Draw Media

بەرهەم ساڵح دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت

بەرهەم ساڵح دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت

2019-11-29 14:43:43


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت 

بەرهەم ساڵح لانی كەم بۆ ماوەی (45) رۆژی تر هەم سەرۆك كۆمارو هەم سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستلەردەكێشێتەوە، لایەنەكان دەیانەوێت كەسێكی نوێ لە شوێنەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەت كاندید بكەن، بەڵام شەقامی ناڕازی باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، لەم بارودۆخە كە چارەنوسی رێككەوتنی نەوت‌و بودجەی نێوان هەرێم‌و بەغداد بە نادیاری ماوەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.

دەستی لەكاركێشایەوە
دواجار عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر فشار شەقام‌و مەرجەعیەتی باڵای ئاینیی نەجەفدا، بڕیاریدا دەستلەكاربكێشێتەوە. 
عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، وەكو وەڵامدانەوەی بۆ بانگەوازی وتاری هەینی ئەمڕۆی مەرجەعیەتی باڵا، بە نوسراوێكی فەرمی داوای دەستلەكاركێشانەوەم لە سەرۆكایەتی حكومەتی ئێستا پێشكەشی پەرلەمان دەكەن.
ساڵێك لەمەوبەر كاتێك دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی، هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەدرا، موقتەدا سەدرو هادی عامری گەیشتنە بنبەست‌و نەیانتوانی كورسی پێویست كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان كەسێك لەخۆیان بۆ پۆستی سەرۆك  وەزیران كاندید بكەن، بەناچاری پەنایان بۆ كەسێك لە دەرەوەی لیستەكانی خۆیان برد، ئەو كەسە عادل عەبدولمەهدی یەكێك لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بوو، كە ماوەیەك بوو لە كاری حزبایەتی دوركەوتبووەوە.
عەبدولمەهدی كە هیچ لیست‌و كورسییەكی لە پەرلەمان نەبوو، وەكو كاندیدی تەوافوقی، بە پاڵپشتی كورسییەكانی سەدرو عامری كە زۆرینەی پەرلەمان بوون، لە پەرلەمانەوە وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا، بەڵام ئێستا ئیتر ئەو پشتیوانییەی لەدەستداوە.

دەستور چی دەڵێ ؟
دیارنییە پەرلەمان كەی دەستلەكاركیشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدی پەسەند دەكات، بەڵام بە پەسەندكردنی، ئیتر بەپێی ماددەی (81) لەوكاتەوە هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران دەكەوێتە دەست سەرۆك كۆمارەوە‌و حكومەت دەبێت بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر.
لە دەستوری عێراقدا باسی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران نەكراوە، بەڵكو باس لە "چۆڵبوونی شوێنەكە"ی كراوە.
بەگوێڕەی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (81)ی دەستور:" سەرۆك كۆمار بە ئەركی سەرۆك وەزیران هەڵدەستێت، لەحاڵی چۆڵبوونی پۆستەكەدا لەبەر هەر هۆكارێك بێت".
لە بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (81)ی دەستوردا هاتووە" ئەگەر حاڵەتی بڕگەی یەكەم بەدیهات (واتە پۆستی سەرۆك وەزیران چۆڵبوو)، سەرۆك كۆمار هەڵدەستێت بە كاندیدكردنی كەسێكی تر بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەماوەیەكدا كە لە (15) رۆژ زیاتر نەبێت.
لەدوای دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە، ئیتر ماددەی (76)ی دەستور كارا دەبێت‌و رێوشوێنەكان بەپێی دەستور بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن:
•    دوای دیاریكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كاندیدە راسپێردراوەكە لەماوەیەكدا كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت، پێكهاتەی كابینەكەی (وەزیرەكان) دیاریدەكات.
•    دوای دیاریكردنی كاندیدی وەزارەتەكان، كاندیدی راسپێردراو ناوی (وەزیرەكان)‌و (بەرنامەی حكومەتەكەی) دەخاتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی، پەرلەمان بە زۆرینەی رەها (50+1) دەنگ بە وەزیرەكان دەدات (هەر كاندیدێك وەزارەتەكان بە جیاجیا دەنگدانیان بۆ دەكرێت)، هەروەها پەرلەمان بە هەمان رێژەی زۆرینەی رەها بەرنامەی حكومەت پەسەند دەكات، دوای ئەمانە، ئیتر كابینەكە بە كابینەیەكی شەرعی‌و دەستوری ئەژماردەكرێت‌و دەستبەكاردەبێت.
•    خۆ ئەگەر كاندیدە راسپێدراوەكە، كابینەكەی متمانە لە پەرلەمان وەرنەگرت، ئەوكات سەرۆك كۆمار كەسێكی تر رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بۆچونی زاڵ لە ئێستادا ئەوەیە، عێراق نەكەوێتە بۆشایی یاسایی زۆرەوە، بەشێوەیەكی خێرا كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاری بكرێت‌و لەوادەی دەستوری دیاریكراودا لە پەرلەمان متمانە وەرگرێت، بۆیە لایەنەكان لە ئێستاوە بەدوای دانانی كاندیدی شوێنگرەوەی عادل عەبدولمەهدیدا دەگەڕێن.
ئەگەر شەقامی ناڕازی عێراق قایل بێت بە بژاردەی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ بەبێ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوا تاوەكو (45) رۆژی تر حكومەت لە عێراق كاربەڕێكەر دەبێت‌و بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام دوای ئەوە كابینەیەكی نوێ پێكدێت.

بژاردەیەكی تر
بژاردەی دووەم ئەوەیە، شەقامی ناڕازی سوربێت لەسەر داواكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی "هەڵبژاردنی پێشوەختە"، لەم حاڵەتە بارودۆخێكی سیاسی عێراق دەكەوێتە ناو تونیلێكەوە كە وەكو دەوترێت ئەوسەری دیار نییە، چونكە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەپێی ئەوەی خۆپیشاندەران داوای دەكەن، سەرەتا پێویستی بە پەسەندكردنی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردنە لە پەرلەمان، هەروەها دیاریكردنی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن، ئەمەش بابەتێكی كە مشتومڕی زۆری لەسەرەو رەنگە كاتێكی زیاتر بخایەنێت.
ئێستا پرۆژەیاسایەكی نوێی هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراقە، خوێندنەوەی یەكەم‌و دووەم بۆ پرۆژەیاساكان كراوە، بەڵام دەنگدانی لەسەر نەكراوە‌و پەرلەمانتاران دەڵێن پێویستی بەوەیە گفتوگۆی زیاتری لەسەر بكرێت.
ئەگەر بارودۆخەكە بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە سەربكێشێت، بارودۆخەكە سەختر دەبێت‌و بەپێی دەستوری عێراق بۆ سازادانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبێت جگە لە حكومەت، پەرلەمانیش هەڵوەشێتەوە.
ماددەی (64)ی دەستوری عێراق بەمشێوەیە رێوشوێنی سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریكردووە:
یەكەم: داواكارییەك پێشكەش بكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، كێ دەتوانێت دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات ؟ بەپێی دەستور تەنیا دوو لایەن دەتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن بەمشێوەیە:
•    یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكی سەرۆكی پەرلەمان بكەن‌و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن، واتە لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمان (110) كەسیان ئیمزا لەسەر داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن.
•    یاخود سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار واتە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات (ئەگەر سەرۆك وەزیران دەستلەكاربكێشێتەوە، ئەم بژاردەیە ئیتر كاری پێناكرێت). 
بەگوێرەی ئەوەی دەستور دیاریكردووە، پەرلەمان بە زۆرینەی رەها (50+1)ی دەنگی ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، واتە لە كۆی (329) ئەندام (165) ئەندام دەنگی (بەڵێ) بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
دووەم: ئەگەر رێوشوێنەكانی خاڵی یەكەم جێبەجێبوون‌و پەرلەمان هەڵوەشێندرایەوە، ئەوكات سەرۆك كۆمار بانگهێشتی سازدانی هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتدا دەكات، بانگهێشتكردن بۆ سازادانی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە نابێت لە (60) رۆژ زیاتر بخایەنێت لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە، لە حاڵەتی هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا، حكومەت دەبێت بە حكومەتێكی "دەستلەكاركێشاوە"‌و تەنیا كاروبارەكان بەڕێوەدەبات، واتە دەبێت بە  "حكومەتی كاربەڕێكەر".

چارەنوسی كورد لەدوای عەبدولمەهدی
چەند رۆژی رابردوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی نەوت‌و بودجەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق نزیكبووەوە.
بەپێی ئەو رێككەوتنە كە تائێستا ئیمزای كۆتایی لەسەر نەكراوە‌و بڕیارە (یەكشەممە)ی داهاتوو ئیمزا بكرێت، حكومەتی هەرێم قایل بوو بەوەی رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كە كۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقە، لەبەرامبەر ئەمەدا حكومەتەكەی عەبدولمەهددی قایل بوو بەوەی مانگانە بڕی (یەك ترلیۆن) دینار بودجە بە هەرێم بدات.
عەبدولمەهدی دەستلەكاردەكێشێتەوە، دیارنییە چارەنوسی رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم‌و بەغداد بەكوێ دەگات، فەرمانبەرانی هەرێم دوودڵن‌و نازانن چارەنوسی موچەكانیان چی بەسەردێت، بەڵام ئەگەر پرۆژە بودجەی ساڵی 2020 ئامادەنەكرێت‌و لە پەرلەمان پەسەندنەكرێت، هەر كابینەیەكی نوێش لە عێراق دەستبەكارببێت یاخود حكومەتی كاربەڕێكەر ئیشوكارەكان بەڕێوەببات، هەر كار بە رێككەوتنی پرۆژە بودجەی 2019 دەكات، واتە حكومەتی عێراق هەر بەردەوام دەبێت لە ناردنی بڕە پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران كە مانگانە (453) ملیار دینار، بەردەوام دەبێت‌و هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت.
بەڵام بەشێوەیەكی گشتی چارەنوسی رێككەوتنەكە نادیارە‌و مەرج نییە، ئەو كەسەی لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی دەستبەكاردەبێت، هەمان رێككەوتن پەسەند بكات.

لەبارەی قەیرانی عێراقەوە
عادل عەبدولمەهدی ماوەی ساڵێكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، بەڵام بەرپرسیارێتی كێشەو گرفتی زیاتر لە 16 ساڵی رابردووی دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق‌و كێشە كۆنەكانی تری پێدا هەڵواسراوە، كێشەگەڵێك كە چارەسەركردنیان كاتی زۆری دەوێت.
عەبدولمەهدی ساڵێك لەمەوبەر كاتێك پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، دۆخی عێراق بەمشێوەیە بوو:
•    ساڵی 2003 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا رژێمی بەعسی روخاند، بەهۆی ئەو جەنگەوە ژێرخانی ئابوری عێراق وێران بوو، دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخان پێویستی بە (60 ملیار) دۆلار هەبوو.
• چیرۆكی قەرزەكان لەدوای كۆتایهاتنی جەنگی عێراق- ئێران دەستیپێكرد، عێراق بە (80 ملیار) دۆلار قەرزەوە لەو جەنگە هاتەدەرەوە.
• ساڵی 2003 قەرزەكانی عێراق گەیشتە نزیكەی (120 ملیار) دۆلار، ئەمە بەر لە پاكتاوكردنی قەرزەكان لەگەڵ هەندێك لە وڵاتان، ئەوەش بەپێدانی قەرزە بنەڕەتییەكە بەبێ سودی قەرزەكان، ئەمە بە هەماهەنگی بوو لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
• ساڵی 2014 عێراق روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە، هاوكات یەك لەسەر سێی روبەری خاكەكەی كەوتە دەست چەكدارانی رێكخراوی "داعش"، ئەمەش ناچاریكرد پەنا بۆ قەرزی بیانی‌و ناوخۆیی ببات بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كە لە بودجەدا رویدا هەروەها بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی جەنگ.
• ئێستا بەپێی قسەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ریژەی قەرزەكانی عێراق گەیشتووەتە (85 ملیارو 300 ملیۆن) دۆلار، كە مافی دارایی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری وزە‌و پارەی تایبەت بە كڕینی كارەبا‌و غاز لە ئێران لە خۆدەگرێت.
• قەرزی ناوخۆیی حكومەتی عێراق (40 ملیار) دۆلارە، كە زۆرینەی ئەم قەرزەش قەرزی بانكی ناوەندی‌و سێ بانكە حكومییەكەی ترە (رافیدەین- رەشید، بانكی بازرگانی)، هەروەها دەستەی خانەنشینی نیشتمانی.
• ئێستا عێراق نزیكەی (41 ملیار) دۆلار قەرزاری وڵاتانی كەنداوە، كە رژێمی پێشوو ئەم پارانەی قەرزكردووە، لەگەڵ (9 ملیار) دۆلاری قەرزی وڵاتانی ئەندامی یانەی پاریس.
• قەرزەكانی عێراق گەیشتووەتە ئاستی هێڵی سور، چونكە قەرزەكان گەیشتووتە 55%ی كۆی گشتی داهاتی ناوخۆیی.
• قەرزی دەرەكی كوەیت رێژەكەی نزیكەی (107 ملیار) دۆلار بوو، عێراق زۆربەی ئەو قەرزەی گێڕاوەتەوە‌و ئێستا تەنیا بڕی (4 ملیار‌و 600 ملیۆن) دۆلاری ماوە، قەرزەكەی وڵاتانی یانەی پاریس-یش تاوەكو ئەمساڵ تەنیا (نیو ملیۆن) دۆلاری گەڕێندراوەتەوە.
• لە ساڵی 2003وە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بڕی زیاتر لە (40 ملیار) دۆلاری لە كەرتی كارەبادا خەرجكردووە، بەبێ ئەوەی كێشەی كارەبا چارەسەر بوبێت.
• ئێستا ئێران لەڕێگەی چوار هێڵەوە بڕی (هەزارو 300) مێگاوات كارەبا بە عێراق دەدات.
• عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی:" بودجەی عێراق لە ساڵی 2003وە تاوەكو ئێستا 850 ملیار دۆلار بووە، 450 ملیار دۆلاری لە گەندەڵیدا بە هەدەر چووە".
• بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان ژمارەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ئێستا (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) كەسە، ئەم ژمارەیە سێ هێندەی ئەو رێژە فەرمانبەرەیە كە فەرمانگەكانی دەوڵەتی پێویستیان پێیەتی.
• (3  ملیۆن) هاوڵاتی عێراقی لە كۆمەڵگە‌و گەڕەكە هەژارنشینەكان‌و ناوچە هەڕەمەكییەكانی نیشتەجێبووندا دەژین.
• لە وەرزی خوێندنی 2017-2018 لە قۆناغی سەرەتایدا نزیكەی (یەك ملیۆن) قوتابی دەرنەچوون.
• زیاتر لە (131 هەزار) منداڵ تائێستا پەیوەندییان بە خوێندنی سەرەتاییەوە نەكردووە، رێژەی (47%)یان نەگەیشتونەتە قۆناغی ناوەندی.
• (5 ملیۆن‌و 100 هەزار) منداڵی عێراقی پێویستیان بە یارمەتی تەندروستی‌و چارەسەر هەیە.
• عێراق لەسەرووی لیستی ئەو وڵاتانەوەیە كە گەندەڵییان زۆرە، ئەمە بەپێی پێوانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی پلۆمبێگ عێراق لە دەرەوەی لیستی ئەو وڵاتانەدایە كە داهێنانیان هەبووە.
•    كۆنگرەی نێودەوڵەتی داڤۆس لە كۆی 140 وڵات كە لەڕووی كوالیتی خوێندنەوە پلەبەندیی بۆكردوون، عێراقی خستوەتە دەرەوەی لیستەكە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand