Draw Media

ئەمریكا سزای بەسەر وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاند

ئەمریكا سزای بەسەر وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاند

2019-08-01 15:36:49


راپۆرت: نامیق رەسوڵ
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەر محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاند‌و ئەوەش هەنگاوێكە رەنگە زیان بە هەلی دانوستانی دیپلۆماتی بگەیەنێت لە كاتێكدا ناكۆكی‌و ململانێكانی نێوان تاران‌و واشنتۆن ڕۆژبەڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی‌و گرژی زیاتر هەنگاودەنێت.
ستیڤن مینۆچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا وتی:" جەواد زەریف ئەجێندا بێسەروبەرەكانی رابەری باڵای ئێران پیادە دەكات‌و ئەو وتەبێژی رژێمەكەیە لەسەرتاسەری جیهاندا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكان پەیامێكی روون‌و ئاشكرا ئاراستەی رژێمی ئێران دەكات‌و ئاگاداری دەكاتەوە كە ئەو رێبازەی لەمدواییەدا گرتویەتیەبەر هەرگیز مایەی قبوڵكردن نیە".
سزاكان چین؟
بە گوێرەی سزاكان زەریف هەر موڵك‌و ماڵ‌و بەرژەوەندییەكی لە ئەمریکا هەبێت بلۆكدەكرێت, هاوكات ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئاشكرایكرد بڕیاری پێویست دەدات دەربارەی پێدانی ڤیزا بە زەریف بۆ ئەمریكا‌و لەنێویشیاندا ڤیزای سەردانكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و هێشتا روون نییە كە ئایا زەریف بێبەش دەبێت لە ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەیلولی داهاتوودا‌و ئەگەر زەریف ڤیزای سەردانكردنی نیویۆرك بەدەستبهێنێت ئەوا هەلی ئەنجامدانی پەیوەندی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریكا لە نیویۆرك بۆ دەڕەخسێت كە ساڵانە زۆرینەی سەركردەكانی جیهان ئامادە دەبن.
"سوپاستان دەكەم"
زەریف كە لە تەمەنی 17 ساڵییەوە لە ئەمریكا بووە‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی لە سان فرانسیسكۆ‌و دێنڤەر خوێندووە‌و پاشان لە 2002ەوە تا 2007 باڵیۆزی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بڕیارەكەی ئەمریكا لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" ئەو هۆكارەی كە پاڵی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە ناوە بۆ ئەو بڕیارە ئەوەیە، من وتەبێژی رەسمیی ئێرانم لەسەرتاسەری جیهاندا... ئایا راستی تا ئەو رادەیە ئازاربەخشە؟ ئەم هەنگاوە هیچ كاریگەریی لەسەر خۆم‌و خێزانەكەم نابێت، هیچ موڵك‌و بەرژەوەندییەكم لە دەرەوەی ئێران نیە، سوپاس بۆ ئێوە كە من وەک مەترسییەكی گەورە لەسەر ئەجێنداكانتان دەبینن".
" رەفتارێکی منداڵانەیە"
حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش هەنگاوەكەی ئەمریكای دەربارەی زەریف بە " رەفتاری منداڵانە" وەسفكرد‌و رایگەیاند: ئەو بڕیارە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە.
رۆحانی لە وتەیەكیدا كە تەلەفزیۆنی ئێران راستەوخۆ پەخشیكرد وتی:" دەگەڕێنەوە بۆ رەفتاری منداڵانە، هەموو رۆژێك ئەوە دەڵێنەوە كە دەمانەوێت گفتوگۆ بكەین بەبێ‌ مەرجی پێشوەخت... پاشان سزا بەسەر وەزیری دەرەوەدا دەسەپێنن".
رۆحانی وتیشی:" وڵاتێك كە باوەڕی وایە بەهێزەو هێزێكی جیهانی گەورەیە لە دیدارەكانی وەزیری دەرەوەمان دەترسێت، كاتێك دكتۆر زەریف لە نیویۆرك دیدارێكی ئەنجامدا... ئەمریكییەكان وتیان وەزیری دەرەوەی ئێران رای گشتیمان چەواشە دەكات، چی بەسەر ئەو ئازادی و دیموكراتییەدا هات كە بانگەشەتان بۆدەكرد، كۆڵكەكانی كۆشكی سپی وا بونیاتنراوە كە بە وشە‌و لۆجیكی  پیاوێكی فیداكار‌و بەئاگا بلەرزێت".
كاردانەوەی ناوخۆی ئەمریكا
كریس مێرڤی سیناتۆری دیموكراتی لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە گومانی خۆی دەربڕی دەربارەی سودی ئەو هەنگاوی كە حكومەتی ئەمریكا لەدژی وەزیری دەرەوەی ئێران گرتویەتیەبەر‌و لە تویتێكدا نوسیویەتی:" ئەگەر بە راستی هەڵوێستمان ئەوەیە كە دانوستان لەگەڵ ئێران بكەین، پێویست نەبوو لەسەرمان  سزا بەسەر دانوستانكاری سەرەكییاندا بسەپێنین".
هاوكات ویندی شیرمان، كە لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، گەورە دانوستانكاری ئەمریكا بوو لە دانوستانەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران هەمان بۆچونی سیناتۆر مێرڤی دووپاتكردەوەو رایگەیاند سەپاندنی سزا بەسەر زەریفدا " سەرچڵییە لە سنوری دروستكردنی بارگرژییەكی مەترسیداردا".
شیرمان بڕیارەكەی ئیدارەی ئەمریكاشی بەستەوە بە قسەكانی جۆن بۆڵتۆنەوە دەربارەی نوێكردنەوەی لێبوردنی سزاكانی تایبەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران كە ریێگە بە روسیا‌و چین‌و وڵاتانی ئەوروپا دەدات بەردەوام بن لە هاوكارییەكانیان لە بواری وەزەی ئەتۆمیی مەدەنییدا لەگەڵ تاران.
شیرمان كە بەڕێوەبەی سەنتەری سەركردایەتی گشتییە لە كۆلێژی هارڤارد كنیدی وتی:" گریمانەی ئەوە هەیە سزادانی زەریف بەهای ئەو لێبوردنەیە‌و وادەردەكەوێت كە شەڕی بەرەی جەنگ یان دیپلۆماسیەت لەناو ئیدارەی ئەمریكادا لەكڵپە سەندندایە".
محەمەد جەواد زەریف كێیە؟
محەمەد جەواد زەریف ساڵی 1960 لە تارانی پایتەخت‌و لە خێزانێكی ئاینی‌و دەوڵەمەند لە دایكبووە‌و خێزانەكەی لە بواری بازرگانیدا زۆر چالاك بوون، لە تەمەنی هەرزەكاریدا خانەوادەكەی رەوانەی كالیفۆرنیای ئەمریكای دەكەن، چونكە لەو كاتەدا بەهۆی ئەندامێتی لە كۆمەڵەی خوێندكارانی ئیسلامیدا زۆری نەمابوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی رژێمی پاشایەتی ئێرانەوە دەستگیربكرێت.
زەریف لە ئەمریكا‌و لە زانكۆی " دێنڤەر" بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە‌و پاشان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی خوێندووەو رۆشنبیرییەكی ئەمریكی بەرفراوانی هەیە‌و پسپۆری دانوستانە بە پلەی" نایاب"‌و هەندێك بە " گەورەترین شەیتان" وەسفیدەكەن.
هەر لەماوەی مانەوەیەدا لە ئەمریكا بە خانەوادەی هاشمی رەفسەنجانی‌و كەسایەتی تری گرنگی ئێرانی ئاشنابووە‌و بە كوڕی رژێمی ئێستای ئێران‌و بەرگریكاری سەرسەختی دادەنرێت لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە‌و نوێنەرایەتی وڵاتەكەی كردووە لە چەندین دانوستاندا لەگەڵ ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا.
" هەمیشە دەم بەخەندە"
زەریف لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك‌و تویتەر هەوادارێکی زۆری هەیە‌و تاكە وەزیری حكومەتی ئێرانە ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە بەكاردەهێنێت كە لە ئێراندا چاودێری بەردەوامیان لەسەرە.
زەریف بەوەناسراوە  رێكپۆش‌و جوانپۆشە‌و هەمیشە دەم بەخەندەیە‌و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە لە ریزی رۆشنبیران‌و گەنجانی ئێرانداو ئابی 2013 وەك وەزیری دەرەوەی ئێران دەستنیشانكرا‌، پێش ئەوەش لە 2002 بۆ 2007 باڵیۆزی وڵاتەكەی بوو لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئەندازیاری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە
زەریف بە بڕبڕەی پشتی دیپلۆماسیەتی ئێران دادەنرێت‌و رۆڵێكی سەرەكی بینیوە لە دانوستانەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان لە 2015 دا، بەڵام دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە روبەڕووی فشاری زۆری توندڕەوەكانی ئێران بوەوەو ئەوەش وایكرد دەست لەپۆستەكەی بكشێنێتەوە‌و بەڵام دەستلەكاركێشانەوەكەی لەلایەن حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە رەتكرایەوە.


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand