Draw Media

مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری توند دەداتە مەلا بەختیار 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری توند دەداتە مەلا بەختیار 

2019-07-30 06:27:17


درەو میدیا: 
لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا كە لە سلێمانی بەرێوەچوو، بەشێكی زۆری كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر جموجوڵەكانی مەلا بەختیار لەناو یەكێتیدا و مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری توند دەداتە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی كە ماوەیەكە لە ماڵەوە دانیشتووە.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( بە درەو میدیا)ی راگەیاند: مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی لە كۆبونەوەی دوێنێیدا گفتوگۆی جدی كردووە لەسەر جموجوڵەكانی مەلا بەختیار لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا، لە كۆبونەوەكەدا راپۆرتی( ئابوری و سیاسی و هەواڵگری) لەسەر مەلا بەختیار خوێندراوەتەوەو گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە لەلایەن پارتیەوە پشتیوانی سیاسی و دارایی دەكرێت بۆیە دەبێت لە یەكێتی دەربكرێت، بەڵام دوای گفتوگۆكردن بڕیاردراوە كە هۆشداری توندی پێبدرێت، بۆیە بڕیار دەدەن بە دلێری سەید مەجیدا نامەیەكی هۆشداری پێبدەن، كە ئەگەر جموحوڵەكانی لەناو یەكێتی رانەگرێت لە یەكێتی دەردەكرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد كە "لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری، بەشداربووەو چەندین بەڵگەو زانیاری لەسەر مەلا بەختیار خستۆتە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەڕەشەی دەركردنی مەلا بەختیاری كردووە لە یەكێتی 

هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە " ئاگاداركردنەوە بدرێتە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی یەكێتی،  سامان گەرمیانی بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان، سیروان كوێخا نەجم، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ، بەبیانوی ئەوەی هانی لایەنگران و كادرانی یەكێتی دەدەن دژ بە سەركردایەتی حزبەكەیان هەڵوێست وەربگرن" 
لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیار درا رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكرێتە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە شوێنی شۆرش ئیسماعیل كە ئێستا بوەتە وەزیری پێشمەرگە . 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand