Draw Media

د. ئومێد سەباح: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پاشگەزبۆتەوە

د. ئومێد سەباح: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پاشگەزبۆتەوە

2019-11-02 08:07:30


درەو میدیا:
سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەداتەوەو رایدەگەیەنێت" دانانی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت لەدەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە" ئاماژە بەوەش دەكات"  هیچ دەقێكی وا نییە لە ڕێكەوتنەكانی پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، كە وەزیرێكی هەرێم هەبێ بو كاروباری بەغدا"  دەشڵێت یەكێتی خۆی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلانەكردۆتەوە، ئاماژە بەوەش دەكات یەكێتی پاشگەزبۆتەوە لەو رێككەوتنەكە كە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوتی گاز.
د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەڵامی  لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  بەچەند خاڵێك دەداتەوە :
•    بەداخەوە مەكتەبی سیاسی هێندێك لە حیزبەكان بە پێچەوانەی دروشمەكانیان،  لە كاتێكدا داوا دەكەن حیزبەكان دەست لە كاروباری حكومەت وەرنەدەن. بەڵام كاتێك بەرژەوەندییەكانی خۆیان دێتە بەر باس، بە هەموو شێوەیەك فشار لە سەر حكومەت دروست دەكەن و دەستێوەردان لە ئیشوكاری دەكەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشكردنی حكومەت دادەنێن .

•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەر هەر هۆكارێك بێت تا ئێستا تەواوی كاندیدەكانی خۆی بۆ ئەو پۆستانەی تائێستا ماون دیاری نەكردووە تا حكومەت بەپێی رێككەوتنەكان دایانبمەزرێنێت . هیوادارین یەكێتی نیشتمانی كوردستان بتوانێت تەواوی كاندیدەكانی خۆی یەكلایی بكاتەوە بۆ ئەو پۆستانەی بەریان دەكەوێت .

•    سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەكانی سەرۆك وەزیران. ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانە و هیچ دەقێكی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3) لە ساڵی 1992 هەمواركراو یان لە پەیڕەو ی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1) 2006 هەموار كراو ، كە  ڕێگری بكات لەوەی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران  یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەكان بە هیچ شێوەیەك بەدیلی وەزیرەكان نین ، بەپێچەوانەوە یارمەتیدەر و ئاسانكاریی بەڕێوەچوونی كارەكان دەكەن ، ئەمەش بە هیچ شێوەیەك كارێكی نایاسایی نییە و  ، بەپێچەوانەوەی ئەو پروپاگەندانەیە كە  گوایا حكومەتێكی بچووككراو لە ناو حكومەتدا دروست كرابێت .

•    جێگری سەرۆك وەزیران و وزیری دارایی و وزیری پلاندانان كە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن.  لە هەموو وردەكارییەكانی برۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم  ئاگادارن . لەلایەكی دیكەوە لە كۆبوونەوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كاتی دانوستاندن بۆ پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، هەردوولا رێككەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت وگاز ، بەلام  یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو بابەتە پاشگەز بووەتەوە.

•     دووپاتی دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی گرتنی هاووڵاتییانە لە سەر بیروڕای سیاسی و پێویستە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان خەڵك لە سەر بیروبۆچوونی سیاسی دەستگیر نەگرێت  ،  لەمبارەیەشەوە حكومەت پابەندە بەوەی كە نابێت كەس لە سەر بیروڕای سیاسی بگیرێت . بەڵام لە هەمانكاتدا ئەگەر كەسێك تاوانێك ئەنجام بدات، بێگومان ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و ، ئەندامبوونیشی لە لایەنێكی سیاسی ، پارێزبەندی بەرامبەر بە یاسا پێ نابەخشێت .

•    نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە ساڵی 2006  ەوە  دامەزراوە  و ، لەو كاتەوەش سەرۆكەكەی بە پلەی وەزیرە . ئەوەی ئێستاش كراوە تەنیا پركردنەوەی ئەو پۆستە و ، چالاككرنەوەی ئەو دەزگایەیە . هەروەها سەبارەت بەوەی گوایە دەبوو وەزیرێكی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بكرێت ،  بۆ ئاگاداری هەموو لایەك،  هیچ دەقێكی وا نییە لە ڕێكەوتنەكانی پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، كە وەزیرێكی هەرێم هەبێ بو كاروباری بەغدا ، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لە روانگەی باوەڕبوونی بە تواناكانی بەڕێز خالد شوانی ، بەڕێزیانی راسپارد كە وەكو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم كاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەكار بێت .

•    ئەگەر باسی پشكی لایەنە سیاسییەكانیش بكەین لە پۆستەكانی حكومەت كە سەرجەم داتاكان لە بەر دەستن، ڕێژەی هەندێك لایەن لە پۆستە كارگێرییەكان (بریكاری وەزیر ، راوێژكار ، بەڕێوەبەری گشتی) زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی ئینتخابی و ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand