Draw Media

وتەبێژی یەكێتی: بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتێكی بچوك دروستكراوە

وتەبێژی یەكێتی: بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتێكی بچوك دروستكراوە

2019-10-31 12:19:53


(درەو میدیا):

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەكێتی نیگەرانە لەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەشی زۆری جێبەجێ نەكراوە.
وتەبێژی یەكێتی وەكو ئاماژەیەك بۆ مەسرور بارزانی كە بەمدواییە ژمارەیەك یاریدەدەری بۆخۆی دامەزراندووە، وتی:" لەكاتێكدا بەندەكانی رێككەوتنەكەمان لەبارەی حكومەتەوە جێبەجێ نابێت، خەریكە بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتی بچوك دروست دەكرێت".
دیارترین قسەكانی وتەبێژی یەكێتی:
-    بارودۆخی عێراق بەرەو ئایندەكی نادیار دەڕوات، ئێستا لەهەموو كات زیاتر مەترسی لەسەر گەلەكەمان هەیە.
-     لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا قوربانی زۆرماندا حكومەتێكی یەكڕیز پێكبهێنرێت و حكومەتێكی سەرتاسەری بێت.
-    زۆر نیگەرانین لەجێبەجێنەكردنی بەشی زۆری رێككەوتنەكە.
-     رێككەوتنی بەشداریمان لەحكومەت و پشكی یەكێتیش بەشی زۆری جێبەجێ نەبووە،  ئەوەشی جێبەجێ بووە تێبینمان لەسەری هەیە. 
-    رێككەوتنەكەشمان لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك هیچی جێبەجێ نەبووە، رەنگە ئێستا فرسەتی جێبەجیچكردنی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان قورستر بوبێت.
-     نیگەرانییەكانمان لەبارەی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە گەیاندوەتە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
-    لەكاتێكدا بەندەكانی رێككەوتنەكەمان لەبارەی حكومەتەوە جێبەجێ نابێت، خەریكە بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتی بچوك دروست دەكرێت.
-     لەكاتێكدا ئێمە لەگەڵ حكومەتێكی سەرتاسەرین و ئەوەش ئامانج و ئاواتی یەكێتی و خەڵكی كوردستانە، بەڵام بەم هەنگاوانە بەو ئاڕاستەیە ناڕوات. 
-    وەزیری هەرێم بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا پشكی ئێمەیە، بەڵام لەئێستادا ناوەندێك لەبەغداد كراوەتەوە كە لەئاستی وەزیردایەو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم دەكات.
-    ئەنجومەنی گازو نەوت كە داهاتەكانی گازو نەوت رێكدەخات، دوای دوو مانگ لەپێكهێنانی حكومەت یەك كۆبوونەوەی نەكردووە.
-     مەبدەئی شەراكەتی راستەقینە لەنێوان ئێمەو پارتی جێبەجێ نەكراوە.
-    كادیرو هەڤاڵەكانی یەكێتی دەستگیر دەكرێن و بەبێ دادگایكردن و لێكۆڵینەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەزیندان دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەنین دەستگیرنەكرێن، بەڵام  كە دەستگیردەكرێن دادگایەكی ئاشكرابكرێن و وەك هەموو كەسێكی تر، وەك ئەوە نەگیرێن كە كادیرو هەڤاڵی یەكێتین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand