Draw Media

بارزانی پارەی خانووەكان دابین دەكات

بارزانی پارەی خانووەكان دابین دەكات

2019-07-31 13:10:21


(درەو میدیا):
پارتی دیموكراتی كوردستان خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدانی حیزبەكەی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە‌و سلێمانی دروستدەكات.
ئەمڕۆ لە لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەڵەبجە، كلیلی (25) خانوو رادەستی كەسوكاری شەهیدانی ئەو حیزبە كرا. بەسام عەلی بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە بە ساتی فەرمی حیزبەكەی وتووە:" سەرۆك بارزانی بودجەی دروستكردنی 235 خانووی شەهیدان لە هەڵەبجە دابین كردووە".
رەپێی قسەی بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە" لە كۆی 235 خانوو تائێستا 168 خانوو تەواوكراوە‌و رادەستی خانەوادەی شەهیدان كراوە، كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنیداوە لە‌ماوەیەكی نزیكدا ئەو خانووانەی ماوەتەوە، تەواو بكات".
باسیلەوەكردووە" بە تەواوبوونی 235 خانووی خانەوادەی شەهیدان، هیچ خانەوادەیەكی شەهیدی پارتی نامێنێت، كە لە سنوری لقی 12 موستەفید نەبووبێت لە شوقە، یان خانوو".
بەشێوەیەكی گشتی لە سنوری زۆنی سەوز بەدیاریكراوى لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە پارتی (هەزارو 330) خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدانی حزبەكەی دروست دەكات، بەمشێوەیە:
•    500 خانوو لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی
•    235 خانوو لەناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە
•    120 خانوو لە سنوری ئیدارەی راپەڕین
•    350 خانوو لە قەزای چەمچەماڵ
•    55 خانوو لە قەزای دوكان
•    70 خانوو لە قەزای دەربەندیخان
لە مەكتەبی سیاسی پارتی كەسێك دیاریكراوە بۆ سەرپەرەشتیكردنی پرۆسەی دروستكردنی خانووەكانی سنوری زۆنی سەوز، ئەو كەسەش (عەبدولڕەحمان حاجی حوسێن)ە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand