جینۆسایدی بارزانیيەكان چۆن روویدا ؟
2019-07-31 09:35:38
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
ساڵی 1983 لە گەرمەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێراندا،هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەناوبران ،بەشێك لە پیاوە بارزانیەكان لە ئۆدوگا زۆرە ملێكانی قوشتەپەو بەحركەی هەولێر دەستگیركران و لە بیابانەكانی عەرعەردا زیندە بەچاڵكران، بەشێك لە كەس و كارو كوڕەكانی مەلا مستەفای بارزانیش لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق دەستگیركران و دواتر لە سێدارەدران.
( درەو میدیا) بە پشت بەستن بە دۆكیومێنت و سەرچاوە مێژوویەكان راپۆرتێكی وورد لەسەر جینۆسایدی بارزانیەكان بڵاودەكاتەوە.
دەستگیركردنی بارزانیەكان
دوای ھەرەسهێنانی شۆڕشی كورد ساڵی ( ١٩٧٥) و لە چوارچێوەی راگواستنی ناوچە سنورییەكان دەیان ھەزار لە خێزانی بەرزانییەكان بە زۆر گوند و لە شوێنەكانی خۆیان ھەڵكەنران و گوێزۆانەوە بۆ ناوچەی بیابانی ووشك لە باشوری عێراق لە پارێزگای دیوانیە،ئەم گوندنشینانە نزیكەی ( ٥) ساڵیان لە جێگەو ماڵی نوێدا بەسەر برد لە باشوری پارێزگای (دیوانیە) بەڵام لە ساڵی ( ١٩٨٠) سوپای عێراقی , بە ئۆتومبیلی سەربازی ئەم ئۆردوگایانەیان پێ پێچانەوەو بەرەو كۆمەڵگای (قوشتەپە)ی باشوری شاری ھەولێر راپێچكران و ھەندێكیشیان بران بۆ كۆمەڵگای (بەحرەكە)لەباكوری شاری ھەولێر ، ئەوانی تریش بۆ كۆمەڵگای ( دیانەو ھەریری).
لەم كۆمەڵگایانەدا خەڵكەكە لەدوای پێنج ساڵ بۆیەكەمجار ھەوای كوردستانیان ھەڵمژی پاش ئەوەی لە ٢٢ی ٩/١٩٨٠ جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەستی پێكرد ، لەو چوارچیوەیەدا سوپای ئێران لە ٢٢/ ٧ /١٩٨٣ پەلاماری شارۆچكەی ( حاجی ئۆمەران)یان داو بە چاوساغی ھێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان ناوچەكانی ( شیوەڕەش ، ئالانە ،ئازادی ، رایەت)یان لە دەسەڵاتی بەعس سەندو بەسەدان سەرباز لە ھەردوولا كوژران، ئەم هێرشەی سوپای ئێران بەتایبەتیش بە چاوساغی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی سەدام حسین و رژێمی بەعسی توڕەكرد، بەجۆرێك بیری لە تۆڵەو زەبرێكی توند دەكردەوە لە بنەماڵەی بارزانی بەو پێیەی هێزەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی بوو، رژێمی بەعس لە تۆڵەی ئەو هەنگاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كوشتن و لەناوبردنی هەموو ئەو بارزانیانەدا كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدابوون و لە عێراق مابونەوە لەدوای شكستی شۆڕشی كورد لە ساڵی 1975 .
نەوشیروان مستەفا و جینۆسایدی بارزانیەكان
نەوشیروان مستەفا ( 1944 – 2017 ) كە خۆی لەناو گەرمەی روداوەكان بووەو لە زنجیرەیەك كتێبدا روداوەكانی شۆڕشی نوێی كوردی نوسیوەتەوە، لەلاپەڕە (322)ی كتێبی (پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن .. دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق 1979 – 1983 ) بە ووردی باس لە لەناوبردنی بارزانیەكان دەكات لە 1983 و دەنوسێت :
" گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی . كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و , چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو . لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون, بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا , لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا, بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد .... شێخ عوسمانی كوڕی شێخ ئەحمەد و عیماد و ئەدهەمی كوڕی بوبون بە بەعسی، عیماد سكرتێری مەجلیسی تەشریعی بو، عوبەید و لوقمان و سابیری كوڕی مەلا مستەفا لە بەغداد دانیشتبون، عوبەید بۆ شكاندنی باوكی ماوەیەك لە وەزارەتی بەعسیەكاندا بووب بە وەزیری دەوڵەت، سەدام بۆ ئەوەی تۆڵە لە بنەماڵەی بارزانی بكاتەوە، هێزێكی حەرەس جمهوری لە بەغداوە نارد بۆ دەوری ئۆردوگاكانی قوشتەپەو بەحركەیانگرت، هەر پیاوێكی بارزانیان بەردەستكەوت لە گەنجو پیر هەمویانگرتن، شێخ عوسمان و كوڕەكانی و كوڕەكانی مەلا مستەفا، عوبەید و لوقمان و سابیریان چنیەوە، سەرو سۆراغیان نەما، بە ماوەیەكی كورت سەدام لەیەكێ لە وتارەكانیدا لە تەلەفزیۆندا وتی: ئەوانە خیانەتیان كرد و لەبەر ئەوەی" ارسلناهم الی الجحیم" واباوبو كە مەسعود و ئیدریس هاوزەمان لەگەڵ هێرەشانی ئێراندا بۆ حاجی ئۆمەران، هەواڵیان بۆ بارزانیەكان ناردوە خۆیان ئامادەبكەن بۆ چەكهەڵگرتن و گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی سنور"
هیڵتەرمان و 8 هەزار بارزانیەكە
یوست هڵتەرمان، كە بە چالاك و نوسەری دیاری مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش جینوسایدەكانی گەلی كورد دادەنرێت لە لاپەڕە 38ی كتێبەكەیدا( كارێكی ژەهراوی .. ئەمریكاو عێراق و گازبارانی هەڵەبجە) دەنوسێت"پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, پارتی پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی، لە ساڵی 1983 هێزەكانی عێراق - ئێران لە چیاكانی سەرو حاجی ئۆمەران كەوتنە شەڕێكی سەختەوە، ئامانجی سەرەكی ئێران لەو هێرشەی بۆسەر یاخیبووە كوردەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی سەربە عەبدولڕەحمان قاسملۆ بوو و هێزە ناحەزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی عەشیرەتی برادۆستی بوو لە ناوچەكەدا، كە لەو كاتەدا هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و فەیلەقی بەدری سەربە ئەنجومەنی باڵای شۆِرشی ئیسلامیش پاڵپشت و چاوساغی هێزەكانی ئێران بوون، زانیاری تەواوی بارزانیەكان لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی كەوا هاوسنور بون لەگەڵیان یارمەتیەكی گەورەبوو بۆ ئێرانییەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43 گوندی كوردنشین ,بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت"...هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەڵام لەبەرامبەر كارئاسانیكردنی بۆ ئێران لە حاجی ئۆمەران رژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەربە عەشیرەتی بارزانی راپێچكرد، كە زۆربەیان لەپاش هەرەسی ساڵی 1975 ی شۆِرشی بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی كۆمەڵگەكانی دەوروپشتی هەولێركرابوون"
چارەنوسی بارزانیەكان
هەموو بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعس تایبەت بە هەشت هەزار بارزانیەكەی ساڵی 1983 ئاماژەن بە رق و توڕەیی رژێمی بەعس لەبەرامبەر پێشڕەوی و چاوساغی هێزی پێشمەرگە بۆ سوپای ئێران و گرتنی ناوچەیەكی فراوانی ناوچەی حاجی ئۆمەران لەلایەن سوپای ئێرانەوە.
رژێمی بەعس رق و توڕەیی خۆی بەرامبەر سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو بارزانیانە رشت كە لەژێر دەستی خۆیدا مابونەوە لەدوای هەرەسی 1975 و رۆیشتنی سەركردەكانی ئەو پارتە بۆ ئێران.
رژێمی بەعس چارەنوسی بارزانیەكانی هەرزوو یەكلاكردەوە، سەدام حوسێن لە سیپتێمەری ١٩٨٣ دا گومانێكی ئەوو تۆی نەھێشتەوەو لە وتارێكیدا كە دواتر لە تەلەفزیۆ ن ورۆژنامەكانی بەعسدا بڵاوكرایەوە زۆر بەڕاشكاوانە وتی( ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و لە پەیمان كرد بۆیە بەسزای سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن ) لە دەقی قسەكانی سەدامدا ھاتووە ( ئەوان بەجۆرێك رۆچوون لەخیانەتدا كەناتوانن پەشیمان ببنەوە لێی، ئەم خیانەتەشیان گواستووەتەوە بۆ سنورێكی بەرفراوانتر لەبنەماڵەكەیان تا ئەو تاوانەیان ئەنجام دا و بوون بەڕێنیشاندەر و یارمەتیدەری ھێزی فارس بۆ داگیركردنی خاكی عێراق، بەم شێوەیە جیابوونەوەی كۆتای روویدا لەنێوان ئێمە و ئەوان لەوەش زیاتر ھەوڵماندا پەیوەندی دروست بكەن بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕیزی نیشتیمانی چەند نامەیەكیش ئاڵۆگۆر كرا لەم بارەیەوە، بۆیە دووجار خیانەتیان كرد یەكەمیان خیانەتیان لەخاك كرد دووەمینیان خیانەتیان لەو بەڵێنانەشیان كرد كەدابوویان، بارزانیەكانیش بەشدار بوون لەم كارە و سزای خۆیان وەرگرت و رۆشتن بۆ دۆزەخ) مەبەستی سەدام لەوەبوو كە ئەوان جۆرە رێكەوتنێكیان ھەبووە لەگەل مەسعود و ئیدریس بارزانیدا كە چاوساغی سوپای ئێرانی نەكەن بۆسەر خاكی عێراق.
بەپێی زانیاریەكان دوای ماوەیەك لە دەستگیركردنیان ئەم پیاوە بەرزانیانەی لە كۆمەڵگە زۆرەمڵێكانی هەولێر دەستگیركران لەبیابانی ( عەرعەر)دا زیندە بەچاڵ كراون ، ژن ومناڵەكانیشیان دوای خۆیان تا راپەڕینی 1991 لە ئۆردوگاكاندا دەوریان بە ئەمن و ئیستخباراتی بەعس گیرابوو ، كە لە ژیانێكی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان ئاوو كارەباو كەل و پەلی خواردەمەنیان لێ بڕیبون بەردەوام .
ژنێكی بارزانی كەلەو كاتەدا لە (قوشتەپە) دەژیا ووتی :.( ئێمە گشت خەوتبوین كە سەربازەكان لە كاتژمێر (٣:٣٠)دەقیقەی بەرەبەیاندا ئابڵوقەی كۆمەڵگاكەیان دابوو ،پاشان بەر لەشەبەق كاتێك كە خەڵكەكە وەبەر خۆكەوتن بچنە سەر ئیش و كاریان ھەموو سەربازەكان بەجاری رژانە ناو كۆمەڵگاكەوە ، ھەر پیاوێك دەچوە دەرەوە دەیان گرت ، تەنانەت پیرەمێردێكی شێتیشیانگرت و دەست و قاچیان شەتەك دا ، ئەو مەلایەشیان گرت كەدەچوو بۆ مزگەوت بانگی نوێژی بەیانی بدات ، ئەوجا دەرگای ماڵەكانیان شكاندین و كەوتنە گەڕان بەدووی پیاوەكانماندا ، ئەوان تەنانەت تەماشای سەلاجەو تەنكی ئاویشیان دەكرد ، ھەموو نێرینەیەك كەتەمەنی لە (١٣) ساڵ بەرەو ژور بوو بردیان ، ئافرەتان دەستیان كردە گریان و رۆ رۆو قورئانیان بەرەو رویان بردن و زۆر پاڕانەوە لە سەربازەكان تا پیاوەكانیان نەبەن ).
پاش ئەوەی ئەم پیاوە بەرزانییانەیان دەست گیركردوو پاشان رەوانەی (دیوانییە)دەكرێن ، وە پاش ماوەیەكیش بەفەرمانی راستەوخۆی (سەدا حسین) دەبرێن بۆ بیابانی عەرعەری سنوری عێراق ـ سعودیە لەوێدا چاڵیان بۆ ھەڵدەكەنرێو دەكەس دەكەس گوللەباران دەكرێن و دادەپۆشرێن .
چارەنوسی سێ كوڕەكەی مەلا مستەفا
رژێمی بەعس لە پرۆسەی دەستگیركردنی بارزانیەكاندا لەیەك كات و شوێندا پرۆسەكەی ئەنجام نەداوەو بە زنجیرەیەك پرۆسەی دەستگیركردندا تێپەڕێوە، سەرەرای دەستگیكردنی پیاوی خێزانە بارزانیەكان لە ئۆردوگاكانی نزیك هەولێر، چەندین كەسی تری بارزانیەكان لە شارەكانی دیكەی عێراق دەستگیركران،
ھەر لەو سەروبەندەدا ( عوبەیدوڵا و سابیر و لوقمانی كوڕانی مەلامستەفا كە براگەورەی مەسعود بارزانی ) بوون دەستگیركران و دواتر لەسێدارە دران، ئەو سێ كوڕەی مەلا مستەفا لەدوای هەرەسی 1975 لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوون بۆ ئێران و لە بەغداد مانەوە چونكە كێشەیان لەگەڵ باوكیان ھەبوو، وەزیر و پەرلەمانتار و سەرمایەداربوون, بۆیە رژێمی بەعس لەدوای پشتیوانی ھێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوپای ئێران بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران و گرتنی ٨ ھەزار بارزانی، كوڕەكانی مەلا مستەفاشی لە سێدارەدا كە عوبەیدوڵا وەزیری دەوڵەت بوو لە بەغدا و لوقمان پەرلەمانتار و سابیر بارزگان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا نەفرەتی لێكردبوون بۆیە تا ئێستاش ھیچ سەركردەیەكی بارزانی ناویشیان ناھێنێت.
بڕیاری لە سێدارەدانی كوڕەكانی مەلا مستەفا لە دادگای شۆرش بەسەرۆكایەتی عەواد حەمەد بەندەر دەركرا: حوكمی لە سێدارەدان درا بەسەر ھەر یەك لە (سابیر مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانی و نەوزاد لوقمان مستەفا بارزانی و ئازاد لوقمان مستەفا بارزانی و سەلاح لوقمان مستەفا بارزانی و بیداد لوقمان مستەفا بارزانی و ئیسماعیل فەقی عەولا بارزانی و ئەمین عوسمان ھەمیرە بارزانی و نورەدین محەمەد سدیق بارزانی و رەجەب ئیسماعیل حەسەن بارزانی و قادر نوعمان جەھوەر بارزانی و مەجید عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حەكیم سەعید حەسەن بارزانی و سوبحان ئیسماعیل عەبدولسەلام بارزانی و زوبیر عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حسێن زیاب بارزانی و دڵدار عەلی محەمەد حاجی بارزانی و ئیسماعیل مستەفا محەمەد بارزانی و عەلی عومەر ئەحمەد بارزانی و عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و عەبدولباری سلێمان عەبدولسەلام بارزانی و عیماد عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و نەزیر ئەحمەد محەمەد عەبدولسەلام بارزانی)، بەلام ھەر یەك لە لوقمان و عوبەیدوڵا بە بریارێكی تر لە سێدارەداران چونكە ئەوان وەزیر و پارلەمانتار بوون.
سابیر مستەفا بارزانی كە لە گەڵ 22 كەسدا لە 26/7/1983 لە بەغداد دەستگیركرا بە نوسراوی سەرۆكایەتی دادگای شۆڕشی ژمارە 1446/1983 دەرچووە لەسێدارەدراوەو راپۆرتی لەسێدارەدانەكەیدا ئاماژە بەوە كراوە " تۆمەتبار صابر مستەفا بارزانی لەگەڵ كۆمەڵێك لە تێكدەران كە سەربە مەسعود و ئیدریس بارزانین، زانیاری ناوخۆی سەركردایەتیان داوەتە تێكدەران بەتایبەتی لەسەر ئەو جێگایانەی ستراتیژی و گرنگن و ئامادەكارییان لە بەغدا و هەولێر لەگەڵ تێكدەران كردووە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانمان لە كەرتی باكور لە حاجی ئۆمەران لە رێگای مەسعود و ئیدریسەوە" لە راپۆرتەكەدا ئەوانی بە هەڵگرتنی چەك بەرامبەر بە هێزە چەكدارەكانی عێراق بەمەبەستی هاوكاری هێزەكانی ئێران بۆ گرتنی ناوچەكانی حاجی ئۆمەران تۆمەتبار كردووەو بە بەكرێگراوی ئێرانی ناوزدیكردون.
بەعس زانیاریەكانی دەشاردەوە
سەبارەت بە جینۆسایدی بارزانیەكان هەمیشە سەركردایەتی حزبی بەعس ویستویەتی زانیاری لەسەر گرتن و سەرنگومكردنیان بشارێتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار بە نووسراوی 2651/ك لە 24/8/1987 دا فەرمانی دەركردووە بۆ هەموو ئەو دام و دەزگا و بەرپرسانەی تایبەتن بە كێشەی كورد لەوانەیە لە لایەنێكی سێهەهەمەوە پەیوەندییان پێوە بكرێت و سەبارەت بە چارەنووسی بارزانییەكان و پرسیارییان لێ بكرێت، بۆیە وا پێویست ئەكات كە وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێك سەبارەت بەم بابەتە ئەم وەڵامە بێت كە: "تەنها سەرۆكایەتی دەوڵەت لەم كێشەیە ئاگادارە چونكە كێشەكە كێشەیەكی سیاسیە و زۆر گەورەترە لە كێشەی ئەم خێزانانە".
سەرچاوەكان:
• نەوشیروان مستەفا ئەمین, پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل322
• یۆست هلتەرمان، كارێكی ژەهراوی,وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق,كۆمپانیای ئاوێنەل39
• رۆژنامەی ( العیراق) ، 13ی ئەیلولی ، 1983 .
• محەمەد رەئوف , ئەنفال و رەھەندە سۆسیۆلۆجیەكانی, 2005 سلێمانی.
• عەباس هەمزە خدر ـ جینۆساید كارەساتی كوردو تاوانی نێودەوڵەتی ، گۆڤاری یاسا پارێزی ، ژـ 4 ، ساڵی چوارەم ، 1999 , لاپەڕە 260 .
• رَێكار مزوری , شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان .
• عەدالەت عومەر, بارزانیەكان لە راگواستنەوە تاكو جینۆساید بەپێی بەڵگەنامە فەرمی و مێژوویەكان.