ساڵانە هەرێم بەبەهای 80 ملیار دینار پیازو تەماتە هاوردە دەكات
2019-08-02 17:27:24
راپۆرتی: محەمەد رەئوف– فازل حەمە رەفعەت
هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان ساڵانە (23 كیلۆ) خەیارو (30 كیلۆ) تەماتەو (24 كیلۆ) پیاز دەخوات، لە سێ ساڵی رابردوودا لە هەرێم بەبەهای نزیكەی (400 ملیار) دینار میوەی مزری وەك (پرتەقاڵ، لالەنگیو لیمۆ)ی هاوردەكردووە.
24 كیلۆ پیاز بۆ یەك كەس
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی ناوخۆیی بە (135 هەزار) تەن پیاز هەیە، لەو بڕە پێویستی بە (92 هەزارو 235) تەن پیازی سپی یە، بەرهەمی ناوخۆیی پیازی سپی (41 هەزارو860) تەنە، واتا (50 هەزارو 375 ) تەن پیاز هاوردە دەكرێت، هاوردە (55%)ی كۆی بەرهەمی پیازی سپی لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
پیازی سور، ساڵانە هەرێم پێویستی بە (43 هەزارو599 ) تەنە لەم جۆرە پیازە، لەو بڕە بەرهەمی ناوخۆی پیازی سور (14 هەزارو552) تەن پێكدەهێنێت، واتا (29 هەزارو 47) تەنی لەرێگەی هاوردەكردنەوە دابین دەكرێت، هاوردەی پیازی سور رێژەی (67%)ی كۆی بەرهەمی پیازی سور لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
واتا بەكۆی گشتی (135 هەزارو 834) تەن پیاز (بە پیازی سپیو سورەوە) پێداویستی ناوخۆی هەرێم بۆ بەرهەمی پیاز پڕدەكاتەوە، لەم بڕە (79 هەزارو 422 هەزار) تەنی هاوردە دەكرێت، كە ساڵانە بایی زیاتر لە (31 ملیار) دینارە، بەو پیازەی لە دەرەوەی هاوردە دەكرێت لەگەڵ ئەوەی لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت ساڵانە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەبەهای (55 ملیار) دینار پیاز دەفرۆشرێت.
بە لێدانی بڕی پێداویستی ناوخۆو ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، دەردەكەوێت هەر تاكی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕی (24) كیلۆگرام پیاز دەخوات، بەوپێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆنو 718 هەزارو 627) كەسە، ئەمە بەگوێرەی ئاماری (دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق)، خۆ ئەگەر بە تێكڕا هەر كیلۆیەك (10 سەلك) پیاز دابنرێت، ئەوا هەر تاكیكی هەرێم ساڵانە (240 سەلك) پیاز دەخوات.
بەشێك لە توێژینەوە پزیشكییەكان ئاماژە بە سودگەلێكی زۆری پیاز دەكەن بۆ تەندروستی مرۆڤ، لەشكر حەمید پسپۆڕی زانستی خۆراكو سەرپەرشتیاری لیژنەكانی تەندروستی سلێمانی ژمارەیەك سودی زۆری پیاز دەخاتەڕوو لەوانە:
• خوردنی زۆرترین بڕی پیاز لە هەموو ژەمەكاندا بەتایبەتی بە كاڵی، زۆر سودبەخشە بۆ دابەزاندنی كێش.
• خواردنی پیاز بە كاڵی یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ناو دەم بەهۆی بەرزی ڕێژەی كبریت تێیدا.
• پیاز دەوڵەمەندە بە كبریتو ریشاڵەكانو پۆتاسیۆمو كالسیۆمو ڤیتامین Cو ڤیتامین B، ڕێژەیەكی كەم چەوریو كۆلسترۆڵو سۆدیۆمی تێدایە.
• چارەسەرە بۆ نەخۆشی هەڵامەتو ئیلتیهابو ڕەبۆ و سكچوون.
• سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەكاتو حەساسیەت كەم دەكات.
• بەهۆی بونی ڕێژەیەكی زۆر لە ڕیشاڵەكان بەتایبەتی ڕیشاڵی (oligofructose) ڕێگەخۆشكەرە بۆ كرداری هەرسكردن.
• یارمەتیدەرە بۆ ڕێكخستنی ڕێژەی شەكری خوێن، هەروەها دابەزاندنی ڕێژەی شەكری خوێن.
• ئارەزووی سێكسی زیاد دەكات.
• پیاز پێش كوڵان یارمەتی دروستبوونی كۆلیستروڵی (HDL) دەدات كە پێكهاتووە لە كۆلیسترۆڵێكی بەسوود، یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوەی دڵ بەشێوەیەكی تەندروست.
• بەرگری لەش دژی نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەكات.
• پاككردنەوەی لەش لە ژەهرو ماددەی زیانبەخش.
ئەوەی كە دەبێت لەبارەی پیازەوە بزانرێت ئەوەیە، پیاز پێویستە پیاز لەكاتی لەتكردنی هەڵنەگیرێتو نابێت بەر هەوا بكەوێت، پێویستە پیاز لە شوێنی ساردو وشك هەڵبگیرێتو دور بێت لە شوێنی شێدار.
230 خەیار لە ساڵێكدا
پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بۆ خەیار، ساڵانە زیاتر لە (130 هەزار) تەنە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، لەساڵی 2017دا لە بازاڕەكانی هەرێمدا (131 هەزارو 782) تەن خەیار فرۆشراوە، لەم بڕە (100 هەزارو 552) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە، كە دەكاتە (76%)ی كۆی بەرهەم خەیار لە هەرێمی كوردستان، خەیاری هاوردەكراویش (31 هەزارو 260) تەن بووە، كە دەكاتە رێژەی (24%)ی كۆی بەرهەمی خەیار.
ئەگەر بەراوردكاری بكەیت بە ساڵانی رابردوو، خواست لەسەر خەیار زۆر زیادیكردووە، بەوپێیەی لە ساڵی 2016دا پێداویستی ناوخۆی هەرێم بۆ خەیار (94 هەزارو 433) تەن بووە، بەڵام لە 2017دا بەرزبوەتەوە بۆ (31 هەزارو 782 ) تەن، واتا لەماوەی یەك ساڵدا خواست لەسەر خەیار نزیكەی (37 هەزار) تەن زیادی كردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی خواست لە بازاڕەكاندا دەردەكەوێت هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (23) كیلۆگرام خەیار دەخوات، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆنو 718 هەزارو 627) كەسە، خۆ ئەگەر بەتێكڕا بۆ هەر كیلۆیەك (10 دانە) خەیار دابنرێت، ئەوا هەر تاكیكی هەرێم ساڵانە (230) خەیار دەخوات.
خەیار لە سەوزەواتەكانە، سوودێكی زۆری بۆ جەستە هەیە، لە كۆنەوە بۆ چارەی زۆر نەخۆشی سوودی لێوەرگیراوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كۆمەڵێك سوودی هەیە:
• خەیار یەكێكە لەو سەوزانەی كە كەمترین كالۆریی تێدایە، 100 گرام خەیار 15 كالۆریی تێدایە، هیچ ڕۆنو كۆلیستڕۆڵێكی تێدا نییە، توێكڵی خەیار سەرچاوەیەكی باشی ڕیشاڵە ڕووەكییەكانە، سوودی بۆ قەبزی هەیەو لە شێرپەنجەی قۆڵۆن دەتپارێزێت، بە لەناوبردنی ئەو ژهرانەی لە كۆئەندامی هەرسدا هەن.
• خەیار سەرچاوەیەكی باشە بۆ پۆتاسیۆم، 100 گرام خەیار، 147 ملی گرام پۆتاسیۆمی تێدایە، هەروەها 3 ملی گرام سۆدیۆمی تێدایە، كە ڕێژەی پاڵەپەستۆی خوێن كەمدەكاتو ترپەی لێدانی دڵ لەباری ئاساییدا دەهێڵێتەوە.
• بەهۆی بوونی ماددەی دژە ئۆكسیدی وەكوو ڤیتامین A، لە نەخۆشییەكانی پێستو پیربوونی دەتپارێزێت.
• هەر 100 گرام لە خەیار، 17 مایكرۆ گرام ڤیتامین K تێدایە، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ بەهێزكردنو دروستكردنی ئێسكەكان، هەروەها چارەسەری نەخۆشیی ئەلزهایمەریش دەكات.
• خەیار سوودی بۆ بەهێزكردنو گەشەی قژ هەیە، بەهۆی بوونی ماددەی سیلیكۆنو كبریت تێیدا.
• بۆ نەهێشتنی ئاوسانی چاو، دوو پارچە خەیاری شێوە بازنەیی لەسەر چاوت دابنێ بۆ ماوەی 10 خولەك.
• بۆ چارەسەركردنی ئەو سوتاوییانەی كە بەهۆی تیشكی خۆرەوە دروست دەبێت، پارچە خەیار بێنەو لەو شوێنانەی بخشێنە كە سوتاون.
• بە خواردنەوەی ئاوێكی تێكەڵەی خەیارو كەرەوز، پلەی گەرمیی ئاسایی لەشت دەپارێزێت.
• خوێن پاك دەكاتەوە، چارەسەرە بۆ هەوكردنی میزەڵدانو گێژبوونو زۆرمیزكردن.
• خەیار جەستەمان لە ژەهرەكان دەپارێزێت، بە تایبەتی چارەسەری نەخۆشیی وەك میزكردنی نەخۆشانی شەكرە، بەهۆی بوونی جۆرە ماددەیەك لەناویدا، كە وەكوو ئەنسۆلین كار دەكات.
300 تەماتە بۆ یەك كەس
تەماتە وەك یەكێك لە پێداویستییە سەرەكیەكانی خۆراك لە هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت، هەموو خێزانێكی هەرێمی كوردستان رۆژانە لە ژەمە جیاوازەكاندا بەكاردەهێنێت.
پێداویستی ناوخۆی هەرێم بۆ تەماتە لە ساڵی 2018دا بڕەكەی گەیشتووەتە (170 هەزارو 190) تەن، كە (83 هەزارو 107) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە بەرێژەی (49%)، لەبەرامبەردا بڕی (87 هەزار 86) تەنی بەرێژەی (51%) لە دەرەوە هاوردەكراوە.
بەڵام لە ساڵی 2016دا پێداویستی هەرێم بۆ بەرهەمی تەماتە زۆر زیاتر بووەو ئەوكات پێداویستی گەیشتووەتە (188 هەزارو 68) تەن، ئەوكات بەبەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بووەو (86 هەزارو 205 ) تەن بووە بەرێژەی (46%)، لە 2016دا هەرێم (101 هەزارو 862) تەن تەماتەی لە دەرەوە هاوردە كردووە بەرێژەی (54%).
بەشێوەیەكی گشتی هەرێم ساڵانە بەبەهای (50 ملیار) دینار تەماتە هاوردە دەكات.
بەلەبەرچاوگرتنی خواست لەسەر تەماتە لە بازاڕەكاندا، دەردەكەوێت هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (30 كیلۆگرام) تەماتە دەخوات، بەوپێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆنو 718 هەزارو 627) كەسە، خۆ ئەگەر بە تێكڕا بۆ هەر كیلۆیەك (10 دانە) تەماتە ئەژماربكرێت، ئەوا هەر تاكیكی هەرێم ساڵانە (300) تەماتە دەخوات.
بە گوێرەی لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان تەماتە چەندین سودی هەیە بۆ مرۆڤ لەوانە:
* ماددە بێسوودو زیانبەخشەكان لە لەشی مرۆڤ دوور دەخاتەوە.
* یارمەتیدەرێكە بۆ گەدەو رێخۆڵەكان، تاوەكو بەباشی كار بكەن.
* ئەگەر تەماتە بە توێكڵەوە بخورێت، یارمەتیدەرێكە بۆ كۆئەندامی هەرس.
* بۆ ئەو كەسانەی كێشەی قەبزییان هەیە، دەتوانن سوودی لێوەربگرن.
* پاكەرەوەیە بۆ خوێن.
* لە نەخۆشی شێرپەنجە دورمان دەخاتەوە، بە تایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات.
* مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵو دەمار دەپارێزێت.
* سوودێكی زۆری هەیە بۆ نەخۆشی رۆماتیزم.
* تەماتە پیربوون دوا دەخات.
* پێست سپی دەكاتەوەو رەنگوڕوو جوان دەكات.
بەرهەمی ناوخۆیی
هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی ئاو و هەواو ژینگەو خاكێكی گونجاوی هەیە بۆ كشتوكاڵو ئاودێری، كە دەتوانێت بەرهەمی تەواوی بەشێك لە میوەو سەوزە دابین بكات، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی كزو لاوازە، جوتیاران لەبەر دوو هۆكار سڵ دەكەنەوە لە ناشتنی زەوییەكانیان:
• بەروبومی ناوخۆی تێچوەكەی زۆرەو داهاتێكی كەمی هەیە، بەتایبەتیش لە وەرزی چنینەوەی بەروبومدا لە بازاڕەكاندا نرخێكی كەم دەست جوتیاران دەكەوێت، بۆ نمونە كیلۆیەك خەیار كە تێچووەكەی زیاتر لە (160 دینار)ە، هەندێك جار تەنها (100 دینار)ی دەگاتە دەستی جوتیار، بەوەش جوتیارەكە زیان دەكات یاخود كەمترین داهات كۆدەكاتەوە.
• زیادبوونی بەرهەمی هاوردەكراو كە نرخی بەرهەمی ناوخۆ دەشكێنێت.
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ حكومەتی عێراق هاوردەكردنی (15) جۆر بەروبومی كشتوكاڵی بۆ عێراقو هەرێمی كوردستان قەدەغە كرد، مەبەست لەو بڕیارەش هاندانی جوتیارانی عێراقو هەرێمی كوردستانە.
ئەو بەروبومانەی كە هاوردەكردنیان قەدەغەكراوە بریتین لە (تەماتە، خەیار، پەتاتە، باینجان، كەلەرم، قەڕنابیت، گێزەر، نەبەق، كاهو، شوتی، سیر، كولەكەو گەنمەشامی).
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشكراشیكرد، هەركاتێك وەرزی بەرهەمی ناوخۆ كۆتاییهات، دەستدەكرێتەوە بە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە، بەڵام سەرەڕای چەند بەرهەمێكی ناوخۆیی، بەشێكی زۆری میوەو بەروبومەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان بەرهەمناهێنرێتو بە ناچاری لەدەرەوە هاوردە دەكرێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو، لە سێ ساڵی رابردوودا لە هەرێم نزیكەی (413 هەزارو 390) تەن میوەی مزری وەك (پرتەقاڵ، لالەنگیو لیمۆ ) خوراون، كە تەنیا (هەزارو 591) تەنی بەرهەمی ناوخۆ بووە، واتە تەنیا نزیكەی (0.38%)ی مزرەمەنیی بەكاربراو، زیاتر لە (99%)ی پێداویستی ئەو بەروبومانە لە عێراق، توركیا، ئێران، سوریاو میسرەوە هاوردەكراون، واتە ساڵانە بایی نزیكەی (130 ملیار) دینار مزرەمەنی هاوردەدەكرێت.