خۆپیشاندەران مەرجەعییەت تووشی ئیحراجی دەكەن
2019-11-28 10:39:16
درەو میدیا:
لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا دووەم كونسوڵخانەی ئێران لە عێراق دەسوتێنرێت، سوتاندنێك كە زیاد لەپەیامێكی بۆ ئێرانییەكان هەڵگرتووە، ڕق و توڕەیی شەقامی عێراقی لەبەرامبەر دەستوەردانی ئێرانییەكان لەكاروباری عێراق كە ئەكرێت خوێندنەوەی پەیامێكی سیاسی بۆ بكرێت، پەیامێكی ڕەمزیو ئاینیش لەلایەن شەقامێك كە زۆرینەی ڕەهای شیعە مەزهەبن، لە ناوچەیەك كە بە پایتەختی ڕۆحیو فیكریو بگرە سیاسی شیعەكانی عێراقو جیهانیش دادەنرێت، ئەوە بە ئێرانییەكان دەڵێت، مەزهەبیش پارێزبەندیتان پێنابەخشێت.
بەڕای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، شڵەقاندنی دۆخەكە لەشاری نەجەف كە بە پایتەختی یەكەمی سیاسی عێراق ناویدەهێنن، بەوپێیەی مەرجەعییەتی باڵای شیعەكان هەر لەوێوە مۆری خۆی لە بڕیاڕە چارەنوسازەكانی عێراق دەدات، بەدەر نییە لە دروستكردنی فشاری میللی لەسەر مەرجەعییەت كە تائێستا گۆچانەكەی لەناوەراِستەوە گرتووەو، هەندێكجاریش كەمێك بەلای خۆپیشاندەراندا دایدەشكێنێت.
بەدوور نازانرێت ڕووداوەكانی شەوی ڕابردووی نەجەف كاریگەری خۆی لەسەر مەرجەعییەت جێبهێڵتو، ئەو بڕوایەی لاتۆخ بكاتەوە كە خۆپیشاندەران گەیشتونەتە خاڵی نەگەڕانەوەو، بە كەمتر لە گۆڕانكاری ڕیشەییو ڕۆیشتنی حكومەتو، بەشێك لەو دەموچاوە سیاسیانەی بە هۆكاری قوڵبونەوەی قەیرانەكانی ژیانو گوزەرانیانی دەزانن ڕازینەبن، وەك چۆن بەدووریش نازانرێت ئەگەر ئەم قەناعەتە لەوتاری ئەم هەینییەیدا ڕەنگبداتەوەو، سیستانی قسەیەكی تازە بكات كە پێشتر سیاسیەكانی عێراق خۆیان بۆ بیستنی ئامادە نەكردووە.
لە چوارچێوەی كاردانەوەكانی ئەم پێشهاتە تازەیەشدا، كە هەندێك بە سەركێشانو ڕۆیشتنی خۆپیشاندانەكانی عێراقی بەرەو توندنیژیو ڕاپەڕینی جەماوەرەی دەزانن، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەزمانێكی توند ئیدانەی هێرشەكەی شاری نەجەفی كرد بۆ سەر كۆنسوڵخانەكەی، داواشی لە حكومەتی عێراق كرد ئەركو بەرپرسیارێتی خۆی ئەنجامبدات لە پاراستنی دبلۆماتە ئێرانییەكانو، شوێنە دبلۆماسییەكانی ئێران لەعێراق.
بەدوایدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بە توندی ئیدانەی سوتاندنی كونسوڵخانەی ئێرانی كردووە لە شاری نەجەفو دەڵێت" ئامانج لەوكار ڕوونەو زیانگەیاندنە بە پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و ئێران".
پێش وەزارەتەكانی دەرەوەی ئێرانو عێراقیش، زیاد لە سەركردەیەكی حەشدی شەعبی لەبارەی پێشهاتەكانی شاری نەجەف لێدوانیان داو هەڕەشەیانكرد، بەڵام لەبری هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران، هەڕەشەیان لەوانەكرد كەتوخنی سیستانی دەكەون.
توندترینیان قسەكانی (ئەبومەهدی موهەندیس) بوو، ئەو كە جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت" ئەودەستانەی كە لە مەرجەعییەت نزیكدەبنەوە دەیانبڕین".
ئەم قسانە گەرچی پڕن لەهەڕەشەكردن بەڵام بەدەریش نین لە دروستكردنی جۆرێك لە هاوسەنگی بۆ ئەو لاسەنگییەی خۆپیشاندەران لەسەر هەڵوێستی مەرجەعییەت دروستیان كردووە، كە لەوێنە گشتییەكەدا وا دەردەكەوێت مەرجەعییەت پشتیوانی لە مانەوەی ئەم حكومەتو نوخبە سیاسیە دەكات كەخۆپیشاندەران بە گەندەڵیان دەزانن.
بەڕای زۆرێك لە چاودێران ڕووداوەكانی شاری نەجەفو سوتاندنی كونسوڵخانەی ئێران تەنها ئیحراجی نییە بۆ ئێرانییەكان، بەڵكو پێش ئێرانییەكان دۆخێكی ئیحراجكەرترە بۆ مەرجەعی باڵا، بەوپێیەی خۆپیشاندانەكان چۆتە حەوشەكەی ئەو و، ئەویش تا ئێستا قسەیەكی یەكلاكەرەوەی نەبووە بۆ ئەو خەڵكەی كە هاوارییانە لەدەست بێدادی، بۆیە پێدەچێت خۆپیشاندانەكانی شەوی ڕابردووی شاری نەجەف بەلای سیستانییەوە خاڵی یەكلاكەرەوەبێتو چیتر بەرگەی بەردەوامبوون نەگرێت لەسەر هەڵوێستەكانی ڕابردووی.
كوتلە پەرلەمانییەكانی سەر بە حەشدی شەعبیش لە كاردانەوە بەدەرنەبوون.( عودەی عەواد) پەرلەمانتاری كوتلەی سادقون كە سەربە گروپی (عەسائبی ئەهلی حەق)ە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، گەورەبوونی مەترسی خۆپیشاندانەكان ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ هەبوونی دەستوەردانی ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو، دەشڵێت، ئەم هەوڵانە بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكانە لەڕێڕەوی ئاشتیانەی خۆی.
بەگوێرەی زانیاری میدیا عێراقییەكان، لە ڕوداوەكانی شەوی ڕابردوی شاری نەجەفدا، نزیكەی 100 كەس برینداربون، دوای ڕوداوەكەش هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە چڕی لەو شارە بڵاوەیان پێكراوە، پارێزگاری نەجەفیش بە بڕیاڕێك داوامی ڕەسمی لەدامەزراوەكانی شارەكە ڕاگرتووە.