Draw Media

قادر حاجی عەلی: ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە درووستبكرێت

قادر حاجی عەلی: ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە درووستبكرێت

2019-12-02 09:46:28


درەو میدیا: 
"هەموو ئەوانەی خەم‌و داڵغەیان لای باری لاری خەڵكە‌و، بە ئومێدی ژیانێكی باشترەوە دەژین، دەبێت سەرمەشقی پرۆژەی هەستانەوەبن" ئەمە بۆچونی قادری حاجی عەلیە كە لە نوسینێكدا بەناوی (چۆن لەم دۆخە تێبگەین؟)  بۆچونی خۆی لەسەر بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان خستۆتە روو،  ئاماژە بەوە دەكات" هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەكی لاواز، (نا)و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەكەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی كردو، كۆتایی بە قۆناغێكی گرنگ لەچاوەڕانیی دونیایەكی باشتر هێنا" 
بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخەی ئێستاى هەرێمی كوردستان قادری حاجی عەلی ئاماژە بەوە دەكات" بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین سنورێك بۆ ئەم بەدبەختی‌و بێكەسییە دابنێین كە بە ئاشكرا بەبەرەی خەڵكەوە دیارە، پێویستە بەدوای ڕێگەچارەیەكدا بگەڕێین كە ئەركی مێژوویی هەموومان لەم قۆناغەدا دیاریبكات"
قادری حاجی عەلی پێشنیازی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە دەكات " یەكێك لەڕێگا گونجاوەكان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لە دەرەوەی ئەم پەرلەمان‌و حكومەت‌و حیزبانە، خەڵكی كوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە دروستبكات، بەهەر ئامرازێك لەو ئامرازانەی شیاوە خەباتی خۆی بكات‌و، لەچوارچێوەیەكدا ئەگەر حزب‌و ڕێكخراوی سیاسیش نەبێت بەهەماهەنگی و كاری جەماعی خۆی ڕێكبخات"

پوختەی وتارەكەی قادری حاجی عەلی ( چۆن لەم قۆناغە تێبگەین):
 
-    لای ئێمە حزب (بەتایبەتیش حزبەكانی دەسەڵات) بۆتە یەكێك لە ناشرینترین ناونیشانە سیاسییەكان، خەڵك وەك سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەكان‌و بەدبەختییەكانی ژیانی خۆی تەماشای دەكات، چونكە لەبری ئامرازێك بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خەڵك، حزب خۆی بۆتە ئامانج
-     ئێستا هەر بنەماڵەو گروپێك خاوەنی حزبی خۆیانن، كە لەڕووكەشدا هەڵگری كۆمەڵێك دروشم‌و چەمك‌و ناونیشانی گشتین، بەڵام لە جەوهەردا بوونەتە كۆمپانیای پشكداری‌و كارتێلی بازرگانی كە هەزاران فرسەخ لەخەمە گشتییەكان دووركەوتونەتەوە
-    لەم سنورەدا حزب ئەمانەشی تێپەڕاندووەو، ڕۆچووەتە ناو تێكشاندن‌و، بێئەرزشكردنی زۆرێك لە بەها كۆمەڵاتییەكانیشەوە.  
-     لەواقیعدا ڕووبەری جیاوازیی نێوان زۆربەی حزبەكانی كوردستان ئەوەندە بچوكبووەتەوە، ناو و ناونیشان نەبێت جیاوازییەكی ئەوتۆ بەدیناكرێت.
-    ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر حزبەكانی كوردستان، زۆرنەیان بەشدار‌و بەرپرسیارن لە دروستكردنی ئەم دۆخە خراپە‌و سڵ ناكەنەوە لە وێرانكردنی هەموو شتێ‌ بە بەها ڕەمزی‌و مەعنەوییەكانیشەوە، لەسەرو هەموشییانەوە كوشتنی متمانەی خەڵك، هەر ئەوەشە وایكردووە ڕەوڕەوەی ڕۆیشتن بەرەو بنەماڵەبوونی سیستەم‌و، بەسوڵتانیكردنی دەسەڵات، بەخێراییەكی ترسناك هەنگاو بنێت.
-    زۆربەی حزبەكان موڵكی خێزان‌و بنەماڵەی سەركردەكانن، بوونەتە كۆمپانیای زەبەلاح‌و دەستكەوتی گەورە بۆ خاوەنەكانیان وەدەست دەخەن، لەشكرێك دەستسپی‌و بێبەهرەش، لەگەڵ رێزم بۆ خەڵكە پاك و تێكۆشەرەكانیان،  لەسەرەوە بۆ خوارەوە بوونەتە بەردەست‌و بەشدار لەو ناهەقییانەی لەخەڵك دەكرێ‌و زەمیینەكەیان بۆ خۆشدەكەن.  
-     ژیانی سیاسی لەكوردستان بەجۆرێك بەر نەفرەت كەتووە، كاتێك بە كەسێك بلێی حزبییە، وەك ئەوە وایە توانج‌و پلاری لێبدەیت، كە ئەمەش بەرهەمی خراپەكاری حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانە
-    ئایا دەكرێ ئەمە خاڵی كۆتایی‌و تەسلیمبوون بێت بەو واقیعە تاریك‌و سەپاوە؟ ئەكرێت لەم دۆخی كەوتنەدا كە لە پرسەیەكی نیشتمانیی گەورە دەچێت، زۆرینەی خەڵكی ناڕازی لەناو خەم‌و، ئازارەكانی خۆیدا بێ ئاسۆو نەبوونی دەروویەك بتلێتەوە؟.       
- قۆناغی زۆر لەمە تاریكترو كەوتنی زۆر لە ئێستا سەخترمان بینیوە، هەستانەوە لە گلان ئیرادەیەكی بەهێزو لەخۆ بردووی ئەوێت، كاری دەستەجەمعی‌و متمانە بەخۆبوونی گەرەكە، هەركات توانیمان ئەم ڕۆحە بچێنین‌و ئەو متمانەیە دروستبكەین، لەبری خۆخواردنەوەو تلدان‌و نائومێدی، چاومان لە ئایندەیەكی باشتر دەبێت. 
- هەموو ئەوانەی خەم‌و داڵغەیان لای باری لاری خەڵكە‌و، بە ئومێدی ژیانێكی باشترەوە دەژین، دەبێت سەرمەشقی پرۆژەی هەستانەوەبن، ڕۆشنبیران ئەركێكی مێژوویی‌و گەورەیان لەسەرشانە لە ئاڕاستەكردنی دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی دروست 
- هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەكی لاواز، (نا)و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەكەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی كردو، كۆتایی بە قۆناغێكی گرنگ لەچاوەڕانیی دونیایەكی باشتر هێنا. 
- یەكێك لەڕێگا گونجاوەكان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لە دەرەوەی ئەم پەرلەمان‌و حكومەت‌و حیزبانە، خەڵكی كوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە دروستبكات، بەهەر ئامرازێك لەو ئامرازانەی شیاوە خەباتی خۆی بكات‌و، لەچوارچێوەیەكدا ئەگەر حزب‌و ڕێكخراوی سیاسیش نەبێت بەهەماهەنگی و كاری جەماعی خۆی ڕێكبخات   
-    بۆ ئەوەی نرخ بۆ ئۆپۆزسیۆن بگەڕێنینەوە، دەبێت بەدوور بگیرێت لەهەموو بەشداریكردنێكی ئەم حزبانە یان  ڕازیبوون بە بە بون بە پەراوێزێك لە بەشداریدا، بەرامبەر بە تەسلیمكردنی ئیرادەو توانەوە لەناو دەسەڵاتدا. دەبێت چاوەكان بەتەنها لەسەر بەدەستهێنانی دەسەڵات یان باڵادەستی بێت بەسەر دەسەڵاتدا، ، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی سیاسی گونجاوو تۆكمەو تەریب بەداواكانی خەڵك، كە عەدالەت‌و چاكسازی ڕیشەیی بكاتە دروشمی سەرەكی خۆی.
-     خۆ بەدوورگرتنە لەكۆكردنەوە یان رێگادان بە خۆتێخزاندنی خەڵكانی هەلپەرست‌و، هەڵپەكەر بۆ پۆست‌و پارەو دەسەڵات، چونكە دەبنە هۆی كاریگەری بۆ سازش و تەسلیم بون، ئەمەش دەكاتە ئاوابوونی خۆری ئەو مۆدیلە لە سیاسی زۆر بڵێش  كە ساڵانێكە دونیای ئێمەی پڕكردووە لە قسەی بێكردار
-    گرنگە ڕێگەنەدرێت جارێكی تر دەمووچاوی ناشرین سیمای جوانی ئۆپۆزسیۆن تێكبدات، ئەمە هەنگاوێكی گرنگیشە بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵكی ناڕازیی لەگەڵ سیاسەت، لەسەرو ئەمانەشەوە، گرنگە ڕێگری جدی بكرێت لە دروستبونی بنەماڵەی سیاسی بازرگانی ترو، حەقیقەتی ئەم بنەماڵە خاوەن حزب‌و دەسەڵاتانەی كوردستانیش ڕوونبكرێتەوە، كە مایەی ڕووتانەوەو، هەژاركەوتن‌و، دەردەكانی تری هاوڵاتیانی كوردستانن. 
-    بایكۆتكردنی زیاتر لە 60%ی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكاندا، هێمایەكی ئومێد بەخشەو ئەو راستییەش دەسەلمێنێ، كە بێزاری خەڵكی كوردستان لەم دەسەڵات و حزبانە گەیشتۆتە ئاستێكی وا كە پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو توێژەكانە بۆ گۆڕانكاری. 
 
 
دەقی وتارەكەی قادری حاجی عەلی 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand