Draw Media

كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەی یەكێتی دەباتەوە

كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەی یەكێتی دەباتەوە

2019-07-28 17:26:13


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت

تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ یەكێتی نیشتمانی كۆنگرە دەكات، هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەكە دەباتەوە، چارەنوسی ماڵباتی تاڵەبانی لەدەستی بەرهەم  ساڵحدایە‌و گروپی كەركوكییەكان ساغ نەبوونەتەوە، مەكتەبی سیاسییەكانیش چاویان لە "تەوافوقی پێشوەختە"یە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا ئامادەكارییەكان یەكێتی بۆ كۆنگرەی چوارەم بڵاودەكاتەوە.
"بەر لە كۆتایی ئەمساڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە سازدەدات" ئەمە هەواڵی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی "كوردسات نیوز"ی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو.
رۆژی 1ی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنەكە پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هێزی یەكەمە لەو پارێزگایەدا، چاوی لەو هەڵبژاردنەیە‌و دەیەوێت جارێكی تر پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام رەنگە بەشداریكردنی لەو هەڵبژاردنەدا روبەڕووی ئاستەنگی یاسایی ببێتەوە.

كۆمسیۆن داوای كۆنگرە دەكات
رۆژی 2ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە نوسراوی فەرمی یەكێتی نیشتمانی ئاگاداركردەوە كە دەبێت لەماوەی (3 مانگ)دا كۆنگرەی حیزبی خۆی ببەستێت، بەپێچەوانەوە بەناوی "یەكێتی نیشتمانی"یەوە مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا نابێت.
ئەم هۆشداریدانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تەنیا بۆ یەكێتی نیشتمانی نەڕۆیشتووە، بەڵكو ئاڕاستەی هەموو ئەو لایەنانەی تریش كراوە كە وادەی بەستنی كۆنگرەی حیزبییان دواكەوتووە، لەوانە (پارتی دیموكرتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان).

یەكێتی‌و كۆنگرە
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، واتە ئەم حزبە ئێستا تەمەنی (44 ساڵ)ە، لەم تەمەنە دورودرێژەدا یەكێتی تەنیا (3) كۆنگرە‌و (2) پلینیۆمی كردووە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.

كۆنگرەی چوارەم !
لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە هیچ كاتێك وەكو ئێستا لەناو یەكێتی نیشتمانیدا كۆدەنگی لەسەر سازدانی كۆنگرە دروستنەبووە.
نەبوونی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان لەناو یەكێتیدا، لایەنگرانی ئەو حزبەی بەتەواوەتی نیگەران كردووە، ئێستا كۆدەنگییەك دروستبووە لەسەر ئەوەی بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، یەكێتی كۆنگرە سازبدات.
نەبوونی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان لە ریفراندۆمی ساڵی 2017دا پێگەی یەكێتی لە پرۆسەكەدا لاواز كرد، هەرچەند ئەوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كارەكتەری بەهێز بوو، لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"یشدا كە لێكەوتی ریفراندۆمەكە بوو، یەكێتی بەتەواوەتی ناوەندی بڕیاردانی تێدا نەما‌و حزبەكە دابەشبوو بەسەر دوو ئاڕاستەی جیاوازدا (ئاڕاستەیەك ماڵباتی تاڵەبانی‌و ئاڕاستەكەی تر كۆسرەت رەسوڵ)، لەدواین وێستگەشدا لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكێتی بە چەند ئاڕاستەیەك كاری كردووە‌و بەوهۆیەوە زۆربەی كارتەكانی دەستی سوتاند، بەڵام دواجار كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی هەژمونی كرد‌و زۆرینەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت لەبەرژەوەندی ئاڕاستەی خۆی یەكلاكردەوە‌و وەكو بڕیاربەدەستێكی بەهێز دەركەوت، هاوكات بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە دوای دابڕانەكەی لە ماوەی رابردوودا، بۆجاری یەكەم وەكو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی بەهێزەوە گەڕایەوە بۆناو گەمەكانی ناوخۆی یەكێتی.

تەوافوق یان بێ تەوافوق ؟
"تەوافوقی پێشوەختە" ئەم رۆژانە ئەمە دەستەواژەی باوی ناو كادیرانی یەكێتی نیشتمانییە. هەموو كۆنگرەكانی یەكێتی لە رابردوودا، بەر لەوەی كۆنگرەكە سازبدرێت ئەنجامەكانی لە گیرفانی تاڵەبانیدا بووە، تاڵەبانی لەم رێگەیەوە رێگری لە هەڵوەشانەوەی حزبەكەی‌و دابەشبوون‌و پەرتبوونی دەگرت، هاوكات لەو رێگەیەوە زامنی باڵادەستبوونی ئاڕاستەكەی خۆشی دەكرد.
بەڵام ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی، بەدیاریكراوی بافڵی كوڕە گەورەی تاڵەبانی‌و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا دەكەن كۆنگرەی چوارەم بەبێ هیچ "تەوافوقێكی پێشوەختە" بەڕێوەبچێت، واتە كەس ئەنجامی خۆی نەزانێت‌و بچێتە ناو گەمەی كۆنگرەوە. 
مەلا بەختیار كە زیاتر لە ساڵێكە دەستی لە هەموو بەرپرسیارێتییەك لەناو یەكێتی هەڵگرتووە‌و لە ماڵەوە دانیشتووە، بەمدواییە پرۆژەیەكی بۆ سازدانی كۆنگرە ئامادەكرد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەفەرمی پشتیوانی لە پرۆژەكەی دەكات، بەوپێیەش پرۆژەكەی مەلا بەختیار جەخت لەسەر كۆنگرەیەك دەكات "بەبێ تەوافوقی پێشوەختە"، پرۆژەكەی بە پرۆژەی هاوبەشی ماڵباتی تاڵەبانی دەناسێنرێت. 
لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ كە پیاوی قاڵبووی ناو گەمە سیاسییەكانە‌و لەو گۆڕەپانەدا رۆژگارێك لەگەڵ تاڵەبانی باوك‌و نەوشیروان مستەفا‌و بەمدواییەش لەگەڵ بەرهەم ساڵح‌و مەلا بەختیار گەمەی كردووە، ئەگەر ئەنجامی كۆنگرەكەی لە گیرفاندا نەبێت، پێناچێت بچێتە ناو یارییەكەوە، بۆیە بانگەشەكان دژی "تەوافوقی پێشوەختە" رەنگە هیچ شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبێت.

كێ كۆنگرە دەباتەوە ؟
دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی باوك، ماڵباتی تاڵەبانی پێگەیان لەناو یەكێتی بەهێز بوو، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەزووی وەكو كارەكتەرێكی بەهێز دەركەوت، ئەوكات كە هێرۆ ئیبراهیم لە گۆڕەپانەكەدا بوو، ماڵبات پشتیوانی سازدانی كۆنگرەیان دەكرد‌و ئاڕاستەی كۆسرەت رەسوڵ‌و دواتریش ئەوەی ناوی لێنرا "ناوەندی بڕیار" دژی سازدانی كۆنگرەبوون‌و رێگرییان دەكرد، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە، ئاڕاستەكەی كۆسرەت رەسوڵ بەهێز بووە‌و ماڵباتی تاڵەبانی پاشەكشێیان كردووە.
ماڵباتی تاڵەبانی ئێستا كە قایلن بە سازدانی كۆنگرە، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە لەناو خۆیاندا كوتلەیەكی یەكگرتوو‌وی بەهێز نین، لاهور شێخ جەنگی بەتەنیا كوتلەیەكی سەربەخۆیە‌و پاڵپشتی ئەو پرۆژەیە ناكات كە مەلا بەختیار نوسیویەتی‌و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانی دەكات.
قوباد تاڵەبانی كە بەمدواییە بانگەوازی بۆ سازدانی كۆنگرە كرد، سەرقاڵە بە كاروباری حكومەتەوە‌و پێناچێت رۆڵی بەهێزی لە كۆنگرەدا هەبێت.
لەبەرامبەردا ئاڕاستەی كۆسرەت رەسوڵ ئاڕاستەیەكی بەهێزە كە توانای كۆكردنەوەی دەنگەكانی هەیە لە دەوری خۆی، ئەم ئاڕاستەیە دەیەوێت هەولێرییەكان ناو یەكێتی لە كۆنگرەدا بكات بە كوتلەیەكی یەكگرتووی بەهێز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئێستا هاتوەتە ناو ئەم ئاڕاستەیەوە‌و لە هەولێر لەگەڵ شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەستبەكاربووە‌و ئامادەكاری بۆ كۆنگرە دەكەن.
گروپی كەركوكییەكانی ناو مەكتەبی سیاسیش كە تاڕادەیەك گروپێكی یەكگرتوون، ئەمانە پێشتر پشتیوانییان لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكرد، بەڵام ئێستا كە هێرۆ ئیبراهیم لە گۆڕەپانەكە دوركەوتوووەتەوە، ساغ نەبونەتەوە‌و تەماشای یارییەكە دەكەن، بەمدواییە كە بەهێزبوونی كۆسرەت رەسوڵیان لە دانانی كاندیدەكانی یەكێتی لە پۆستە حكومییەكان بینی، تاڕادەیەك بەلای ئەودا شكاونەتەوە‌و رەنگە لە كۆنگرەدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بەلای ئاڕاستەكەی كۆسرەت رەسوڵدا ساغ ببنەوە.
گروپەكەی تری ناو مەكتەبی سیاسی كە پێكهاتوون لە (حاكم قادر، شێخ جەعفەر، عومەر فەتاح..)، ئەمانە چاویان لە "تەوافوقی پێشوەختە" بەر لە سازدانی كۆنگرە، بەوپێیەی كۆسرەت رەسوڵ توانای بەهێزی هەیە لە ئیدارەدانی ئاڕاستەكان، رەنگە دواجار ئەمانیش لەچوارچێوەی ئاڕاستە گشتییەكەی خۆیدا كۆبكاتەوە. 
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرەخسێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ گەمە سیاسییەكانی ناو یەكێتی، بەرهەم ساڵح لە دوو سەرەوە بە هەردوو ئاڕاستەكەی ناو یەكێتییەوە دەبەسرێتەوە، لەناوەندی بڕیارەوە لە كۆسرەت رەسوڵەوە نزیكە، هاوكات دۆستی نزیكی دوو كوڕەكەی تاڵەبانیشە، پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن بەرهەم ساڵح لە كۆنگرەدا كوڕانی تاڵەبانی لە مەلا بەختیارو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دوربخاتەوە‌و لەچوارچێوەی تەوافوقێكدا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ پێگەیان لە داهاتووی یەكێتی زامن بكات‌و هاوكات پێگەی سیاسی خۆشی بەهێز بكات.

كۆنگرەی یەكبوون یان جیابونەوە ؟
هەرچۆنێك بێت كۆنگرەی چوارەم، كۆنگرەیەكی چارەنوسساز دەبێت بۆ یەكێتی نیشتمانی، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە ئەمە یەكەمینجارە یەكێتی كۆنگرە سازدەدات، ئەگەر بەبێ دابەشبوون‌و جیابوونەوە، سەركردایەتییەكی نوێ بۆ حزب هەڵبژێرێت، توانای خۆراگرتنی زیاتر دەبێت، بەپێچەوانەشەوە رەنگە هێندە لاواز ببێت بەتەواوەتی پێگە سیاسییەكەی لەدەستبدات.
هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن بەبێ "تەوافوقی پێشوەختە"‌و زامنكردنی پێگەی ئاڕاستەكان، یەكێتی ناتوانێت كۆنگرە بكات، ئێرانییەكان لە داهاتوودا رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت لە هێنانەدی ئەو "تەوافوقە پێشوەختە"دا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand