Draw Media

(درەو میدیا): مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكات ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار بە پارتی نەدرێت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، دوێنێ مەسعود بارزانی نامەیەكی ئاڕاستەی ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی یەكێتی نشتیمانی و لایەنە شیعە و سوننەكانی عێراق كردووە لەبارەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە. لە نامەكەدا بارزانی هەڕەشەی كشانەوەی پارتی دەكات لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێت بە كەسێك لە حزبەكەی. بارزانی لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقی پارتییە و دەبێت كەسێكی پارتی ئەو پۆستە وەرگرێت.  


( درەو میدیا): سەركردایەتی و ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامیی بە ئامادەبوونی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر بە ئامانجی یەكخستنەوەی هەردوو باڵی حزبەكە كۆبووەوە. حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەكدا كە دوای كۆبوونەوەكە بڵاویكردەوە دەڵێت:" سەركردایەتی و ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی بەیانی شەممە 22ی نۆ كرد تێیدا دۆخ و پێشهاتەكانی عێراق و پرۆسەی سیاسی و رۆڵی حزب لە پەرەسەندنەكاندا گفتوگۆی لەسەركرا". راشیگەیاندووە لە سۆنگەی بایەخی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و پێویستی پاراستنی دەستكەوتە دەستورییەكان لەوانەش راسپاردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بە گوێرەی دەستور و بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە داواكاری هاوڵاتیان لە بواری خزمەتگوزارییەكان و ئاسایشدا وەڵامبداتەوە و دژ بە گەندەڵیش بجەنگێت و ئابوری عێراق پەرەپێبدات، جگە لە پاراستنی یەكێتی و سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دوور لە هەموو ئاڵۆزییەكی ئەمنیی و سیاسیی كە ناوچەكە رووبەڕی بوەتەوە". بە گوێرەی بەیاننامەكەی حزبی دەعوە، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كۆدەنگ بوون لەسەر تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان بۆ پتەوتركردنی هەڵوێستی سیاسیی و جەختیشیانكردوەتەوە لەسەر بایەخی كاراكردنەوەی رۆڵی حزبەكە و یەكخستنی دید و بەرنامەی هەردوو كوتلەی نەسر و دەوڵەتی یاسا و پێویستی هەوڵدان بۆ یەكخستنەوەی هەردوو لیستەكە لەیەك كوتلەی پەرلەمانیدا كە ئامانج و بەرنامەیەكی هاوبەشی هەبێت. هەروەها ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریانداوە لە خێراترین كاتی گونجاودا كۆنگرەی گشتی حزبی دەعوە ببەسترێت".


( درەو میدیا): لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەكارهێنانی مۆبایل لەناو بنكەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە. بە گوێرەی پەیڕەوی ژمارە (9)ی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەنجومەنی كۆمسیاران پەسەندیكردووە، رۆژی 30ی ئەیلول كاتژمێر هەشتی بەیانی دەنگدان دەستپێدەكات و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی دێت. هەروەها بەگوێرەی ئەو پەیڕەوە رێگە نادرێت بەبردنە ژوورەوەی ئامێرەكانی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی بۆ  بنكەی دەنگدان یان وێستگەی دەنگدان یان ناوەندی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان، ئەگەر رەزامەندی پێشوەختی كۆمسیۆنی لەسەر ئەم كارە نەبێت و كۆمسیۆن چەند بنكەیەك دیاریدەكات بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە. هەروەها لە بڕگەیەكی تری پەیڕەوەكەدا هاتووە كە بەكارهێنانی ئامێری مۆبایل لە ناو وێستگەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.  


راپۆرتی: درەو میدیا پارتی بەرەسمی و یەكێتی بەناڕەسمی و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و ژمارەیەك كاندیدی تر ڕكابەریی بەرهەم ساڵح دەكەن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار،  ئەم ڕكابەرێتییە هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتێكی ئیعلامی گەورە دژ بە ناوبراو، چی لەسەر ئاستی ماسمیدیا و هەم لەسەر ئاستی سۆشیال میدیاو، زیاد لەلایەنێكی سیاسی بەحزبەكەی خۆشیەوە،  وەك كەسێكی بێوەفا و هاوڕێی نیوەڕێگای هاودیدەكانی و، پۆست پەرست وێنای دەكەن، بەڵام ئەمە هەموو وێنەیەكەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە "درەو میدیا" بەدواداچونی وردی بۆ كردووە و هەوڵدەدات لەم ڕاپۆرتەدا بەشێوەیەكی پیشەییانە وەڵامی بداتەوە، وێڕایی ئاشكراكردنی چەندین زانیاری تر كە بۆیەكەمجارە لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاودەبێتەوە.  گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەتەنیا بەجێیانهێشت   لە سەروبەندی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، حزبەكەی ئەوكاتی بەرهەم ساڵح (هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری) یەكێك بوو لە حزبە ناڕازییەكان هاوشانی (گۆڕان و كۆمەڵ  یەكگرتوو)، بەرهەم ساڵح هەوڵیدا لەگەڵ ئەو سێ‌ حزبە پێكەوە و، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی جۆرێك لە هاوپەیمانی پێكبهێنن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانیش، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەنجامنەدا و دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە لەژێر فشاری یەكێتیدا گۆڕان هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەكردووە.   دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، بەرهەم ساڵح داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كرد بیكەنە كاندیدی هەرچوار حزبەكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار،  واتە لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، تەنها یەكگرتووی ئیسلامی ڕەزامەندی پیشاندابوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو داوایەی ڕەتكردبوەوە، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا پێنج كاندیدە دەرچوەكەی گۆڕان بۆ خولی نوێی پەرلەمانی عێراق سوێندیان نەخواردووە، كۆمەڵی ئیسلامیش كە ڕاستەوخۆ داواكەی ڕەتنەكردبوەوە، سەلیم شوشكەیی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە كاتێكدا كۆمەڵ تەنها خاوەنی دوو كورسی پەرلەمانی عێراقە و كاندیدی سەرۆك كۆماریش پێویستی بەدەنگی دوو لەسەرسێی پەرلەمانە بۆ دەرچوون كە دەكاتە 220كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق و ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا سیناریۆی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووبارە بكەنەوە، كە ئەگەرێكی زۆر دوورە.  پارتی فازیل میرانی دەكات بەگژ بەرهەم ساڵح دا دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ڕەسمی لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە،  مەسعود بارزانی بەچڕی هاتوەتە سەرخەت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و لەهەوڵی ئەوەدایە ئەو پۆستە بۆ  پارتی بێت، یان خۆ بڕیاردەری یەكەم بێت لەوەی كێ لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار دادەنیشێت. عەرەفات كەرەم، سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەتویتێكدا بەڕوونی گوزراشتی لەم خولیایەی بارزانی كردووە و دەڵێ" ئەگەر هەموو پارتە سیاسییەكان لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار ڕێكبكەون، نابێت بە سەرۆك، گەیشتن بە سەرۆكایەتی كۆمار بەدەستی بارزانیە، بەوپێیەی ئەو پۆستە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیانە". سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان  تایبەت بە"درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: پارتی فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات و دەبێتە ڕكابەرێكی سەرسەختی بەرهەم ساڵح بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، جەختیشیكردەوە، پارتی بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ئەو پۆستە نەكردووە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەبووە كە یەكێتی بەڕەزامەندی حزبەكەی ئەوان كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاری بكات، بەڵام دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی تاكلایەنە، پارتی بڕیاری داوە كاندیدێكی بەهێزی هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەوپۆستە كە ئەویش فازیل میرانیە. ئەگەرچی پێشتر پارتی بەردەوام داوای لە یەكێتی دەكرد كە خۆیان لەسەر یەك كاندید یەكلا بكەنەوە، بەڵام چاوەڕەوانی ئەوە نەبوون بژاردەی كۆتاییان بێتە سەر بەرهەم ساڵح، بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" پارتی  دەیەوێت " فوئاد مەعسوم" بكرێتەوە بە سەرۆك كۆمار، بەو پێیەی پارتی نایەوێت كەسێكی بەهێز لەو پۆستەدا بێت. پێشتر "درەومیدیا" ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی بە تەلەفون لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری قسەیكردووە و پێڕاگەیاندون پارتی كاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و داوای لێكردون پشتیوانی حزبەكەی بكەن بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق . ژمارەی ڕكابەرەكانی بەرهەم ساڵح لە هەڵكشاندان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی لە بەغداد چاوی كەوتووە بە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ژمارەیەك كەسایەتی و هێز و لایەنی سیاسی  و داوای لێكردوون پشتیوانی بكەن بۆئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق.    لە سەروبەندی هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەتیف ڕەشید بە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگەیاندووە، لە دەنگدانی ئەواندا دەربچێت و دەرنەچێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵدەبژێرێت.  پێشتریش فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندبوو، بەرهەم ساڵح كاندیدی ڕەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو لەتیف ڕەشید كاندیدی نارەسمی ئەو حزبەیە.    هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" كە لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستی كەتووە، سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سبەینێ‌ بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بەخۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پێشكەش بەفەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات. "درەو میدیا" پێشتر ئاشكرایكرد هەریەك لە سەردار عەبدوڵا و مەلابەختیار و فازیل میرانی و سەلیم شوشكەیی و عومەر بەرزنجی و كەمال عەزیز قەیتولی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدكردووە.  


(درەو میدیا): حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران هۆشداریدەداتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و دەڵێت هاوشێوەی سەددام حسێن لە رووبەڕووبنەوەی ئێراندا شكستدەهێنێت. رۆحانی لەمیانی نمایشێكی سەربازییدا كە بەبۆنەی رۆژی نیشتمانی هێزە چەكدارەكانی ئێراندا بەڕێوەچوو، راشیگەیاند ترەمپ تاكلایەنە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە بۆئەوەی جەنگێگی دەرونیی لەدژی ئێران بەرپابكات، وەك ئەوەی سەددام حسێن ساڵی 1975 كردی، كاتێك رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری نێوان عێراق و ئێرانی هەڵوەشاندنەوە بۆەوەی شەڕ لەدژی ئێران بەرپابكات. رۆحانی جەختیشیكردەوە كە تاران دەستبەرداری موشەكاكانی نابێت و رۆژبەرۆژ توانا بەرگرییەكانی پەرەپێدەدات و وتی:" توڕییتان بەرامبەر بە موشەكەكانمان بەواتای ئەوە دێت كە ئەو چەكە زۆر كاریگەرە و بە هۆی ئێوەوە ئێستە ئێمە بەهای موشەكەكانمان دەزانین".


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بەرەی بەرەنگاری میللی ئەهواز بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتەئەستۆ كە بەیانی ئەمڕۆ كرایەسەر نمایشێكی سەربازی سوپا لە شاری ئەهوازی باشوری خۆرئاوای ئێران. وتەبێژی بزوتنەوەی عەرەبی ئازاد، باڵی ئەهواز، كە رێكخراوێكە خۆی بە بەرگریكار لە مافی عەرەبەكانی خوزستان ناودەبات، رایگەیاند، بەرەی بەرەنگاری میللی كە هاوپەیمانییەتێكی گشتگیری ژمارەیەك لایەنە، بەرپرسیارێتی هێرشەكە دەگرێتەئەستۆ. وتەبێژەكە وتی:" ئەمە بەشێكە لە ئۆپراسیۆنەكانی مقاوەمەتی رەوای ئێمە و لە هێرشەكەدا هیچ هاوڵاتییەكی ئاسایمان نەكردوەتە ئامانج". بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك چەكدار هێرشیانكردەسەر نمایشێكی سەربازی سوپای پاسداران لە شاری ئەهواز، یاریدەدەری پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی هێرشە چەكدارییەكەوە كوژراون، گەیشتوەتە (10) كەس، هەندێك سەرچاوەی تر باس لەوەدەكەن ژمارەی كوژراوەكان گەیشتوەتە (24) كەس. لە یەكەم كاردانەوەدا دوای روداوەكە، میدیاكانی ئێران رایانگەیاند، هێرشەكەی ئەهواز "تیرۆرستی" بووە و ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە "خەڵكانی تەكفیری" بوون. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران كە بە "ئیرنا" رایگەیاند، جگە لە كوژراوەكان، لانی كەم (20) كەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون، بەڵام هیچ یەكێك لەو بەرپرسانەی كە بەشداربوون لە نمایشە سەربازییەكەدا، زیانیان بەرنەكەوتووە. ئەبولفەزل شكارچی وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای پاسداران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (میهر) رایگەیاند، سێ كەس لە هێرشبەرەكان كوژراون و یەكێكیان دەستگیركراوە. ناوچەی خوزستان بەتایبەتی شاری ئەهواز لەم ساڵانەی دوایدا شانۆی ژمارەیەك روداوی گەورە و نائارامی و پێكدادانی چەكدارانە بووە. بەپێی راپۆرتەكان، ئەو چەكدارانەی كە بەیانی ئەمڕۆ هێرشیان كردەسەر نمایشە سەربازییەكە، لە پاركێكی نزیك لە گۆڕەپانی نمایشەكەوە تەقەیان كردووە، ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا) دەڵێ: شەڕە تەقەكە ماوەی (10 خولەك)ی خایاندووە.  هەندێك لەو ڤیدیۆیانەی كە بڵاوبونەتەوە، نیشانی دەدەن لە كاتی هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان داوایان لە ئامادەبوانی نمایشەكە كردووە لەسەر زەوی راكشێن بۆ ئەوەی پارێزراو بن. بەوتەی ئاژانسی (تەسنیم)، هێرشبەرەكان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە و دوای هێرشەكە رایانكردووە و هێزە ئەمنییەكان شوێنیان كەوتوون. ئەمڕۆ لە ژمارەیەك شاری ئێران بەبۆنەی "هەفتەی بەرگری پیرۆز" سوپای پاسداران نمایشی سەربازی ئەنجامدا. رودانی ئەم هێرشە لەكاتێكدایە، بەهۆی سزا نوێیەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، ماوەیەكە دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە بەرەو پاشەكشێ دەڕوات و لە شەقامدا ناڕەزایەتی دەستیپێكردووە. فەرماندەكانی سوپای پاسداران پێشتر هۆشدارییاندا بەتوندی روبەڕووی هەر هێرشێك دەبنەوە كە لەلایەن هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجام بدرێت، لەوچوارچێوەیەشدا سەرەتای ئەم مانگە، سوپای پاسداران موشەكبارانی بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانیان كرد لە قەزای كۆیە لە هەرێمی كوردستان و بەهۆیەوە ژمارەیەك پێشمەرگە ئەو دوو حزبە شەهیدو برینداربوون. بەرپرسانی ئێران بەبێ ئەوەی ناوبهێنن، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئەهواز دەخەنە ئەستۆی سعودیە، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان سعودیە پشتیوانی جوڵانەوەی عەرەبەكان دەكات لە ئێران.


 (درەو میدیا): سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سبەینێ كە دوا وادەی خۆپاڵاوتنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، سروە عەبدولواحید بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بە خۆكاندیدكردن بۆ ئەو پۆستە، پێشكەشی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە فەرمی خۆ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. (درەو میدیا) زانیویەتی، سروە عەبدولواحید وەكو كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات، نەك لەسەر هیچ لیست و قەوارەیەك. (درەو میدیا) ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا زانیاری ورد لەبارەی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و تەواوی كاندیدەكان بڵاودەكاتەوە.


( درەو میدیا): گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناویەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەستنیشانكردنی وەك كاندیدی فەڕمی لەلایەن ئەو حزبەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێدەچێت هەواڵێكی خۆش نەبوبێت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە ئەو پێشهاتە تازەیە تەبخەیەكی ئەمریكی بێت و ئامانجی لەقاڵبدانی پارتی و دروستكردنەوەی جۆرێك لەهاوسەنگی بێت، بەتایبەت دوای ڕۆیشتنی ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكان و پاڵدان بەسەربازگەكەی مالیكی و عامری، لەعێراق. بارزانی لەگەڵ مالیكی و عامری قسەی كردووە سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەبەغداد بە"درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند، دوای كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتیەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی بەتەلەفون قسەی لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحدا كردووەو خواستی پارتی پێڕاگەیاندون كە بەنیازی دەستنیشانكردنی كاندیدێكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو، داوای لێكردون پشتیوانی كاندیدەكەی پارتی بكەن، سەرچاوەكەی "درەومیدیا"ئەوەشی ئاشكراكرد، بارزانی بەعامری و مالیكیشی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی بێت، ئەوان ئامادەن داوا لە بەشیر خەلیل حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بكەن دەستلەكاربكێشێتەوەو، پشتیوانی كاندیدێكی یەكێتی بكەن ئەو پۆستە وەربگرێت. بارزانی بەرهەم ساڵح بەمەترسی دەزانێت لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم هەڵوێستە تازەیەی پارتی، سەرچاوەكەی "دەرەومیدیا" وتی: هەر لەسەرەتاوە پارتی لەزیاد بۆنەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەو پۆستە موڵكی لایەنێك نیە بەتەنیا، بەقسەی سەرچاوەكە، هەلوێستی ئەوكاتەی پارتی زیاتر تەكتیكی بوو، وەك ئەوەی هەڵوێستێكی ستراتیژی و یەكلابوەوە بێت و،  زیاتر مەبەستیان دروستكردنی فشاربوو لەسەر یەكێتی تاكاندیدێك دیاریبكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدڵی پارتی بێت كە زیاتر مەیلیان بەلای (فوئاد مەعسوم و مەلابەختیار)دا، بوو، بەڵام دوای  هاتنە ناوەوەی ئەمریكییەكان بۆ ناو یارییەكە و دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، پارتی بەجدی كەوتۆتە خۆی و  هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەدات، بیانوەكەی ئەوەیە ڕێككەوتنی پێشوەختی هەبووە لەگەڵ یەكێتی، كە كاندیدی سەرۆك كۆمار بەڕەزامەندی هەردوولا دیاریبكەن، بەڵام جەوهەری مەسەلەكە ئەوەیە، پارتی ترسی گەورەی هەیە لەوەی لەلایەك بەرهەم ساڵح كێشە بۆ ئەو ڕۆڵە بەهێزە دروستبكات كەپارتی بەنیازە لەچوارساڵی داهاتودا لەعێراق هەیبێت و بەبەهێزی بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لەلایەكی تریشەوە، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو  یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تەبخەیەكی  ئەمریكی بێت چی بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان هێزە كوردییەكان لەسەر ئاستی عێراق و، هەم دروستكردنی جۆرێك لەهاوسەنگی یان لارنەبونی زیاتری تەرازوی هێز بەبەرژوەندی پارتی لەناوخۆی كوردستان و، ڕەنگدانەوەی لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، كەپارتی خۆی داناوە دەسەڵاتداری ڕەهابێت تیادا. ئەمریكا نایەوێت پارتی زۆر پێ‌ ڕاكشێت پێشتریش ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری خولی پێشوی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن و، پارتی ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ئاماژەی بەوەشكردبو، پارتی ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ یەكێتی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت.  دروستكردنی تەگەرە بۆ بەرهەم ساڵح لەلایەن شەخسی بارزانیەوە لەكاتێكدایە، ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتیەوە بڵاویكردەوە، لەم ماوەیەی دواییدا بەرهەم ساڵح دوور لەچاوی میدیاكان دووجار لەگەڵ بارزانی كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەدەستبهێنێت. بەڕای بەشێك لەچاودێران، پێداگریكردنی ئەمریكا لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عێراق و،  وەك بەربژێری  یەكێتیش، جگە لەڕاگرتنی هاوسەنگیی،  ڕەنگە هۆكارە هەرە سەرەكییەكەی ئەوەبێت، واشنتۆن نەیەوێت پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش دەستكەوتی زۆر زیاتر لەڕابردوو بەدەستبهێنێت، كە وەك جۆرێك لەپاداشتی نزیكبونەوەی لەئێرانیەكان تەفسیری بۆ بكرێت، ئەوەش هانی زیاتری هێزە كوردیی و عێراقییەكان بدات بۆ هەڵپەكردنی زیاتری نزیكبونەوە لەئێران.


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژی 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كارو سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچننەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریی، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بووبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم رووداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەریان لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت،  ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی (مستەفا بارزانی) لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، بارزانی باوك تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 1979، سەرۆكایەتی پارتەكەی كردووە، واتە ماوەی (33) ساڵ، لەدوای خۆشی ماوەی (39) ساڵە مەسعود بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 21/9/2013، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (38) كورسی بردەوە و لە پرۆسەكەدا (743 هەزار و 984) دەنگی بەدەستهێنا. لە چەند ساڵی رابردوودا پارتی زۆرینەی جومگە گرنگەكانی حكومڕانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە، بەتایبەتی (دۆسیەی نەوت، سیاسی، ناوخۆ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە)، ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لەدەستدایە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم كە پێشتر لەدەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا بوو، ئێستا هەڵپەسێردراوە. بە شێوەیەكی گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێژەی 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، رێژەی 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، ئەمە وایكردووە زۆرینەی بەرپرسیارێتییەكان لە ئەستۆی پارتیدا بێت، ئەمە ئەگەر خاڵێكی نەرێنی پارتی بێت لای دەنگدەران، هاوكات دەشتوانێت خاڵێكی ئەرێنی بێت و پارتی ئەو دامەزراوە گرنگانە لە سودی خۆی و كێشكردنی دەنگدەران بەكاربهێنێت، هەروەك چۆن لە رابردوودا كردویەتی.  خاڵە لاوازەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی بەدەستەوەیە. •ئاكامی شكستی بڕیارە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی یەكەم لەئەستۆی پارتیدایە بەهەمان لۆژێكی پێشوو. • شكستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی ئەو سیاسەتە بوو.  •شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كێشەكانی هەرێمە، ئەمە بەرپرسیارێتییەكەی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیدایە، بەوپێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە. •شكستهێنانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول و گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغداد. •لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، بەشێكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی، لەدەستدانی ئەو ناوچانە، بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە بوو.  •لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بەهۆی خوێندنەوەی هەڵەی پارتی بۆ بارودۆخی ناوچەكە.  •داخستنی پەرلەمانی كوردستان و رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، تائێستاش ئەو دامەزراوەیە هەڵنەساوەتەوە.  • سەركوتكردنی ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان. •تێكچونی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد، كە بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی دەخرێتە ئەستۆی "خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی" پارتی بەرامبەر بە هێزەكانی تر.  •شكستهێنانی پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، بەتایبەتی دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە "داعش" تۆماریكرد و بەهۆیەوە ناوبانگی لە جیهاندا درەوشایەوە. •شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتی دوای ریفراندۆم. •تێكچونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كورد لە پارچەكانی تر، بەتایبەتی كوردی باكور و رۆژئاوا و ئێستاش رۆژهەڵات، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی پارتی لە سیاسەتەكانی توركیا لە باكور و رۆژئاوای كوردستان و بێدەنگی هێرشی ئێران بۆسەر كوردی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێمدا. خاڵە بەهێزەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •هێشتا پارتی دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای پارتییە.  •سەرەڕای شكستهێنانی ریفراندۆم، بەڵام هێشتا ئاڵای نەتەوەیی لە باشووری كوردستان بەدەست پارتییەوەیە، ئەمە ئەگەر لای سیاسەتمەداران بۆچونێكی ناڕاستیش بێت، بەڵام لای دەنگدەران وا كەوتووەتەوە و نەیارەكانی پارتی نەیانتوانیوە پێچەوانەكەی بسەلمێنن، بەتایبەتیش لە كاتێكدا پارتی توانیویەتی لەڕێگەی میدیاكانییەوە شكستی ریفراندۆم بخاتە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی و بە "خیانەتكار" لەقەڵەمیان بدات. •پارتی هێزێكی سەنتراڵە و رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، دەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەببات. •خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانیەتی، بەتایبەتی ئەوەی كە نەیارەكانی پارتی شەڕی دەنگەكانیان خستوەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی و تاڕادەیەك هەولێر و دهۆكیان بۆ پارتی چۆڵكردووە. •رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بەپێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن. •    سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بردنەوەی ژمارەكی زۆر كورسی لەدوای شكستی ریفراندۆم .  


( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیوا فازل بەرواری فەرماندەی فرقەی ئاڵتونیی لە تەمەنی 52 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە هەولێر كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، تەرمی بەرواری لە پزیشكی دادی هەولێرە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شاری دهۆك دەكرێت و لەوێ‌ دەنێژرێت. فازڵ جەمیل بەرواری ساڵی 1966 لە دهۆك لە دایكبووە و فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بووە و ساڵی 1980 تا 1991 فەرماندە بووە لە هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دوای روخانی رژێمی سەددام حسێن بەشداریكردووە لە دامەزراندنی دەزگای ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی عێراق " دژە تیرۆر" و بووەتە فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی.


( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و داوایان لێدەكات نرخەكەی دابەزێنن. ترەمپ لە نوێترین تویتیدا جارێكی تر توڕەیی خۆی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەردەبڕێت و داوا لە " ئۆپێك" دەكات كاربكات بۆ دابەزاندنی نرخەكەی، لەبەرامبەر ئەوەی كە ئەمریكا پارێزگاری لە چەند وڵاتێكی ئەندامی رێكخراوەكە دەكات. ترەمپ  ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تویتێكدا دەڵێت:" ئێمە چەند وڵاتێك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزین، كە ئەگەر ئێمە نەبین ئەوا بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئاسایشیان سەقامگیر نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بەردەوامن لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، پێویستە لەسەر ئۆپێكی خۆرخكار ئێستا نرخی نەوت دابەزێنێت". ئەمە یەكەمجار نییە كە سەرۆكی ئەمریكا رەخنە لە رێكخراوی "ئۆپێك" دەگرێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لە حوەزیران و تەمموزی رابردووش رایگەیاند وڵاتەكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رەتدەكاتەوە و رایگەیاند بە دەستی هەندێك نرخی نەوت بەرزدەكرێتەوە. تویتەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە هەفتەی داهاتوو وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك لە جەزائیر كۆدەبنەوە و پێشبینی دەكرێت لە و كۆبوونەوەیەدا وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت چاو پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا بخشێننەوە.


( درەو میدیا): بە گوێرەی ڕاپرسییەك كە مەكتەبی توێژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامیداوە، زۆرینەی خەڵكی كوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و پارتی یەكەم و یەكێتی دووەم و گۆڕان سێیەم دەبێت. ئەو راپرسییە لە چوار پارێزگا و 13 قەزای هەرێم ئەنجامدراوە، سێ‌ هەزار و 100 فۆڕم دابەشكراون و لەو ژمارەیەش سێ‌ هەزار فۆڕمیان بۆ گەڕاوەتەوە. بەپێی راپرسی مەكتەبی توێژینەوەی پارتی، 68%ی دەنگدەران بەشداری دەنگدان دەكەن و 14%یان تائێستا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە كە دەنگ بەكێ‌ دەدەن و 18%یشیان بڕیاریانداوە كە بەشداری نەكەن و دەنگ نەدەن و رێژەی دەنگی حیزبەكانیش بەمشێوەیە دەبێت: -    پارتی دیموكراتی كوردستان 41% -    یەكێتی نیشتمانی كوردستان 18% -    بزوتنەوەی گۆڕان 10% -    جوڵانەوەی نەوەی نوێ 9% -    بەرەی ئیسڵاح ( یەكگرتوو+  بزوتنەوەی ئیسلامیی) 6% -    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان 3% -    هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی ( ئەگەر بەشداری بكات) 6%


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف هەفتەیەك ماوە بۆ راوەستانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەی لەسەر شەقام بەدی دەکرێت، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، تائێستا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ساردوسڕ بەڕێوەدەچێت. پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە زیاتر لە 10 ساڵە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی ستراتیژیدا پێكەوە كاردەكەن و لە حكومەتدا هاوبەشن، چەند رۆژێكە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لەدژی یەكتر توندكردوەتەوە. سەرەتای هێرشەكە لەلایەن یەكێتییەوە دەستیپێكرد، كاتێك قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وتەیەكدا لەبەردەم لایەنگرانی وتی: "ئەو دەسەڵاتەی كە لە هەولێر قۆرخکراوە، دایدەبەزێنینە خوارەوە"، ئەم قسەیە بەرپرسانی پارتی توڕەكرد. بڕیاری مەسعود بارزانی شكێندرا ئەم وتانە، بەرپرسانی پارتی ناچاركرد بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەیان بشكێنن، كە لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند" نابێت وەڵامی هیچ كەسێك بدەنەوەو دەمانەوێت هەڵمەتێكی ئارام بەرێوەبەرین". بەرپرسانی پارتی لە چەندین شوێندا بە توندی وەڵامی قوباد تاڵەبانییان دایەوە، بەڵام تاڵەبانی كوڕ كە رۆژانێك وەكو دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی تەماشا دەكرا، زیاتر دەڕوات‌و دەڵێ" كوڕان و كچان ئامادەبن، شەپولی سەوز گەیشتە هەولێر". فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەبەردەم لایەنگرانی حزبەكەیدا وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە و وتی" زۆر زۆر نارەحت بووین بەو قسانە، بۆیە لێرەوە پێتان دەڵێین، ئەوە راگرن، ئەگەرنا ئێوە یەك قسەمان پێ بڵێن، ئێمە سەد قسەتان پێ دەڵێین".  بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، میرانی هێرشی توندی كردەسەر قوباد تاڵەبانی و وتی" تۆ لەكوێ بویت كە حكومەتی هەرێممان بونیاد ناوە، ئەگەر مەسعود بارزانی و پێشمەرگەكانی نەبوایە ئێستا هێزی عێراقی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بوون". هێمن هەورامی كە هاوشانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی پارتییە، لەبەردەم لایەنگرانیدا لە قەرەداغ رایگەیاند" پێمان سەیرە كەسانێك رویان بێت باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر، با ئەوان بچن جارێ كێشەی ناو ماڵ و ناو ماڵی حزبەكەیان چارەسەر بكەن ئینجا باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر". بانگەشەی لایەنەكانی تر سڕكرا هەندێك كەس لە چاودێران بڕوایان بەو شەڕە نییە كە ئێستا لە میدیاكانەوە پارتی و یەكێتی لەدژی یەكتر دەیكەن، لەمەشدا بەتایبەتی سەرەنجیان لەسەر قوباد تاڵەبانییە، بەوپێیەی تاڵەبانی كوڕ لە ماوەی رابردودا پشتیوانی سەرسەختی ئەو حكومەتە بووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر هەژمونی بەسەردا كردووە. ئەمە وایكردووە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی، هەڵمەتەكە تەنیا وەكو تەكتیكێكی هەڵبژاردنی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەماشا بكەن بۆ راكێشانی سەرەنجی دەنگدەران و دواجار كێشكردنیان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە ئێستا مەترسی زۆربونی ئاستی بایكۆتی و كەمی رێژەی بەشداری دەنگدەران هەیە لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولدا.  لەلایەكی ترەوە، توندبونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتدار دژ بە یەكتر، بەتەواوەتی روناكی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكانی تری سڕكر، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا جڵەوی شەقامی بەدەستەوە بوو. "سەگوەڕ" شەڕی بانگەشەی هەڵبژاردنی نێوان پارتی و یەكێتی دوێنێ گەیشتە ئاستێكی توندتر، كاتێك لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە لە نوێترین كاردانەوەی ئەو شەڕەدا وتی:" لە دوو رۆژی رابردوودا دەبینم دژبە یەكێتی و قوباد تاڵەبانی سەگوەڕێك دەستیپێكردووە، هەر لێرەوە پێیان دەڵێم، تكایان لێدەكەم سنور مەبەزێنن، ئەگینا ئەگەر سنور ببەزێنن، بە دەنگەكانمان ئاودیوی سنوریان دەكەین". "بە زمانی پلكی قسە دەكات" لەبەرامبەردا ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتی و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە نوسنێكدا بەناوی" قوباد تاڵەبانی ئەرێ دەزانی؟" نوسیویەتی"چەند ڕۆژێكە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن قوباد تاڵەبانی وەك ئەوەی داهێنان بكات، دەیەوێ بەزمانی پلكی قسەبكات" كە مەبەست لێی " شاناز ئیبراهیم ئەحمەد"ە بەوە ناسراوە بەردەوام رەخنەی توند لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەگرێت. لە بەشێكی نوسینەكەدا ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوە دەكات" ڕاستە لە هەولێر كێشەی ئاو وكارەبا هەیە، بەڵام لە هەولێر كێشەی فرە كێخوایی و بێساحێبی و مافیاو جوێن و فرت و فێڵ و قۆڵبرین نیەو نابێ، چونكە هەولێر خودانی هەیە، خودان". لە شەڕی شەقامەوە بۆ شەڕی فەیسبوك شاری سلێمانی كە لە چەند ساڵی رابردوودا چەقی ململانێ سیاسییەكان بوو، ئێستا جگە لە هەندێك پۆستەری كەمی كاندیدەكان لە شەقامەكان هیچ دیمەنێكی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بەدی ناكرێت، كەژاوەی ئۆتۆمبیل و كۆبونەوەی جەماوەری و وتنەوەی دروشم، لەو روداوانەن كە ئێستا بەتەواوەتی بەرەو فەنابوون رۆشتوون. ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێگەی شەڕی شەقامەكانیان گرتوەتەوە، زۆرێك لە كاندیدەكان پارەكانیان لە كڕینی ریكلام لە پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكان بەخەرج دەدەن. 


 (درەو میدیا): بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی هاوبەشی هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری،  بۆ ڕێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی حكومەت كۆببنەوە، پێش بەرزكردنەوەی بۆ نەجەف و وەرگرتنی ڕای سیستانی، كە محمەد ڕەزای كوڕی ڕۆڵێكی دیار دەگێڕێت لە نزیككردنەوەی بۆچوونی هێزە شیعییە ناكۆكەكان لەیەكتر.  سیاسییەكی دیار لە هاوپەیمانی فەتح بە ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، پێویستە كاندیدی سەرۆكی حكومەت لە تێپەڕاندنی چوار فلتەردا سەركەوتووبێت، كە لیژنە هاوبەشەكەی نێوان سائیرون و فەتح یەكەم دانەیانە و، سەیری دۆسیەی كاندید و مێژووی سیاسی دەكات، دواتر هەردوو فلتەری ئێرانی و ئەمریكی دێن، بوونی تێبینی لەلایەن هەر كامێكیانەوە بەتایبەت ئێرانییەكان، واتای كێشە هەیە، بەپێچەوانەی ئەمریكییەكان كە دەتوانن مامەڵە لەگەڵ هەر كەسایەتییەكدا بكەن كە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ئێرانییەكان توندڕەون لە مەسەلەی كێ‌ دەبێت بەسەرۆك وەزیران، فلتەری چوارەمیش سیستانییە و پێویستە كاندید ئەو تایبەتمەندیانەی تیادابێت كە مەرجەعیەت داوایكردووە(پێشتر لە دەسەڵات تاقینەكرابێتەوە و تۆمەتی گەندەڵی لەسەر نەبێت، جگە لە بەڵێندان بە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزراییەكان). سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندووە، سازانی ناوخۆیی ودەرەكی و ڕای مەرجەعییەت كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەو پۆستە یەكلادەكاتەوە و حكومەت بەسازان لەنێوان هەردوو جەمسەری سائیرون و فەتح پێكدێت و، هەردوو باڵەكەی حزبی دعوە (نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی) هیچ پۆستێكی سیادییان نابێت لەم حكومەتەدا.       ڕائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی و یەكێك لەسەركردەكانی سائیرون بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون هێشتا نزیكترینە بۆ سائیرون، ئەگەر حكومەتێكی ڕیفۆرمخواز پێكنەیەت، جەختیشیكردووە، نەڕۆیشتنیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەندە بەدیهێنانی حكومەتێك چاكسازی بكات، بەڵام تائێستا گفتوگۆ سیاسییەكان بەردەوامە و ئەگەر نەگەیشتنە سازان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت بەئیرادەیەكی عێراقی ڕووت، بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون چارەسەرە. ئەو بەرپرسەی سائیرون لەبارەی دیاریكرنی سەرۆك وەزیران ڕایگەیاندووە، وەك سائیرون تێبینیان هەیە لە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، چونكە تەوافوقاتی نێوان حزبە سیاسییەكان هێشتا بەشێوەی جاران كاردەكات، كە میكانیزمێكی شەفاف ومەدەنی و نوێ‌ نیە، ڕونیشكردوەتەوە، مەرجەعیەتی نەجەف كۆمەڵێك خەسڵەتی خستوەتەڕوو، كە لە بنەمادا  تایبەتمەندی باسكراون و لە ڕاستیشدا بەجۆرێك لە جۆرەكان بەرتەسكن و پێویستە ئاستێكی فراوانتر وەربگرێت و بەشداریكردنیش تیایدا فراوانتربێت، وتوشیەتی، ئەو خەسڵەتانەی خراونەتەڕوو حاڵی حازر لە هیچ كاندیدێكدا نیە، بەڵام كۆمەڵێك ناو لەئارادان و بەدوای كەسایەتییەكدا دەگەڕێن لە ناویاندا كە لەسەر ئاستی سیاسی  و شەقامی عێراقی و نێودەوڵەتی پەسەندكراو بێت و ئازابێت لە كردنەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی و دەستكردن بەرپرسەی چاكسازی.   ڕائید فەهمی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 10 كاندید هەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و هیچ كاندیدێكیش چانسی لە كاندێكی تر زیاتر نیە و حزبەكان تائێستا هیچ كاندیدێكیان هەڵنەبژاردووە و گەڕان و بەدواداچون بەردەوامە و پێشی وانیە كە حزبەكان دەستور پێشێلبكەن و ڕێز لەو وادە دەستورییانە دەگرن كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزریران بەركارە.     ئاماژەی بەتێڕوانینی سەدریش داوە سەبارەت بە كەسایەتی سەرۆك وەزیران و ڕایگەیاندووە، سەدر پێیواییە سەرۆك وەزیران پێویستە كەسایەتییەكی خاوەن بنكەیەكی جەماوەری بێت، پشتیوانیبێت لە كاتی قەیران و كردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵیدا، لەلایەن هێزە عێراقییەكانیشەوە پەسەندكراوبێت. گەڕان بەدوای سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە كاتێكدایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانەوە دزەیانكردووە، سازانێكی ڕوون و ئاشكرا سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی لە دانیشتنی 25 مانگی پەرلەمانی عێراق لە ئارادایە، لە یەكەم هەڵوێستی ڕەسمیشدا هاوپەیمانی بنیاتنان كە سەربازگەی (نوری مالیكی و هادی عامری)یە، پشتیوانی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دەكەن لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و بەكەسایەتییەكی هاوسەنگ وەسفی دەكەن.   بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی سیاسی، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕەنگە پەنابباتە بەر هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی ئەگەر هێزە شیعییەكان لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئەگەر تادانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، نەگەنە ڕێككەوتن، ڕێككەنەوتنی سەدر و عامری لەسەر ناوی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا مانای گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و سەرهەڵدانی لێدوانە دژەكان سەبارەت بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی و بەوەش سەرۆكی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، دانیشتنەكە بەكراوەی دەهێڵێتەوە و ڕەنگە داواش لە دادگای فیدراڵی بكات  گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دیاریبكات، ئەم سیناریۆیە لەگەڵ ئەوەی یەكێكە لە ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان، لەهەمان كاتدا ئەگەرێكی لاوازە و ئەگەری بەهێز ئەوەیە بەمزوانە سەدر و عامری ناوی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕەوانەی مەرجەعییەتی نەجەف بكەن بۆ پەسەندكردنی.      


راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2018 لە پارێزگای هەولێر هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتوو كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دروست دەكات و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی پێنج ساڵی رابردووی دوای هەڵبژاردنی 2013  كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی 12ی ئایارو " گۆڕینی" دەنگەكان و" ساختەكاری" و پێگەی هێزەكان لە ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم دروست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دروست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە.  پێگەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەك بازنەیە، بەڵام هەولێر و دەنگی هەولێر و پێگەی هەولێر كاریگەری سیاسی لەسەر دۆخی هەڵبژاردن دەبێت. پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر  یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992  لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانیان هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا.  پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوە و شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوە و دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا سەپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگە و نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە دروست بكات.       دووەم/ هەڵبژاردنی 2005   لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت.  لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای رووداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%.                                           سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010  لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە،  پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و  كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو .  چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014    بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و  لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە.    پێنجەم/ هەڵبژاردنی 2018  پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018، كە (642232) هاوڵاتی دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (321920) دەنگ بەدەست بهێنێت ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (79745) دەنگی بەدەستهێناوە لیستی نەوەی نوێ ( 70833) دەنگ بەدەست بهێنێت و هاوپەیمانی ( 50537 ) دەنگی بەدەستهێناوە، لیستی گۆڕان توانی (40863) دەنگ بەدەستبهێنێت ،لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (36784) دەنگ   و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (24475) دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی بەشێك لە هێزەكان پێیان وایە" ساختەكاری كراوەو دەنگەكان گۆڕاوە" ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە، بۆیە چاوەڕەوانیش ناكرێت گۆڕانكاری گەورە روبدات لە ئاستی دەنگەكان لە پارێزگای هەولێر.     



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand