Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف نێچیرڤان بارزانی دوای پشووی جەژنی رەمەزان وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاردەبێت، (درەو میدیا) زانیویەتی ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی تەلارێكی نوێیە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دوای 14 ساڵ لە دروستبوونی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو دامەزراوەیە لەسەر "چیای سەری رەش" دەهێنێتە خوارەوە. رۆژی 8ی ئەم مانگە، بەزۆرینەی دەنگی (89) پەرلەمانتار لە كۆی (111) ئەندام، پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی پێشنیازی "هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكرد. چوار رۆژ دوای پەسەندكردنی ئەم یاسایە، واتە رۆژی 12ی ئەم مانگە، پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوە. رۆژی 15ی ئەم مانگە وادەی یاسایی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، كە بەپێی یاساكە لەناو پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت. بەپێی یاسا پەسەندكراوە نوێیەكە، دەبوو دوو رۆژ دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی ئەو كەسانە بۆ رایگشتی ئاشكرا بكات كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا بووە‌و كاندیدبونیان پەسەندكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوو رۆژ پشووی فەرمی هەبوو، پەرلەمان رۆژی 19ی مانگ ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم راگەیاند كە ئەمانەن:  •    نێچیرڤان ئیدریس بارزانی •    ئومێد عەبدولسەلام قادر •    محەمەد حەمەساڵح عومەر •    رێبوار عەزیز مستەفا •    هیوا عەبدوڵا خدر ئەمڕۆ وادەی یاسایی لەبەردەم ئەو كەسانەدا تەواو دەبێت كە ناویان وەكو كاندید پێكەشكردووە‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان كاندیدبوونی رەتكردونەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا هیچ تانەیەك لە دادگای تەمیز تۆمارنەكراوە، چونكە تەنیا كاندیدبوونی یەك كەس رەتكراوەتەوە، كە (فەرهاد پیرباڵ)ە‌و ئەویش جگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەردەم راگەیاندنەكاندا دژ بە بڕیاری دورخستنەوەی، باسی لەوە نەكردووە كە بەشێوەی یاسایی لە دادگای تەمیز تانەی پێشكەش كردبێت. بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەكان، رۆژی 23ی ئەم مانگە، واتە پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای تەمیز بڕیاری كۆتایی خۆی رادەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی هیچ تانەیەك تۆمارنەكراوە، دادگا دوچاری هیچ سەرئێشەیەك نابێتەوە‌و لەوادەی خۆیدا بڕیاری كۆتایی رادەگەیەنێت.  كاندیدێكی بێ ركابەر ! ئێستا بەپێی نوسراو، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان، (4) ركابەری هەیە، بەڵام لە واقیعدا هیچ یەكێك لەو ركابەرانە ناتوانن ببن بە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی بە كورسی سەرۆكی هەرێم كوردستان، چونكە هیچ یەكێك لەو كاندیدانە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان نین‌و بەشێوەی سەربەخۆ چونەتە ناو گەمەكەوە. سەرباری ئەمە، پارتی بە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، زۆرینەی رەهای دەنگی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ سەرخستنی نێچیرڤان بارزانی مسۆگەركردووە، دەنگی پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی ئێستا لەناو پەرلەمان پێكهاتووە لەم دەنگانە:  •    فراكسیۆنی پارتی‌و سۆسیالیست: 46 دەنگ •    فراكسیۆنی یەكێتی: 21 دەنگ •    فراكسیۆنی گۆڕان: 12 دەنگ •    دەنگی كورسی كۆتاكان: 11 دەنگ  بەرپرسانی پارتی دەڵێن نێچیرڤان بارزانی تەنیا كاندیدی پارتی نییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو كاندیدی (بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتیمانی)شە. بەپێی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، سەرۆكی نوێی هەرێم لەناو پەرلەمان بە "دەنگدانی ئاشكرا"‌و بە "دەنگی زۆرینەی رەها" واتە (دەنگی 56 پەرلەمانتار لە كۆی 111 پەرلەمانتار) هەڵدەبژێردرێت. ئێستا نێچیرڤان بارزانی لەكۆی 111 دەنگی پەرلەمان، نەك تەنیا (56) دەنگ، بەڵكو (90) دەنگی زامن كردووە. جگە لەو لایەنانەی كە پشتیوانی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكەی پارتی دەكەن، چوار لایەن لەناو پەرلەمان هەن پشتیوانی كاندیدی پارتی ناكەن‌و بەشێك نین لە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هیچ یەكێك لەو لایەنانە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، ئەو لایەنانە بریتین لەمانە: •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 8 كورسی •    كۆمەڵی ئیسلامی: 7 كورسی •    یەكگرتووی ئیسلامی: 4 كورسی •    حزبی شیوعی: 1 كورسی ئەم لایەنانە لەسەرەتاوە هەندێك گفتوگۆیان كرد بە ئومێدی ئەوەی بتوانن پێكەوە كاندیدێكیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵام دواتر پاشگەزبونەوە، بەپاساوی ئەوەی ئەوان لەبنەڕەتەوە دژی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بوون كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە.   هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا كارپێكراوەكە، دەبێت لەرۆژی یەكشەممەی داهاتوو كە دەكاتە 26ی ئایار، پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (3 رۆژدا) دانیشتنێك سازبدات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان. شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاساكە، بە "دەنگدانی ئاشكرا" دەبێت، ئەمە سەرەتا هەندێك مشتومڕی دروستكرد، بەڵام ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكدا، هەر پێنج كاندیدەكە پێكەوە دەخەنە دەنگدان، كامیان دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوی لێدەنرێت. بەگوێرەی ئاماژەكان، نێچیرڤان بارزانی بەئاسانی‌و بەتێكڕایی دەنگی (90) پەرلەمانتار وەكو سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، هەندێك لە بەرپرسانی پارتی باسلەوە دەكەن دەنگەكانی دەگاتە (91) دەنگ. لەبەرامبەر ئەمەدا بەرەی نەیاری یاسای سەرۆكایەتی ژمارەیان (20) كورسییە لەناو پەرلەمان، سەرباری ئەوەی ئەم بەرەیە هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، رەنگە تەنانەت بە "نەخێر"یش لەدژی نێچیرڤان بارزانی دەنگ نەدەن‌و لەبری ئەوە هۆڵی پەرلەمان بەجێبهێڵن، چونكە هەندێك لەو لایەنانە نایانەوێت پارتی‌و بەدیاریكراوی نێچیرڤان بارزانی لەخۆیان نیگەران بكەن. لەكاتی دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، هیچ یەكێك لەو (5) كەسەی كە خۆیان كاندیدكردووە، لەبەردەم پەرلەمان ئامادە نابن. لە سەری رەشەوە بۆ هەولێر ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی تەلاری نوێی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خۆی‌و هەردوو جێگرەكەی. (درەو میدیا) زانیویەتی، تەلاری نوێی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێرەوە. واتە دوای 14 ساڵ لە دروستبوونی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بارەگای سەرەكی ئەم دامەزراوەیە لە "سەری رەش"‌و لوتكەی چیایەكەوە دەهێنێتە خوارەوە بۆ ناو شارو نزیك لە خەڵك. سوێندخواردن بەپێی وادەی یاسایی، دەبێت سەرۆكی نوێی هەرێم دوای هەڵبژاردنی لە پەرلەمانی كوردستان، لەماوەی (7) رۆژدا لە مەراسیمێكدا سوێندی یاسایی بخوات‌و دەستبەكار ببێت. پێشبینی دەكرێت، مەراسیمی سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم بكەوێتە دوای پشووی جەژنی رەمەزانەوە. راسپاردنی مەسرور بارزانی (درەو میدیا) زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنیدا وەكو سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی ئامۆزای بەفەرمی رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. مەسرور بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەپێی یاسا ماوەی (30) رۆژی لەبەردەمدایە كابینەكەی بباتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، پێشبینی دەكرێت مەسرور بارزانی زۆر زوتر لەوادەی دیاریكراو ناوی كاندیدی لایەنە بەشدارەكان بۆ پۆستە وزارییەكان بخاتە بەردەم پەرلەمان، بۆ ئەوەی لەدوای دەستبەكاربونی نێچیرڤان بارزانییەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت بەزویی پڕبكرێتەوە‌و كۆتایی بەوادەی حكومەتی كاربەڕێكەر بهێنرێت.   


راپۆرتی: درەو میدیا هۆشدارییەكان لە ئەگەری تێوەگلاندنی عێراق و بون بە بەشێك لە ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، نەك نەیتوانیوە تارمایی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە لەسەری دوربخاتەوە، بەڵكو خەریكە لە عێراقەوە فو ئەكرێت بە ئاگردانەكەدا و پشكۆی ململانێكان ئەگەشێنرێتەوە. دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە هۆشدارییەكەی واشنتۆن بۆ هاوڵاتییانی نیشتەجێی لە عێراق و كشانەوەی دەستەجێی كارمەندە نا ئەساسییەكانی بەهۆی بونی "هەڕەشەی ڕاستەقینە"، شەوی ڕابردوو لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا، زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە بە بونی مەترسی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغداد لێیاندا، دوای چەند خولەكێك میدیاكانی عێراق هەواڵی كەوتنەخوارەوەی موشەكێكیان لەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڵاوكردەوە، كە وەك بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق دەڵێن، هێرشێكی لەوشێوەیە بەنزینكردنی ڕاستەوخۆیە بە ئاگری ململانێكانی ئێران و ئەمریكا و گەر تاو بسێنێت، تەڕو و وشك پێكەوە دەسوتنێت. ئەمریكا فشارەكانی چڕدەكاتەوە بەگوێرەی زانیارییەكان دوای كەوتنەخوارەوەی موشەكەكە،  بەرپرسانی ئەمریكا بە چڕی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هاتونەتە سەرخەت و، داوایانكردووە حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی توند و بەپەلە بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن لە لێكەوتە خراپەكانی ئەو ڕوداوە.   هاوكات بەرپرسانی حكومەتی عێراقیش لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەپەیوەندیدابوون بۆ هێوركردنەوەودڵنیاكردنەوەی تیمی دبلۆماتكارانی ئەمریكا بەوەی پارێزراون لەهەر هەڕەشەودەستدرێژییەك، زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئیدارەی ئەمریكا  لەپەیامێكدا كە بۆ باڵیۆزخانەی عێراقی ناردووە لەواشنتۆن، داوای گەرەنتی پاراستنی پاڵیۆزخانەو هاوڵاتییەكانی كردووە لە عێراق.  لەبارەی هێرشەكەشەوە، (بیل ئوربان) وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، هێرشە موشەكیەكە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە. میدیاكانی عێراق ئاشكرایان كردووە، موشەكەكە دەستكردی ناوخۆییەو لەناوچەكانی خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەختەوە هەڵدراوە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییە ئەمنیەكانیش، سەكۆی موشەكەكە لە نزیك زانكۆی تەكنۆلۆجی لەخۆرهەڵاتی بەغداد دۆزراوەتەوە، كە ئەوناچەیە بە یەكێك لەناوچە سەرەكییەكانی گروپە چەكدارەكان دادەنرێت.  كاردانەوەكان (هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوایكرد دێوەزمەی جەنگ سەرەتا لەعێراق و دواتریش لە ناوچەكە دوربخرێتەوە، وتیشی: ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت هەموان دەسوتنێت. عامری ئاماژەی بەوەشدا، هیچام لە لایەنەكان جەنگیان ناوێت، ئێران و ئەمریكا جەنگیان ناوێت، ئیسرائیلیشی تۆمەتباركرد بە كێشكردنی ناوچەكە بەرەو جەنگ. هاوكات (موقتەدا سەدر) خۆشكردنی ئاگری شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێرانی ڕەتكردەوەو، لە توتێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە دەڵێت، كێشكردنی عێراق بۆ ئەو جەنگە و كردنی بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران ڕەتدەكەنەوە. سەدر داوای هەڵوێستێكی جدی لە گەورە پیاوانی عێراق دەكات بۆ وەستان بەڕووی ئەم جەنگەدا كە وەك خۆی دەڵێت، تەڕو وشك پێكەوە دەسوتتێنێت.   سەدر هۆشداری ئەوەشی داوە، ئەگەر هەڵوێستێكی جدی نەگرنەبەر ئەوا ئەو جەنگە كۆتایی عێراق دەبێت، ڕاشیگەیاندووە، عێراق و گەلەكەی بەرگەی جەنگێكی تر ناگرن.  


درەو میدیا:  " ئەوانەی لەهەولێر فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركوك هەڵدەڕێژن دەبێ باش بزانن دۆخی كەركوك لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە سەقەتەكەی ئەوان هاتە كایەوە" ئەمە بەشێكە لە راگەیەنراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ئەمرۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: بەیاننامەكەی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشت روداوەكانی ئەم چەند رۆژەی پارێزگای كەركوك تۆمەتبار دەكات" ئێمە دەپرسین كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە ، بێ گومان ئەوانەی كە بەشێك لە لیستی برایەتیان پەكخستوە بە بیانویش بێ بنەما،جگە لەوەی كە بونەتە هۆكار بۆ دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ،لە هەمان كاتدا وایانكردووە كەوا ئەنجومەنی پارێزگاش سست ببێ  تەنانەت لە چاودێریكردنی كارو بارەكانی پارێزگار" مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تاوانباری سەرەكی روداوەكانی كەركوك دەزانن"  لە كاتێكدا لە موسل و تەواوی شوێنەكانی تری عیراق بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی و ڕۆژانە دەست لەملانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەكەن و هەوڵی ڕێكەوتنی ژێر بەژێر دەدەن تەنانەت لە گەڵ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت.دەبێ‌ ئەو راستیە باش بزانن ئەوان تاوانباری سەرەكین ،بۆیە بەپاساوی بێ بنەما ئەستۆپاكیان ناسەلمێنر" . دەقی راگەیەندراوەكە. ڕاگەیاندراوێك لە مەڵبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوك  سەبارەت بە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی ڕۆژی 19/5/2019 ی ڕاكان سعید جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بە پێویستمان زانی چەند ڕاستیەك بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو  یەكێتی نێشتیمانی كوردستان هیچ جۆرە هاوبەشیەكی لەگەڵ ڕاكان سعید و حكومەتی خۆ جێیەتی پارێزگای كركوك نیە. بەڵام یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵكی پارێزگای كەركوك دەكات ، ئاساییە لە پەیوەندیدابێت لە گەڵ حكومەتی خۆجێیەتی بۆ رایكردنی كارو باری هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان. هەروەها سەبارەت بەوەی خەڵكی گوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان كەوا خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەنین و عەرەبە هاوردە كان خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەن ،بۆ ئەم بابەتە  ئێمە وەكو یەكێتی  سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما دەگرین  و بزانین كێ خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیە ، ئەوەی ڕاكان جبوری بە خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیان دەزانێ ئەمانە عەرەبی هاوردەن و ئەوەی شارەزاشبێت لە جوگرافیا دەزانێ سنوری نیشتەجێبوونی عەشیرەتی شەمەر لە كوێیە. (ی ن ك) بۆ چارە سەری كێشەكان دەستورو یاسا بە مەرجەعی یەكلاكەرەوە دەزانێت بۆ ئەم پرسەو تەواوی پرسە چارەسەر نەكراوەكانی ناوچە جێ ناكۆكەكان كەوا مادەی 140 ی دەستوری چوارچێوەی چارەسەریەتی . هەروەها لەبارەی  ڕێكەوتنی یەكێتی لەگەل ڕاكان سعید وەكو پارێزگار بمینێتەوە تاكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەمە دوورە لە ڕاستی ،ئەمەی كراوە جێگری پارێزگار  بۆ پێكهاتەی عەرەب بێت ،كەواتە دیارە پارێزگار ی كەركوك  مافی كام پێكهاتەیە. سەبارەت بەم بابەتە چەند كەناڵێكی میدیاو سوشیال میدیا كەوتونەتە هەڵمەتَكی بێ بنەما لە بەرامبەر كەركوك و شێواندنی ڕاستیەكان.ئێمە دەپرسین كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە ، بێ گومان ئەوانەی كە بەشێك لە لیستی برایەتیان پەكخستوە بە بیانویش بێ بنەما،جگە لەوەی كە بونەتە هۆكار بۆ دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ،لە هەمان كاتدا وایانكردووە كەوا ئەنجومەنی پارێزگاش سست ببێ  تەنانەت لە چاودێریكردنی كارو بارەكانی پارێزگار .هەروەها ئەوانەی لەهەولێر فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركوك هەڵدەڕێژن دەبێ باش بزانن دۆخی كەركوك لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە سەقەتەكەی ئەوان هاتە كایەوە. لە كاتێكدا لە موێل و تەواوی شوێنەكانی تری عیراق بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی و ڕۆژانە دەست لەملانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەكەن و هەوڵی ڕێكەوتنی ژێر بەژێر دەدەن تەنانەت لە گەڵ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت.دەبێ‌ ئەو راستیە باش بزانن ئەوان تاوانباری سەرەكین ،بۆیە بەپاساوی بێ بنەما ئەستۆپاكیان ناسەلمێنری . هەروەها لەم بارەیەوە بە پێویستی دەزانین هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار بەرێز دكتۆر بەرهەم و  ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بەردەوام بن لە پاڵپشتی كردنی چارەسەری كێشەی جوتیاران و تەواوی كێشەكانی تری كەركوك. لە كۆتایدا بە جەماوەری خۆشەویستی پارێزگای كەركوك رادەگەیەنین هەمیشە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی كردنیان بۆ چارەسەری كێشەكانیان و بەدەست هێنانی مافەكانیان. لەگەڵ ڕێزماند                                                                   ڕاگەیاندنی مەڵبەنی دووی ڕێكخستنی كەركوك                                                                                     یەكێتی نیشتیمانی كوردستان                                                                                                  19/05/2019  


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت خولانەوە بەدەوری مەزارەكەدا یان جیابونەوە، ئەمە چارەنوسی سیاسی رەوتێكی جەماوەری ناڕەزایەتییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كە روبەڕووی هەمان بارودۆخی رەوتی ناڕەزایەتی ناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا بوەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا لە یادی دوو ساڵەی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، بە وردی رۆشنایی دەخاتەسەر رەوتی ناڕەزایەتییەكان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. گەڕانەوە بۆلای نەوشیروان مستەفا  دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەر‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕی، یادی مەرگی ئەو، ئەمجارەش ڕازیی‌و ناڕازییەكانی بزوتنەوەكەی لەسەر گۆڕەكەی كۆكردەوە، بەڵام نەیتوانی یەكیانبخات، هەروەك چۆن كاتێكیش هێشتا خۆی لە ژیاندا بوو، نەیتوانی ئەو یەكێتییە بەهێزە دروستبكات، هێندەی ئەوەی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی جیاوازییەكانی دەدا. دوای دوو ساڵ لە مەرگی ئەو، ئێستا بزوتنەوەكەی بە هێڵێكی روون دابەشبووە بەسەر دووبەرەی ناكۆك‌و دژبەیەكدا، بەرەیەك كە ناویان لێنراوە "رازییەكان"، بەرەیەكی تر كە پێیان دەوترێت "ناڕازییەكان". بەرەی رازیی كە ئێستا بزوتنەوەكەیان كۆنترۆڵكردووە‌و بڕیاربەدەستی  گردی زەرگەتەن، سەرچاوەی دارایی‌و زۆرینەی مەكۆ‌و ژوورو میدیا‌و پەیوەندییەكانی بزوتنەوەكەیان بەدەستەوەیە.  بەرەی ناڕازیش بەبێ‌ دەنگیی، گردەكەو دامەزراوەكانی تری گۆڕانیان بایكۆت كردووە، بەڵام هاوكات دەستیشیان لێی نابێتەوە، كۆبوونەوە‌و گفتوگۆكانی ئەم رەوتە زیاتر لە ماڵ‌و قاوەخانە‌و شوێنە گشتییەكانی شاردا (بەدیاریكراوی سلێمانی) چڕبوەتەوە. فەیسبوك.. مەیدانی روبەڕووبونەوەكان ! تاریك‌و روونی ئێوارەی رۆژێك پێش مەراسیمی فەرمی ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ژمارەیەك لە كەسایەتییە دیارەكانی بەرەی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە دەركەوتن، ئەوان بۆ نیشاندانی پەیامێكی كۆمەڵایەتی چونە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفای هاوڕِێ‌و هاوخەباتی سیاسییان. بەرەی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان لەم سەردانەیاندا بۆسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا، هەلی ئەوەیان بۆ رەخسا پەیامێكی سیاسی بەهێز بگەیەننە نەیارەكانیان لە ناوخۆو لە دەرەوەی بزوتنەوەكە، بەڵام لەم هەنگاوەدا شكستیان هێنا، نەیانتوانی پێكە‌وە وەكو كوتلەیەكی یەكگرتووی بەهێز لە یەك كاتدا لەسەر مەزارەكە ئامادەبن، ئەمە بەشی هەرە زۆری پەیوەندی بە جیاوازی بیروبۆچونی كەسایەتییە دیارەكانی ئەم رەوتەوە هەیە لەناو خۆیاندا.  بەرەی ناڕازیی وەك نەیتوانی بە یەكگرتوویی هێزی خۆی لە گردی زەرگەتە نمایش بكات، نەشیتوانی كارێك بكات، ئەم بۆنەیە بقۆزێتەوە بۆ كۆبوونەوە‌و دیدار لەگەڵ بەرەی رازی‌و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەكی هاوبەش بۆ كاری پێكەوەیی. بەگشتی بەرەی ڕازیی‌و ناڕازی لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ گفتوگۆیەكی راستەوخۆیان بۆ خستنەڕووی ناكۆكییەكان‌و چارەسەركردنیان نەكردووە، (درەو میدیا) زانیویەتی بەمدواییە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هێڵێێكی پەیوەندییان لەگەڵ هەندێك لە كەسایەتییەكانی بەرەی ناڕازیدا كردوەتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێ‌ سەوز نەبووە، تائێستا هەردوو بەرەكە لەبری كۆبوونەوە لەسەر مێزێكی گفتوگۆ، لە دیوارەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە لەگەڵ یەكتریدا دیالۆگ دەكەن، ئەمەش تاڕادەیەك لەڕووی جەماوەرییەوە بەزیانی هەردوو بەرەكە كۆتایی هاتووە. ناڕازییەكان كێن؟ بەرەی ناڕازی بزوتنەوەی گۆڕِان بەرفراوانترە لە بەرەی دەسەڵاتداری ئێستای بزوتنەوەكە، بەڵام كێشە‌و ناكۆكی ناوخۆیی زیاترە لە بەرەی رازیی‌و ناڕێكخراوە، بەجۆرێك هەر رۆژێك لق‌و پۆپی تازەی لێوە سەر دەردەهێنێت. ئێستا بەرەی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان دابەشبووە بەسەر چەند گروپێكدا: گروپی یەكەم:  قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود، ئەمانە ژمارەیەك هەڵسوڕا‌و و كادری سەربازیی‌و میدیایی‌و چەند ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی و ئەندام پەرلەمانی ئێستا‌و رابردویان لەگەڵدایە. ئەم گروپە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفاوە نیگەرانی خۆیان لە "تاكڕەویی" لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەكەدا دەربڕیوە، لە چەند ماوەیەكدا ناكۆكییەكانیان لەگەڵ رێكخەری پێشووی گۆڕان گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی كاركردنیان لە بزوتنەوەكەدا رابگرن‌و بچنە ماڵەوە. بەڵام لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو بە دیاریكراویش دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن بەماوەیەك، بەتەواوەتی لە گردی زەرگەتە هاتنەخوارەوە‌و ماڵەكانیان كردووە بە شوێنی گفتوگۆ‌و كۆبوونەوە سیاسییەكانیان. ئەم گروپە جگە لە چەند روونكردنەوەیەكی كورت كە لەماوەی رابردووداو بەتایبەتی لە سەروبەندنی هەڵبژاردنەكاندا بڵاویانكردوەتەوە، تائێستا بەڕوونی‌و بە فەرمی بیروبۆچونی خۆیان لە بارەی كێشەكانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دیدەكانیان بۆ چارەسەر بۆ رایگشتی‌و جەماوەری بزوتنەوەكەیان بڵاونەكردوتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە كۆبوونەوە تایبەتەكانیاندا كرۆكی كێشەكانیان لەگەڵ بەرەی دەسەڵاتداری ئێستای گۆڕان لە چەند خاڵێكدا كورتدەكەنەوە، كە ئەمانەن: * تاپۆكردنی گردی زەرگەتە (مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە شاری سلێمانی)، لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بە رەزامەندی‌و بێدەنگی بەرەی رازیی (بەدیاریكراوی ئەندامانی ئێستای خانەی راپەڕاندن). * شێوازی بەڕێوەبردنی رێكخستنی بزوتنەوەكە‌و هەڵبژاردن‌و كۆنگرە. * پابەندنەبوونی بەرەی رازیی بە ناوەڕۆكی رێككەوتنی ژێربەژێری تایبەت بە دروستكردنی خانەی راپەڕاندن. * سیاسەتی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی‌و میدیای بزوتنەوەكە. لە ناو ئەم بەرەیەشدا هەست بە هەندێك ناكۆكی دەكرێت بە تایبەت لە پرسی تێڕوانیان بۆ پەیوەندییەكانی بزوتنەكە لەگەڵ حزب‌و لایەنە كوردستانییەكان. خاڵی بەهێزی ئەم گروپە ئەوەیە دوو كەسایەتی كاریگەری وەك قادر حاجی عەلی‌و عوسمان حاجی مەحمودی تێدایە، بەڵام ئەم دوو كەسایەتییە ئێستا رووبەڕووی هەمان بارودۆخی عەبدوڵا گویل‌و ئەحمەد داودئۆغڵو بوونەتەوە لە ناو پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا (ئاكەپە)، كە چاوەڕوانی هەلێكی سیاسی گونجاون بۆ جیابونەوە لە ئەردۆغان‌و راگەیاندنی پارتێكی سیاسی نوێ، بەڵام  لە یەك كاتدا چ ئەوانەی گۆڕان‌و چ ئەوانەی (ئاكەپە) تەمەنیان دەڕوات‌و ئەو كاتە گونجاوە هەر نایەت كە خۆیانی تێدا بەیان بكەن.  لەبەرامبەردا لاوازترین خاڵی ئەم گروپە، كاركردنیانە بە بێدەنگیی‌و نەبوونی ئامادەسازی فیكرییە بۆ هەر جوڵەیەكی سیاسی كە لە داهاتوودا دەیكەن، سەردانەكەی دوێنێیان بۆ سەر گردی زەرگەتە، بەدەر لە پەیامە كۆمەڵایەتییەكەی، لەڕووی سیاسییەوە ئەو پەیامەی لێدەخوێندرایەوە كە ئەمانە هێشتا توانای رزگابونیان نیە‌و ناتوانن نەوشیروان مستەفا تێپەڕێنن، ئەم پرسەش بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەناو خۆشیاندا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە‌و خۆیان یەكلانەكردوتەوە ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو بزوتنەوەی گۆڕان‌و لەوێوە كار بۆ ئامانجەكانیان بكەن، یاخود بە تەواوەتی جیاببنەوە‌و لەچوارچێوەی رەوتێكی سیاسی نوێیدا سەرەتایەكی تر دەستپێبكەن. گروپی دووەم:  پرۆگۆڕان، ئەمانە كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی گۆڕانن لە وڵاتانی ئەوروپا،  رۆژانی 20و 21ی ئۆكتۆبەری 2018 لەشاری (لاهای)ی لە هۆڵەندا كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردن‌و هەڵسەنگاندنی دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان، لەو كۆبونەوانەدا بەرەسمی خۆیان وەك رەوتێكی ناڕازیی لە سیاسەتی ئێستای بزوتنەوەكە راگەیاند. ئەم گروپە زیاتر هەڵسوڕاوەكانی دەرەوەی وڵاتن‌و نەپەڕیوەتەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دكتۆر (چیا عەباس) وەك سەرپەرشتیار‌و بزوێنەری سەرەكی ئەم رەوتەكە دەردەكەوێت، ئەم پیاوە یەكێكە لە هاوڕێ‌ دێرینەكانی نەوشیروان مستەفا، لە نەخۆشكەوتن‌و مانەوەیدا لە خانوەكەی لەندەن، ماوەیەك لەگەڵی ژیاوە، بەوتەی هەندێك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان، سەروەتێكی زۆری مەعنەویی نەوشیروان مستەفا لەلای ئەم پیاوەیە، كە خۆی دەبینێتەوە لە دوایین تێڕوانینەكانی نەوشیروان مستەفا لەسەر شێوازی كاركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە رابردوو لە داهاتودا، خودی دكتۆر چیا لە وتارەكانیدا بەمدواییە ئاماژەی بەوەداوە. خاڵی بەهێزی ئەم گروپە ئەوەیە كە كەسایەتییەكانی ناوی، بەدیاریكراوی دكتۆ چیا، زیاتر لە گروپەكانی تر قسەكانی كاریگەریان لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هەیە، رەنگە ئەمە پەیوەندی بەو نزیكییەوە هەبێت كە لەگەڵ باوكیان هەیبووە. یەكێكی تر لە خاڵە بەهێزەكانی ئەم گروپە ئەوەیە، لەماوەی رابردوودا بەروون‌و راشكاوی‌و بێ‌ دوودڵی لە چەند بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی كێشەكانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رایگشتی بڵاوكردوەتەوە‌و چارەسەرەكانیشیان خستوەتەڕوو. بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە زیاتر لە ئەوروپا چڕبوەتەوە‌و خودی دكتۆر چیاو كارەكتەرەكانی تری ناو گروپەكە بۆ زۆرینەی رایگشتی كوردستان نەناسراون‌و زیاتر لەلای دەستەبژێرێك ناسراوان كە لە نزیكەوە تێكەڵاوی كاری سیاسی بوون لە هەرێمی كوردستان. ئەم گروپە لە گروپەكانی تری بەرەی ناڕازی زیاتر رێكخراوترە، سەرەتای ئازاری ئەمساڵ پرۆگۆڕان دووەمین كۆنفرانسی خۆی لە شاری (بازل) لە سویسرا بەست، لە 16ی ئەو مانگەدا بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی دەربارەی بەشداری گۆڕان لە حكومەت‌و رێككەوتن لەگەڵ پارتی بڵاوكردەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی رابردوودا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بە دیاریكراوی (چیا) چەندجارێك هەوڵیداوە لەگەڵ ئەم گروپەدا بگاتە رێككەوتن، بەڵام هەوڵەكان تائێستا بێ ئەنجام بوون. گروپی سێیەم:  ئەم گروپە پێكدێت لە چەند پەرلەمانتاری پێشوو‌و ئێستا‌و هەڵسوڕاوی گەنجی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمانە هێڵی كاركردنیان تا ئەمدواییە ناڕوون بوو، بەڵام دوای پەسەندكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كورتەی بیروبۆچون خۆیان لە بەیاننامەیەكدا خستەڕوو، بەبێ‌ ئەوەی ناوی خۆیان لەسەر بەیاننامەكە ئاشكرابكەن, پاشان چەند كەسایەتییەكیان ناوی خۆیان خستە سەر بەیاننامەكەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك تەمومژیان لەسەر بیروبۆچوونەكانیان هەڵگرت. دیارترین كەسایەتییەكانی ئەم گروپە بریتین لە (كاوە محەمەد‌و غالب محەمەد ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، عەبدوڵا مەلا نوری‌و شێركۆ حەمەئەمین و ئومێد حەمەعەلی پەرلەمانتارانی پێشووی بزوتنەوەكە، عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی‌و ..). گروپی چوارەم: لەپاڵ ئەم سێ‌ گروپە سەرەكییەدا، كە شێوازی كاركردن‌و هەڵوێستیان ئاشكرابووە، گروپێكی ناڕەزایی تر لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەمانە پێكهاتوون لە چەند هەڵسوڕاو‌و پەرلەمانتار‌و بەرپرس كە هەرجارەو لە قۆناغێكدا بەلای یەكێك لە گروپەكانی ڕازیی‌و ناڕازیدا دەشكێنەوە‌و نەیانتوانیوە تائێستا وەكو كوتلەیەكی بەهێز دەربكەون. كۆتایی گەمەكە بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو جموجوڵە سیاسییانەی كە بەمدواییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستبووە، پێشبینی دەكرێت لەماوەی یەك ساڵی داهاتوودا نەخشەی پەیكەری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، بە شێوازێك لە شێوازەكان یەكلاببێتەوە، بەیەكگرتنەوە یان ئینشیقاقی تەواوەتی، بەتایبەتیش دوای بەشداری بەرەی رازیی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت‌و پرۆسەی هەڵبژاردنەوەی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی كە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەكە، 25ی تەمموزی ئەمساڵ وادەی یاساییان كۆتایی دێت. یەكێكی تر لەو فاكتەرانەی كە رەنگە كاریگەری لەسەر خێراتركردنی پرۆسەی یەكلابوونەوەی چارەنوسی پەیكەری حزبی گۆڕان هەبێت، پرۆسە‌و میكانیزی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بەریكەوتووە، رەنگە ئەم پرۆسەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا ژمارەیەكی تر لە هەڵسوڕاوان پەیوەست بكات بە بەرەی ناڕەزایەتییەكانەوە. بێگومان فاكتەری دەرەكیش كاریگەری بەهێزی دەبێت لەسەر چۆنیەتی یەكلابونەوەی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە داهاتوودا، ئەمەش پێگە‌و رۆڵی بزوتنەوەكە لە داهاتووی گۆڕەپانی سیاسیدا بڕیاری لەسەر دەدات.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف نوسراوێكی  راكان جبوریی، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بۆ ( فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك) دۆخی ناوچەكە بەتەواوی دەشێوێنیت و كێشەو ئاڵۆزی لە نێوان پێكهاتەی كورد و عەرەب لەو شارە دروست دەكات، چۆڵبونی خانووی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوناوچانەش لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، رێگە خۆشكەربووە بۆ هاوڵاتیانی پێكهاتەی عەرەب كە سود لەوخانوانە وەربگرن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان. كێشەكەی پەڵكانە گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەراِنە لە قەزای دووبزی پارێزگای كەركوك، ئەو ناوچەیە پێش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 سنوری دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو ناوچەیە بەجێدەهێڵن و خانوەكانیان بە چۆڵی دەمێنێتەوە، عەرەبەكانی ناوچەكە سود لەو بۆشاییە وەردەگرن و چاو دەبڕنە موڵك‌و خانووی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە. لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆكی هۆزی شەممەر ( عەلی حەواس) ئێوارەخوانێك بۆ هۆزەكەی لە گوندی پەڵكانە رێكدەخات‌و نزیكەی 300 بۆ 400 لە ئەندامانی هۆزەكەی ئامادە دەبن. لە ئێوارە خوانەكەدا گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی بەشێك لە هاوڵاتیانی هۆزەكە دەكەن كەلە داوی 2003 ەوەو لە چوارچێوەی مادەی 140 دا لەو ناوچانە دەركراون و گەڕێنراونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان. لەو ئێوارەخوانەداو بەو قەبارە زۆرەی كۆبونەوەكەیان هەست بەلەخۆباییبوون دەكەن‌و لەوێدا دەچنە سەر چەند ماڵكی كورد لەو گوندەو تا ئێستاش 6 خانوویان كۆنترۆڵكردووەو چۆڵیان نەكردووە، هەر ئەوكات چەند هاوڵاتیەكی كورد و عەرەب دەستگیركراون. لەسەر ئەم كێشەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی بە  فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی دەستەی حەشدی شەعبیەوە دەكات و بارودۆخەكە ئاساییدەكەنەوەو هاوڵاتییەكان لەهەردولا ئازاد دەكەن، بەتایبەتیش ئەو ناوچانە سنوری لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانە‌و ئەو خانوانەش كە لەلایەن هاوڵاتیە عەرەبەكانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە خانووی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانن. عەرەبەكان بە پلان گەڕانەوە پێش روداوەكانی پەڵكانە لە 23شوباتی ئەمساڵ  لە نوسراوێكدا عەرەبەكانی هۆزی شەممەر نوسراوێك ئاراستەی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دەكەن و دەڵێن" ئێمە لە رۆڵەكانی هۆزی شەممەر لە پارێزگای كەركوك ناحیەی سەرگەڕان ساڵی 2003 لەلایەن حزبە كوردیەكانەوە لە گوندەكانمان دەركراین‌و بەوهۆیەوە 16 گوندیان داگیركردین) لەبەرامبەردا، پارێزگاری كەركوك پەراوێزێكی لەسەر نوسراوەكەیان نوسیوە بەمشێوەیە:" بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خانەوادانە بۆ ماڵەكانی خۆیان و دەركردنی ئەوانەی زیادەڕۆییان كردووە, لەبەرئەوەی ئەو گوندانە دەكەونە ناوچەی تایبەتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدینەوە".  ئەگەرچی سەرەتا هێزەكانی سەربە ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین رێگری لە گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیە عەرەبانە دەكەن, بەڵام بەهۆی پەیوەندی‌و كاری بەردەوامی سەرۆكی هۆزی شەممەر دواتر ئەو هێزە رێگەیان پێدەدەن‌و هاوكاریشیان دەكەن، تا ئێستاش بەتەواوی ئەو كێشەیە چارەسەر نەكراوە. هەوڵێ گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانە بەپێی بڕیاری 117ی یاسای ئیسڵاحی زەراعی ساڵی 1970یە، كە رێگە بەگەڕانەوەیان دەدات، چونكە بەپێی مادەی 140 ی دەستوری عێراق ناتوانن بگەڕێنەوە.  پارێزگار چی وت؟ ئەمڕۆ 19/5/2019  راكان جبوری, پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پاڵپشتی خۆی بۆ داوای عەرەبەكان دەربڕی و كوردەكانی بە هاوردە بۆ ناوچەكە ناوبرد و رایگەیاند"بەشێك لە دانیشتوانی ئێستای پەڵكانە، كە 13 خێزانن، حەوتیان لە شاری مەهابادی ئێرانەوە هاتون، دوو خێزان لە مەخمور و دووانی دیكەش لە هەولێرەوە، لەگەڵ چەند خێزانێك لە سوریاوە كە خانوی خەڵكی رەسەنی گوندەگەیان داگیركردووە".  پارێزگاری كەركوك دەشڵێت:" خەڵكی ناوچەكە لە عەشیرەتی شەممەرن و ناوچەی ئەوان دوبز، سەرگەڕانە و بەشێك نین لەوانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، پێشتریش دادگا بەپێی یاسا زەوییە كشتوكاڵیەكانی پێداونەتەوە و گرێبەستیان هەیە". سوتانی دەغڵودان لە دوو رۆژی رابردوودا لە چەند گوندێكی سەربە پارێزگای كەركوك ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارە كوردەكان بەردرا، بەتایبەتیش لە گوندی( مەنسور )لە سنوری شارۆچكەی داقوقی سەربە پارێزگای كەركوك و گوندی (قەرەدەرە)ی زێدی كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوری شارۆچكەی دووبزی سەربە پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە دەغڵو دانی جوتیارانی كورد سوتێندرا. جەوهەری كێشەكە؟ عەرەبەكانی ئەو ناوچانە سودیان لە بۆشایی دەسەڵاتی كوردی لەوناوچانە بینیوەو بەهۆی باڵا دەستیانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی كە پێشترو لە سەرەتای 2003 ەوە ناوچەكانیان پێچۆڵكراوە لە چوارچێوەی مادەی 140 ی دەستوری عێراقدا. لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كورد دەسەڵاتی بەتەواوی سنورداركرا لە پارێزگای كەركوك و بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیەوە نەتوانراوە پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت, ئەوەش وایكردووە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە سود لە دەسەڵاتەكانی پارێزگاری ئێستای كەركوك وەربگرن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەوناچانە.  ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتی بەزیانی پێكهاتەی كورد لەو ناوچەیە شكاوەتەوەو زۆربەی كێشەكانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. بەدرێژایی مێژوو كەركوك دروشمی سەرەكی حزبە كوردیەكان بووە, بەڵام ئێستاخاڵی ناكۆكی نێوانیانە, ئەگەرچی هەمان كێشەو روداو روبەروی پارێزگاری نەینەوا بوەوە, بەڵام هەر زوو چارەسەركراو پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای  نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ سەرۆكی حەشدی شەعبی كردو پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا، بەڵام سەرەڕای رێككەوتنی نێوانیان تا ئێستا لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك لەگەڵ یەكێتی رێككنەكەوتوون. هەربۆیە بەپێی نوسراوێك كە لە 17/4/2019 لە بینای پارێزگاری كەركوك واژۆكراوە لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا رێككەوتون راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوك تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە لەبەرامبەر دانانی جێگرێكی كورد بۆ پارێزگار.     


درەو میدیا:  "چەند بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە لە فایلەكەدایە، چوار بۆ پێنج تۆماری دەنگیی‌و وێنەیی پشتڕاستی ئەكاتەوە، بڕین‌و مۆنتاژی پێوە دیارە. دو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی خۆیان لەبەردەمی حاكم وەك شایەت ئیفادەیان لەسەر ئەو بەڵگانە داوە‌و ئیمزایان كردوە"، ئەمە قسەی ئازاد چۆمانی وەك وەكیل‌و پارێزەری یاسایی نەوشیروان مستەفایە، كە عەبدولرەزاق شەریف ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشی چوارەمی نوسینێكیدا بەناوی( ئیتر قسەئەكەم) باسی كردووەو ئاماژەی بە چەندین نهێنیكردووە لەسەر هەوڵی دادگاییكردنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، سەرەتا تۆمارێكی دەنگیی ئەویان لە راگەیاندنەكانەوە وروژاند، دواتر بە رەسمی دەعوایان لە ئاسایشی هەولێرو بەیاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لەسەر تۆماركرد،   عەبدولرەزاق شەریف دەڵێت نەوشیروان فستەفا پێی وتین" 48 سەعات‌و بڕۆن شەخسی مەسعود بارزانی لە میدیاوە بكەن بە ئامانج، باس لە پارتی‌و كەسی تری ناو پارتی مەكەن، ئازاریان بدەن" دەقی نوسینەكەی عەبدولرەزاق شەریف  ئیتر قسە ئەكەم(٤) عەبدولڕەزاق شەریف بەشی چوارەم دوای سەردانەكانی پارتی‌و دوا سەردانی فوئاد حسێن، ئیتر ئەوان دڵنیابون لەوەی كە "نەخێر" بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم، دوا قسەی كاك نەوشیروانە، چونكە چەندجارێك وتبویان ئەگەر تۆ وەڵامەكەت "بەڵێ" بێ، مەسەلەی یاسا‌و پەرلەمان‌و دەسەڵاتەكانی بۆ ئێمە جێ بهێڵە. بەدوایدا، مەسەلەی دادگایكردنی كاك نەوشیروان‌و تۆمارێكی دەنگی ئەویان لە راگەیاندنەكانەوە وروژاند، دواتر بە رەسمی دەعوایان لە ئاسایشی هەولێرو بەیاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لەسەر تۆماركرد، لەگەڵیدا بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر كە سەربە ئاژانسی پاراستن‌و شەخسی مەسعود بارزانییە، تەبلیغی ئامادەبونی بۆ نارد، ئازاد چۆمانی وەك وەكیل‌و پارێزەری یاسایی كاك نەوشیروان، لە نزیكەوە ئامادەی دادگا‌و چاودێری پرۆسەكەی ئەكرد. چەند كاسێت‌و تۆمارێكی دەنگ‌و رەنگیشیان بە گشت سەفارەت‌و كونسوڵخانەكاندا بڵاوكردەوە. هەفتەی یەكەم كەسمان لەو بڕوایەدا نەبوین پارتی ئەو مەسەلەیە بە گرنگی وەربگرێ، لەو ماوەیەشدا گشت نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەچڕو پڕی سەردانی كاك نەوشیروانیان ئەكرد. پێشتر كاك نەوشیروان زۆر بە دەگمەن پێشوازی‌و كۆبونەوەی لەگەڵ بیانییەكاندا ئەكرد، هەمیشە ئەیوت كورد بە مێژوی خۆی میللەتێكی كەسایەتی تێكشكاوە، سەركردەكانی كورد لەجیاتی راستكردنەوەی، بە تەشەبوس‌و میوانداری بێگانە، ئەوەندەی تر ئەم تێكشكانەیان لای كورد بەرجەستە كردوە، ئەركی گۆڕان‌و سەركردایەتی كورد ئەوەیە، شكۆ بۆ ئەو كەسایەتییەی كورد بگەڕێننەوە، ئەو وشەی "دیگنتی- Dignity" بەرامبەر ئەو شكۆیە بەكارئەهێنا‌و ئەیوت من لەبەر ئێوە كە رێكخەری گشتیم نایان بینم، بڕۆن ئێوە بیان بینن، هەندێ نمونەی مام جەلال‌و مەسعود بارزانیشی لەوبارەیەوە باس ئەكرد. لەو رۆژانەی مەسەلەی مەحكەمەكەدا، بیانییەكان بە فرسەتیان زانی، بەچڕوپڕی سەردانی كاك نەوشیروانیان ئەكرد، ئەویش وەك وەڵامێكی ناڕاستەوخۆ بۆ درۆو دەلەسەكانی پارتی رەتی نەئەكردەوە. جارێ بە فرسەتم زانی‌و لێم پرسی: -    كاكە ئەو میوانە بیانیانە هیچ كاتێ باسی ئەو تۆمارە دەنگیانە‌و دەعواكەی پارتی ناكەن؟ -    هەتا ئێستا نە ئەوان‌و نە من لە هیچ دانیشتنێكدا باسمان نەكردوە. هەر لەو ماوەیەدا وەفدێكی باڵای جمهوری ئیسلامی لە تارانەوە هاتنە لای‌، ئەوانیش خۆیان لەو باسە نەدا. چەند جارێ لە مەترسییەكانی ئەو دادگایەی پارتی قسەم كرد‌و كاك نەوشیروان لای گرنگ نەبو، بەڵام لە هەفتەی یەكەمی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا لەسەر ناوەرۆكی دەعواو تەبلیغەكەی پارتی، من‌و شۆڕش حاجی بانگ كرد، ئازاد چۆمانی بە فایلێكەوە لەو كۆبونەوەیەدا بو، داوای لە ئازاد كرد ناوەڕۆكی دەعواكەمان بۆ باس بكات. "چەند بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە لە فایلەكەدایە، چوار بۆ پێنج تۆماری دەنگیی‌و وێنەیی پشتڕاستی ئەكاتەوە، بڕین‌و مۆنتاژی پێوە دیارە. دو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی خۆیان لەبەردەمی حاكم وەك شایەت ئیفادەیان لەسەر ئەو بەڵگانە داوە‌و ئیمزایان كردوە"، ئازاد لەگەڵ قسەكانیدا كاغەز‌و نوسراوەكانی ئەمدیو و ئەودیو پێ ئەكرد، كاك نەوشیروان وتی: -    تۆ چیت پێ ئەكرێ؟ -    ئێمە لە هەنگاوی یەكەمدا هەوڵئەدەین دەعواكە بۆ سلێمانی بگوازینەوە، داواش ئەكەین ئەو شایەتانە بە نهێنی نەمێننەوە‌و بێنە بەرەوڕو، هەرچەندە ئەمەی دوەمیان قورسە‌و رەنگە شایەتەكان لە پیشتی پەردەوە ئامادەبن، بەڵام ئەكرێ دەعواكە بگوازینەوە بۆ سلێمانی. كاك نەوشیروان هیچ ئومێدكی لەسەر قسەكانی ئازاد هەڵنەچنی‌و روی لە ئێمە كرد‌و وتی: -    لە ئەمڕۆوە چیمان پێ بكرێت ئەیكەین. هەڵچون‌و توڕەبونێكی زۆر بە رویەوە دیار بو، هەرسێكمان رامان وابو چاوەڕێ بین تا ئەو پێنجشەمەیەی كە ئازاد ئەڵێ دەعواكە بۆ سلێمانی ئەگوێزینەوە. قسەكەی ئێمەی قبوڵ كرد‌و وتی؛ باشە بزانین پێنج شەممە چی روئەدات. چەند رۆژێك‌و لە نیوەڕۆی پێنج شەممەی ئەو هەفتەیەدا، ئازاد چۆمانی بە هەڵەداوان لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی، وەك هەفتەی پێشو من‌و شۆڕش حاجی بانگكردەوە‌و وتی؛ گوێ لە ئازاد بگرن. -    چیتر هیچ هەوڵێك سودی نیە، لە جیاتی وەڵامی داواكەی ئێمە بۆ گواستنەوە، ئەمڕۆ ئەم فەرمانی دەستگیركردنەیان پێداوم. ئازاد وای وت‌و بەدوایدا كاك نەوشیروان من‌و شۆڕش حاجی راسپارد: -    48 سەعات‌و بڕۆن شەخسی مەسعود بارزانی لە میدیاوە بكەن بە ئامانج، باس لە پارتی‌و كەسی تری ناو پارتی مەكەن، ئازاریان بدەن. بەش بە حاڵی خۆم لە چەندین وێستگەی نالەباری سیاسی‌و شەخیدا ئەو پیاوەم بینیوە، دوجاریان لە نزیكەوە‌و لە كەشفبونی خیانەتی گەورەی دو پێشمەرگەی دەستەكەی خۆیدا، كە هەوڵی كوشتنیان دابو، لەگەڵیدا بوم، هیچ جارێكیان هێندە توڕەو بێزار نەمبینی بو، بیرم ئەكردەوە ئەندازیاری یەكەمی ئەم حكومەتەی هەرێمە كە هەمو تەمەنی لەپێناوی كورد‌و شۆڕشەكەیدا دانا، ئێستا لە دادگای ئەو حكومەتەوە فەرمانی دەستگیركردنی بە خراپترین تۆمەت بۆ دەرئەكرێ، چ كارەساتێكە، حوكمی رەش‌و عەقڵی رەش لەم وێرانەیی نیشتماندا! ئەو؛ كاری دادگا‌و كاردانەوەی پارتی لاگرنگ نەبو، كۆڵی خەم‌و بێزاریی ئەو سەروەختەی ئاشكرابونی ئەو دو ئەندامەی جڤات‌و وێنەگرتن‌و دزەپێكردنی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانە بو، بۆ یەكەمیان بەجیا، من‌و چەند كەسێكی بۆ دۆزینەوە راسپارد، ئێمەش هەمو هەوڵەكانمان لەچوارچێوەی (گومان) تێنەپەڕی‌و نەگەیشتینە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر. بەمدواییە‌و سەبارەت بە تۆمارە دەنگیی‌و وێنەییەكان هەندێ سەرەداوی ئاشكرا دەركەوتن، جارێكی تر لە سنورێكی بەرتەسكدا، داوای لێكۆڵینەوەم كرد، بەداخەوە لەبەر بەرژەوەندی تایبەت، پشتگوێ‌و دیزە بە دەرخۆنە كرا. دەبێ خەڵكی كوردستان‌و هەمو ئەوانەی خۆیان بە پشتیوانی بیری نەوشیروان مستەفا دەزانن، پێبزانن كە: یەكەم: دو ئەندامی جڤات وەك شایەتحاڵ لەدژی كاك نەوشیروان لە دادگا قسەیان لێوەرگیراوە. دوەم: چەند كاسێتێكی تۆماریی ڤیدیۆیی كاك نەوشیروان لە فایلی دادگاكەی دژە تیرۆری پارتیدا هەیە. سێیەم: عەلی حەمەساڵح لە پێش دوا كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی‌و لەبەردەم هەمویاندا لە هەڵچونێكدا وتی: "دەنگ‌و رەنگی كاك نەوشیروانم تۆماركردووە كە باسی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات‌و لە مۆبایلەكەمدا هەیە، كێ ویستی پیشانی ئەدەم". بەدوایدا، سەرەنجی یەكێك لە ئەندامەكانی جڤاتم بۆ ئەم قسەیە راكێشا، كە شارەزای كاروباری لێكۆڵینەوەی ئەمنی بو، ئەویش لای خۆیەوە بەسەرسوڕمانەوە قسەكەی وەرگرتبوو، بێدەنگ بوین‌و شەو بەنامەیەك سكرتێری جڤاتم لەو قسەیەی عەلی ئاگاداركردەوە‌و وتیشم؛ بیرتان نەچێت چەند كاسێتێكی ڤیدیۆیی لە دادگای هەولێرە. هیچ لێكۆڵینەوە نەكراو عەلی حەمەساڵح بە وتەیەك كە گوایە مەبەستی ئەوە بوە لە یوتوب‌و راگەیاندنەكاندا بڵاوكراوەتەوە، خۆی لێ دەرباز كرد، لەكاتێكدا ئەو بە ئاشكرا وتی؛ "خۆم وێنەم گرتوە‌و لە تەلەفۆنەكەی خۆمدایە‌و كێش ئەیەوێ پیشانی بدەم". خۆشبەختانە پاش ماوەیەك گرتەیەكی ڤیدیۆیی تایبەتی كاك نەوشیروان لای (ئارام ئەحمەد)ەوە بڵاوكرایەوە، هەمان گرتەی ڤیدیۆیی بەشێوەیەكی كەمێك جیاواز، لە KNN بڵاوكرایەوە. عەلی حەمەساڵح هاتەوە سەرخەت‌و بۆ پینەكردنی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا وەك تێبینی دەنوسێت "چەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی دیكەی كاك نەوشیروان هەیە باسی زۆر كەسایەتی سیاسی‌و چەند دۆخێك دەكات، بەئاگایی خۆیشی وێنە گیراوە، بەڵام ئەخلاقی سیاسیمان تائێستا رێگەی پێنەداوین هیچی بڵاوبكەینەوە". بەم قسانەی عەلیدا ئاشكرا دیارە، كۆمەڵێك كاسێتی ڤیدیۆیی كاك نەوشیروان دەستاودەستی كردوە‌و كاك عەلیش تائێستا بڵاوی نەكردوەتەوە! ئێستا هەمو ئەوانەی لە نزیكەوە لەگەڵ كاك نەوشیروان ژیاون‌و ناسیویانە، با بكەونە ژێر باری ئەم پرسیارەوە: ئایا خوڵق‌و ئەخلاق‌و كەسایەتی كاك نەوشیروان ئەوە بوە رێگە بدا هیچ كەس وێنەی ڤیدیۆیی بگرێت لەكاتی ئاخاوتنی مەجلیس یان تەلەفۆن‌و پەیوەندیكردندا؟ ئەم چەندین بەڵگە ڤیدیۆییەی كاك عەلی باسی دەكا، لە كوێن‌و چەندیان ئەوانەی ناو فایلەكەی دادگای هەولێرن ؟ ئەی ئەم هەڕەشەی بڵاوكردنەوەیە لە كێیە‌و بۆ كێیە؟ کەمیش نین ئەو کەسانەی ئەو ڤیدۆیانەیان بینیوە و باسیانکردوە. رۆژی دواتر عەلی بەپەلە نوسینەكەی لە واڵی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك سڕییەوە. لەبەشی پێنجەمدا جێبەجێكردنی ئەو فەرمانەی كاك نەوشیروان وەكو خۆی بڵاوئەكەمەوە. مردن‌و نەمری ! "پەنجا ساڵە‌و هەمو كارەكتەرە سیاسییەكانی بیری پێشكەوتوخوازی كورد لەم هەرێمەدا‌و یەك بەدوای یەكدا، كەوتن، هەندێ خۆیان ئەو مێژوەیان سڕیەوە، هەندێ ماڵ‌و مناڵ‌و هاوڕێكانیان كوژاندیانەوە، تەنیا كەسێ نەمرو بەپێوە مایەوە، نەوشیروان مستەفا بو، ئێستا موئامەرەیەكی گەورە لەسەر ژیانی خۆی‌و بیروباوەڕەكەی هەیە، ئەركی سەرشانی ئەم جڤاتی نیشتمانیەیە، كاك نەوشیروان‌و بیروباوەڕەكەی بە زیندویەتی بپارێزێت، مناڵەكانی، ئەركی رێكخراوەیی، هەر بوارێك ئارەزو دەكەن بەشێوەیەكی دەستوری بۆیان رێكبخەن، گۆڕان وەسیلەیە‌و ئەگەر زیندوبمێنێتەوە، دەیان گۆڕانی تر دروست دەبێ، بەش بەحاڵی خۆم گۆڕان بم یان نا، هەتا ماوم كار بۆ نەمری نەوشیروان مستەفا‌و بیروباوەڕەكەی دەكەم"، چەند مانگێ دوای مەرگی كاك نەوشیروان‌و لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانیدا كە زیاد لە 50 ئەندام ئامادەی بون، ئەم قسەیەم بە دورودرێژتر پێوتن‌و بۆم رونكردنەوە، مەحزەری كۆبونەوەكانیش ماون. ئەم رامان‌و روانینەم بۆ؟ لە ئاپۆڕای خەڵك‌و گریان‌و فیزاحی ئەو بەیانییەی 19ی ئایار لە حەوشەكەی شوقەكانی گردی زەرگەتە، ئەم گروپەی ئێستای "خڕ"، لەبیری بڵاوەپێكردن‌و دورخستنەوەی خەڵكدا بون، هەموان‌و هەریەك بە بیانویەك، تەنانەت براو مناڵەكانی خۆشیان دورخستەوە، با هەریەك ئەو پرسیارە لەخۆی بكات، لە نەریت‌و ئەخلاقی كوردەواریدا بەگشتی‌و شاری سلێمانی بەتایبەتی مردو هەر كێ بێ‌و هەر كارە بێ، سەرما‌و تۆفان یان گڕەو گەرما بێ، ئاشتی‌و ئاژاوە بێ، شەو یان رۆژ بێ، كەسوكار‌و هاوڕێ نزیكەكانی تا ناشتنی لێی دورناكەونەوە، هەمو تۆمارە ڤیدیۆییەكان‌و شایەتەكان ماون، (یەك كەسم پێ بڵێن لە كەسوكار، ئەندامانی خانە، ئەندامانی هەردو جڤات لەگەڵ تەرمی نەوشیروان مستەفادا، لە ماڵەوە بۆ خەستەخانەی فاروق بەپێ یان بە ئۆتۆمبێل هاوڕێگەی بوبێ) دڵنیا بن كەسیان. لێرەوە ئەتانگێڕمەوە بۆ دەیان حاڵەت‌و رەفتاری ئەم گروپەی "خڕ"‌و هەندێ لە بازرگان‌و چەند كەسێكی چاپلوسی دەوروبەری كوڕەكانی كاك نەوشیروان‌و چەندین قسەو بیرۆكە‌و بڕیاری مەترسیدار، كە لە هەمویاندا‌و لە سەرەتای ئازاری كۆستەكەدا، رۆژانە دەیاندەچڵەكاندم. بە بڕیار‌و فەرمانی كۆپتەرەكەی سەید عومەر دەستی پێكرد‌و لە كۆبونەوەیەكی پەلەدا پێشنیاریان كرد كەس پارە وەرنەگرێت بۆ هاوكاری ئەم پرسەیە، بەداخەوە دواتر بیستم ئەم‌و ئەو پارەو هاوكاری هەتا كارتۆنە ئاویش بە سەدەقە وەرگیرابو، هێشتا چلەی نەچوبو، لە كۆبونەوەیەكدا، لیژنەیەكیان بەبیانوی نەبونی پارەوە بۆ گەڕان بەسەر دەوڵەمەندەكانی شاردا پێكهێنا، ناوی چیا‌و نما لەگەڵ ئاواتی شێخ جەناب بۆ ئەو لیژنەیە پێشنیاز كرا: -    تكایە كوڕی كاك نەوشیروان لە مەسەلەی پارە‌و پارەكۆكردنەوەدا باس مەكەن. من ئەمەم وت‌و سەید عومەر وتی: -    ئەوان ئەزانن كێ هاوكاری باوكیانی كردووە. بە بێزارییەوە هەستام‌و بەگوێی كاك عومەردا وتم: -    كوڕی كاك نەوشیروان مەكەن بە دەسڕی سواڵ. خۆی بمایە ئەمەی قبوڵ ئەكرد؟! من بە چپە ئەمەم وت‌و كاك عومەر بە دەنگی بەرز‌و بە توڕەبونەوە وتی: -    ئێ چی بكەین، پارە بەوان ئەدەن‌و بەئێمەی نادەن. حەمەتۆفیق بەئاشكرا ئەیوت كاتی ئەوەیە عوسمان‌و قادر دەربكەین، عومەر سەید عەلی دەستەواژەی "نوێنەری ماڵی كاك نەوشیروان"ی بۆ حەمەتۆفیق بەكارئەهێنا، جوامێری برازای كاك نەوشیروان لە هەفتەی یەكەمی پرسەكەدا لە كاروباری ژوری دیپلۆماسی دورخرایەوە، بەختیاری براو هاوڕێی 50 ساڵەی كاك نەوشیروان بێزارو دەبوغزێنرا، بەپەلەدەكردنی قەسامی شەرعی‌و قانونی كاك نەوشیروان‌و ئینتیقالی مەحكەمە‌و بەیاسایی‌و بەرەسمی دەركردنی كچە تاقانەكەی لەو پرۆسەیەدا، تاپۆكردنی هەمو مومتەلەكاتی گۆڕان‌و كاك نەوشیروان‌و گواستنەوەی بۆسەر هەردو كوڕەكەی، پشتیوانی‌و كاك عومەر‌و قسە بەناوبانگەكەی كە دەیوت" بەشكم ئەم تەعزێیە ببێتە عاملی خێر بۆ ئاشتبونەوەمان لەگەڵ پارتی"، ئەمانە‌و بەئاشكرا هەوڵی دورخستنەوەی نزیكەكانی كاك نەوشیروان وای كرد بەپەلە سێ گروپی جیاواز لە بزوتنەوەكەدا فەرز ببن. عوسمانی حاجی مەحمود، قادری حاجی عەلی‌و هاوڕێكانیان، عومەری سەید عەلی‌و تەكەتولە كۆنەكەی، كوڕەكانی كاك نەوشیروان‌و حەمەتۆفیق‌و دەورپشتەكەیان. چەند كەسێكیش لەو تازە پیاكەوتوانەی گردەكە، لە ئەندام پەرلەمان، وەزیر‌و كادری فەیسبوك، لەنێوانیاندا، هامۆشۆو زمانبەدییان ئەكرد‌و خۆیان ساغ نەكردبوەوە. هەڵپەكردن بۆ دەستبەسەراگرتنی هەرسێ جومگەی (ئیعلام، موڵك‌و دارایی، ئیرسی مەعنەویی كاك نەوشیروان) بەخێرایی تێدەپەڕی. تەكەتولەكەی سەید عومەر پشتیان لە بەڵێنی هاوڕێیەتی عوسمان‌و قادر كرد‌و لەگەڵ گروپی كوڕەكانی كاك نەوشیروان موساڵەحەیان كرد، لە دەیان رێگەوە فشاریان بۆ راگەیاندن (لە دەرفەتێكی تردا وردەكاری بڵاودەكەمەوە)، كار گەیشت بەوەی، هیچ نامەیەكی رەسمی‌و ناڕەسمی ئێمەیان نەئەخوێندەوە، كۆبونەوەی ژێربەژێر لەگەڵ كادرو دەستەی جیاواز بەبێ ئاگاداری ئێمە لە میدیا دەكرا، پەلەیان بو خانەی راپەڕاندن دروست بكەن، ئەیانویست عوسمان‌و قادر لە پێكهاتەی خانە دوربخەنەوە، ناوی ئەو دوانە بۆ هەر پۆست‌و پلەیەك ئەهات، حەمەتۆفیق وەك ركابەریان بۆ ئەو پۆستە راست ئەبوەوە. بەیانییەك هەمو ئەو گلەییانەم گەیاندوە سەید عومەر: -    حەمەتۆفیق دەوری خراپ ئەگێڕێ، دەوروپشتی كوڕەكانی كاك نەوشیروان بیری خراپ‌و كاریگەری خراپیان هەیە، تكایە تۆ لە جێگەی باوك‌و مام ئەو كوڕانە بخەرە ژێر فەرمانی خۆتەوە. لەم قسانەدا بوم، جەلال جەوهەر خۆی كرد بە ژورەكەی سەید عومەردا، بە لێبوردنەوە ویستی بڕواتە دەرەوە، بە فرسەتم زانی، ئەویشم تێكەڵاوی باسەكە كرد‌و دوای گفتوگۆیەكی كورت وتی: -    سەد لەسەد تەیدی ئەو قسانەی عەبدولڕەزاق ئەكەم. چەندجارێك لەگەڵ چیا‌و نما، پێكەوە‌و بەجیا دانیشتم، هەمو جارەكان سێ خاڵم بۆ پێشنیاز ئەكردن. یەكەم: باوكتان هی هەمو كورد بوە، تەجاوزی گۆڕان بكەن‌و وابكەن ئێوەش هی هەمو كورد بن. دوەم: ئەم گردی زەرگەتەیە سەرقەبرانی باوكتانە، بەردێك لانابرێ‌و دانانرێ، دەشزانم سورەت قەید‌و قەسام‌و ئینتیقال ئێوە نەتان بیستوە‌و نایزانن، ئەوەش نازانن دابونەریتی سلێمانی وایە باوكمردە لانی كەمی تا ساڵێك عەیبە بەلای ئەو دائیرانەدا بڕوات، پێیان كردن‌و تازە تێپەڕی. سێیەم: دوژمن‌و نەیارو ركابەرەكانی باوكتان پەنجا  ساڵە بە سەدان ماكینەی ئیعلامی‌و سیاسی‌و ئیستیخباراتی كار بۆ شكاندنی ئەكەن، ئەو بە مردنەكەی سیحری هەمویانی بەتاڵكردەوە، دڵنیا بن پەنجا ساڵی تر كار بۆ مردنی راستەقینەی ئەو ئەكەن، چونكە نایانەوێ كورد پیاوی وا دروست بكاتەوە، ئامانجی سەرەكیش ئێوەن، نەك گۆڕان‌و ئێمەومانان، دەكرێ ماوەیەك سەفەر بكەن، یان لە بڕیارو كاری سیاسی بزوتنەوەكە خۆتان دوربخەنەوە. هەمو جارەكان جۆرێ لە دڵنەوایی‌و رەزامەندیم لای ئەوانەوە هەست پێ ئەكرد، تەنیا جارێك نەبێ، چیا لە درێژەی گفتوگۆیەكماندا وتی: -    كاك رەزاقیش وەك رێبین‌و مەریوان (رێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع) ئەیەوێ ئێمە دوربكەوینەوە. كاتێكیش هەواڵی تاپۆكردنی گردەكە لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوكرایەوە، گفتوگۆیەكی لاوەكی لەناو گۆڕانخوازاندا دروست كرد، رونكردنەوەیەكی (چیاو نما) لەڕێگەی مامۆستا جەمالەوە پێگەیشت‌و وتیشی: -    من‌و كاك عومەر پێكەوەین، كوڕەكان ئەم رونكردنەوەیان بۆ ناردوین‌و رای تۆمان ئەوێ. تەنیا دەستەواژەیەك كە داوام كرد لەو رونكردنەوەیەدا بیگۆڕن، ئەوە بو "گردی زەرگەتە لە خزمەتی گۆڕاندایە" بگۆڕن بە "گردی زەرگەتە هی گۆڕانە"، هەردو مامۆستاكە راكەی منیان پێ دروست بو، هەرچەندە گۆڕینی ئەو دەستەواژەیە تەنیا ئەرزشێكی ئیعلامی‌و مەعنەوی هەبو، بەڵام بۆ بەیانی كە ناردیان بۆ بڵاوكردنەوە، دەستكاری نەكرابو، پێش بڵاوكردنەوەشی، پەیوەندیم پێوەكردن‌و وتم: -    بەڵێن بو ئەو دەستەواژەیە بگۆڕین؟! لەوەڵامدا وتیان: -    ئێمە ئەمانەوێ بەو قسەیە مەسەلەی ئەم گرد‌و تاپۆكردنە كۆتایی بێت. ماویەتی..


(درەو میدیا): شاسوار عەبدولواحد سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لە ئاسایشی گشتی لە زیندانی تاكەكەسیدایەو ئەمڕۆ رێگە بە چاوپێكەوتنی دراوە. بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەمڕۆ سروە عەبدولواحید خوشكی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خانەوادەكەی لە گرتوخانەی ئاسایشی گشتی لە سلێمانی چاویان بە شاسوار عەبدولواحید كردووە.  


 (درەو میدیا): (10) ژنی داعش لە رۆژئاوای كوردستانەوە رەوانەی هەولێر دەكرێن، ئەمە بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان بەرپرسانی هۆڵەندا‌و عێراقدا كراوە. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی (ئەی دی) هۆڵەندا بڵاویكردوەتەوە، (35) ژن‌و منداڵ كە هاوڵاتی هۆڵەندین، بەمدواییە لە سوریا دەستگیركراون‌و لە كەمپێكدا نیشتەجێ كراون.  بەپێی قسەی رۆژنامەكە، ئێستا بەرپرسانی هۆڵەندا دەیانەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، (10) كەس لەو ژنە دەستگیركراوانە لە سوریاوە بگوازنەوە بۆ هەولێر‌و لەوێوە لەڕێگەی كونسوڵخانەكەیانەوە بیانگەڕێننەوە بۆ هۆڵەندا. بەرپرسانی هۆڵەندا مەترسییان هەیە هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان كە ئەندامی رێكخراوی "داعش" بوون دوای دەستگیركردنیان، لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان لەسەر جێبەجێ بكرێت، بۆیە دەخوازن بیانگەڕێننەوە بۆ هۆڵەندا‌و لەوێ دادگایی بكرێن. بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان دەڵێن، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا هێزەكانی سوریای دیموكرات نزیكەی (10 هەزار) ژن‌و منداڵی "داعش" یان دەستگیركردووە‌و لە دوو كەمپدا نیشتەجێیان كردوون، بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان ئامادەن دەستگیركراوەكان رادەستی وڵاتەكانیان بكەنەوە، بەڵام بەمەرجێك پاش رادەستكردن دادگایی بكرێن.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف ئێستا سەرچاوەو بڕی داهاتی هەرێمی كوردستان دیارەو حكومەتی هەرێم دەزانێت چەندی دەستدەكەوێت و چۆن خەرجی دەكات، بەڵام خۆی بەدوور دەگرێت لە یاسای بودجەو ژمێرەی كۆتایی، بەوەش داهاتی هەرێم و خەرجكردنی لەدەستی چەند كەسێكدا دەبێت و چۆنیان بوێت وا خەرجی دەكەن. لەدوای 2013 ەوە تا ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بودجە و بەبێ هیچ چاودێرییەك بودجە خەرج دەكات، ئەمەش هۆكار بۆ ناڕونی لە داهات و خەرجییەكانی. حكومەتی هەرێم لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییدا یاسای بودجەی هەبووە، بەڵام ماوەی شەش ساڵە ( 2014, 2015 , 2016, 2017 , 2018, 2019 ) بەبیانووی قەیرانی داراییەوە یاسای بودجەی نەبووەو نەیناردوەتە پەرلەمانی كوردستان، ئێستا كەس نازانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆی داهاتەكانی چەندەو چۆن خەرجی دەكات؟ داهاتەكانی هەرێم  لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە حكومەتی هەرێم خۆی لە یاسای بودجە دەدزیەوە، بەڵام ئێستا سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم دیارن و حكومەت دەزانێت داهاتی مانگانەو تەنانەت ساڵانەشی چەندە، كۆی داهاتی حكومەتی هەرێم لە مانگێكدا بریتیە لە:  •    پارەی بەغداد مانگانە: ( 522 ملیار) دینار  •    داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم: ئێستا زیاتر لە ( 750 ملیار ) دینارە •    كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم: نزیكەی ( 150 ملیار ) دینارە •    پارەی هاوکاری ئەمریکا: ( 30 ملیار ) دینارە •    كۆی گشتی داهاتی هەرێم: ( یەك ترلیۆن و 452 ملیار) دینار  ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچە بەبێ پاشەكەوت بە ( 1 ملیۆن و 249 هەزار ) موچەخۆر دەدات كە بۆ هەرمانگێك ( 881 ملیار ) دینارە، بەڵام ئەو داهاتەی مانگانە دێتە دەستی حكومەتی هەرێمەوە زۆر لەو بڕە زیاترە، بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێم بەشی زۆری داهاتەكەی دەداتەوە بە قەرزی كۆمپانیاكان و ئەو قەرزانەی لە چەند ساڵی رابردوودا كردونی. كۆمپانیای روزنەفتی روسی رایگەیاندووە تا مانگی 12/2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ( 3 ملیار دۆلار) قەرزداری کۆمپانیاکە بووە، بەڵام قەرزەكانی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ 2019 بۆ ( 1 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار) دابەزیوە، واتا لە ماوەی تەنها 4 مانگی ئەمساڵدا حكومەتی هەرێم بڕی ( 1 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار) قەرزی كۆمپانیاكەی داوەتەوە. چاوەڕەوانناكرێت لە ئەمساڵدا حكومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكات، چونكە دەیەوێت لەماوەی ئەمساڵدا كۆی قەرزەكانی بداتەوەو لە ساڵی داهاتووە كێشەی نەوت لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات، چونكە ئەو رێككەوتنەی كراوە لەسەر یاسای بودجەی عێراق و ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ ماوەی یەك ساڵە. بودجەی حكومەتی هەرێم هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 1992 و رێكخستنی دامودەزگاكانی، سەرجەمی ئەو داهات و سامانەی كە هاتوەتە خەزێنەی حكومەتەوە سەرەتا پشكی گەورەی بۆ حیزبەكان بووەو بەشێكی كەمی دراوەتە موچەخۆران و پرۆژەكان.  بەپێی بەڵگەنامەییەكی نەوشیروان مستەفا كە لە وتارێكدا بەناوی ( حیزب و حوكم، ئەزمونی كوردستان ) بڵاویکردوەتەوە، لە مانگی 10ی 1994 دا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ( 86 ملیۆن و 450 هەزار ) دیناری سویسری بووە، هاوكات ئەو پارەیەی دراوە بە یەكێتی و پارتی ( 80 ملیۆن ) دینار بووە، واتا نزیكەی نیوەی ( 50% ) ی كۆی بودجەی حكومەت دراوە بە یەكێتی و پارتی . هاوكات لە ساڵی 1999 و لە سەردەمی كابینەی كۆسرەت رەسوڵدا ( ئیدارەی سلێمانی ) بودجەو داهاتی گشتی وڵات ( 30% بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی ، 35% بۆ هێزی پێشمەرگە یەكیتی ، 35% بۆ حكومەت) ، واتا ( لە 65% بودجە بۆ حیزب و 35% یش بۆ حكومەت )، بێگۆمان لە ئیدارەی پارتیشدا لەوە باشتر نەبووە.  پرۆژە یاسای بودجە •    یەكەم پرۆژە یاسای بودجە یاسای ژمارە ( 5)ی ساڵی 1993ی یاسای بودجەی ساڵی 1993ی هەرێمی كوردستان بوو، كە لەو ساڵەدا كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان خەمڵێنراوە بە ( 1.013.812.000 ) یەك ملیارو 13 ملیۆو 812 هەزار دینار، و كۆی خەرجیەكانیش خەمڵێنراوە بە ( 1.234.869.400 ) یەك ملیار و 234 ملیۆن و 869 هەزارو 400 دینار. •    لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و روداوەكانی 31ی ئابی 1996 یاسای بودجە دانرا، كە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 1996 بۆ ماوەی ( 1/9/1996 – 31/12/1996 ) واتا بۆ ماوەی تەنها سێ مانگ بودجەی داناوە، كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان ( 225.000.000 ) دووسەدو بیست و پێنج ملیۆن دینار و كۆی خەرجیەكانیش بۆ ماوەی ئەو سێ مانگە بریتی بووە لە ( 357.416.000 ) سێسەد و پەنجاو حەوت ملیۆن و چوارسەدو شانزە هەزار دینار لەگەڵ ( 160.000 ) 160 هەزار دۆلار . •    لە یاسای بودجەی 1998 دا كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان( ئیدارەی هەولێر) كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوەو كراوە بە یاسا ( 2.247.715.000 ) دوو ملیارو 247 ملیۆن و 715 هەزار دینار. •    لەدوای ساڵی 2004  و دیاریكردنی پشكی 17%ی بودجەی هەرێم لە بەغداوە، داهاتی هەرێم زیاد دەبێت، بەتایبەتیش لەدوای پێکهێنانی كابینەی یەكگرتوو ئیتر بیر لە یاسای بودجەی تۆكمە كرایەوە. •    لە ساڵی 2007 ەوە یاسای بودجەی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان دانرا، بەپێی یاسای ژمارە ( 20)ی ساڵی 2007 ی یاسای بودجەی هەرێم، كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان ( 7.847.660.000 ) حەوت ترلیۆن و 847 ملیارو 660 ملیۆن دینار بووە، كە ( 5.982.356.000 ) پێنج ترلیۆن و 982 ملیارو 356 ملیۆن دینار)ی پشكی هەرێمە لە بودجەی عێراق و ئەوەی تریشی داهاتی ناوخۆیی هەرێمە . •    لە یاسای بودجەی 2008 بەپێی یاسای ژمارە ( 3 ) ی ساڵی 2008ی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان، كۆی داهاتەكانی هەرێم ( 7.628.783.000 ) حەوت ترلیۆن و 628 ملیار و 783 ملیۆن دینارەو پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق ( 6.580.784.000) شەش ترلیۆن و 580 ملیارو 784 ملیۆن دینارە. •    یاسای بودجەی 2009 كە یاسای ژمارە ( 8)ی ساڵی 2009 ی یاسای بودجەی هرەێمی كوردستان بۆ ساڵی 2009 كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ( 8.857.263.000 ) هەشت ترلیۆن و 857 ملیارو 263 ملیۆن دینار، پشكی هەرێم لە بودجەی عێراقیش بە هەمان بڕ ( 8.857.263.000 ) هەشت ترلیۆن و 857 ملیارو 263 ملیۆن دینار دانراوە. •    یاسای بودجەی ساڵی 2010 كە یاسای ژمارە ( 1)ی ساڵی 2010 ی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستانەو كۆی خەرجیەكانی هەرێمی كوردستان دانراوە بە ( 11.432.176.000) 11 ترلیۆن و 432 ملیارو  176 ملیۆن دینار.  •    یاسای بودجەی 2012 كە یاسای ژمارە ( 6) ی سالی 2011 ی یاسای بودجەی هرەێمی كوردستان كۆی داهاتەكەی بە ( 12.386.000.000 ) 12 ترلیۆن و 386 ملیار دینار بووەو پشكی هەرێمیش لە بەغداوە ( 11.180.000.000 ) 11 ترلیۆن و 180 ملیار دینار بووە. •    یاسای بودجەی 2012 كە یاسای ژمارە ( 8)ی ساڵی 2012ی یاسای بودجەی هەرێمەو كۆی داهاتی هەرێم دانراوە بە ( 13.200.950.000.000 ) 13 ترلیۆن و 200 ملیار و 950 ملیۆن دینار، پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق ( 12.604.950.000.000 ) 12 ترلیۆن و 604 ملیارو 950 ملیۆن دینار بووە.  •    یاسای بودجەی 2013 كە دوایین یاسای بودجەی هەرێمی كوردستانە كە یاسای ( 1)ی ساڵی 2013ی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان كۆی داهاتەكانی دانراوە بە ( 15.257.849.000.000 ) 15 ترلیۆن و 257 ملیارو 849 ملیۆن دینار بووەو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق ( 14.406.735.000.000 ) 14 ترلیۆن و 406 ملیارو 735 ملیۆن دینار  


 ڕاپۆرت: درەومیدیا موقتەدا سەدر، ئەو جادوگەرە سیاسیەی  یار و نەیاری سەرسام كردووە بە سیناریۆ چاوەڕاننەكراوەكانی، جارێكی تر خۆی و هەوادارەكانی كردەوە مانشێتی یەكەمی ڕۆژنامە ومیدیا بینراو و بیستراوەكانی عێراق و ئەو پەیامەی دایەوە بە گوێی هەموو لایەكدا، گەرچی پێكهێنەرێكی سەرەكی دەسەڵاتیش بێت لە عێراق، بەڵام هیچ هێزێك نییە بتوانێت زۆرانبازی سەر شەقامەكانی لەگەڵ بكات. لەگەڵ ئەوەی هیچ وەزیرێكی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەبێ‌ پرس و ڕەزامەندی سەدر پێی نەناوەتەوە وەزارەتەكەیەوە، وێڕایی هەموو فشارە ئیقلیمی و ناوخۆییەكان، تائێستاش نەیهێشتوە كەس لەسەر كورسی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری عێراق دانیشێت، هێشتا واش پێوەرەكانی خۆی لەسەرو دادگاكان و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی دەوڵەتەوە دەبینێت و بەڕێگای خۆی نەیارەكانی سزا دەدات و ململانێكانیان لەگەڵ پاكتاودەكات، جا ئەوانە دۆستە دێرینەكانی دوێنێی خۆی بن، یان نەیارە تەقلیدییەكانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق. خەڵكی ڕوبەڕوكردنەوە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو موقتەدا سەدر ڕابەڕی ڕەوتی سەدر، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی ڕەوتەكەی كە لە پرۆژە بازرگانییە حكومییەكاندا كاردەكەن، پێشیوتن" چیتر ناتوانم بەرگەی ناشرینكردنی ناوبانگی باوكم و دەرچونتان لە ڕێیازەكەی بگرم".  ئەم پەیامە كورتەی سەدر بەس بوو بۆ گڕدانە هەستو و سۆزی هەوادارەكانی و هاندانیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو ئەوانەی سەدر بە گەندەڵ و گەندەڵكاری تۆمەتباری كردون، بەو هۆیەشەوە شەوی ڕابردوو لایەنگرانی سەدر لەچەند پارێزگایەكی عێراق خۆپیشاندانیانكردو لەشاری نەجەف هێرشیانكردە سەر مۆڵێكی بازرگانی بە ناوی (بەشیر) كە لەلایەن یەكێك لەسەركردەكانی پێشوی ڕەوتی سەدرەوە خاوەندراێتی دەكرێت و سوتێنرا و، ژەماریەك خۆپیشاندەریش لە توندوتیژییەكاندا كوژران و برینداربوون. (جەواد گەرعاوی) خاوەنی مۆڵەكە لە تۆمارێكی دەنگیدا كە ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویانكردۆتەوە، بەرپرسیارێتی پاراستنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیانی لە شاری نەجەف  خستۆتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران و، سەدری تۆمەتباركردووە بە هاندانی هاوڵاتیان. چالاكان ڕەخنە دەگرن هاوكات ژمارەیەك لە چالاكانی مەدەنیش لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ڕێوشوێنەكانی سەدر بۆ سزادانی بەرپرسانی ڕەوتەكەی، بۆتە مایەی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، وێڕای ئەوەی ناكرێت لەدەوڵەتێكی مەدەنیدا رێوشوێنێكی لەوشێوەیە پیادەبكرێت، بەوپێیەی تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەوكاتەی تاوانەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، ئەوەی بەو كارەش هەڵدەسێت دادگاكانە، چالاكانی مەدەنی داوایان لە سەدر كردووە ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی لایە ڕادەستی دەستەی نەزاهەی بكات بۆ ئەوەی یاسا ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت و لێپێچینەوەیان لێبكات، نەك وایانلێبكات بەزەلیلی بچنە بەردەمی خۆی و داوای لێبوردنی لێبكەن، وەك ئەوەی لەڕابردودا ڕویداوە و دواتر بەردەوامبون لەگەندەڵكاری.   سەدر ژیرانە ئامانجەكەی دەپێكێت بەڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق، سەدر ژیرانە شەقام بەكاردەهێنێت بۆ یەكلایكردنەوەو پاكتاوكردنی ململانێ‌ سیاسیەكان لەگەڵ نەیارەكانی، جا ئەم نەیارانە لەناوخۆی حزبەكەی بن یان لەدەرەوەی حزبەكەی، یاریكردنیش لەسەر وەتەری گەندەڵی یەكێكە لەو پرسانەی كە لەشەقامی عێراقیدا هەستیارییەكی زۆری هەیە، بەوپێیەی ئەو قەناعەتە بە تۆخی لای خەڵك چەسپیوە، كە ئەو نادادییە كۆمەڵاتییەی تیادا دەژی و هەموو ئەو نەبونیانەی ڕۆژانە بەرۆكی دەگرێت، هۆكارەكەی نوخبەی سیاسی لێی بەرپرسە كە هەر یەكێكیان گیرفانی تۆنێلێكی بێكۆتاییە.  وەك ئەو چاودێرانە دەڵێن، دیسان لەمەشدا سەدر ژیرانە دۆسیەكەی هەلبژاردووە بۆ لێدان و خستنی نەیارەكانی، چونكە ئەگەر مەسەلەكە شەڕێكی ڕووت و پەتی بوایە لەسەر گەندەڵی، ئەوا  دەبوو سەدر دەیان بەرپرسی خۆی سزابدایە، بەو پێودانگەی ڕەوتەكەی لەبەشێكی بەرچاو لەحكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بەشداریكردووە و دەیان بەرپرسی سەدریش بەگەندەڵی و بردنی ماڵی گشتی تۆمەتباركراون، بەڵام نە لەئاستی ناوخۆی حزبەكە و نە لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەوڵەتیش لێپێچینەوەیان لێنەكراوە. 


درەو میدیا:  پێنج بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای كەركوك كە دوو ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ئەندامێكی جڤاتی گشتی و دوو ئەندام ژووری ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان دەستیانلەكاركێشایەوە. هەریەك لە مەلا فەرمان (ئەندامی جڤاتی نیشتمانی)، ئەحمەد عەزیز (ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و رێكخەری ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان)، عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا (ئەندامی جڤاتی گشتی)، عەبدوڵڵا حەبیب و لەتیف فاتیح فەرەج (ئەندامانی ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان)، لە راگەیێندراوێكدا دەستلەكاركێشانەوەیان لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند. سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە" ئێمە پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی ئەو سەركردایەتییە لە راستە رێگاكەی خۆی لایداوە، كە لە پێناویدا دامەزرا. كاركردن لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، دژایەتیكردنی گەندەڵی، قیادەكردنی سیاسەتێكی كوردستانی بەرامبەر كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، هێنانەكایەی سیستەمێكی پەرلەمانی، لایەنی كەم كە هاوشێوەی بەغداو دووركەوتنەوە لە سیاسەتی حكومڕانی بنەماڵەیی بێت و چاوەڕوان دەكەین بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵدێری گەورەتر ببەن ئەو سەركردایەتییە"     دەقی راگەیێندراوەكە: پرسی كەركووك.. بارودۆخ و رەوشی كەركووك گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك، ئێستا هەڕەشە لەسەر خەڵك و خاكەكەی دروستبووە، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵەو نادووربینی سیاسەتەكانی یەكێتی و پارتی و بێهەڵوێستی لایەنەكانی دیكە بەرامبەر كەركووك ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان هاتووەتە ئاراوە. دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سیاسەتی تەعریب و پەراوێزخستنی كورد لە كەركووك و خورماتوو و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو سەریهەڵداوەتەوە. بەداخەوە دوای هەوڵێكی زۆمان لەگەڵ خانەی راپەڕاندن، ئامادەنەبوون لە كاتی خۆیدا لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر تەنانەت بەیاننامەیەكیش دەربكەن، لە سەروبەندی رێككەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دروستكردنی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای پێشنیار و ئیلحاحی زۆرمان لەسەر هەردوو ئاستی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ پشك و ئەجێندایەكی بۆ كەركووك و خورماتوو و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانی تێدا نەبوو. ئێمە پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی ئەو سەركردایەتییە لە راستە رێگاكەی خۆی لایداوە، كە لە پێناویدا دامەزرا. كاركردن لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، دژایەتیكردنی گەندەڵی، قیادەكردنی سیاسەتێكی كوردستانی بەرامبەر كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، هێنانەكایەی سیستەمێكی پەرلەمانی، لایەنی كەم كە هاوشێوەی بەغداو دووركەوتنەوە لە سیاسەتی حكومڕانی بنەماڵەیی بێت و چاوەڕوان دەكەین بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵدێری گەورەتر ببەن ئەو سەركردایەتییە. دوای بێهیوابوونمان لە خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ راستكردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارماندا دەستلەكاربكێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لەسەر ئەرك و كاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێی هەبووەو ئاماژەمان پێیكرد لە سەرەوە، بە تایبەتی سیاسەتێكی كوردی كوردستانی بۆ ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان. ستافی ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان مەلا فەرمان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەول، ئەندامی جڤاتی گشتی ئەحمەد عەزیز، رێكخەری ژوور عەبدوڵڵا حەبیب، ئەندامی ژوور لەتیف فاتح فەرەج، ئەندامی ژوور كەركووك 16-5-2019    


( درەو میدیا): لایەنگرانی رەوتی سەدر لە شاری نەجەف هەڵیانكوتایە سەر چەند مۆڵ‌و ماركێت‌و سەنتەری بازرگانی كە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ چەند کەسێک کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دوورخراونەتەوە، بە گوێرەی میدیاكانی عێراق تائێستا كەسێك كوژراوە‌و 23 كەسی تریش برینداربوون. سەدر لە رەوتەكەیەوە دەستیپێكرد موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرو هاوپەیمانی سائیرون، لە بەیاننامەیەكدا لیژنەیەكی سێ‌ كەسی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی كە سەربە رەوتی سەدرن و سەرقاڵی كاری بازرگانین لە پرۆژەی تایبەت‌و حكومییدا. هاوكات سەدر چەند كەسێكی نزیكی رەوتەكەی‌و سەرایا سەلامی باڵی سەربازی رەوتی سەدری دوورخستەوە، لە كاردانەوەی ئەو هەنگاوەی سەدردا لایەنگرانی ئەمڕۆ لە نەجەف هەڵیانكوتایە سەر چەند مۆڵ‌و ماركێتێكی سەربە ئەندامانی رەوتی سەدرو لەسەریان نوسی "داواكراوە لەلایەن سەیدەوە". ئەمشەوی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر توندوتیژی لێكەوتەوە‌و بەوتەی میدیاكانی عێراق لەمیانی هەڵكوتانە سەر ( مۆڵی بەشیر) كە خاوەنەكەی بەشیر كەرعاوییە كەسێك كوژراوە‌و زیاتر لە 20 كەسی تریش برینداربوون، هەندێك سەرچاوەش باس لە كوژراوی دوو كەس دەكەن. سەدر داوای خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكات دوابەدوای كوژران‌و برینداربوونی لایەنگرانی،  سەدر لە بەیاننامەیەكدا داوای لە لایەنگرانی كرد لە بەردەم مۆڵی سەركردە گەندەڵەكانی رەوتی سەدردا مانبگرن‌و كۆببنەوە و داواشی لێكردن گەمارۆیان بخەنەسەرو بۆ ماوەی سێ‌ رۆژی هیچیان لێ‌ نەكڕن. هەروەها سەدر داواشی لە لایەن سیاسییەكان كرد دەستوەردان بكەن بۆ هەڵگرتنی ستەمو لێپرسینەوە لەو چەكدارانەی كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە. سەدر داواشی لە لایەنگرانی كرد ریگا‌و شەقامە گشتییەكان دانەخن و زیان لە ماڵی خەڵكی نەگەینن‌و بە ئاشتیانە خۆپیشاندان بكەن.


درەو میدیا:  بەپێی نوسراوێكی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاساییشی گشتی فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرچووە، لە رۆژی سێشەممە 14/5/2019 ، سكاڵاكە لەلایەن بەرێوەبەرێتی ئاساییشی گشتیەوە تۆماركراوەو جۆری تۆمەتەكەش مادەی ( 2 )ە لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، كە بەپێی ئەو مادەیە شاسوار عەبدولواحید ئەگەر تۆمەتەكەی بەسەردا ساغبێتەوە، ئەوا بەیەكێك لەم شێوازانە سزادەدرێت: -    بۆ ماوەیەك بەند دەكرێت ( حبس ) كە لە ( 6 ) مانگ كەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت  -     بە غەرامەیەك سزا دەدرێت كە لە (1000000) یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت     دەقی مادەی ( 2 ) لە یاسای ژمارە ( 6)ی ساڵی 2008 لە یاسای   قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان دەڵێت:  "هەركەسێك ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی ( موبایل ) یان ئامێرێكی پەیوەندی پەیوەندی كردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیكترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن ( قژف ) یان جنێودان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەكارهێنا كە ترس پەیدا دەكات یان دزەی بە گفتوگۆ كردن كرد یان وێنەی چەسپاو یان جووڵاو یان كورتە نامەی بڵاو كردەوە كە لەگەڵ خۆرەوشتی گشتیدا ناگونجێ یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان كاروبارێكی وا كە شەرەف بریندار بكات یان هانی ئەنجام دانی تاوان یان كاری بەدرەوشتی یان بڵاو كردنەوەی زانیاری پەیویست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاكەكان بڵاوبكاتەوە كە بەهەر رێگایەك بێت چەنگی كەوتبێت هەتا ئەگەر راستیش بن ، ئەگەر بە هۆی بڵاوكردنەوەیان و دابەشكردنیان سوكایەتی یان زیانیان پێ بگەیەنێت ، ئەوا بۆ ماوەیەك بەند دەكرێت ( حبس ) كە لە ( 6 ) مانگ كەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت وە بە غەرامەیەكیش سزا دەدرێت كە لە (1000000) یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەكێك لەو دوو سزایە سزادەدرێت"  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان وەزارەتێك لە كابینەی نوێی حكومەت وەردەگرێت‌و تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لەدەستدەدات. رۆژی 10ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دوای نوێژێكی بەكۆمەڵ، لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزور كۆبوەوە. تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكە، تاوتوێكردنی پرسی سازدانی كۆنگرەی داهاتووی حزبەكە بوو، لیژنەیەك راسپێردرا پەیڕەوی ناوخۆی حزب هەموار بكاتەوە. حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ هەردوو حزبی (پارتی كرێكاران‌و رەنجدەرانی كوردستان)‌و (یەكێتی نەتەوەیی كوردستان) بەشداری كرد، لیستەكە یەك كورسی پەرلەمانی بردەوە كە بەر سۆسیالیست كەوت‌و عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست بۆ خولی سێیەم چووەوە ناو پەرلەمانی كوردستان. سۆسیالیست بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنەكەی، یاخود تاكە كورسییەكەی خستە پاڵ لیستی پارتی‌و فراكسیۆنی هاوبەشی پێكهێنا. كورسییەك لە حكومەت پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بڕیاریداوە حزبی سۆسیالیست بەشداری پێبكات لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی سۆسیالیست لە گوڵەخانە، پرسی بەشداریكردنی حزبەكە بوو لە كابینەی نوێی حكومەت. بەختیار كەریم وتەبێژی سۆسیالیست لێدوانی بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان داوە‌و دەڵێ" حیزبی سیۆسیالیست پێشنیاری پارتیی بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت پەسەند كردووەو لە كابینەی نوێ بەشداری دەكەین". سایتی فەرمی پارتی، لەزاری بەرپرسانی باڵای حزبەكەیەوە نوسیویەتی" پارتی بە قەبارەی كورسی مامەڵە لەگەڵ سۆسیالیست ناكات، خەباتی شاخ‌و بەرگری لە كوردستان لە شەڕی داعش‌و پشتیوانی بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی بە‌پێوەر دادەنێت". وتەبێژەكەی سۆسیالیست باسی لەوەكردووە" پارتی پێشنیاری پۆستی وەزارەتی خزمەتگوزاریی بۆ كردوون، بەڵام وەزارەتەكە تائێستا دیاری نەكراوە". (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەری زۆرە پارتی پۆستی وەزارەتی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان بدات بە حزبی سۆسیالیست. هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سۆسیالیست هەر پۆستێكی وزاری وەرگرێت، عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەدی حاجی مەحمود پۆستەكە وەر دەگرێت، كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. یەكێتی یان پارتی ؟ حزبی سۆسیالیست كە بنكە سەرەكییەكەی لە سنوری زۆنی سەوزە‌و لە رۆژانی شەڕی ناوخۆدا لەبەرەی یەكێتی نیشتمانی دژ بە پارتی شەڕی دەكرد، ئێستا لە پارتی نزیكترە، وەكو وتەبێژی حزبەكە دەڵێ" ئێمە وەك سۆسیالیست پێوەندیمان لەگەڵ زۆربەی حیزبەكان باشە،‌ بەڵام لەگەڵ هەندێك حیزبی سیاسی خاڵی هاوبەشمان زیاترە، لەوانەش‌ لەگەڵ پارتی خاڵی هاوبەشمان زۆرە". چەند رۆژێكە حزبی سۆسیالیست لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش جموجوڵی سیاسی دەستپێكردووە‌و دەیەوێت هاوتەریب لەگەڵ نزیكبونەوەی لە پارتی، پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ یەكێتی توندوتۆڵبكاتەوە، بەوپێیەی ئەم حزبە لە زۆنی سەوز ژمارەیەك پۆستی ئیدارەی بەدەستەوەیە. كورسی پەرلەمان یان حكومەت ؟ ئەگەر حزبی سۆسیالیست بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، تاقە كورسییەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لەدەستدەدات. ئەو كورسییەی كە ئێستا عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پەرلەمانی كوردستان لەسەری دانیشتووە، كورسی دەنگی سێ لایەنە كە پێكەوە لە لیستێكدا بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی رۆژی 10ی مانگی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سۆسیالیستدا لە گوڵەخانە، بڕیاردراوە سۆسیالیست كە پۆستی وەزارەتی لە حكومەت وەرگرت، كورسییەكەی پەرلەمان بەجێبهێڵێت بۆ كەسێك لە پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران كە (باپیر كامەلا) سەرۆكایەتی دەكات، واتە سۆسیالیست كورسییەك لە حكومەت وەردەگرێت‌و كورسییەكەی پەرلەمان لەدەستدەدات بۆ هاوپەیمانەكەی.  (درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو سۆسیالیستدا بۆچونێكی تر هەیە‌و داوا دەكات سۆسیالیست كورسییەكەی پەرلەمان نەدات بە هاوپەیمانەكانی‌و لەبری ئەوە هەواڵبدات لەگەڵ پۆستە وزارییەكەدا كە لە حكومەت وەریدەگرێت چەند پۆستێكی بچوكترە وەرگرێت‌و هاوپەیمانەكانی بە وەرگرتنی ئەو پۆستانە قایل بكات.


 (درەو میدیا): مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت دەكات لەسەر ئەوەی دەبێت پرسی كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا چارەسەر بكرێت. مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرپەرەشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری حزبەكە لە شاری سلێمانی كۆبوەوە. دوای كۆبونەوەكە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" چاوەڕوانین لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتدا، پرسی كەركوك‌و بەغداد چارەسەربكرێن". پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی كۆتاییان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزاكردووە، بەڵام ئێستا جارێكی تر ناكۆكی لەنێوانیان دروستبوەتەوە. یەكێتی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارێزگارێكی نوێ كەركوك هەڵبژێرێت، واتە پارتی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی كەسێكی یەكێتی بدات وەكو پارێزگاری كەركوك، بەڵام پارتی ئامادەی ئەم هەنگاوە نییە. هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت لەخۆدەگرێت، بەڵام بەرپرسانی پارتی رەتیدەكەنەوە. قسەی ئەمڕۆی وتەبێژی یەكێتی، دەریدەخات یەكێتی هێشتا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرێت. یەكێتی‌و پارتی سەرباری كەركوك، لە بەغدادیش هەندێك ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە كە تائێستا بەتەواوەتی چارەسەر نەكراون، لەوانە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی داد كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت لەگەڵ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن پارتییەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand