مەسعود بارزانی: یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە
2019-11-02 11:28:21
درەو میدیا:
مەسعود بارزانی هۆكاری كێشەكانی عێراق بۆ جێبەجێنەكردنی دەستور دەگەڕێنێتەوەو دەڵێت نابێت دەستور بسەپێنرێت.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند:
• ئەمەی ئێستا لە عێراق روودەدات هی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەرئەنجام و كەڵەكەبووی فەشەلێكی پازدە ساڵەیە
• یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە
• دەبێ یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەك بگۆڕدرێت كە ئەنجامەكان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێكهاتەكان بێت
• نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە هەمان كاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەروەها پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی تر
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هاووڵاتیان، ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆ ئەو دۆخەی كە هاتووەتە پێش و پێمان وایە كە ئەمەی ئێستا لە ئارادایە هی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەرئەنجام و كەڵەكەبووی فەشەلێكی پازدە ساڵەیە. خەڵك ئێش و ئازارێكی زۆری بینیوە و هاووڵاتی مافی خۆیەتی داواكاری هەبێت و ناڕازی بێت. بۆیە پێویستە گوێ لە داواكاریی خەڵك بگیرێت و بە توندوتیژی و خوێنڕشتن كێشەكان چارەسەر نابن.
لەگەڵ ئەوەیشدا یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە. ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا، زۆر لەو كێشانە نەدەبوون كە پێشتر و ئێستایش هەن. لە لایەكی دیكەوە هۆكاری وردی دۆخی ئێستا یاسای هەڵبژاردنە، و، بۆ نەمانی هۆكاری گرفتەكان، دەبێ یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەك بگۆڕدرێت كە ئەنجامەكان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێكهاتەكان بێت.
لەبارەی داواكارییەكان لەسەر گۆڕینی دەستوور، پێمانوایە نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە هەمان كاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەروەها پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی تر. بە دڵنیاییشەوە سیستەمی دیموكراسی زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراقە نەك دیكتاتۆری و هەموو گۆڕانكارییەكیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و میكانیزمە دەستوورییەكاندا بێت.
مسعود بارزانی