Draw Media

پێنج ملیۆن دینار بۆ كارتی موبایل‌و هەشت ملیۆن بۆ جلوبەرگ

پێنج ملیۆن دینار بۆ كارتی موبایل‌و هەشت ملیۆن بۆ جلوبەرگ

2019-10-29 19:14:30


راپۆرت: درەو میدیا
بەپێی راپۆرتێكی پەرلەمانی كوردستان (زیا پترۆس) سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ كە وادەی یاسایی بەسەرچووە، تەنیا لە ماوەی (10) مانگدا بڕی (5 ملیۆن‌و 540 هەزار) دینار بۆ كارتی مۆبایل‌و (8 ملیۆن‌و 12 هەزار) دیناری بۆ جلوبەرگ خەرجكردووە.
(درەو میدیا) دەقی راپۆرتەكەی پەرلەمانی كوردستانی دەستكەوتووە‌و وەكو خۆی بڵاویدەكاتەوە. 

دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە
كۆتایی مانگی تەموزی رابردوو لەسەر داوای رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت لە پەرلەمان سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤی كردووە.
دوای سەردانەكە پەرلەمانتار (رۆمیۆ هەكاری) سەرۆكی  لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت راپۆرتێكی لەبارەی بارودۆخی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان نوسیوە.

چی دەگوزەرێت ؟
(درەو میدیا) كۆپییەك لە راپۆرتەكەی لیژنەكەی لەبارەی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤەوە دەستكەوتووە، تێیدا بەمشێوەیە باس لە باردوخی ئەو دەستەیە كراوە:
•    سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە بریاری سەرۆك وەزیران سەیارەیەكی (لانكرۆزەر)ی بۆ كڕدراوە، بەڵام سەیارەكەی كردووە بە ناوی (لیدڵ سلێمان)ەوە، كە سكرتێریەتی‌و برای هاوژینەكەیەتی.
•    سەرۆكی دەستەكە بۆ راپۆرتی رەوشی كچانی (ئیزدی) بڕی (9 ملیۆن) دیناری لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران وەرگرتووە، لەكاتێكدا چاپكردنی راپۆرتەكە لەئەستۆی رێكخراوی (بەدیكۆمێنتكردنی ئێزدییەكان) بووە بە ئیعترافی (حسیان عبدالله) سەرۆكی رێكخراوەكە.
•    سەرۆكی دەستە لەماوەی دەستبەكاربونیدا (7) جار خۆی ئیفادكردووە بە مەبلەغی (68) ملیۆن دینار.
•     سەرۆكی دەستەكە بۆ نۆژەنكردنەوەی نوسینگەكەی (71) ملیۆن دیناری خەرجكردووە.
•    گۆڤاری ژمارە (سفر)ی دەستەی مافی مرۆڤی كە پێكهاتووە لە (84) لاپەڕە، لەم ژمارەیەدا (39) لاپەڕەیان تایبەتە بەسەرۆكی دەستە، هەر لەم گۆڤارەدا خۆی وەك خاوەن ئیمتیاز نوسیوەو بڕی (600) هەزار دیناری بۆخۆی تەرخانكردووە، ئەم گۆڤارە بڕی (9 ملیۆن‌و 750 هەزار) دیناری تێچووە.
•    بڕی (80 ملیۆن‌و 600 هەزار)ی بۆ فەرهەنگی نابیستان خەرجكردووە، بەڵام ئەم فەرهەنگە هەر لە بنەڕەتەوە بوونی نەبووەو چاپنەكراوە.
•    سەرۆكی دەستەكە بە واژووی خۆی لە ماوەی چوار مانگدا (3) گەشتی كردووە.
•    مینحەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لەماوەی (10) مانگی 2014دا بەمشێوەیە بووە: 
1-    (30 ملیۆن‌و 883 هەزارو 650) دینار بۆ میوانداری
2-    بڕی (5 ملیۆن‌و 540 هەزار) دینار بۆ كارتی مۆبایل.
3-    (8 ملیۆن‌و 12 هەزار) دینار بۆ خەرجی جلوبەرگ 

داوای دەستلەكاركێشانەوە
لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان چەند پێشنیازو راسپاردەیەكی سەبارەت بەو كەیستە خستوەتەڕوو:
1-    پێویستە ئەم كەیستەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ ئاڕاستەی دەستەی دەستپاكی هەرێم بكرێت.
2-    بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەكان لەبەردەستن، پێویستە سزای (سحب الید- دەستلەكاركێشانەوە)ی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بۆ دەربچێت.
3-    دوای بەدواداچوونی ئەندامانی لیژنەكە دەركەوتووە، سەرچاوەی دروستبوونی بەشێكی كێشەكان دوو فەرمانبەری دەستەكەن‌و پێویستە دووربخرێنەوە.
4-    پێویستە قەرەبووی مەعنەوی بەڕێز (عەبدوڵا عەبدولكەریم- ئەو كەسەی كە لای پەرلەمان سكاڵای لەسەر سەرۆكی دەستەكە تۆماركردووەو لەسەر داوای ئەو پەرلەمان بەدواداچوونی كردووە) بكرێتەوە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی، چونكە رێگربووە لە ئەنجامدانی گەندەڵی لەلایەن سەرۆكی دەستەوە. 

لەبارەی دەستەی مافی مرۆڤەوە
پۆستی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەیاسای ژمارە (4) لە ساڵی 2010 دروستكراوە، بەپێی یاساكەی، ئەركی ئەم دەستەیە "پارێزگاریكردنە لە مافەكانی مرۆڤ بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان".
دەستەكە پێكهاتووە لە (5) فەرمانگە، ئەنجومەنی دەستەش پێكهاتووە لە:
•    سەرۆكی دەستە/ سەرۆك
•    بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی‌و پاراستنی مافی مرۆڤ/ بڕیاردەر
•    نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران پلەكەی لە پلەی تایبەت كەمتر نەبێ/ ئەندام
•    نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری/ ئەندام
•    نوێنەری داواكاری گشتی/ ئەندام
•    دوو ئەندام لەوانەی كە كاری دادوەری یاخود یاسادانان یان یاساییان بۆ ماوەیەك كردبێت كە لە (10) ساڵ كەمتر نەبێت.
بەگوێرەی یاساكە، ئەنجومەنی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ مانگانە كۆدەبێتەوە‌و پەرلەمانی كوردستان چاودێری كارەكانی دەكات.
لەبارەی لادانی سەرۆكی دەستەكە، لەیاساكەدا هاتووە" سەرۆك بە بڕیارێكی هۆدار لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی لادەبرێت ئەگەر سەلمێندرا لێهاتوویی نییە".
یاساكە نوسیویەتی" حساب و حسابكاری دەستەكە دەكەوێتە ژێر وردبینی و رەقابەی دیوانی رەقابەی دارایی هەرێمەوە".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand