گرێبەستی مرەكەبو كاغەزی دەنگدان چۆن كرا ؟
2019-12-01 16:24:46
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مرەكەبی دەنگدانیان تاقیكردوەتەوە، دواتر مرەكەبەكە بە كلێنسی تەڕو فاس بە ئاسانی لێكراوەتەوە، بەڵام هەر بەو مرەكەبە پرۆسەكە ئەنجامدرا، (چاپخانەی ژیان) داوای لێبوردنی كردووە لەوەی ناتوانێ سەلامەتی كاغەزی دەنگدان دابین بكات، بەڵام كۆمسیۆن كارەكەی هەر بەو كۆمپانیایە داوە، ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستاندا.
(درەو میدیا) بە چەند بەشێك راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بڵاودەكاتەوە، ئەم بەشە تایبەتە بە چەند گرێبەستێكی كۆمسیۆن كە چاودێری دارایی گومانی هەیە گەندەڵییان تێدا كرابێت، لە بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە راپۆرتەدا وردەكاری چەند گرێبەستێكی تری كۆمسیۆن ئاشكرا دەكرێت.
راپۆرتێكی نهێنی
(درەو میدیا) دەقی راپۆرتێكی "نهێنی" دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانی لەبارەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی دەستكەوتووە، كە وردبینی بۆ داهاتو خەرجییەكانی دەستەكە دەكات لە ماوەی رابردوودا.
ئەو راپۆرتە، فەرمانگەی وردبینی پارێزگای هەولێری دیوانی چاودێری دارایی ئامادەی كردووە، فەرمانگەكە لەسەر فەرمانی دیوانی چاودێری دارایی، لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوەو لە رۆژی (14 بۆ 23)ی مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەستیكردووە بە وردبینیكردن بۆ كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم لەڕووی (كارگێڕیو دارایی- یاسای)یەوە، ئەوەش وەكو لە راپۆرتەكەدا هاتوو لەسەر بنەمای "یاساو رێنماییە داراییەكان- پێوەرو نەریتە ژمێریارییە پەیڕەوكراوەكان".
دوای تەواوكردنی وردبینییەكەی، فەرمانگەی وردبینی هەولێری دیوانی چاودێری دارایی لە رۆژی 6ی ئەم مانگە راپۆرتی كۆتایی خۆی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كردووە تاوەكو وەڵامی خۆی بداتەوەو دۆسیەكە بۆ بڕیاردانی كۆتایی دابخرێت.
(درەو میدیا) بە چەند بەشێك وردبینییەكانی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم بڵاودەكاتەوە.
بەشی دووەم
لەم بەشەدا، ژمارەیەك گرێبەست دەخرێنەڕوو كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی لەماوەی رابردوودا لەگەڵ كۆمپانیاكان ئیمزای كردوونو چاودێری دارایی گومانی هەیە لەسەریانو تێبینی زۆری لەبارەوە تۆماركردوون.
گرێبەستی چاپكردنی فۆرمەكانی دەنگدان
راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی باس لە بەڵگەنامەیەكی خەرجكردن دەكات كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (4/12/2018)، ئەم پسوڵەیە تایبەتە بە چاپكردنی فۆرمی دەنگدان.
بەپێی بەڵگەنامەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی گرێبەستێكی لەگەڵ (چاپخانەی ژیان) كردووە بۆ چاپكردنی فۆرمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەهای گرێبەستەكە (75 ملیۆنو 900 هەزار) دینار بووە، دوای وردبینیكردن چاودێری دارایی ئەم تێبینییانەی تۆماركردووە:
• سەرەڕای ئەوەی چاپخانەی ژیان داوای لێبوردنی كردووە بە چاپكردنی فۆرمەكانی ئەنجامی دەنگدان، كە ناتوانێ سەلامەتی كاغەزەكە دابین بكات، لەبەرئەوەی گوایە ئەم كاغەزە لەبازاڕ بەردەستە، هەرچەندە لیژنەی خستنەڕوو (عرچ) پێشنیازی كردووە بە پێدانی ئەم كارە بە (چاپخانەی هاوسەر)، تێبینی كرا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران، كارەكە بە (چاپخانەی ژیان) سپێردراوە.
• (چاپخانەی ژیان) خستنەڕوو (عرچ)ی پێشكەش نەكردووە، بەپێی یاداشتی گرێبەستەكانو لیژنەی خستنەڕوو و یاداشتی ژمێریاری، چاپخانەی ژیان ئەمەی لە یاداشتەكەی خۆیدا رونكردوەتەوە كە دەرخستەی نەهێناوە، كۆمسیۆنیش فەرمانیداوە لەسەر دەرخستەی پاپخانەیەكی تر دەرخستە بۆ چاپخانەی ژیان بكرێت، بۆیە ناكرێت لەسەر بنەمای خستنەڕووی چاپخانەیەكی تر كە (چاپخانەی هاوسەر)ە، كارەكە بدرێت بە چاپخانەیەكی تر، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییە داراییەكانەو بنچینەی كێبركێ نامێنێت لە خستنەڕوودا.
• بەڵگەنامەی خەرجكردن بە ژمارە (٠٤٤٧٢٠٥/٥١) لە (2/8/2018) تایبەت بە خەرجی پەڕەی دەنگدان بەگوژمەی (258 ملیۆنو 300 هەزار) دینار بۆ چاپخانەی ژیان، تێبینی كرا بەپێی یاداشتی لیژنەی ئامادەكردنی پەڕەی دەنگدان بەشێوەی راسپاردن (احالە) بانگهێشتكراوە بەر لە خەمڵاندن هەرچەندە پێویستە خەمڵاندن بكرێت پێش بانگهێشتكردن.
گرێبەستی پاككردنەوەی باڵەخانەی ئۆفێس
یەكێكی تر لەو گرێبەستانەی تری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە چاودێری دارایی تێبینی هەبووە لەسەری، گرێبەستی (پاكردنەوەی باڵەخانەی ئۆفێسی كۆمسیۆن)ە لە هەولێر.
گرێبەستەكە لەنێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەكو لایەنی یەكەمو كۆمپانیای (ناوباخ) وەكو لایەنی دووەمدا كراوە، گوژمەی گرێبەستەكە (2 ملیۆن) دیناری مانگانەیە، لەبارەی ئەم گرێبەستەوە، چاودێری دارایی ئەم تێبینیانەی خستوەتەڕوو:
• گرێبەستەكە ژمارەی هەیە كە ژمارە (101)ە، بەڵام رێكەوتی دیارینەكراوە لە سەرەوەی گرێبەستەكە.
• لە 31/12/2017 كۆتایی بە گرێبەستی پێشوو هاتووەو نوێ نەكراوەتەوە تا 13/8/2018 شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجكراوە، لە 1/1/2018 تاوەكو ئێستا ئەم گرێبەستە بەردەوامە بەبێ نوێكردنەوەی، هەرچەندە ساڵی 2019ش بەرەو تەواوبونە.
• ئەم كۆمپانیایە لەدوای دەستپێكردنو جێبەجێكردنی كارەكانی بۆ ماوەی (9) مانگ، ئینجا گرێبەستەكەیان بۆ واژۆ كراوە، واتە گرێبەست لەدوای ئەنجامدانی كارەكان واژۆ كراوە.
گرێبەستی كەرەستەی دەنگدان
یەكێك لەو گرێبەستانەی تر كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم ئیمزای كردووەو چاودێری دارایی گومانی هەیە لەسەری، گرێبەستی (دابینكردنی كەرەستەی دەنگدان)ە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30ی ئەیلولی 2018دا بەڕێوەچوو.
ئەم گرێبەستە لەنێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەكو لایەنی یەكەمو كۆمپانیای (تۆرۆس ئینێرجی) لە سلێمانی وەكو لایەنی دووەم ئیمزاكراوە پاڵپشت بە بڕیارێكی كارگێڕی لە (26/7/2018)، گوژمەی گرێبەستەكە (980 ملیۆن) دینار بووە.
لەبارەی ئەم گرێبەستەشەوە، چاودێری دارایی ئەم تێبینییانەی خستوەتەڕوو:
• ژمارەی گرێبەست (22)ە، بەڵام لەسەرەوەی گرێبەستەكە رێكەوت دیارنەكراوە.
• سێ كۆمپانیا تەندەریان پێشكەشكردووە، بۆ ئەم پرۆسە (دارا پرێنتینگ- تۆرۆس ئینێرجی- گرێی رەش)، یەكەمجار ئەم كارە بۆ كۆمپانیای (دارا پرێنتینگ) دەرچووە، لەبەرئەوەی بە كەمترین نرخ بووە، تێبینی كرا خاڵی چوارەمی ئەم گرێبەستە هەروەك لە راپۆرتەكانی لیژنەی بەدواداچوونو هونەریو راپۆرتی بەشی لۆجستی هاتووە وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، بۆ نمونە:
1- كڵۆمی پاراستنی پلاستیك بەهیچ شێوەیەك گونجاو و ئامن نییەو ستۆكەو بەدەست دەشكێتو بۆ بەكارهێنان گونجاو نیە.
2- كیسی ئامنی 2A زۆر بەئاسانی دەكرێتەوە، بەبێ دڕان، ئەمەش گونجاو نییە بەپێی تایبەتمەندی هونەری.
3- پێنوسی (ماكر) پاش بەكارهێنانی بۆ ماوەیەك لەسەر زەرفی (3A و 2A) بە پەنجە لێخشاندن دەسڕێتەوە.
4- داوای هەڵگری باجات بەپێی موا سەفاتی هونەری نییە، كە پێویست بوو ئارمی كۆمسیۆن بە رەنگاوڕەنگی لەسەر چاپبكرێت، بەڵام هیچ ئارمێكی لەسەر نەبوو.
5- بەشێك لە ئەندامانی لیژنە مرەكەبی دەنگدانیان تاقیكردوەتەوە دواتر مرەكەبەكە بە كلێنسی تەڕو فاس بە ئاسانی لێكراوەتەوەو دوای كاتژمێرێك شوێنەواری نامێنێت.
6- ماوەی جیێبەجێكردنی گرێبەست هەروەك لە گرێبەستەكە ئاماژەی پێ كراوە، دەستپێدەكات لە (26/7/2018) تاوەكو (13/9/2018).
7- خگاب چمان (بارمتەی گرەنتی) بەڕێژەی (10%)ی بڕی گرێبەستەكەیە، كە دەكاتە (9 ملیۆنو 800 هەزار) دینار، تێبینی كرا ئاماژە بەم بارمتەیە دراوە، بەڵام ژمارەو ناوی بانكەكە بەبەتاڵی بەجێهێڵدراوە، ئەمەش وادەگەیەنێت گرێبەستەكە واژۆكراوە بەر لە هێنانی بارمتەی گرەنتی كە لە بانكی (BBAC) (بیروت بلاد العربیە)/ فرع السلیمانیە ژمارە (18370017LG) وەرگیراوە.
8- تێبینی كرا ئەم گرێبەستە دوو لایەنی یەكەمو دوو لایەنی دووەمی هەیە واتا ناڕوونییەك هەیە لە دیاریكردنی لایەنەكان، لەسەرەتای گرێبەستەكە دوو لایەن دیاریكراوەو لە خاڵی (17)ی گرێبەستەكە دوو لایەنی تر دیاریكراوەو لە واژۆ كردن دوو لایەنی تر واژۆیان كردووە.
9- وێنەی بارمتەی گرەنتی (خگاب الچمان) لەلایەن بەشی كەمكردنەوەی گرێبەستەكان هەڵگیرابوو، لەبەشی ژمێریاری نەبوو.
10- بەپێی راپۆرتی لیژنەی بژاردنی كەموكورتییەكانی كەرەستەی هەڵبژاردن، كە بە فەرمانی كارگێڕی ژمارە (1541) لە 31/10/2018 پێكهێنراوە:
• مرەكەبی رۆژی دەنگدان نەتوانراوە بەشێوەیەكی هونەری لە وڵاتی بەرهەمهێن پشكنینی بۆ بكرێت كە بەپێی گرێبەستەكە دەبوو لە تاقیگەیەكی بێلایەن پشكنینی بۆ بكرێت.
• لیژنەی بەدواداچوون بەهیچ شێوەیەك سەردانی وڵاتی بەرهەمهێنی نەكردووە، هەرچەندە دەبوو بەپێی گرێبەستەكە سەردانی بكردایە، بەپێی بڕگەی (6)ی پاشكۆی ژمارە (1)ی گرێبەستەكان، سەرجەم تێچووی سەردانكردنی ئەم لیژنەیە لەئەستۆی كۆمپانیاكەدایە، بۆیە دەبێت ئەو بڕە پارەیە كە بۆ ئەم مەبەستە دیاریكرابوو لە كۆمپانیاكە ببڕێت لەگەڵ سزای پابەندنەبوون بە بڕگەی گرێبەستەكە.
• بەپێی گرێبەستەكە دەبوایە لە (13/9/2018) كەرەستەكان بگەیشتایەتە كۆگای نیشتمانی كۆمسیۆن، بەڵام كەرەستەكان لە (22/9/2018) لە كۆمسیۆن وەرگیراوە، بەمەش ماوەی (9) رۆژ دواكەوتووەو بەپێی ئەو هاوكێشەیە بێت كە لە گرێبەستەكەدا هاتووە سزای دواكەوتنەكە بۆ ماوەی (9) رۆژ دەكاتە بڕی (17 ملیۆنو 640 هەزار) دینار.
• دەردەكەوێت رەسمی پولی دارایی دوای ئەنجامدانی گرێبەستەكە وەرگیراوە، پولی دارایی بە بڕی (196 هەزار) دینار دانراوە.
• نرخی پێبژاردن بۆ كەموكوڕییەكان لەسەر نرخی خەمڵاندن كراوە.
• گرێبەستەكە واژۆی بەرپرسی گرێبەستەكانی لەسەر نییە لەگەڵ پەسەندكردنی بەڕێوەبەرایەتی یاساییو هەروەها ژمێریاریی.
لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسییەوە
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسیو لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمانو دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014.
ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (5) ساڵ زیاترە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا.
دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا.
تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا.
ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراونو لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوەو پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە:
• هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە
• رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
• سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
• شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
• ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە
• عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
• جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە)
• نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانەو سەربە یەكێتییە
• سەباح عەبدوڵا- كۆمسیار، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم ئەم زنجیرە راپۆرتە كلیل لەسەر ئەم نوسینە ی خوارەوە بكە:
پارەی ریفراندۆمەكە هێشتا پاكتاونەكراوە