Draw Media

" سدقی برادۆستی كاری بازرگانی لەگەڵ ئەمریكیەكان كردووە "  

" سدقی برادۆستی كاری بازرگانی لەگەڵ ئەمریكیەكان كردووە "  

2019-07-29 13:38:53


رۆژنامەی عەرەبی جەدید
وەرگێڕانی: درەو میدیا 

رۆژنامەی " ئەلعەرەبی جەدید"ی قەتەری لە راپۆرتێكیدا زانیاری نوێ دەربارەی هێرشەكەی رێستورانتی " هۆقەباز"ی شاری هەولێر ئاشكرادەكات كە عوسمان كۆسە دیپلۆماتكاری توركیای تێدا كوژرا.
رۆژنامەكە دەڵێت وردەكاری نوێ ئاشكرابووون دەربارەی هێرشبەرەكانی هێرشەكەی دوو هەفتە لەمەوبەری یەكێك لە رێستۆرانتەكانی شاری هەولێر كە كرایە سەر دیپلۆماتكاری توركی "عوسمان كۆسە" یەكێك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكە بزنسمان سدقی كەریم خان برادۆستییە كە سەرمایەدارێكی بەناوبانگە‌و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكییە‌و سەر بە هۆزێكی ناسراوە‌و باوكی چەند دەیەیەك لەمەوبەر لە دیمەشق لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆبووەتەوە‌و چەند رێككەوتنێكی گرنگی لەگەڵدا كردووە.
هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان هەینی رابردوو، ناو‌و دانپێدانانی شەش كەسیان بڵاوكردەوە كە تێوەگلاون لە هێرشەكە، یەكێك لەوانە سدقی كەریم خان برادۆستی بوو كە لە دایكبووی ساڵی 1970، و ئەنجامدەری هێرشەكە مەزڵوم داغ داوای لێكردووە رێگایەكی بۆ بدۆزێتەوە بۆئەوەی لە هەولێر بچێتە دەرەوە‌و بچێت بۆ سلێمانی یان هەر جێگایەكی تر، چونكە مەزڵوم داغ لە هێرشەكەدا قاچێكی برینداربوووە‌و چەند كەسێك هاتوچۆیان پێكردووە تا گەیاندویانەتە لای سدقی برادۆستی.
بە گوێرەی گێڕانەوەی فەرمی سدقی داوای لێبوردنی لە مەزڵوم داغ كردووە كە ئەستەمە بتوانێت بەهۆی گرتنبەرەی رێوشوێنی ئەمنی توندەوە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە هاوكاری بكات، پاشان بۆ هاوكاریكردنی مەزڵوم داغ پەیوەندی بە كەسێكی ترەوە كردووە بەناوی ( ئەیوب ئیبراهیم مەلا ئەحمەد برادۆستی) كە  لە كۆمپانیای زۆزك كاردەكات و خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ خانەوادەی سدقی‌و پاش ماوەیەكەی كورت سدقی‌و سەرجەم تۆمەتبارانی تر دەستگیردەكرێن.
تۆمەتبارانی هێرشەكە شەش كەسبوون سیانیان خەڵكی توركیا ( باكوری كوردستان)نن، كە بریتین لە مەزڵوم داغ ( 1992) ئامەد، عەبدولڕەحمان ئەر دژوار ( 1986) سێرت، ئیسماعیل خەلیل محەمەد ( 1988) ئورفە‌و سیانەكەی تریش هاوڵاتی هەرێمی كوردستانن‌و بریتین لە ئەیوب ئیبراهیم برادۆستی، سدقی كەریم خان برادۆستی، رەجەب باقی عەبدولكەریم برادۆستی".
رۆژنامەی " خەبەر تورك" رۆشنایی خستوەتە سەر كەسایەتی سەدقی برادۆستی كە تۆمەتبارە بە هاوكاریكردن‌و داڵدەدانی هێرشبەرەكان‌و بەوتەی ئەو سدقی برادۆستی پەیوەندییەكی بەرفراوانی هەیە‌و ئەوەش جۆرێك لە پارێزبەندی لە عێراق‌و هەرێمدا پێبەخشیووە‌و بە سێەم دەوڵەمەندی عێراق دادەنرێت‌و پرۆژەی وەبەرهێنان‌و كۆمپانیای لە هەموو عێراقدا هەیە.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە كە كەریم خان برادۆستی باوكی سدقی ساڵی 1996 لە دیمەشق چاوی بە ئۆجەلان كەتووە‌و رێككەوتنی لەگەڵدا كردووە بۆئەوەی خانەوادەی بارزانی لە ناوچەكانیان بكەنە دەرەوە‌و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان جێگەیان بگرنەوەو ئێستا عەشیرەتی برادۆست كۆنترۆڵی ئەوە ناوچەیە دەكات كە نزیكە لە خواكوركەوە‌و ئێستا سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەری دەستپێكردووەو‌و ئێستا سدقی كەریم خان سەرۆكی ناوچەكە‌و عەشیرەتەكەیە.
رۆژنامەكە رونیشیكردوەتەوە كە خانەوادەی كەریم خانی برادۆست پەیوەندی باشیان لەگەڵ سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراقدا هەبووە‌و راوێژكاری بووە‌و ساڵی 2003 دوای داگیركاری ئەمریكا سدقی كەریم خان بووە بە یەكێك  لە بازرگانە چالاك‌و كاراكانی عێراق لە رێگەی كۆمپانیای زۆزكەوە‌و خزمەتگوزاریی لۆجیستی پێشكەشی سوپای ئەمریكا كردووە لە هەردووو بەندەری مێرسینی توركیا‌و بەسرەی باشوری عێراق‌و بەو هۆیەوە كۆمپانیاكە هەموو مانگێك چەندین ملیون دۆلاری بەدەستهێناوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە خانەوادەی سدقی برادۆست خۆیان دوورە پەرێز گرتووە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و بەهۆی بوونی پەیوەندی بەرفراوانییەوە لەگەڵ ئەمریكا سدقی كەریم خان برادۆستی پارێزبەندی بەدەستهێناوە‌و خۆی و خێزانەكەی هاوڵاتی ئەمریكین‌و كۆمپانیاكەشی لە چەند بوارێكدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات، هەروەها كۆمپانیاكە رۆڵیشی هەبووە لە پرسی رێككەوتنی نێوان عێراق‌و نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە پرۆگرامی نەوت بەرامبەر بە خۆراك لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا.
رۆژنامەی (خەبەر تورك) لە درێژەی باسكردنی وردەكارییەكانی تایبەت بە خانەوادەی سدقی برادۆستی‌و كۆمپانیاكەی ئاشكرایكردووە كە كۆمپانیای زۆزك هاوكاری لۆجیستی ئەمریكای دابینكردووە كە واشنتۆن پێشكەشەی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"ی كردووە لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەو هێرشەی ئەمدواییەی هەولێر هەلی ئەوەی دایە دەسەڵاتدارانی هەرێم تا حەسانەی سەر سدقی كەریم خان بكشێنن‌و دەستگیری بكەن‌و هاوسەرەكە‌و منداڵەكانیشی پەنایان بۆ كونسوڵگەری ئەمریكا بردووە‌و لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە هەوڵدەدرێت رێگە بگیرێت لە لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵ هاوسەرەكەی‌و بردنە دەرەوەی‌و لە هەرێم‌و هەوڵیشدەدات كە سدقی كەریم خان ئازاد بكرێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand