سەنتەری میترۆ: بەڵی داوا تۆمار بكەن، بەڵام
2019-10-29 12:17:42
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا دەكات كەیسی رۆژنامەنوسانی داواكراو (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)، لە رێگەی یاسای ژمارەی 35 ی ساڵی 2007 رۆژنامەوانییەوە، یەكلابكرێتەوە نەك یاساییەكی تر. دەسبەجێ هیمن مامەند بە كەفالەت ئازاد بكرێت.
رۆژی دووشەمە هەردوو رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا) ئەندامی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)و (هێمن مامەند) ئەندامی دەستەی نوسەرانی سایتی (مەودا پرێس) لەسەر سكاڵایەكی یاسایی هاوڵاتی (مەتین دلۆڤان بارزانی) چوونە بەردەم دادگای هەولێر.
سكاڵاكە پەیوەندیدارە بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانییەوە كە لە رۆژی 17ی تەموزی ئەمساڵ لە سایتی (درەو میدیا) بڵاوبوەتەوە، سەبارەت بە رووداوی كوشتنی (دیپلۆماتكارێكی توركیا) لە ریستۆرانتی (هۆقەباز)، لە هەولێر.
پاش وەرگرتنی وتەی داواكراوان، دادگا بە كەفالەتی (5 ملیۆن) دینار رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا)ی ئازادكردو رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) راگیرا تاكاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەكەی.
لە فەرمانی دەستگیركردنەكەدا ناوی هەریەكە لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا) هاتووە.
سایتی (درەو میدیا) بڵاویانكردوە "هیچ ئاگاداركردنەوەیەكیان لەلایەن دادگاوە پێنەگەیشتووە، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی دەركردووە."
سەنتەری میترۆ داوا دەكات لەبری سانسۆر و رێوشوێنە یاساییەكان ئەو كەسانەی زەرەرمەندن لە هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەنوسان رێگەی وەڵامدانەوە هەڵبژێرن، ئەگەر رێگەی یاسایش دەگرن، ئەوە دادگاكان لە چوارچێوەی یاسای "تایبەت"ی رۆژنامەگەری و بە پشتبەستن بە مەدەئی (الخاص یقید العام)، لێكۆڵینەوەكانیان لەگەڵ رۆژنامەنوساندا بكەن.
سەنتەری METRO داوا دەكات كەیسی رۆژنامەنوسانی داواكراو (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)، لە رێگەی یاسای ژمارەی 35 ی ساڵی 2007 رۆژنامەوانییەوە، یەكلابكرێتەوە نەك یاساییەكی تر، دەسبەجێ هیمن مامەند بە كەفالەت ئازاد بكرێت.
METRO CENTER
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگو ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
میترۆ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆەوە، هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگو ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، رێكخراوی (Internews) ی ئەمریكی، وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا، پاڵپشتی كردوە.