كێ لەگەڵ مانەوەی عەبدولمەهدییەو كێ لەدژیەتی ؟
2019-10-30 15:38:45
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
سەدرو عامریو حەكیم دەیانەوێت عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوربخەنەوە، بارزانیو عەلاوی دژن، عەبادی چاوی لەوەیە جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆسەر كورسی دەسەڵات، مالیكیش هەڵوێستی روون نییەو بەدوای چانسی باشتردا دەگەڕێت، ئایا بەپێی دەستوری عێراق حكومەت چۆن لەكاردەخرێت ؟ پەرلەمان چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ كێ دەتوانێت پەرلەمانێك هەڵوەشێنێتەوە كە وادەی یاسایی تەواو نەبووە ؟ هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەكرێت؟ (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بەوردی دواین پەرەسەندنی دۆخی سیاسی عێراق دەخاتەڕوو.
بەڵێنو هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی چاكسازیو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریو دامەزراندنی خەڵكی هیچ شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبوو، ئێستا ئیتر قسە هاتووتەسەر گۆڕینی حكومەت.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە ماوەی ساڵێكە پۆستەكەی وەرگرتووە، لەسەر ئاستی شەقامو لایەنە سیاسییەكان روبەڕووی هەوڵی دورخستنەوە بووەتەوە.
پاڵپشتیی سیاسی لەدەستدا
ساڵێك لەمەوبەر كاتێك دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی، هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەدرا، موقتەدا سەدرو هادی عامری گەیشتنە بنبەستو نەیانتوانی كورسی پێویست كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان كەسێك لەخۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكەن، بەناچاری پەنایان بۆ كەسێك لە دەرەوەی لیستەكانی خۆیان برد، ئەو كەسە عادل عەبدولمەهدی یەكێك لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بوو، كە ماوەیەك بوو لە كاری حزبایەتی دوركەوتبووەوە.
عەبدولمەهدی كە هیچ لیستو كورسییەكی لە پەرلەمان نەبوو، وەكو كاندیدی تەوافوقی، بە پاڵپشتی كورسییەكانی سەدرو عامری لە پەرلەمان وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا، بەڵام ئێستا ئیتر ئەو پشتیوانییەی لەدەستداوە.
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لیستی (سائیرون) كە لیستی هاوپەیمانێتی نێوان رەوتی سەدرو حزبی شیوعی عێراقو چەند لایەنێكی تر بوو، موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەكرد، بوو بە براوەی یەكەم هەڵبژاردنو زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لەدوای ئەویش لیستەكەی هادی عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبیو رێكخراوی بەدر بەناوی هاوپەیمانی (فەتح) بوو بە براوەی دووەمی هەڵبژاردن.
رۆژی دوو شەممەی رابردوو موقتەدا سەدر لەژێر فشاری توندبوونەوەی خۆپیشاندانەكان لە شەقام، داوای لە عەبدولمەهدی كرد، بچێتە بەردەم پەرلەمانو داوای سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات بۆ ئەوەی كابینەیەكی نوێی حكومەت پێكبهێنرێت.
رۆژێك دواتر عەبدولمەهدی لە پەیامێكدا وەڵامی سەدری دایەوەو وتی:" ئەگەر مەبەست لە رۆیشتی ئەو بۆ پەرلەمانو داواكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوەیە حكومەتەكەی دەستلەكاربكێشێتەوە، ئەوا رێگەی تر هەیە بۆ ئەو كارە، ئەوەش ئەوەیە سەدر لەگەڵ عامری هاوپەیمانیدا پێكەوە لەناو پەرلەمانەوە كابینەیەكی نوێی حكومەت دروستبكەن، ئەوكات ئەویش دەستلەكاردەكێشێتەوە".
ئەم وەڵامدانەوەیە سەدری توڕەكرد، دوێنێ سەدر دوای گەڕانەوەی لە ئێرانەوە بۆ نەجەفو بەشداربوونی لە خۆپیشاندانی خەڵك، لە پەیامێكی نوێدا بە عەبدولمەهدی وت:" پێموابوو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەت لێ بكەم بەوە شكۆی تۆم پاراستووە، بەڵام كە رەتتكردەوە من داوا لە هادی عامری دەكەم هاوكاری بكات بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا متمانەت لێوەربگرینەوە".
سەدر توندتر قسەی كردو وتی:" ئەگەر پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدات (دەنگدان بۆ سەندنەوەی متمانە لە عەبدولمەهدی)، ئەبێ گەلی قسەی خۆی بكات و بڵێ بڕۆ (ارحل).
پەرلەمانتارێكی سەربە كوتلەی سائرون ئاشكرایكرد، دەستیان كردووە بە كۆكردنەوەی ئیمزا لەناو پەرلەمان بەمەبەستی بانگهێشتكردنی عەبدولمەهدیو سەندنەوەی متمانە لێی.
هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەكرێت ؟
لە دەستوری عێراقدا رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی حاڵەتی لەكارخستنی حكومەتو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكراوە.
ماددەی (64)ی دەستوری عێراق بەمشێوەیە رێوشوێنی سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریكردووە:
یەكەم: داواكارییەك پێشكەش بكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، كێ دەتوانێت دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات ؟ بەپێی دەستور تەنیا دوو لایەن دەتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن بەمشێوەیە:
• یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكی سەرۆكی پەرلەمان بكەنو تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن، واتە لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمان (110) كەسیان ئیمزا لەسەر داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن.
• یاخود سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واتە (عادل عەبدولمەهدی) بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار واتە (بەرهەم ساڵح) داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات.
بەگوێرەی ئەوەی دەستور دیاریكردووە، پەرلەمان بە زۆرینەی رەها (50+1)ی دەنگی ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، واتە لە كۆی (329) ئەندام (165) ئەندام دەنگی (بەڵێ) بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەروەها بەپێی دەستور ناتوانرێت پەرلەمان لەكاتێكدا هەڵوەشێندرێتەوە كە بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی كردبێت.
دووەم: ئەگەر رێوشوێنەكانی خاڵی یەكەم جێبەجێبوونو پەرلەمان هەڵوەشێندرایەوە، ئەوكات سەرۆك كۆمار بانگهێشتی سازدانی هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتدا دەكات، بانگهێشتكردن بۆ سازادانی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە نابێت لە (60) رۆژ زیاتر بخایەنێت لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە، لە حاڵەتی هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا، حكومەت دەبێت بە حكومەتێكی "دەستلەكاركێشاوە"و تەنیا كاروبارەكان بەڕێوەدەبات، واتە دەبێت بە "حكومەتی كاربەڕێكەر".
ئاستەنگی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە
ئەگەر عادل عەبدولمەهدیو حكومەتەكەی خۆبەخۆ دەستلەكارنەكێشنەوە، ئەوە دەبێت لەناو پەرلەمانەوە متمانەیان لێوەبگیرێتەوە، بەوپێیەی لە عێراق پەرلەمان متمانە بە حكومەت دەداتو هەر پەرلەمانیش دەتوانێت متمانەیان لێوەبگرێتەوە.
بەپێی بڕگەی (هەشتەم) لە ماددەی (61)ی دەستور، بەزۆرینەی رەها (50+1)ی كۆی دەنگی پەرلەمانتاران پەرلەمان دەتوانێت متمانە لە حكومەت وەربگرێتەوە، نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی هەر دانیشتنێكی پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی (165) پەرلەمانتار هەیە لە دەستپێكی دانیشتنەكەدا، بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت دەبێت (165)ی ئەندامی ئامادەبوو دەنگی (بەڵێ) بدەن، واتە لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێت ئەو رێژەیە لە پەرلەمانتاران دەنگ بدەن.
ئەگەر عەبدولمەهدی خۆی دەستلەكارنەكێشێتەوەو پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندنەكات، سەدرو عامری كە دەیانەوێت لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوری بخەنەوە، ئەوكات دەبێت لە پەرلەمان دەنگی (162) ئەندام كۆبكەنەوە بۆ لەكارخستنی عەبدولمەهدی.
كێ لەگەڵەو كێ لەدژە ؟
هاوپەیمانی (سائرون) كە موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەكات (54) كورسی هەیە، دوان لەم كورسییانە كورسی حزبی شیوعی عێراقنو ئێستا پەرلەمانتارەكانیان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، واتە ژمارەی كورسییەكانی سائرون ئێستا (52) كورسی ماوەتەوە.
هادی عامری كە پشتیوانی خۆی بۆ بانگەوازەكەی سەدر نیشاندا، هاوپەیمانێتییەكەی (هاوپەیمانی فەتح) لە پەرلەمان (47) كورسی هەیە، واتە سەدرو عامری پێكەوە (99) كورسییان هەیەو پێویستیان بە (66) كورسی تر دەبێت بۆ ئەوەی رێژەی (50+1)ی دەنگەكان مسۆگەر بكەن بۆ سەندنەوەی متمانە لە عادل عەبدولمەهدی.
رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە عەبدولمەهدی تۆپەكەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی سەدرو وتی ئەو دەستلەكارناكێشێتەوە، با سەدر خۆی بڕوات متمانەی لێوەرگرێتەوەو حكومەتێكی نوێ دروستبكات، پرسیارەكە ئەوەیە كێ نیسابەكە بۆ سەدرو عامری تەواو دەكاتو حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لە پەرلەمانەوە دەخات ؟
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هاوپەیمانێتییەكەی كە ناوی (هاوپەیمانی نەسر)ە، (42) كورسی لە پەرلەمان هەبوو، ئێستا هەندێكیان جیابونەتەوە، عەبادی كە خەونی گەڕانەوەی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، پشتیوانی لەكارخستنی حكومەتو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتو ئەمەی لە دەستپیشخەرییەكدا راگەیاند كە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاویكردەوە، بەڵام پێناچێت بێ مەرج پشتیوانی سەدرو عامری بكات، لە هەموو حاڵێكدا مەرجی دەبێت بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر كورسییەكەی پێشتری، وەكو چۆن لەسەرەتای دروستكردنی ئەم كابینەیەدا هەوڵی تەواویدا لە پۆستی سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە، ئەمەش خواستێكە كە روبەڕووی ناڕەزایەتی سەدر دەبێتەوە، بۆیە ئەگەری رێككەوتنیان سەخت دەبێت.
نوری مالیكی كە سەرۆكایەتی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای دەكرد، لە دواین هەڵبژاردندا (25) كورسی بەدەستهێنا، مالیكی دەزانێت هیچ چانسێكی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لەلای موقتەدا سەدر نییە، بۆیە پێناچێت بەهیچ جۆرێك پشتیوانی ئەو بكات لە سەندنەوەی متمانە لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدیو بەدوای چانسی باشتردا دەگەڕێت.
رەوتی حیكمە كە هێزێكی سیاسی نوێیەو عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكاتو لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابوەتەوە، لە یەكەم بەشداریكردنیدا (19) كورسی پەرلەمانی بردەوە.
گەنجەكانی رەوتی حیكمە یەكەمین كەس بوون لەدژی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران خۆپیشاندانیان كرد، سەرەتای ناڕەزایەتی لەوانەوە دەستیپێكردو دواتر فراوان بوو بۆ چین و توێژەكانی تر.
رەوتی حیكمە یەكەم لایەنی پێكهێنەری كابینەی نوێی حكومەت بوو كە كشایەوەو بوو بە ئۆپۆزسیۆن، عەمار حەكیم ناڕازییە لە سیاسەتی عادل عەبدولمەهدی، پێیوایە مافی رەوتی حیكمەی خواردووە لە دابەشكردنی پۆستە وزارییەكاندا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بەشێك لە نیگەرانییەكانی تری عەممار حەكیم لە عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، عەبدولمەهدی لەدوای بوونی بە سەرۆك وەزیران زیاتر بەلای پیرەكاندا شكاندویەتییەوە، واتە بەلای هاوڕێ كۆنەكانی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، بەمەش بووە بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی نێوان ئەنجومەنی باڵاو رەوتی حیكمە وەكو دوو هێز كە لە یەك هەناوەوە هاتونەتەدەرەوەو ناكۆكیو جیابونەوە كەوتووەتە نێوانیان، عەبدولمەهدی خۆی یەكێك بوو لە سەركردە دیارەكانی ئەنجومەنی باڵا، بەڵام بەدواییە رایگەیاند دوركەوتوەتەوە لە كاری حزبی، لە جیابونەوەی عەممار حەكیمدا لە ئەنجومەنی باڵا خۆی بەدورگرتو لایەنگری كەسی نەكرد.
ئەیاد عەلاوی كە سەرۆكایەتی ئیتیلافی نیشتمانی دەكرد، لە دواین هەڵبژاردندا (21) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، عەلاوی دژی لادانی عەبدولمەهدییە.
بەمدواییە عەلاوی سەردانی پیرمامی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە، دوای كۆبونەوەكە عەلاویو بارزانی پێكەوە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی راگەیاند.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستانیش كە (21) كورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، هاوشێوەی پارتی پشتیوانی مانەوەی عەبدولمەهدی دەكات، واتە لەناو لایەنە كوردییەكانیشدا پارتیو یەكێتی كە پێكەوە (46) كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە دژی لادانی عەبدولمەهدینو پشتیوانی سەدرو عامری ناكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) بۆ لادانی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، سەدرو عامریو عەممار حەكیم نزیكەی (120) دەنگیان لە پەرلەمان پێ كۆدەكرێتەوە، ئەمەش بۆ گەیشتن بە نیسابی یاسایی كە (165) دەنگە كەموكورتی دەبێتو ئاستەنگ بۆ لادانی عەبدولمەهدی لە پەرلەمانەوە دروست دەكات، مەگەر گەڕێكی نوێی دانوستان دەستپێبكاتو پشكە حكومییەكان جارێكی ترو بە نەخشەیەكی نوێ دابڕێژرێتەوە، رەنگە دواجاریش فشارەكانی ئێرانو ئەمریكا بە ئاڕاستە جیاوازەكاندا كاریگەری یەكلاكەرەوەیان هەبێت لەسەر پرسەكە.
لەبارەی قەیرانی عێراقەوە
عادل عەبدولمەهدی ماوەی ساڵێكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، بەڵام بەرپرسیارێتی كێشەو گرفتی زیاتر لە 16 ساڵی رابردووی دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقو كێشە كۆنەكانی تری پێدا هەڵواسراوە، كێشەگەڵێك كە چارەسەركردنیان كاتی زۆری دەوێت.
عەبدولمەهدی ساڵێك لەمەوبەر كاتێك پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، دۆخی عێراق بەمشێوەیە بوو:
• ساڵی 2003 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا رژێمی بەعسی روخاند، بەهۆی ئەو جەنگەوە ژێرخانی ئابوری عێراق وێران بوو، دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخان پێویستی بە (60 ملیار) دۆلار هەبوو.
• چیرۆكی قەرزەكان لەدوای كۆتایهاتنی جەنگی عێراق- ئێران دەستیپێكرد، عێراق بە (80 ملیار) دۆلار قەرزەوە لەو جەنگە هاتەدەرەوە.
• ساڵی 2003 قەرزەكانی عێراق گەیشتە نزیكەی (120 ملیار) دۆلار، ئەمە بەر لە پاكتاوكردنی قەرزەكان لەگەڵ هەندێك لە وڵاتان، ئەوەش بەپێدانی قەرزە بنەڕەتییەكە بەبێ سودی قەرزەكان، ئەمە بە هەماهەنگی بوو لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكانو سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
• ساڵی 2014 عێراق روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە، هاوكات یەك لەسەر سێی روبەری خاكەكەی كەوتە دەست چەكدارانی رێكخراوی "داعش"، ئەمەش ناچاریكرد پەنا بۆ قەرزی بیانیو ناوخۆیی ببات بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كە لە بودجەدا رویدا هەروەها بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی جەنگ.
• ئێستا بەپێی قسەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ریژەی قەرزەكانی عێراق گەیشتووەتە (85 ملیارو 300 ملیۆن) دۆلار، كە مافی دارایی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری وزەو پارەی تایبەت بە كڕینی كارەباو غاز لە ئێران لە خۆدەگرێت.
• قەرزی ناوخۆیی حكومەتی عێراق (40 ملیار) دۆلارە، كە زۆرینەی ئەم قەرزەش قەرزی بانكی ناوەندیو سێ بانكە حكومییەكەی ترە (رافیدەین- رەشید، بانكی بازرگانی)، هەروەها دەستەی خانەنشینی نیشتمانی.
• ئێستا عێراق نزیكەی (41 ملیار) دۆلار قەرزاری وڵاتانی كەنداوە، كە رژێمی پێشوو ئەم پارانەی قەرزكردووە، لەگەڵ (9 ملیار) دۆلاری قەرزی وڵاتانی ئەندامی یانەی پاریس.
• قەرزەكانی عێراق گەیشتووەتە ئاستی هێڵی سور، چونكە قەرزەكان گەیشتووتە 55%ی كۆی گشتی داهاتی ناوخۆیی.
• قەرزی دەرەكی كوەیت رێژەكەی نزیكەی (107 ملیار) دۆلار بوو، عێراق زۆربەی ئەو قەرزەی گێڕاوەتەوەو ئێستا تەنیا بڕی (4 ملیارو 600 ملیۆن) دۆلاری ماوە، قەرزەكەی وڵاتانی یانەی پاریس-یش تاوەكو ئەمساڵ تەنیا (نیو ملیۆن) دۆلاری گەڕێندراوەتەوە.
• لە ساڵی 2003وە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بڕی زیاتر لە (40 ملیار) دۆلاری لە كەرتی كارەبادا خەرجكردووە، بەبێ ئەوەی كێشەی كارەبا چارەسەر بوبێت.
• ئێستا ئێران لەڕێگەی چوار هێڵەوە بڕی (هەزارو 300) مێگاوات كارەبا بە عێراق دەدات.
• عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی:" بودجەی عێراق لە ساڵی 2003وە تاوەكو ئێستا 850 ملیار دۆلار بووە، 450 ملیار دۆلاری لە گەندەڵیدا بە هەدەر چووە".
• بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان ژمارەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ئێستا (3 ملیۆنو 500 هەزار) كەسە، ئەم ژمارەیە سێ هێندەی ئەو رێژە فەرمانبەرەیە كە فەرمانگەكانی دەوڵەتی پێویستیان پێیەتی.
• (3 ملیۆن) هاوڵاتی عێراقی لە كۆمەڵگەو گەڕەكە هەژارنشینەكانو ناوچە هەڕەمەكییەكانی نیشتەجێبووندا دەژین.
• لە وەرزی خوێندنی 2017-2018 لە قۆناغی سەرەتایدا نزیكەی (یەك ملیۆن) قوتابی دەرنەچوون.
• زیاتر لە (131 هەزار) منداڵ تائێستا پەیوەندییان بە خوێندنی سەرەتاییەوە نەكردووە، رێژەی (47%)یان نەگەیشتونەتە قۆناغی ناوەندی.
• (5 ملیۆنو 100 هەزار) منداڵی عێراقی پێویستیان بە یارمەتی تەندروستیو چارەسەر هەیە.
• عێراق لەسەرووی لیستی ئەو وڵاتانەوەیە كە گەندەڵییان زۆرە، ئەمە بەپێی پێوانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی پلۆمبێگ عێراق لە دەرەوەی لیستی ئەو وڵاتانەدایە كە داهێنانیان هەبووە.
• كۆنگرەی نێودەوڵەتی داڤۆس لە كۆی 140 وڵات كە لەڕووی كوالیتی خوێندنەوە پلەبەندیی بۆكردوون، عێراقی خستوەتە دەرەوەی لیستەكە.