" 10 كەس 20 ملیۆن دیناریان بەناوەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوەی ئاگایان لێی بێت"
2019-10-30 18:01:36
درەو میدیا:
بەپێی بەدواداچونی لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان لە شێوازی خەرجكردنی ( 20 ملیار )دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیریدا پێشێلكاری و بەهەدەردانی زۆر كراوە و یەكێك ئەندامانی لیژنەكەش دەڵێت" 10 كەس 20 ملیۆن دیناریان بەناوەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاگایان لێی هەبێت"
ئەمرۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان كە لەماوەی رابردوودا بەدواداچوونی بۆ 20 ملیار دینارەكەی پایتەخەتی رۆشنبیری كرد، راپۆرتی خۆیان تەواوكردوو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیانكرد.
لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد:.
- بەدواداچونیان بۆ (20 ملیار) دیناری پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی كردوە و ئێستا دەستەی چاودێری دارایی وردبینی بۆ دەكات لەسەر شێوازی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە،
- كاریان كردوە لەسەر (دوو ملیار) دیناری هاوكاری حكومەتی هەرێم بۆ یانە وەرزشییەكان
- لیژنەیەكی لاوەكیان لەسەر پێنج ملیۆن دۆلاری هاوكاری بۆ هەولێر پێكهێنا كە وەك پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی بۆی تەرخانكراوە
بەڵام پێشەوا هەورامی ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان دانی بەوەدانا كە بەهەدەردانی زۆر كراوە لە پارەی 20 ملیار دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری:.
- بەپێی ئەو بەدواداچوونەی كە لیژنەكەمان لەسەر چۆنیەتیی سەرفكردنی ئەو ٢٠ ملیار دینارەی سلێمانی وەك پایتەختی ڕۆشنبیری كردوومانە، زۆر پێشێلكاری ئاشكرا و بەهەدردانی پارەی تێدایە
- پارە بەناوی خەڵكەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوەی ئەو كەسانە ئاگادار بن
- چەندین جار بۆ یەك بەرهەمی هونەری پارە سەرف كراوە و خەڵك لەمبارەوە بەڵگەیان بۆ ناردووین
- بەڵگەمان لایە دە كەس ٢٠ ملیۆن بەناویانەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاگادارییەكیان لێی هەبێت
- بەشێكی ئەو پارەیەی كە خەرج كراوە هیچ پەیوەندییەكی بە ژێرخانی بنیاتنانی ڕۆشنبیری و كولتووری سلێمانییەوە نەبووە ، هەندێ بۆ بواری وەرزش خەرج كراوە، هەندێكی دراوەتە چەند كۆمپانیایەك كە كاریان بازرگانییە و نابێ بە پارەی حكوومەت ئاوا بە ئاشكرا هاوكاری بكرێن
- زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ یەك كۆمپانیا تەرخان كراوە
- لیژنەكەی ئێمە لەم باباتەدا بێ ئەنجام نەبووە و ئەندامان بەبێ هیچ دوودڵییەك كاریان كردووە و كار و ئەركی خۆمان بەجێ گەیاندووە و ڕادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین و داوامان لە لایەنە پەیوەندیداركان كردووە كە لەمبارەوە بەرپرسن، بێنە سەر خەت و ئێمە بەڵگەكان دەخەینە بەردەستیان