Draw Media

سەدر: حكومەت دەستلەكارنەكێشێتەوە عێراق كۆتایی دێت

سەدر: حكومەت دەستلەكارنەكێشێتەوە عێراق كۆتایی دێت

2019-11-28 18:47:48


(درەو میدیا):
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرو سەرۆكی گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق، لە نوێترین هەڵوێستیدا رایگەیاند، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگیی خۆپیشاندەران‌و داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت دەكات.
سەدر لە بەیاننامەیەكدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، ناڕەزایەتی خۆی لە هەڵسوكەوتی خۆپیشاندەران نیشان دەدات‌و دەڵێ: ئال سەدر كەوتووەتە نێوان قەپاڵی گەندەڵكاران‌و كەڵپەی هەندێك خۆپیشاندەری توندڕەوەوە.
كورتەی قسەكانی سەدر: 
-    من پشتیوانی حكومەتێكی گەندەڵ ناكەم، بەڵكو لەدژی ئەو كارانەی رادەوەستم كە كردویەتی یاخود دەیكات.
-    من ماوەی یەك ساڵ مۆڵەتم بە حكومەت دا، بەڵام سودی نەبوو.
-    من سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەكان نەبووم، بۆیە نە ئەمرم پێكردووە‌و نە نەهیم لێكردووە.
-    ئیرادەی گەل لە من‌و هەموو كەسێكی تر گەورەترە، سیاسەتی من هاوسۆزییە لەگەڵ گەلاندا.
-    هەمووتان خۆپیشاندانەكانی ئێمەتان بینیوە كە ئاشتیانە بووە‌و رێگەمان نەداوە خۆپیشاندان لە ناوچە پیرۆزەكاندا بكرێت‌و پەلاماری سیمبولە ئاینییەكان‌و نێردە دیپلۆماسییەكانمان رەتكردوەتەوە.
-    ئەوەی هێرش نەكاتەسەر نێردەی بەدناوی ئەمریكا، هێرش ناكاتەسەر نێردەكانی تریش.
-    من ئەگەر بمویستایە هێرش بكەمەسەر هەریەكێك لە نێردە دیپلۆماسییەكان نەمدەشاردەوە‌و بە ئاشكرا هێرشم دەكرد، بەڵام هێرشكردنەسەر میوانەكان لە ئاكاری ئال سەدر نییە.
-    خەم و نیگەرانیم لە ئایندەی عێراق رادەگەیەنم، ئەویش وەكو ئێمە (ئال سەدر) كەوتوەتە بەر قەپاڵی گەندەڵەكان لەلایەك‌و كەڵپەی هەندێك خۆپیشاندەری توندڕەو لەلایەكی تر كە دەیانەوێت بەرێگایەكی گەندەڵ چاكسازی بكەن كە زۆرینەی خۆپیشاندەران پێی رازی نین.
-    داوا لە لایەنی یەكەم دەكەن كە حكومەتە دەستلەكاربكێشیتەوە بەمەبەستی راگرتنی خوێنڕێژیی.
-    داوا لە لایەنی دووەم دەكەم (خۆپیشاندەران) پابەندبن بە ئاكارە گشتییەكانی خۆپیشاندانەوە.
-    ئەگەر حكومەت دەستی لەكارنەكێشایەوە، ئەوە سەرەتای كۆتایی عێراقە‌و ئامۆژگارییەكانم بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە بێسود دەبێت، رەنگە داوا لە هەموو خۆشەویستانیش بكەن لەگەڵیاندا خۆپیشاندان بكەن.
-    هاوكات داوا لە خۆپیشاندەران دەكەن سزای هەندێك لە خراپەكاران بدەن‌و لە گۆڕەپانەكان دوریان بخەنەوە.
-    ئەی خۆپیشاندەرانی خۆشەویست، دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی ئێوە‌و پڕبەدەم داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت دەكەم، وەكو چۆن پێشتریش داوامكردووە.
-    ئەگەر بینیتان مانەوەی كوتلەی (سائیرون) بێسودە، دەتوانن داوایان لێبكەن دەستلەكاربكێشنەوە.
-    خۆشەویستانم، لێتان ناشارمەوە ناڕازیم لە زۆرێك لە هەڵسوكەوتەكانتان، بەڵام نامەوێت ببم بە هۆكارێك بۆ فشار لەسەرتان، بۆیە دوركەونەوە لە هەڵەو خراپەكاری.
 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand