنەیەكی دەست "درەو میدیا" كەوتوە، ڕایدەگەیەنن: ئەوان وەك سەركردە ئەساسییەكانی ئیئتیلافی نەسر (فالح فەیاز) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكەن، ئەو بڕوایەشیان لە تواناكانیەوە بۆ بەجێگەیاندنی پرۆگرامێكی حكومی سەرچاوەی گرتوە، كە خواستەكانی هاوڵاتیان بەدیدەهێنێت و زۆرینەی لایەكانیش پەسەندیدەکەن. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی ئەو سەركردانەی نەسردا هاتووە، بە پێویستی دەزانن حكومەتی داهاتوو گوزارشت بكات لە خواستەكانی خەڵكی بێبەشكراو لە ژیانێكی شەرەفمەندانە و ژینگەیەكی خاڵیی لە گەندەڵێ و جەختكردنەوە لەسەر پڕۆژەی "سەركەوتن"كە لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنییەوە بەشداریكردوە لە خولقاندنی ژینگەیەك كە پشت بە پێوەرە تائیفی و میكانیزمەكانی پشكێنە نابەستێت، بەڵكو پشدەبەستێت بە بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە كە بەرپرسیارێتی نیشتمانی دەخاتە سەرشانی هەموان بەشێوەیەكی هەماهەنگ. ئەو ڕاگەیەندراوەی ژمارەیەك لەسەركردەكانی ئیئتیلافی نەسر دوای ئەوەدێت دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فەرمانێك فالح فەیازی لە ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە.


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ بەدەستهێنانی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لایەنەكانی شیعەی لە عێراق پەرتەوازەكرد و بەسەر دووبەرەی ( مالیكی – عامری ) و ( سەدر_ عەبادی- حەكیم) دابەشیكردن، ململانێی ئەو دووبەرەیەش بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران چووە قۆناغێكی نوێیە و هەردوولا هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ لاوازكردنی یەكتری و كێشكردنی پەرلەمانتارانی یەكتر. یەكەم هەنگاوی لێدان لە عەبادی كاتێك حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و ساڵح موتڵەگ دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هۆتێل " بابل"ی شاری بەغدا كۆبوونەوە بۆ پێكهێنان و راگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، بەرەی " مالیكی- عامری" توانیان یەكەم گورزیان بوەشێنن و ناكۆكی بخەنە نێو هاوپەیمانی " نەسر"ی حەیدەر عەبادییەوە لە رێگەی جیاكردنەوەی لیستەكەی " فالح فەیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشمانییەوە كە بە لیستی حزبی " العگا‌و" لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەسردا بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە چەند  كورسییەكی پەرلەمای بەدەستهێناوە. ئەو هەنگاوەی بەرەی " مالیكی- عامری" ریسەكەی بەری " سەدر- عەبادی" یان كردەوە بەخوری و كۆبوونەوەكەی هۆتیڵ بابلیان شكستپێهێنا و جگە لە دەركردنی بەیاننامەیەك بۆ پێكهێنانی " نواە" بنچینەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە هیچی تری لێنەكەوتەوە. كاردانەوەی عەبادی لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەداو لە یەكەمین كاردانەوەیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، هەموو پۆستە ئەمنییەكانی لەفالح فەیازی هاوپەیمانی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆی سەندەوە. عەبادی بە فەرمانێكی دیوانی بڕیارییدا فالح فەیاز لە راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دووربخاتەوە بە پاساوی ئەوەی فەیاز خۆی بۆ كاری سیاسی تەرخانكردووە و نابێت بەرپرسی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان تێكەڵاوی كاری سیاسی بن. دەقی فەرمانەكەی حەیدەر عەبادی: فەرمانی دیوانی ژمارە ( 286) بۆ ساڵی 2018 بە رەچاوكردنی ئەوەی كە بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز چوەتە ناو كاری سیاسی و حزبیی و ئارەزووی ئەوەدەكات رەوبەڕووی كاروباری سیاسی ببێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی ئەركە ئەمنییە هەستیارەكان كە بەرپرسیانە و بە پشت بەستن بە دەستوری عێراق تایبەت بە بێلایەنی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان و یاسای دەستەی حەشدی شەعبیی و سیستم و رێنماییەكانی تایبەت بەو پرسە و رێنماییەكانمان كە رێگەدەگرن لە بەكارهێنانی پۆستە ئەمنییە هەستیارەكان بۆ چالاكیی حزبی و بە پشتن بەستن بەو دەسەڵاتانەی پێمانبەخشراوە بڕیارماندا: 1- بەخشینی بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز لە ئەركەكەی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی. 2- بەم بڕیارە لە مێژووی دەرچوونییەوە جێبەجێدەكرێت. دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران 30 – ئاب- 2018   فەتح هەڕەشە دەكات ئەم بڕیارەی حەیدەر عەبادی بەبێ كاردانەوەی توندی بەرەی " مالیكی- عامری" تێنەپەڕی و لە یەكەمین كاردانەوەیدا هاوپەیمانی " فەتح" بەیاننامەیەكی توندی لە دژی حەیدەر عەبادی دەركرد و تێیدا عەبادی تۆمەتباردەكات بە تێوەگلاندنی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان و بە دەستپێكێكی مەترسیداریش وەسفیدەكات. ئیئتیلافی" فەتح" عەبادی بە سەرۆك وەزیران ماوە كۆتایی هاتوو وەسفدەكات و تۆمەتباریشیدەكات بەوەی كە فەیاز پشتیوانی لە عەبادی نەكردووە بۆ دووبارە بەدەستهێناوەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆیە ئەو بڕیارەی لەدژ دەكراوە. لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا "فەتح "هەڕەشەدەكات و هۆشداریدەدات لەتێكچوونی دۆخی ئەمنیی و سەقامگیری عێراق بەهۆی ئەو بڕیارەوە. دەقی بەیاننامەمەی ئیئتیلافی فەتح: " دەركردنی بڕیاری بەخشینی بەڕێز فالح فەیاز لە  سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی، دەستپێكێكی مەترسیدارە بۆ تێوەگلانی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێی و ناكۆكییە سیاسییەكان و تەسفیەی حساباتی كەسیی و بەهیچ شێوەیەك مایەی قبوڵكردن نییە كە سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر ( سەرۆك وەزیرانی ماوەی كۆتایی هاتوو) بڕیارێك دەربكات بۆ لەسەركارلابردنی بەرزترین بەرپرس كە سەرپەرشتی گرنگترین دەزگای ئەمنیی دەكات، لەبەرئەوەی ئەو بەرپرسە باوەڕی وەهایە كە هیچ بەرژەوەندییەك نییە لە نوێكردنەوەی و بەدەستهێنانەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیران و ئەوەش ئاماژەیەكی نوێیە كە سەرۆك وەزیرانی ماوە كۆتایی هاتوو بە پێی بەرژەوەنی كەسی خۆی مامەڵە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و دامودەزگاكانی تری حكومەتدا دەكات و قبوڵكردنی سەپاندنی ویلایەتی دووەمی كردوەتە مەرجێك بۆ مانەوەی بەرپرسەكان لە پێگەكانیاندا، لەبەرئەوە ئەو بڕیارانە نایاسایین بە گوێرەی دەستور، چونكە بەڕێز فالح فەیاز ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەسەر شانیەتی و بە پلەی وەزیر دادەنرێت كە ئەوەش هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پێگەی سیاسیین، هەروەها ئەو رێوشوێنانە بڕیاری كەسین و دۆخی ئەمنیی تێكدەدەن و سەرچڵیكردنە بە سەقامگیری وڵات و كردنەوەی بەرەیەكی نێوخۆی بەرووی تیرۆردا لە پێناوی بەدیهێنانی ویستی تاكڕەویی لە دەسەڵاتدا". هاوپەیمانی فەتح 30/8/2018 هاوكات هیشام ركابی بەرپرسی نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند ئەو هەنگاوەی عەبادی كاردانەوەی پێچەوانەی بۆسەر هاوپەیمانی نەسر دەبێت.  ركابی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كارتی هاوپەیمانی نەسر لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لاوازدەكات. سەدر بە دۆسیەی موسڵ و سپایكەر وەڵامدەداتەوە هاوپەیمانی " سائیرون" كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، بەرامبەر بە هەنگاوەكانی بەرەی " مالیكی- عامری" دەستەوەستان نەوەستاوە، خودی سەدر لە یەكەم هەنگاویدا هەوڵی جوڵاندنی شەقام دەدات كە لە چەند ساڵی رابردوودا كردبوویە دێوەزمە بەسەر حكومەتی عێراق و بەردەوام نمایشی هێزی جەماوەریی تێدادەكرد. جگە لە جوڵاندنی شەقام  هاوپەیمانێتییەكەی سەدر كارتێكی تر لە دژی مالیكی رادەكێشێت كە ئەویش كارتی كەوتنی موسڵە لەلایەن داعشەوە كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتە تێیدا تۆمەتبارە. مەناهل حمێداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " سائیرون" ئەمڕۆ هەینی وتی:" سائیرون هەوڵدەدات بۆ چاككردنی دۆخی خراپی حكومەتی عێراق بەهۆی كارە سیاسییە نادروستەكانی حكومەتەكانی پێشووە و ئامانجیشی لە قۆناغی داهاتوودا هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵیی و لێپرسینەوە لایەنە كەمتەرخەمەكانە". حمێداوی ئاماژەی بەوەشداوە وەك پەرلەمانتار داوادەكەن دۆسیەی گەندەڵی دارایی و ئیداریی و ئەمنیی هەڵبدرێنەوە و لێپرسینەوەش لە هەموو ئەوانە بكرێت كە بەشداربوون لەكەوتنی موسڵ و چەند پارێزگاریەكی عێراق و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە. ئەو پەرلەمانتارەی " سائیرون" جەختیشدەكاتەوە كە پێویستە هەموو ئەوانەی هۆكاربوون بۆ روودانی تاوانی سەربازگەی سپایكەر رەوانەی دادگابكرێن". هەڵدانەوەی دۆسیەی موسڵ و سپایكەر و گەندەڵی دارایی حكومەتەكانی پێشوو بە دیاریكراوی لەدژی نوری مالیكی دەگیرێتەبەر چونكە لەو كاتەدا وەك سەرۆك وەزیران بەرپرسی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە.   عێراق بەرەو كوێ؟ سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی سێی ئەیلولی بۆ یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق دیاریكردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان پێكهاتەكان " شیعە و كورد و سوننە" و ململانێ و ناكۆكی لایەنەكانی نێو خودی ئەو پێكهاتانەش چاوەڕوان ناكرێت ئەو كۆبوونەوەیە سەركەوتوو بێت لە یەكەمین هەنگاوی قۆناغی نوێ و پێكهێنانی حكومەت، كە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانییەتی و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. .  


(درەو میدیا): بەهۆی ناڕەزایەتی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنێك بۆ ئەوە پێكەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. چوار لایەنە ناڕازییەكە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) جارێكی تر لەسەر ئاستی كەسی یەكەم كۆبونەوە. كۆبونەوەی ئەمجارە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە قسەكردن بووە لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەریەكە لە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوڕابوون لەسەر ئەوەی چوار لایەنەكە پێكەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووە، ئەمەش گرفتی بۆ گەڵاڵەبوونی بیرۆكەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرچوار لایەنەكەی دروستكردووە. ئەگەر ناڕەزایەتی كۆمەڵی ئیسلامی نەبوایە، سێ لایەنەكەی تر هاوڕابوون بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بخرێتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای نزیكبونەوەی گۆڕان لە پارتی بەتایبەتی لە پرسى یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای تیرۆر، ئێستا ئەویش دەیەوێت سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی رێكبخاتەوە و كۆتایی بەو گرژییانە بهێنێت كە بەمدواییە دروستبووە، ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەیە كە كۆمەڵ لە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هاوڕای پارتییە. چوار لایەنە ناڕازییەكە كە لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە ئەم ناوەیان بەسەردا بڕواوە وەكو ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایەتییان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دوای تەواوبونی كۆبونەوەكەیان راگەیەندراوێكی (3) خاڵییان بڵاوكردەوە. لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە لە راگەیەندراوەكەیاندا بەهیچ شێوەیەك داوای داخستنی هەڵبژاردنیان نەكرد وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا، تەنیا لە خاڵی (2)ی راگەیەندراوەكەدا دەڵێن" لە كۆبونەوەكەدا پێداگری كرا لەسەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، كە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵك". سەرباری ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ بەڕێوچوونی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا نەكات و بایكۆتی پرۆسەكە بكات، واتە ئێستا لەناو چوار لایەنەكەدا تەنیا دوو لایەن ماونەتەوە كە دەیانەوێت هەڵبژاردن دواخرێت و ئەگەر دواشنەخرێت ئامادەن بەشداری تێدا بكەن، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەكگرتووی ئیسلامی). بەهانەی ئەم لایەنانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن خراپی تۆماری دەنگدەرانە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو لایەنانە هەموویان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا نوێنەریان هەیە و نوێنەرەكانیان پێشتر لەبەردەم پەرلەماندا دانیان بەوەدا ناوە تۆمارەكە خاوێن و كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن. ئەمە وایكردووە پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنانەی تر كە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەن، گومانیان لە راستی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی هەبێت لەبارەی تۆماری دەنگدەران، هەندێك كەسیش خواستی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە بۆ تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە بەمدواییانە. چوار لایەنەكە بایكۆت ناكەن دەستەواژەی "چوار لایەنە ناڕازییەكە" لەفەرهەنگی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دەستەواژەیەكی نوێیە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ئەوكات چوار لایەن كە بریتین بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) پێكەوە ناڕەزایەتییان لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەربڕی و رایانگەیاند، یەكێتی و پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان ساختە كردووە. تۆڕەیی ئەم چوار لایەنە لە ئەنجامەكان، ئەوكات گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكرد، بەڵام ئێستا و دوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان كە هیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئەنجامەكان روینەدا، ئەو چوار لایەنە لە بیرۆكەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق پاشگەزبونەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، سەركردەی چوارلایەنەكە بڕیاریاندا بچنە بەغداد و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نەكەن، لە خاڵی (1)ی راگەیەندراوەكەیاندا نوسیویانە" سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جەختدەكەینەوە لەسەر پرۆژەیەكی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بژێوی خەڵك و پاراستنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان و هاوڵاتیانی عێراق".   دوو هەوڵ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن  هەوڵی دواخستی هەڵبژاردن تەنیا لەلای چوار لایەنە ناڕازییەكە قەتیس نەبووە، یەكێتی نشتیمانیش بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، بەپێی زانیارییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ ئەم پرسەی لەگەڵ هەریەكە لە حزبی شۆسیال دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی تاوتوێ كردووە. بەپێی زانیارییەكان دوێنێ یەكێتی و گۆڕان دوو هەوڵی جیاوازیان لەگەڵ پارتیدا داوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەردوو هەوڵەكە شكستی هێناوە: هەوڵی یەكەم: ئەندامێكی ماڵباتی تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. هەوڵی دووەم: بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتر وەزیر بووە، بەتەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەهەمان شێوەی نێچیرڤان بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ حزبی شیوعی لایەنە ناڕازییەكان پەنا بۆ كۆمسیۆن دەبەن لەدواین هەوڵدا دوای رەتكردنەوەی پێشنیازەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن پەنایان بۆ نوێنەرەكانی خۆیان برد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی. بەگوێرەی زانیارییەكان، دوێنێ نوێنەری چوار لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە بریتین لە (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە ژێر فشاری سەركردایەتی حزبەكانیاندا كۆبونەتەوە بۆ ئەوەی بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەی جێگەی سەرەنجە نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربووە لەو كۆبونەوەیەدا، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵ بەفەرمی پشتیوانی ئەەوە دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand