ئاسایكردنەوەی دەوام ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە
2019-08-01 17:07:23
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
بڕیارێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێم بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام، ناڕەزایەتی لەناو فەرمانبەران دروستكردووە، زۆربەی فەرمانگەكانی سنوری سلێمانی پابەندنین بە بڕیارەكەوە، بەڵام حكومەت دەیەوێت لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە بڕیارەكەی بەتەواوەتی بسەپێنێت.
"كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆرو خانەنشینو چارەسەركردنو رێكخستنەوەی دەوام.." ئەمە خاڵی یەكەمی كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
كابینەی نوێ كە ماوەی (20) رۆژە دەستبەكاربووەو تائێستا تەنیا (3) كۆبونەوەی كردووە، لەم ماوەیەدا یەك خاڵی كارنامەكەی جێبەجێكردووە كە ئەویش رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەرانە.
حكومەت بڕیاریداوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكاتەوە، واتە بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش قەیرانی داراییو پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران.
كورتەیەك
بەهۆی قەیرانی داراییەوە شوباتی ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی لەنێوان (25% بۆ 75%)ی موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمە ناوی لێنرا "سیستمی پاشەكەوتی موچە"، شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی موچەخۆرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی فەرمانبەران، وەزارەتەكان فەرمانگەكانیان سەرپشك كرد دەوامی رۆژانە كەمبكەنەوە، بەڵام بەمەرجێك كەمكردنەوەكە كارنەكاتە سەر رایكردنی ئیشوكاری هاوڵاتیان.
لەوكاتەوە تائێستا زۆربەی فەرمانگەكان رۆژی پشووەكانیان زیادكردووەو كاتی دەوامی رۆژانەشیان كەمكردوەتەوە، لەم ساڵانەدا دیاردەی "تناوب" واتە جێگرتنەوە دەركەوت، كە ئەمەش كاركردنە بە تیمێكی كەمو فەرمانبەرێك لە شوێنی چەند هاوكارێكی تری كاروبارەكان رادەپەڕێنێت.
حكومەت بەدوو قۆناغ لە مانگی ئازاری 2018 و دواجاریش لە مانگی ئازاری 2019 بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەهانەی فەرمانبەرانی بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام بڕی.
حكومەت لە سلێمانی !
لە یەكەم كۆبونەوەی كابینەی نوێی حكومەتدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدا فەرمانیدا دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكرێتەوە، واتە فەرمانگەكانی حكومەتو وەزارەتەكان لە كاتژمێری (8:00)ی بەیانییەوە تاوەكو (3:00)ی پاشنیوەڕۆ دەوام بكەن، هاوشێوەی دەوامكردن لە وەزارەتو فەرمانگەكانی عێراق.
لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی وەزیرەكان نوسراویان بۆ فەرمانگەكانی خۆیان دەركردو ئاگاداریان كردنەوەی لەكاتی نوێی دەوامكردنیان.
ئاسایكردنەوەی ماوەی دەوامكردن، فەرمانبەرانی توڕەكردووە، توڕەییەكە پەڕیوەتەوە بۆ ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زۆرینەی فەرمانگەكان پابەند نین بە بڕیارەكەی مەسرور بارزانییەوە، بەڵام بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەنیازن لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە بڕیارەكە بەتەواوەتی بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، پابەندنەبوونی فەرمانبەران بە بڕیارەكەی مەسرور بارزانییەوە چەند هۆكارێكی هەیە:
• فەرمانبەران لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دەقیان بەشێوازی ئێستای دەوامكردنیانەوە گرتووەو لەسەر بنەمای ئەم شێوازە كاتەكانی ژیانی تایبەتییان رێكخستووە، گۆڕینی ئەمە كاتی پێویستە.
• لەلایەكی ترەوە ئەوەی فەرمانبەرانی توڕەكردووە، كابینەی نوێ لە یەكەم هەنگاودا كاتی دەوامكردنی ئەوانی زیادكردووە، بەڵام هیچ قسەیەكی دڵخۆشكەری لەسەر چارەنوسی موچە "پاشەكەوتكراوەكان"یانو گەڕاندنەوەی سیستمی كاركردن بە بەرزكردنەوەی موچە "ترفیع" نەكردووە.
• ئەمە سەرباری ئەوەی حكومەت هێشتا لەبارەی موچەوە دڵنیایی تەواوەتی بە فەرمانبەران نەداوەو تائێستا نەیتوانیوە مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، ئێستا كە یەكەم رۆژی مانگی ئابە، موچەخۆرانی هەرێم تەنیا موچەی مانگی نیسانیان وەرگرتووەو حكومەت موچەی (3) مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران قەرزارە، جگە لە موچە پاشەكەوتكراوەكانی ساڵانی رابردوو.
جگە لە ئاسایكردنەوەی كاتی دەوام، مەسرور بارزانی چەند فەرمانێكی تری بۆ فەرمانبەرانو وەزیرەكان دەركردووە كە ئەمانەن:
یەكەم: سەرجەم وەزیرەكان و خاوەن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەكانیان لە دەستپێكی دەوامی رۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.
دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی فەرمی و هیچ كەسێك بۆی نیە لە كاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات.
سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی كاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن.
چوارەم: دەبێت رۆتین لە دامودەزگاكانی حكومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی خێراو ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سكاڵاو پرسیاری هاوڵاتیان بەشێوەیەكی خێراو گونجاو، ئەركی دامودەزگاكانی حكومەتەو دەبێت وەڵامی روون و ئاشكرا بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان هەبێت و هۆكاری هەردواكەوتنێك یا رەزامەندی نەدانێك روون و ئاشكرا بێت و پێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە دامودەزگاكانی حكومەتدا.
پێنجەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا هەستی پێدەكرێت، بۆیە بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی وەزیرو بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت و سەرپێچیكاران بە توندی سزا دەدرێن.
موبایلی قەدەغەكرد
ئانۆ جەوهەر عەبددولمەسیح وەزیری گواستنەوەو گەیاندن لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت توندتر مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرانیدا كرد، ئەو بەبڕیارێك بەكارهێنانی موبایلی لە فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی لەكاتی دەوامی فەرمیدا قەدەغەكرد.
ئەم وەزیرە كە لەسەر پشكی مەسیحییەكان دانراوەو لە بنەڕەتەوە خۆی ئەندامی ناوچەی عەنكاوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە دەڵێ:" بەكارهێنانی موبایل لە فەرمانگەكاندا كاروباری هاوڵاتیان پەكدەخات، نابێت لە وەزارەتەكەیدا مامەڵەی هیچ هاوڵاتییەك دوابخرێت بۆ رۆژێكی تر".
دروشمێكی كۆن !
ساڵی 1991 دوای كشانەوەی هێزەكانی سوپای عێراق لە شارەكانی هەولێرو دهۆكو سلێمانی، هێزو لایەنو رەوتە كوردییەكان بینای دامەزراوەو فەرمانگەكانیان پڕكرد لە دروشمەكانی خۆیان، ئەوكات یەكێك لە دروشمەكانی رەوتی كۆمۆنیست بریتی بوو لەو دروشمەی كە دەڵێ:" 35 سەعات كار لە هەفتەداو دوو رۆژ پشووی لەسەریەك".
ئەوەی ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەرداوە، جێبەجێكردنی ئەم دروشمەیە، زیادكردنی دەوام لە كاتژمێر (8:00)ی سەرلەبەیانییەوە بۆ (3:00)ی پاشنیوەڕۆ، لە هەفتەیەكدا بۆ هەر فەرمانبەرێك دەكاتە (35) كاتژمێر كاركردن، ئەمە لەگەڵ دوو رۆژە پشووەكەی (هەینیو شەممە)دا كە وەكو خۆی ماوەتەوەو دەستكاری نەكراوە.
فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان
فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایەك ئەركو مافەكانیان دیاریكراوە كە ساڵی 1960 دەچووە، ئەو یاسایە پێی دەوترێت یاسای "قانون الخدمە المدنیە"، ئەم یاسایە كۆن بووەو ئێستا پەرلەمانی عێراق دەیەوێت یاسایەكی نوێ لەجێگای دەربكات كە ناوی "قانون الخدمە المدنیە الاتحادی"ە، پرۆژەی یاساكە لەناو پەرلەمانی عێراقدایەو هێشتا پەسەندنەكراوە.
بەپێی دواین ئامارەكان، ئێستا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم كوردستان گەیشتوەتە (5 ملیۆنو 600 هەزار) كەس، لەم رێژەیە (ملیۆنێكو 249 هەزار) موچەخۆر هەیە، لەناو ئەمانەدا تەنیا (721 هەزار) كەسیان فەرمانبەری فیعلین.
ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق (4 ملیۆن) فەرمانبەر.
لە نوێترین لێدوانیدا فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق دەڵێ:" پێش ساڵی 2003 ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق 850 هەزار كەس بووە، بەڵام ئێستا ژمارەی فەرمانبەرانو خانەنشینان گەیشتوەتە 6 ملیۆنو 500 هەزار كەس".