"پرۆژەیەك بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم دەخاتە روو"
2019-04-15 05:28:06
لە تیف شێخ مستەفا پێی وایە كە ماوەی 10 ساڵە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆتە كێشەیەكی یاسایی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوون لەوبارودۆخە پرۆژەیەك دەخاتە روو . پێشنیاز دەکات کە سیستمی سیاسی هەرێم بەتەواوەتی بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ھەرێم لەدەسەڵاتەکانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەکانی بدرێت بە سەرۆکی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران ،ئەو پۆستەش واتە سەرۆکی ھەرێم بۆپارتی نەبێت ،بەڵکو بدرێتە گۆڕان یان یەکێتی .
دەقی پرۆژەكە
پڕۆژەیەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و کێشەی لایەنە سیاسیەکانیش .
ماوەی ١٠ ساڵە سەرۆکایەتی ھەرێم بۆتە کێشەیەکی جدی یاسایی و سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا لە ئێستاشدا ھەر ئەو پۆستە بۆتە کۆسپی جدی لەبەردەم پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم ،بۆیە ئەگەر لایەنەکان ھەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن ئەم پێشنیارە دەخەمە ڕوو پێم وایە دەبێتە ھۆی چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەروەھا چاڕەسەرکردنی کێشەی خەڵکیش کە خۆی لە دیموکراتیزەکردنی سیستەمەکەدا دەبینێتەوە سەرەڕای ڕازی کردنی داواکاری لایەنە سیاسیە ناکۆکەکانی.
لەسیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆکی دەوڵەت یان ھەرێم سەرەڕای ئەوەی پێویستە لە پەرلەمان ھەڵببژێردرێ پێویستە دەسەڵاتی ڕاستەقینەشی نەبێت بەڵکو دەسەلاتەکانی تەنھا کۆمەڵێک دەسەڵاتی پڕۆتۆکۆڵی و تەشریفاتین ودەسەڵاتی ڕاستەقینەی جێبەجێکردن لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانە
بۆیە پێشنیاز دەکەم کە سیستەمەکە بەتەواوەتی بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ھەرێم لەدەسەڵاتەکانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەکانی بدرێت بە سەرۆکی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران ،ئەو پۆستەش واتە سەرۆکی ھەرێم بۆپارتی نەبێت ،بەڵکو بدرێتە گۆڕان یان یەکێتی .
بەمەش کێشەی ھەموو لایەنەکان و کەسەکان چارەسەر دەبێ بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم :پارتی :
پارتی چەند ئامانجێکی ھەیە دەیەوێت لەم پێک ھێنانی حکومەتەدا بەدەستیان بێنێت لە پێش ھەمویانەوە مسۆگەرکردنی ئەوەی کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە پایتەخت بەدەست خۆیەوە بێت و ترس لەسەر دەسەڵاتەکەی دروست نەبێت، جگە لەوەش دۆزینەوەی پۆست و پێگەش بۆ نێچیرڤان بەرزانی بەجۆرێک بالانس لەنێوان ئەوو مەسرور بەرزانی پارێزراو بێت ،سەرەڕای ئەوەی کە پارتی دەیەوێت پێگەی بەڕێز مەسعود بارزانی بە قەولی خۆیان وەک مەرجەعێکی سیاسی پارێزراو بێت ،لەم پڕۆژەیەدا ھەرسێک ئامانجەکەی پارتی دێنە دی
١- بەنیسبەت مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی فیعلی لەلایەن پارتیەوە مسۆگەر دەبێت بۆی چونکە دەسەڵاتی فیعلی لای سەرۆک وەزیرانەئەویش لە پارتیەو بەدیاری کراویش مەسرور بەرزانیە،سەرۆکی ھەرێمی پرۆتۆکۆڵیش ھیچ دەسەڵاتی نیەو بونێکی ڕەمزی ھەیە وپارتی ترسی لێی نابێت ھەروەکو چۆن لە بەغداد پۆست ی سەرۆکی وەزیران دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بۆ شیعەکان مسۆگەر کردوەو ترسیان لەسەرۆکی کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان نیە ھەرکەسێک بن .
٢- سەبارەت بە مەسعود بەرزانی پارتی دەیەوێت ئەگەر ھیچ پێگەیەکی ڕەسمیشی نەبێت وەک مەرچەعێکی سیاسی پرس پێکراو بمێنێتەوە ،بۆیە باشترین پێگە بۆ ئەو بۆئەوەی ئەومەرامەیان بۆ بێنێتە دی و مەسعود بەرزانی لەسەرۆکی پارتیەوە ببێتە ئەوەی خۆیان دەیانەوێ ،لەسەرۆکایەتی حیزبەکەی دەست لەکار بکێشێتەوە،لەجیاتی ئەوە ئەنجومەنیێکی سیاسی ڕاوێژکاری لە سەرۆکی حیزبە سیاسیە بەشدار بوەکانی حکومەت پێک بھێنرێ ومەسعود بەرزانی سەرۆکایەتی بکات و بەشێوەی دەوری کۆببێتەوەو ڕاوێژ بدات بە حکومەت و پەرلەمان و ھەر جارەش بەگوێرەی پێویستی بابەتەکە میوانداری سێ سەرۆکایەتێەکە یان یەکێکیان بکات،نمونەی واشمان لە وڵاتانی پێشکەوتو ھەیە سەرۆکەکانی پێشوو بۆ سود وەرگرتن لە شارەزایی سیاسیان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی و ڕاوێژکاری ،باشترین نمونەش فەڕەنسایە کە ھەموو سەرۆک کۆمارە پێشوە زیندوەکان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی دەستوری فەڕەنسا
٣-نێچیرڤان بارزانی بکرێتە سەرۆکی پارتی لە ھەمان کاتیشدا ئەندامیش دەبێ لە ئەنجومەنی سیاسی کە مەسعود بەرزانی سەرۆکایەتی دەکات.
دوەم : یەکێتی و گۆڕان
یەکێتی و گۆڕان کە جاران وایان نیشان دەدا کە ھەردوکیان لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینەن و بەقەولی خۆیان خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی سیستەمەکە ببێتە پەرلەمانی و سەرۆکیش ببێتە دەسەڵاتیکی پرۆتۆکۆلی تەشریفاتی ،ئێستا شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان ببێتە جێگری ئەو سەرۆکە فول دەسەڵاتەی تا دوێنێ داوای نەھێشتنی دەسەڵاتەکانیان دەکرد ،بۆیە کردنی سیستەمەکە بە پەرلەمانی ئامانجی ھەردوکیان بەدی دەھێنێ یەکێکیان پۆستی سەرۆکی ھەرێم وەربگرێ ئەویتریان پۆستی جیگر لەجیاتی ئەوەی ئێستا کە ھەردوکیان شەڕیانە لەسەر جێگرێک یان دوو جێگر،بەمەرجێ ئەوەی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی وەرگرت سەرۆکی پەرلەمان بدات بەوەی تر
سێیەم : لایەنەکانی ئۆپۆزسێۆن:
سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینە بەبێ ئۆپۆزسێۆنی ڕاستەقینە نابێت ،لە سیستەمە دیموکراتیەکان دەسەڵات نەک ھەر دژایەتی ئۆپۆزسێۆن ناکات بەڵکو کاردەکات بۆ دروست بوونی ئۆپۆزسێۆنێکی کارا ،چونکە ڕادەی دیموکراتی ھەر سیستەمێک بەبونی ئۆپۆزسێۆنێکی کارا دەپێورێت ،خۆشبەختانە لەم خولەدا تا ئێستا نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئۆپۆزسێۆن بونی خۆیان ڕاگەیاندوە ھیوادارم کۆمەڵیش ئەگەر بەشداری پێنەکرا بەدڵی خۆی لەحوکمەتدا بچێتە پاڵیان و یەک بەرەی بەھێزی ئۆپۆزسێۆن پێک بێنن ،بەمەرجێ لەلەیەن دەسەڵاتەوە دان با ئۆپۆزسێۆن دابنرێ و کوتلەی ئۆپۆزسێۆن لە پەرلەمان بەرامبەر کوتلەی دەسەڵات بێت لە ھەموو یاساو بابەتەکان مافی ڕا دەربڕین و چاودێری کردنی حکومەت و مافی پێشکەش کردنی پڕۆژەی بەدیل و مافی حکومەتی سێبەریشی ھەبێت و نەوەی نوێ بەو پێیەی گەورەترین کوتلەی ئۆپۆزسێۆنە مافی سەرۆکایەتی ئۆپۆزسێۆنی پێ بدرێت یاخوا ڕێک بکەون لەسەر ئەنجومەنێکی سەکردایەتی لە سەرۆکی حیزبەکانی ئۆپۆزسێۆن و سەرۆکەکەی بەشێوەی دەوری بێت
بۆیە بەکورتی نەخشەی پۆستە باڵاکان بەم شێوەیەی لێدێت :
مەسعود بەرزانی :سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژکاری.
سەرۆکی حیزبەکانی بەرەی دەسەڵات :ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژکاری.
دەشێ سەرۆکەکانی پێشوی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ببنە ئەندام لەو ئەنجومەنە،ھەرکامێکیان بیانەوێت ،
بەمەرجێ ئەو ئەنجومەنە ھیچ موچەو ئیمتیازی ئیزافیان پێ نەدرێ بەلکو کارێکی خۆبەخشی بێت و تەنھا موچەی خانەنشینیەکەی خۆیان ھەبێت .
نێچیرڤان بەرزانی :سەرۆکی پارتی
مەسرور بەرزانی :سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
گۆڕان :سەرۆکی ھەرێم.
یەکێتی : جێگری سەرۆکی ھەرێم
یان سەرۆکی ھەرێم بۆ یەکێتی و سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان ،لەم حاڵەتەیا پێویستە سەرۆکی ھەرێم جێگری نەبێت یان ئەگەر ھەشی بێت بدرێت بە کریستیانەکان یان ئێزدیەکان.
سەرۆکی ئۆپۆزسێۆن : بۆ نەوەی نوێ یان بەڕێک کەوتن لەنێوان خۆیاندا بەشێوەی ساڵانە ھەرساڵەی سەرۆکی یەکیک لە حیزبەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەرۆکایەتی بکات