( درەو میدیا): لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: ئەگەر ئەنجامەكان بەم شێوەیە بێت جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ناكات. سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشدا :" لەمەودا قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكەین، لە شەقام و هەر جێیەك بێت لەگەڵ خەڵكداین و خۆپیشاندان دەكەین و دوكان و بازاڕ دادەخەین". شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشكرد: ناكرێت یەكێتی و پارتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی ببەخشتنەوە، هەر لایەنێكیش بەشداری بكات لە پەرلەمانێكی لە مشێوەیە، شەرعییەت دەدات بەو پرۆسەیە.
(دەرومیدیا): بزوتنەوەی گۆڕان لە پرسی دەنگدان بە كاندیدی سەرۆك كۆمار، نوێنەرەكانی لە پەرلەمانی عێراق سەرپشك دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەمشەو كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەگەنە بەغداد و بۆ یەكەمجار بەشداری لەدانیشتنی پەرلەمان دەكەن و سوێندی یاسایی دەخۆن. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەومیدیا)، بەهار مەحمود كاندیدی دەرچووی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، بزوتنەوەكەیان لە پرسی دەنگدان بە كاندیدەكانی سەرۆك كۆمار سەرپشكی كردوون دەنگ بە كام كاندیدە دەدەن. بڕیارە كاتژمیری 8ی ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كۆببێتەوە، 24 كەس خۆیان كاندیدكردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێتی بەرهەم ساڵح و پارتی فوئاد حسێنی بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە. بەهار مەحمود لەوەڵامی پرسیارێكی (درەو میدیا) سەبارەت بەوەی نوێنەرەكانی گۆڕان دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی یاخود ئەوەی پارتی دەدەن، وتی:" دەنگدان بەشێوەیەكی نهێنی بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئێمەبەمافی خۆمانی دەزانین ئاشكرای نەكەین دەنگ بەكام كاندیدە دەدەین". ئەمە لەكاتێكدایە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق بە (درەومیدیا)ی، ڕاگەیاند، كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریدەكەن لە پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك كۆمارو دەنگ بە (فوئاد حسێن)ی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن. بەوتەی سەرچاوەكە، بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانە لەبەرامبەر دەنگدانی بە كاندیدەكەی پارتی، وەزارەتێك لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق وەربگرێت.
(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لیستی ناوی ئەو كاندیدانەی دەستكەوتووە، كە بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دەنگی زۆریان هێناوەو چانسی سەركەوتنیان هەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013دا یەكێتی بۆ جاری یەكەم دووچاری شكستێكی گەورە هات لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان و لە هێزی دووەمی كوردستانەوە بوو بە هێزی سێیەم، بەڵام لە هەڵبژاردنی دوێنێدا یەكێتی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ پلەی دووەم و بەپێی ئەنجامە بەراییەكان (21 بۆ 23) كورسی لە پەرلەمانی داهاتوودا دەبێت و بە زیاتر لە (10) كورسی لەپێش بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە. ناوی ئەو كاندیدانەی یەكێتی كە چانسی سەركەوتنیان هەیە: 1- قوباد تاڵەبانی، زیاتر لە 160 هەزار دەنگی بەدەستهێناوەو پلەی یەكەمی كاندیدەكانی گرتووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان 2- بێگەرد تاڵەبانی 3- رۆژانی حەمەرەش 4- شادمانی مەلا حەسەن 5- رێواز فایەق 6- شیلان ئەشقی سورچی 7- زیاد جەبار
چاوپێكەوتنی: ئاراس فەتاح... ئاراس فەتاح نوسەر و ڕوناكبیری كورد لەوەڵامی پرسیارێكی "درەومیدیا"دا، هۆكارەكانی شكستی ئۆپۆزسیۆن و بایكۆتی سندوقەكانی هەڵبژاردن لەلایەن ڕێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتیان شیدەكاتەوە، لەبەر ڕۆشنایی دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. دەتوانین بڵێین دوو تێڕوانین لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن ھەڵەن و لە داھاتوشدا پێویستە خوێندنەوەی عەقڵانیی نوێ بۆ قۆناغی دوای شکستی خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنیی بکرێت. یەکەمیان ئەو بۆچوونەیە کە کۆمەڵگای ئێمە بە کۆمەڵگایەکی گەمژە و مەترسییدار دەزانێت، چونکە ڕای وایە سەرەڕای ھەموو بەدکاریی و ستەمگەریی ئەم دوو ھێزە سوڵتانییە، خەڵک ھەر دەنگ بە پارتیی ویەکێتی دەدەن. دووھەمیشیان بانگەشەکردن بوو بۆ بایکۆتکردن و وابزانیت کە بە بایکۆتی فەردیی دەتوانیت گۆڕانکاریی سیاسیی دروستبکەیت. بۆچوونی یەکەمیان لەبەر زیاد لە ھۆکارێک راست نییە، چونکە یەکێک لەو ھۆکارە سەرەکییانەی وادەکات پارتی و یەکێتی ھەمیشەبراوەی ھەڵبژاردنەکان بن، دروستکردنی ئەو مۆدێلەیە لە سیستەمی سوڵتانی کە ئەمڕۆ لە زانستە سیاسییەکاندا بە ڕژێمی دەسەڵاتگەریی ئینتیخابیی”Electoral Authoritarianism“ ناودێڕدەکرێت. واتە مۆدێلێک لە رژێمی دەسەڵاتگەرایی کە شانازیی بە بوونی ھەڵبژاردنەوە دەکات و خۆی وەک وڵاتێکی دیموکراسیی و فرەحیزبیی و دەرفەتیەکسان نماییشدەکات بۆئەوەی وێنەی راستەقینەی خۆی پێ ئارایشتبکات، بەڵام لە جەوھەردا خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێکی چەپێنراو و لاواز و بێھێزە. ئەم مۆدێلە تەنھا لە کوردستاندا بوونی نییە و لەداھێنانی پارتی و یەکێتییش نییە، بەڵکو ساڵانێکی درێژە بووە بە مۆدێلێکی مەترسییدار وەک لە ئەزموونی دەسەڵاتگەرایی ئینتیخابیی لە روسیای پوتین و زۆرینەی وڵاتانی پۆست کۆمۆنیست و پۆست کۆلۆنیالی ئەفریقا و ئاسیا و لە ئەمریکای لاتینیشدا دەیبینین. ئاراس فەتاح: تۆ کە بەرپرسیارێتی ئۆپۆزیسۆنبوونت ھەڵبژارد، دەبێت خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابووریی گەورەت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگاکەت ھەبێت، نەک دڵت بەوە خۆش بێت لە ھێزێکی گەورەی نیشتیمانییەوە ببیت بە ھێزێک کە تەنھا لە نێوەندی سلێمانیدا زۆرینەی دەنگەکان بھێنیت. لەم سیستەمانەدا پارە و دەسەڵات و میدیا و لەشکر و ئاساییش و پۆلیس ھەمووی لەژێر دەستی حیزبی دەسەڵاتدار دان لەکاتی ھەڵبژاردنیشدا دەخرێنە خزمەتی حیزب و سەرۆکی قائیدەوە. بەشێوەیەکی سیستەماتییکیانەش پێش ھەڵبژاردن و لە سەعاتی کۆتایی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا ئامادەسازییکراوە کە لەرێگای فشار و ترساندن و ساختەکارییەکی رێکخراوانەوە ھەموو دەرئەنجامەکان قڵپبکرێنەوە بۆئەوەی حیزب و سەرۆکە دەسەڵاتدارەکان براوەی یەکەم بن. لە ھەرێمی کوردستانیشدا سەرەڕای ئەوەی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا دەرگیریی ھەمان مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی و پراکتیکی سیاسیی دەبینەوە، کێشەی ئۆپۆزیسیۆنێکیشمان ھەیە کە لەلایەک بەدەست دەیان گرفتی ناوخۆیی خۆی موبتەلابووە وەکو لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەیبینین و لەلایەکی ترەوە بەدەست شکستی دروستکردنی پڕۆژەیەکی سیاسیی نیشتیمانیی ھاوبەش و نەبوونی متمانە بەیەکتریی دەناڵێنێت. سەرەڕای ئەو ھەموو شکستە سیاسیی و ئابووریی و نیشتیمانییەی دەسەڵات لە ساڵانی رابردوو بەگشتیی و لە دوای ریفراندۆمیشەوە بەتایبەت، ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی ھەرێم لەبەر گرفتی ناوخۆیی و بێمتمانەیی لەنێوانیاندا و نێرجسییەتێکی سیاسیی کوشندە، ھێندە لاواز و پەرتەوازە و بێئیرادە بوو، نەیتوانی مۆدێڵێکی نوێی خەباتی پەرلەمانیی بەرھەمبھێنێت کە بتوانێت ببێت بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و متمانەی دەنگدەر بگەڕێنێتەوە و ھیوایەکی نوێی بۆ بەرھەمبھێنێت، بۆئەوەی بایکۆتی ھەڵبژاردن نەکات. کێشەیەکی سەرەکیی تری ئەم ئۆپۆزیسیۆنە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەتایبەت ئەوەیە کە تاوەکو ئەمڕۆ ھەمیشە وەکو قەدەرکی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵ بێڕێزییکردن لە دەنگدەرەکانی و ساختەکاریی و دۆڕانی خۆی لە ھەڵبژاردندا کردووە. ئاراس فەتاح: ھەڵەی تێڕوانینی دووھەمی دوای ئەم ھەڵبژاردنە پرسی بایکۆتکردنە. کردەی بایکۆتکردن کاتێک مانا و ھێزێکی دەبێت کە ببێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەموو ھێزە رەخنەییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، نەک پرۆژەی فەردییانەی دەنگدەری ناڕازیی و دڵشکاو و متمانەنەبوو بە ھەموو ھێزەکان. بزوتنەوەی گۆڕان وەکو گەورەترین ھێزی ئۆپۆزیسیۆن، لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە گرفتی شوناسی ھەیە، لەنێوان رادیکاڵییەتی گوتارەکانی و ئیفلیجیی و پراکماتیزمی سەرکردایەتییەکەی گیری خواردووە. لەمڕۆدا ھێزێک لەناو ئەم بزوتنەوەیەدایە کە لەبری ئەوەی درێژە بە سیاسەتی رادیکاڵی بزوتنەوەکە بدات و گوتار و نەخشەرێگای نوێ بۆ خەباتی سیاسیی و مەدەنیی دابڕێژێت، کەچی دەستکاریی رادیکالی رێکخراوەیی ئەم بزوتنەوەیە کردووە و تەنھا لەسەر گوتارە کۆنەکانی خۆی کڕکەوتووە و لەسەر خۆشەویستیی بۆ سەرۆکە کاریزمییە کۆچکردووەکەی دەژیی. ئەم ھێزە ماوەیەکی درێژە سیستەماتیکییانە کار لەسەر تەوریسکردن و بەکۆمپانیاکردنی ئەم بزوتنەوەیە دەکات و رازییە بە بچوکبوونەوەی ئەم بزوتنەوە سیاسییە گەورەیەی کۆمەڵگای ئێمە بەرامبەر بە وەچنگخستنی چەند کورسییەکی پەرلەمان. بزوتنەوەی گۆڕان لەمڕۆدا کڕکەوتووە لەسەر گوتارە کۆنەکانی و ھیچ پڕۆژە و خەونێکی سیاسیی گەورەی نەماوە کە گرنگترینیان دامەزراندنی حکومەتی ھاوڵاتیی و دەستکارییکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و گۆڕینی نەخشی سیاسیی و باڵانسی ھێز و شکستھێنان بوو بە پڕۆژەی تەوریسی سیاسیی لەناو ئەو سیستەمە سوڵتانییەی کە لە ھەرێمدا دروستکراوە. ئەم کڕکەوتنەش رێک دووبارەکردنەوەی ھەمان ئەزموونی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەیە کە دەسەڵات ساڵانێکە کاری لەسەر دەکات و تەنھا بە گوتارە کۆنەکانی خۆی دەژیی و وایدەزانی تا ئەبەد جەماوەرەکەی بۆی دڵسۆز دەبێت. تۆ کە بەرپرسیارێتی ئۆپۆزیسۆنبوونت ھەڵبژارد، دەبێت خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابووریی گەورەت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگاکەت ھەبێت، نەک دڵت بەوە خۆش بێت لە ھێزێکی گەورەی نیشتیمانییەوە ببیت بە ھێزێک کە تەنھا لە نێوەندی سلێمانیدا زۆرینەی دەنگەکان بھێنیت. فاکت ئەوەیە کە سەرکردەکانی پێپشەوەو پشتەوەی ئەم بزوتنەوەیە لە قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفاوە نەیانتوانی لە گرنگیی ئەم بزوتنەوەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە تێبگەن و گەشە بەو بەرنامە سیاسییە گرنگەی بدەن و وەڵامی عەقلانیی و رادیکالیشیان بۆ پێشھاتە نوێکان پێبێت و دوبارە ببنەوە بە ھێزی رووداودروستکەر لەبری ئەوەی دوای رووداوەکان بکەون. بزوتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەوەی کە لە ھەردوو ئەزموونی حکومەتی ھەولێر و خەباتی پەرلەمانیی شکستی ھێناو نەیتوانی لە پرۆسەی سیاسیی بکشێتەوە و بیکات بە سەرمایەیەکی سیاسیی بۆ خۆی، لە ئەزموونی حکومەتی خۆجییەکەشی لە پارێزگای سلێمانیدا سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانی ھیچ مۆدێلێکی نوێ لە عەقڵییەتی حوکمڕانیی و سیاسەتی رۆشنبیریی و ئیداریی و شارسازییدا بە دەنگدەرانی پێشکەش بکات کە جیاوازبێت لە سەردەمی یەکێتی. خاڵێکی تر کە ھێز و توانای لەم بزوتنەوەیە بڕی و دڵەڕاوکێی لای خۆبەخشان و لایەنگرانی دروستکرد بریتییە بوو لە خەمساردیی و ئامادەنەبوونی سەرانی نوێی ئەم بزوتنەوەیە لەوەی نە پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەغدا و نە دوای ھەڵبژاردنەکانیش کێشە ناوخۆییەکانیان جەریئانە و شەفافانە چارەسەربکەن و ئەو تەمومژییە لەسەر شوناسی بزوتنەوەکە و پرۆسەی تەوریسیی سیاسیی و لاببەن و کۆتایی بە ململانێی گروپییانەی ناوخۆیی خۆیان بھێنن و بە گوتاری نوێ و پلانی نوێوە بیر لە پرۆسەی سیاسیی دوای ریفراندۆم و قۆناغی دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بکەنەوە. ئیفلیجییەکی تری قۆناغی پێش ھەڵبژاردنیش بریتیی بووە لەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی ئەلتەرناتیڤ لەگەڵ ھێزەکانی تردا گەڵاڵەبکات بۆئەوەی ھەرێمی کوردستان لەم چەقبەستییە سیاسییە رزگاربکات و لەناو ھاوکێشە سیاسییە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکاندا حیسابیان بۆبکرێت. ئەم دەرگیربوونە بە پرسی وونبونی شوناس و کێشە ناوخۆییەکان و خراپی ئەزموونی حوکمڕانیی خۆجێیی و نەخوێندنەوەی عەقلانیی و بێڕوئیاییەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئێستا و داھاتووی ھەرێم و چەندین ھۆکاری تریش وایانکرد ئەم بزوتنەوە خۆبەخشە سەرتاسەرییە بخزێتە ناو پرۆسەیەکی مەترسیداری لوکالیبوونەوە و ژمارەیەکی بەرچاوی کەسانی دڵسۆزی خۆی لێی دووربکەونەوە و لەلایەن ژمارەیەکی زۆری چالاکوان و رۆژنامەنووسان و نووسەرانیشەوە کە بە تەنگ پرۆسەی دیموکراسییەوەن، بەچاوێکی رەخنەییانەوە لێی بڕوانن و لەکۆتاییشدا دەنگدەرە ناڕازییەکانی لە ھەڵبژاردندا سزای توندی بدەن و بیھێننەوە سەر ئەرزی ئەو واقیعەی کە لێی ھەڵدەھاتن. ئاراس فەتاح: ئەو بایکۆتە عەوفەوییە چاوەروانکراو بوو، چونکە ھیچ یەکێک لەم ھێزانە نەیاندەتوانی بەتەنھا ببن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و بەشداربوونیشیان بەو گوتارە کۆنانە و بەو پەرتەوازەییە لە ھەڵبژاردن و خۆنماییشکردن و خۆپێناسەکردنی ھەریەکەیان بە تاقانەی ساسیی، جگە لە پارچەبوون و لاوازبوونی یەکتر ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری بۆ نەچنینەوە. ھەڵەی تێڕوانینی دووھەمی دوای ئەم ھەڵبژاردنە پرسی بایکۆتکردنە. کردەی بایکۆتکردن کاتێک مانا و ھێزێکی دەبێت کە ببێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەموو ھێزە رەخنەییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، نەک پرۆژەی فەردییانەی دەنگدەری ناڕازیی و دڵشکاو و متمانەنەبوو بە ھەموو ھێزەکان. بێگومان ئەم بایکۆتکردنە بەرفراوانەی دەنگدەران ئیندێکسێکە نەک تەنھا بۆ بێمتمانەییان بە ھەڵبژاردن و بە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانی پارتی و یەکێتی، بەڵکو وەڵامێکی توندیشە بۆ خودی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کە جگە لە کۆپییکردنی گوتارەکانی یەکتر و ڕاوکردن و خواردنی دەنگی یەکتر، شتێکی تریان پێشکەش بە دەنگدەرانی ناڕازیی لە ھەرێمدا نەکرد. ئاراس فەتاح: ئەم مۆدێلەی ئۆپۆزیسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا لەوە کەوتووە ببێت بە کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو خەریکە ببێت بە رێگرێک لە گۆڕانکاریی. بەکورتی، ناڵاندنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی بەم ھەموو گرفتە ناوخۆییانە و مانەوەی بەو پەرتەوازەیی و لاوازییەی کە بینیمان و بەشداربوونی لە ھەڵبژاردنێکدا کە تەزویرکردنێکی گشتگیر یەکێک لە میکانیزمە ھەرە سەرەکییەکانی پێکدەھێنێت و نەبوونی ھیچ پلانێکی بەرگرییکردن لە دەنگی دەنگدەرانی لە رابروو و ئێستاشدا، یەک مانا و یەک وەزیفەی سیاسیی ھەیە، ئەویش نماییشکردنی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەیە وەکو دۆڕاوێکی مسۆگەر لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا کە لە ھەرێمی کوردستاندا پیادەدەکرێت. نەبوونی ئایدیای نوێ و گوتاری نوێ و میکانیزمی نوێ و کارنەکردن لەسەر دروستکردنی سیستەمی بەرگریی لە دەنگی ھاوڵاتیان و پرۆسەی دیموکراسیی، چ لە ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو و چ لە ئەزموونی ئەم ھەڵبژاردنەدا ئەو راستییەمان بۆ دەردەخەن کە ئەم مۆدێلەی ئۆپۆزیسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا لەوە کەوتووە ببێت بە کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو خەریکە ببێت بە رێگرێک لە گۆڕانکاریی. بۆیە بە بۆچوونی من ئەو بایکۆتە عەوفەوییە چاوەروانکراو بوو، چونکە ھیچ یەکێک لەم ھێزانە نەیاندەتوانی بەتەنھا ببن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و بەشداربوونیشیان بەو گوتارە کۆنانە و بەو پەرتەوازەییە لە ھەڵبژاردن و خۆنماییشکردن و خۆپێناسەکردنی ھەریەکەیان بە تاقانەی ساسیی، جگە لە پارچەبوون و لاوازبوونی یەکتر ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری بۆ نەچنینەوە. ھەر ئەم دۆخە نوێیەش وادەکات لەداھاتوودا پێویستمان بە بیرکردنەوەی رەخنەیی و جیدیی و قووڵتر بێت لە قۆناغی شکستی خەباتی پەرلەمانیی و وونبوونی رۆڵ و شکستی کاوێژکردنی گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدیی.
( درەو میدیا): بڕیارە كاتژمێر 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نۆیەم سەرۆك كۆماری عێراق لەدوای دروستبونی سیستمی كۆماریی لەساڵی 1958وە، لەعێراق هەڵبژێرێت. ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان پاڵاوتوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار 31 كەسن، 24 كاندیدیان مەرجە یاساییەكان تیادابووە بۆ خۆپاڵاوتن، 6 كاندید لە كێبڕكێكە دوورخراوەنەتەوە و كاندیدێكیش كشاوەتەوە. فوئاد حسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرترین چانسیان هەیە لەنێو كۆی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ ئەوەی دانوستەكانی یەكێتی و پارتی بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندید و كشانەوەی دووەمیان بەردەوامە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەكی گەیشتن بەڕێككەوتن نیە و بەهێزترین ئەگەرەكان ئەوەیە هەردوولا بەكاندیدێك داخڵی هەڵبژاردنی ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق بن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان لە بەیانی ئەمڕۆوە بۆ كاتژمێر 8ی ئەمشەو بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتربوو بەلایەنە كوردییەكان و ئەنجامدانی دوایین كۆبونەوە لە نێوان هیزە كوردییەكان لەپێناو گەیشتن بەسازان و ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و هەموو ئاماژەكانیش دەڵێن ئەگەر ڕێككەوتنی دواساتەكان نەبێت، ئەمشەو پەرلەمانی عێراق ناتوانێت كاندیدێك یەكلابكاتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچكام لەكاندیدەكان بە هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتیشەوە ناتوانن دوو لەسەرسێی دەنگەكان بەدەستبهێنن و هەڵبژاردنی خولی دووەم دەكەوێتە سبەینێ كە دوا وادەی دەستورییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق . ئەوە لەكاتێكدایە، هەریەك لە فوئاد حسێن و بەرهەم ساڵح تەئكید لەسەر سەركەوتنیان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لایەنە عێراقییەكان دەكەن، فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، بەدەنگدانی ناو فراكسیۆنە كوردییەكانبێت یان هەڵبژاردنی ناو پەرلەمانی عێراق سەركەوتنی مسۆگەرەو دەبێت بەسەرۆك كۆماری عێراق. لەبەرامبەردا بێستون عادل پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، كاندیدەكەیان (بەرهەم ساڵح) زۆرترین چانسی هەیە بۆئەوەی ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت، بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەرهەم ساڵح هەموو ئەو خەسڵەتانەی تیادایە كە پێویستە بۆ گرتنەدەستی ئەو ئەركە، وێڕای ئەو پەیوەندییە فراوانەی كە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان هەیەتی. بەپێی ماددەی 70 لەدەستوری عێراق، سەرۆك كۆمار بەزۆرینەی دوو لەسەرسێی كۆی ئەندامەكانی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و پێویستە كاندیدی سەركەوتوو لەكۆی 329 دەنگ 220 بەدەستبهێنێت لە خولی یەكەمی دەنگداندا، ئەگەر هەڵبژاردن چووە خولی دووەم ئەوا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار. یەكەم ئەركی سەرۆك كۆمار دوای سوێندخواردنی لەبەردەم سەرۆكی دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دیاریكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیە بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدەكەی و ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.
(درەو میدیا): نەوەی نوێ دەنگەكانی لە چاوەڕەوانی پێشبینی خۆیان نەبووە بەڵام لە هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولداو بەپێی ئەنجامە بەراییەكان نەوەی نوێ ( 8 بۆ 9 ) كورسی دەهێنێت، (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو نەوەی نوێ دەستی كەوتووە لیستی ناوی ئەو كاندیدانەی دەستكەوتووە كە دەنگی زۆریان هێناوە و چانسی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان هەیە. ناوی ئەو كاندیدانەی نەوەی نوێ كە دەرچون یان چانسی سەركەوتنیان هەیە: 1- شاسوار عەبدولواحید 2- د. كازم فاروق 3- دیاری ئەنوەر 4- شادی نەوزاد 5- مژدە مەحمود 6- سیروان بابان
(درەو میدیا): یەكگرتووی ئیسلامی زەرەرمەندترین لایەنی سیاسی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئەم هێزە كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013دا توانی (10) كورسی پەرلەمان بباتەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی دوێنێدا ژمارەی كورسییەكانی بەڕادەیەكی بەرچاو كەمیكردووە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان (5 بۆ 6) كورسی پەرلەمان دەباتەوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو یەكگرتووی ئیسلامی لیستی ناوی ئەو كاندیدانەی دەستكەوتووە كە دەنگی زۆریان هێناوە و چانسی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان هەیە. ناوی ئەو كاندیدانەی یەكگرتوو كە چانسی سەركەوتنیان: 1- ئەبوبەكر هەڵەدنی 2- شێركۆ جەودەت 3- ئیسماعیل سگێری 4- ئیسلام كشانی 5- هەڵس ئەحمەد 6- سەرچنار ئەحمەد
(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، لیستی ناوی ژمارەیەك لەو كاندیدانەی گۆڕانی دەستكەوتووە كە بەپێی ئەنجامە بەراییەكان چانسی سەركەوتنیان هەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان و دەنگی زۆریان هێناوە. ناوی ئەو كاندیدانەی چانسی سەركەوتنیان هەیە: 1- عەلی حەمەساڵح 2- گۆڕان عومەر (گۆڕانی ئینزیبات) 3- شیرین ئەمین 4- كاروان هاشم 5- شایان عەسكەری 6- یاسین خزر 7- ئاشنا عەبدوڵا بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لەنێوان (11 بۆ 13) كورسی پەرلەمانی كوردستانی بردوتەوە.
(درەو میدیا): دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتوانی ئێستای عێراقی راگەیاند و ئاماژەیبەوەشداوە كە ژمارەی دانیشتوانی بەغدای پایتەخت هەشت ملیۆنی تێپەڕاندووە و پارێزگای موسەنناش كەمترین دانیشتوانی هەیە. دەزگای ناوەندیی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ئامارێكدا رایگەیاندووە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2018 گەیشتوەتە 38 ملیۆن و 124 هەزار و 182 كەس و لەو ژمارەیەش :19 ملیۆن و 261 هەزار و 253 كەس بە رێژەی 51% لە رەگەزی نێرن و 18 ملیۆن و 862 هەزار و 929 كەس بە رێژەی 49% لە رەگەزی مێن. دوای پارێزگا بەغدا پارێزگای نەینەوا بە پلەی دووەم و 10%ی كۆی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێت و پارێزگای بەسرەش لە پلەی سێیەمدا دێت و 8%ی كۆی دانیشتوان عێراق پێكدەهێنێت و پارێزگای موسەنناش كەمترین ژمارەی دانیشتونی هەیە كە 814 هەزار و 371 كەسە. وەزارەتی پلاندانی عێراق راشیگەیاندووە كە دانیشتوانی عێراق ساڵانە بە تێكڕا 850 هەزار كەس زیاددەكات و پێشبینیشدەكات ژمارەی دانیشتوانی عێراق ساڵی 2030 بگاتە 50 ملیۆن كەس. ئاماری دانیشتوانی عێراق بەژمارە: ژمارەی دانیشتوان: 38 ملیۆن و 14 هەزار و 182 كەس ژمارەی رەگەزی نێر: 19 ملیۆن و 261 هەزار و 253 كەس بە رێژەی 51%. ژمارەی رەگەزی مێ: 18 ملیۆن و 862 هەزار و 929 كەس بە رێژەی 49%. ژمارەی دانیشتوانی بەغدا: 8 ملیۆن و 126 هەزار و 755 كەس ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ كەمترە: 15 ملیۆن و 428 هەزار و 32 كەس بە رێژەی 45%.
(درەو میدیا): بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو كۆمەڵی ئیسلامی دەستیكەوتووە، هەشت كاندیدی كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆرترین دەنگیان هێناوە و چانسی گەیشتنیان بە پەرلەمانی كوردستان هەیە، كە كۆمەڵی ئیسلامی 7 بۆ 8 كورسی مسۆگەر كردووە، هەندێكیشیان پێشبینی دەكەن ژمارەی كورسیەكانیان بۆ 9 بۆ 10 كورسی بەرز ببێتەوە. كاندیدەكانیش بریتین لە لەم ناوانە: 1- سۆران عومەر 2- عەبدولستار مەجید 3- روپاك ئەحمەد رەحمان 4- بەدریە ئیسماعیل مەحمود- یاخود كوردستان حەمەڕەشید رەحیم (ئەم دوو كاندیدە یەكێكیان سەردەكەون) 5- هەورامان گەچێنەیی 6- كامەران بابان زادە 7- عومەر گوڵپی 8- عوسمان كانی كوردەیی
(درەو میدیا): فوئاد حسێن دەڵێت، بە هەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت یان دەنگدان لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی زۆرینە دەهێنێت و سەردەكەوێت، پێشبینیش دەكات یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە. فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كاندیدی مەسعود بارزانییە بۆ پۆستی سەرۆك عێراق و زۆرینەی سەركردە عێراقییەكانیش پشتیوانی لێدەكەن ئەو پۆستە وەربگرێت. ڕەتیشیكردوەتەوە لەبەرامبەر پۆستی پارێزگای كەركوك لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێتەوە و ڕایگەیاندووە، پۆستی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە هەیە كە زۆربەی ئەندامەكانی پارتین و بە یەكێتییان وتووە، ئەگەر بگەنە ڕێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پرسی پارێزگای كەركوكیش چارەسەردەكەن. فوئاد حسێن ڕاشیگەیاندووە، پارتی و مەسعود بارزانی سورن لەسەر ئەو میكانیزمە كە لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە كاندیدێك دیاریبكرێت، تەئكیدیشی كردووە، بەهەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت یان دەنگدان لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی زۆرینە دەهێنێت و سەردەكەوێت، پێشبینیش دەكات یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە.
( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لیستی سەردەم كە لە ( حزبی سۆسیالیست و یەكێتی نەتەوەیی و پارتی كرێكاران و رەنجدەران) پێكهاتووە زیاتر لە ( 14 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەرچی ناگاتە بەهای كورسیەك چونكە كورسی بۆ ئەوە دەبێت كە زۆرترین دەنگی هەیە( باقی الاقوی) ، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، كاندیدی ژمارەیەك كە عەبدوڵای حاجی مەحمودەو سەر بە حزبی سۆسیالیستە ژمارەی یەكەمی دەنگی لیستی سەردەمی بەدەستهێناوەو كورسیەكەی مسۆگەركردووە.
( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان و ئەو دەنگانەی ئاشكراكراوە، ژمارەی كورسی لایەنەكان دەردەكەوێت بە نزیكەیی، هەرچەندە سوتانی ژمارەیەك سندوق و گۆڕانكاری لە دەنگەكان گۆڕانكاری كەم لە كورسیەكانیش درووست دەكات بەپێ ئەو دەنگانەی كە بڵاوكراوتەوە: - پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی بەشی 40 بۆ 42 كورسیە - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەنگەكانی بەشی 21 بۆ 23 كورسیە - بزوتنەوەی گۆڕان دەنگەكانی بەشی 11 بۆ 13 كورسیە - نەوەی نوێ دەنگەكانی بەشی 7 بۆ 9 كورسیە - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان 7 بۆ 8 كورسی - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی دەنگەكانی بەشی 5 بۆ 6 كورسیە - ئەگەری هەیە لیستی سەردەم كورسیەك بەدەستبهێنێت
( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان كە لە دەنگدانی گشتیدا ( 2 ملیۆن و 914 هەزارو 992 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووەو ( 58%) ی دەنگیاندا، بەو پێیەش ( یەك ملیۆن و 690 هەزار 695 ) كەس دەنگی داوەو ( یەك ملیۆن و 224 هەزارو 269) كەس دەنگیان نەداوە، كە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە كۆی هەڵبژاردنەكان لە خولی یەكەم تا خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان .
(درەو میدیا): هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، (درەەو میدیا) بەپشتبەستن بە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، لەم راپۆرتەدا بەنزیكەیی بەهای هەر كورسییەكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا دەكات. لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا بەشێوەیەكی گشتی (3 ملیۆن و 85 هەزارو 641) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (174 هەزارو 148) كەسیان دەنگدەری تایبەت بوون كە رۆژی هەینی دەنگیاندا. دەنگدەرانی گشتی ژمارەیان بەمشێوەیە ژمارەیان دابەشبووە بەسەر پارێزگاكاندا: یەكەم: پارێزگای هەولێر (ملیۆنێك و 36 هەزارو 419) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (611 هەزارو 487) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 59%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. دووەم: پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێك و 134 هەزارو 760) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (623 هەزارو 123) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 55%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. سێیەم: پارێزگای دهۆك (677 هەزارو 797) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (413 هەزارو 456) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 61%ی كۆی ئەوانەی كە مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. چوارەم: پارێزگای هەڵەبجە (66 هەزارو 16) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (40 هەزارو 269) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 60%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. كۆی گشتی ئاستی بەشداری هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و 914 هەزارو 992) كەس لە دەنگدانی گشتیدا مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (ملیۆنێك و 688 هەزارو 335) كەس بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد. لە دەنگدانی تایبەتیشدا كە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، لە كۆی (170 هەزارو 469) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبوو، (156 هەزار 314) كەس بەشداری هەڵبژاردنیان كرد. بەلێكدانی ئاستی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت و گشتی، دەردەكەوێت لە كۆی (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە (ملیۆنێك و 709 هەزار و 472) كەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كردووە. بەهای كورسییەك چەند دەنگە ؟ بەپێی لێكدانەوەی بەرایی (درەو میدیا) بۆ بەهای كورسی بەپێی رێژەی بەشداری، كە لە چوار پارێزگاكەی هەرێم ( 1 ملیۆن و 844 هەزارو 649 ) هەر كورسییەكی پەرلەمانی نوێی كوردستان (18 هەزارو 446) دەنگ دەبێت. ئەمانە لێكدانەوەی بەراین و بەنزیكەیی وەرگیراون، لەحاڵی جێگریبوونی ژمارەكان و ئاستی بەشداریدا، (درەو میدیا) زانیاری وردتر بڵاودەكاتەوە.