دوژمنی دوێنێو دۆستی ئەمڕۆ
2019-11-01 17:27:48
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
چەندین گۆرانی بەسەردا هەڵدراوە، دواین كەس هونەرمەند حوسام رەسام بوو كە گۆرانییەكی بۆ وتو بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپیش تۆماری كرد تاوەكو بچێتە مێژووی نوێی عێراقەوە، ئەوە "توكتوك"ە، ماتۆڕسكیلێكی سێ تایە كە بووە بە سیمبولی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكان لە عێراق.
دوژمنی دوێنێو دۆستی ئەمڕۆ
بەهۆی ئەو ناوبانگەی كە لە خۆپیشاندانەكانی عێراقی پەیدای كرد، ناوی "توكتوك" بوو بە باسی راپۆرتی چەندین میدیای عەرەبیو جیهانی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایانكردووە، لەم پێنج ساڵەی دوایدا بازرگانەكانی ئۆتۆمبیل لە عێراق دەستیانكردووە بە هاوردە كردنی "توكتوك" بەرێژەیەكی زیاتر، واتە پێشتر ئەم جۆرە ماتۆڕسكیلە بەوشێوەیە لە عێراقو بەدیاریكراویش لە شاری بەغداد بەربڵاونەبووە، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەو سەركەوتنە دەگەڕێتەوە كە "توكتوك" لە بازاڕی كاردا بەدەستیهێناوەو بووە بە جێگەی رەزامەندی چینێكی زۆری خەڵكی ناوچە هەژارنشینەكانی بەغداد.
"توكتوك" ماتۆڕسكیلێكە كە سێ تایەی هەیەو بەچەترێك داپۆشراوە، ئەم ماتۆڕە توانی هەڵگرتنی دوو سەرنشینی هەیە جگە لە شۆفێرەكەی، لە بەغداد زیاتر وەكو تاكسی لە گەڕەكە هەژارنشینەكاندا بەكاردەهێنرێتو هەندێكجار سێ سەرنشینیش هەڵدەگرێت.
ئەم ئامێرە كە ئێستا بووە بە دۆستی عێراقییەكانو گۆرانی بەشانو باڵایدا هەڵدەدرێت، پێشتر سەرچاوەی بێزاری خەڵك بوو لە پایتەخت، وەكو باسدەكرێت شۆفێری ئەم ماتۆڕانە گوێ بە رێنماییەكانی هاتوچۆنادەنو بەكەیفی خۆیان چۆنیان بوێت لێدەخوڕن، بەسەر شۆستەكاندا دەڕۆن، گوێ بە ئاڕاستەی شەقامەكان نادەنو بە ئاڕاستەی پێچەوانەش دەڕۆن، لەمەشدا قەبارە بچوكەكەیان یارمەتیدەرێكی باشە، خراپی لێخوڕینی ئەم ماتۆڕانە ماوەیەك بوو بوو بە سەرچاوەی بێزاری چینێكی زۆری خەڵك لە بەغداد، بەدیاریكراویش شۆفێری تاكسییەكان كە پێیانوابوو "توكتوك" سەرچاوەی بژێوی ئەوانی لاوازكردووە.
بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، مانگی ئایاری رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی مروری سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتوچۆی "توكتوك"ی لە شەقامە سەرەكییەكان قەدەغەكردووەو فەرمانیداوە هەر شۆفێرێك سەرپێچی كرد دەستبەسەر "توكتوك"ەكەیدا بگیرێت.
مانگی حوزەیرانی رابردوو، لەناوچەی جسری دیالە لە بەغداد ئەمبارێك گڕی گرت، رووداوەكە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە، بەڵام تێیدا جەستەی نزیكەی (3 هەزارو 500) توكتوك سوتا كە كۆمپانیایەكی ئەهلی هاوردەی كردبوون بەمەبەستی فرۆشتیان لە بازاڕەكانی بەغداد.
مانگێك دواتر، ژمارەیەك چەكدار لەناوچەی (حسەینییە) لە باكوری بەغداد، ماتۆڕسكیلێكی "توكتوك"یان دزیو دواتر خاوەنەكەیان كوشت.
چی رویدا ؟
چی رویدا دوای ئەو توڕەییە زۆرە لێی، "توكتوك" ببێت بە خۆشەویستی خەڵك ؟
لەوانەی كە چالاكانە بەشداری خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكانی عێراق دەكەن كەم كەس هەیە وێنەیەكی سێلفی لەگەڵ "توكتوك" نەبێ، لەدوای رقێكی زۆر، لەپڕ خۆشەویستییەكی بێشومار بەسەر ئەم ئامرازە بچوكەی هاتوچۆكردندا باریوە.
سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەر شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی دژی (خراپی خزمەتگوزارییەكان، دانەمەزراندنی دەرچووان، گەندەڵی) لە شارەكانی عێراق دەستیپێكردەوەو تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بەردەوامە.
خۆپیشاندانەكان دەرفەتێكیان بە شۆفێرانی "توكتوك" بەخشی ئەو وێنایەی كە لەسەریان دروستبووە، كەمێك راستبكەنەوە، ئەوان دەستیانكرد بە گواستنەوەی خەڵكی ناڕازی بۆناو خۆپیشاندانەكان، لەبەرامبەر ئەم كارەیاندا پارەیان لەسەرنشینەكانیان وەرنەدەگرت، ئەوان ئەم كارەیان لەكاتێكدا كرد كە هێزە ئەمنییەكان رێگا سەرەكییەكانەوە داخستو هاتوچۆیان قەدەغەكرد.
كاتێكیش ناڕەزایەتییەكان پەرەیان سەند بۆ پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەرانو هێزە ئەمنییەكان، شۆفێرانی "توكتوك" گۆڕەپانەكەیان چۆڵنەكردو وەكو پاڵپشتكارێك لە شەقامی ناڕازی مانەوە، ئەمجارە كارەكەیان فراوانتر كرد، دەستیان كرد بە گواستەوەی خێرای ئەو خۆپیشاندەرانەی كە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە برینداردەبوون، شۆفێرانی "توكتوك" گروپێكی گەورەی ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری خێرایان لە ناو خۆپیشاندەراندا دروستكرد، لەم ئەركەدا ژمارەیەكی زۆر لە شۆفێرانی "توكتوك" دوچاری هەناسەسواری بوون بەهۆی گازی فرمێسكڕێژی هێزە ئەمنییەكانەوە، هەندێك كەس لەناویاندا كوژران.
دواتر شۆفێرانی "توكتوك" ئەركی تریان لەئەستۆگرت، دەستیانكرد بە گواستنەوەی خۆراكو ئاو بۆ خۆپیشاندەران بە خۆڕایی، تاوەكو ناچارنەبن بۆ نانخواردن گۆڕەپانی ناڕەزایەتی چۆڵ بكەن.
هەموو ئەم هەڵوێستانە وایكرد هاوڵاتیانی عێراقی بەگشتیو خەڵكی بەغداد بەدیاریكراوی وێنای خۆیان لەسەر "توكتوك"و "شۆفێرانی توكتوك" بگۆڕن، لە رقەوە بۆ خۆشەویستی، شۆفێرانی "توكتوك" بەگیانی خۆیانەوە سەرچڵییان كرد تاوەكو ناوبانگی خراپەكارییان بگۆڕنو بە خەڵك بڵێن ئەوە هەژارییو نەدارییە وایلێكردوون لەپێناو ژیاندا بایەخ بەیاساكانی هاتوچۆ نەدەن، ئەگەرنا لەناو ناخی ئەوانیشدا خەونی دروستكردنی وڵاتێكی باش هەیە.
گۆرانیبێژی بەناوبانگی عێراقی حسام رەسام لە چەمد رۆژی رابردوودا وەكو ستایش بۆ شۆفێرانی "توكتوك" گۆرانییەكی بەناوی "توكتوك" تۆماركردو بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاویكردەوە.
ئێستا خۆشەویستی بۆ "توكتوك" وایكردووە هەندێك كەس پێشنیاز دەكەن پەیكەرێكی بۆ "توكتوك" دروستبكرێت تاوەكو لەمێژوودا بمێنێتەوە كە شۆفێرانی ئەم جۆرە ماتۆڕسكیلە چ رۆڵێكی كاریگەرییان لە پشتیوانی خەڵكدا بینیوە لە یەكێك لە قۆناغە هەستیارەكانی مێژووی عێراقدا.
لەبارەی توكتوكەوە
"توكتوك" ماتۆڕسكیلێكی سێ تایەیە كە زیاتر لە وڵاتانی كیشوەری ئاسیا وەكو هۆكاری هاتوچۆكردن سودی لێدەبینرێت، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی كە ژمارەی دانیشتوانەكانیان زۆرەو هاتوچۆكردن بە ئۆتۆمبیل لەشەقامە گشتییەكاندا سەختە.
ئەم ماتۆڕسكیلە كۆپیەكی پێشكەوتووتری ئۆتۆمبیلی ریكاشەی یابانی كۆنە كە لەسەر دوو تایە دەڕۆیشتو خاوەنەكەی رایدەكێشا، تەنیا گۆڕانكارییەكە ئەوەیە، ئێستا لەبری ئەوەی خاوەنەكەی رایكێشێت، ماكینەی بۆ دانراوەو خاوەن یان شۆفێرەكەی بە ئیسراحەت دادەنیشێت.
سەبارەت بە نرخی یەك "توكتۆك" لە بازاڕەكانی عێراقدا (درەو میدیا) بەدواداچونی زۆریكرد و لە پەیجی (كڕین و فرۆشی تۆكتۆك)دا لە گەڕەكی سەدری بەغداد، نرخی هەرتۆكتۆكێك جیاوازە بەڵام زۆرینەی لە نێوان ( 2 بۆ 3 هەزار) دۆلاردایە، نرخی گواستنەوەی یەك كەس بە ( 250 دینار بۆ500 دینار)ە.
لەبارەی ناوی "توكتۆك"ەوە زانیاری پێویست لەبەردەستدا نییە، هەندێك دەڵێن رەنگە ئەم ناوە لەو دەنگەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ماكینەی ماتۆڕسكیلەكە دەردەچێت.
یەكەمین كۆمپانیا كە ئەم جۆرە لە ماتۆڕسكیلی دروستكردووە، كۆمپانیایەكی هیندی بووە بەناوی كۆمپانیای (باجاج)، دواتر كۆمپانیاكانی تر دەستیانكردووە بەدروستكردنی ئامێری لەمجۆرە.
ئەم جۆڕە لە ماتۆڕسكیل كە بۆ هاتوچۆكردن بەكاردەهێنرێت لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە لە هیندستان هەبووە، بەڵام لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدیاریكراویش لە وڵاتانی عەرەبی لە سەرەتاكانی ساڵی 2000 وە دەركەوتووە.
زۆرێك لە وڵاتان بەكارهێنانی ئەم جۆرە لە ماتۆڕسكیان بۆ هاتوچۆكردن لەبری تاكسی قەدەغەكردووە، چونكە پێیانوایە لەرووی سكیوریتییەوە پارێزراو نییە، پەیكەری گشتی ئامێرەكە بەهێز نییەو دەرگاو پشتێنی سەلامەتی تێدا نییە، ئەمە وایكردووە لە زۆربەی وڵاتانی فەرمانگەی هاتوچۆ ئامادە نییە ژمارەو تۆمار بەم جۆرە لە ماتۆڕسكیل بدات.
میسر یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە بەمدواییە "توكتۆك" تێیدا بوو بوو بە باسی گەرم، سەرباری ئەوەی ئەم ئامێرە بوو بوو بە سەرچاوەیەكی هەرزانی هاتوچۆكردن لە قاهیرەی پایتەخت، بەڵام مستەفا مەدبولی سەرۆك وەزیرانی میسر بڕیاریدا مۆڵەتی شۆفێری لەو كەسانە بسەندرێتەوە كە "توكتوك" لێدەخوڕنو لەبری ئەوە ناچاربكرێت "مینی ڤان" بەكاربهێنن.
بەڵام لە تونس بابەتەكە پێچەوانە بوو، حكومەت هەزاران ماتۆڕسكیلی توكتوكی خستە بازاڕەكانەوە تاوەكو لەورێگەیەوە روبەڕووی قەیرانی بێكاری ببێتەوە دەرفەتی كار بۆ هەزاران گەنج بڕەخسێنێتو هەندێكیش كێشەی هاتوچۆكردن كەمتر بكاتەوە.