Draw Media

دواخستنی كۆنگرە ئەگەرێكی بەهێزە

دواخستنی كۆنگرە ئەگەرێكی بەهێزە

2019-11-25 19:01:30


 

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دواخستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەگەرێكی بەهێزە، ململانێكان چڕبونەتەوە، ئێستا دوانەی "چەك، پارە" جێگەی دروشمی "چەك، قەڵەم دوانەی خەبات"ی گرتوەتەوە، بەرهەم ساڵح دەیەوێت بە "تەزكیە"‌و راستەوخۆ لە ناو كۆنگرەوە بكرێت بە سەرۆكی حزب، بافڵ تاڵەبانیش شەڕی جێگری سەرۆك‌و دەسەڵاتەكانی دەكات، كۆسرەت رەسوڵ لەنێوان چارەنوسی سیاسی خۆی‌و چارەنوسی كوڕەكانیدا هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە.

كۆنگرە دوادەخرێت ؟!
تەنیا (12) رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆنگرەیەك كە لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی حزبەكەوە، بۆیەكەمینجار جەمسەرە ناكۆكەكان لەناو هۆڵێكدا كۆدەكاتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەیان.
لە رۆژانی رابردوودا، كۆنفرانسی كۆمیتەو مەكتەبەكان كۆتاییان هات، ئێستا نۆرەی كۆنفرانسی مەڵبەندەكانە، ژمارەی ئەوانەی لە مەڵەبەندو مەكتەبەكانەوە بۆ كۆنگرە سەردەكەون لە (500) كەس زیاترە، ئەمە لەكاتێكدایە نزیكەی (هەزار) كەس لە كۆنگرەكەدا بەشداردەبن.
لە كۆنفرانسی كۆمیتەو مەكتەبەكاندا ماڵباتی تاڵەبانی براوە بوون، بەڵام ئەمە كۆتایی گەمەكە نییە، كۆنگرە رۆژە یەكلاكەرەوەكەیە.
بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن، لەڕووی "تەكنیكی"یەوە ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی چوارەم كە رۆژی (7)ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، تەواوبوون، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە هێشتا یەكێتی بەتەواوەتی ئامادە نییە بۆ كۆنگرە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا)، لە چەندین سەرچاوە لەناو جەمسەرە جیاجیاكانی یەكێتییەوە دەستیكەوتووە، هێشتا جەمسەرەكان هیچ رێككەوتنێكی كۆتاییان لەبارەی پەیكەری بەڕێوەبردنی حزبەوە نەكردووە، لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا وردە وردە قسەوباس لەبارەی ئەگەری دواخستنی كۆنگرە دەستیپێكردووە.
ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی نەكرێت، ئەگەر دواخستنی كۆنگرە بەهێزتر دەبێت، دواخستنی كۆنگرە بڕیارێكی قورس نابێت، تەنیا بە گەشتكردنێكی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری حزب بۆ دەرەوەی وڵات، دواخستنەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.
 
رۆنگ سایدەكەی سەرۆك
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەدا، چەند رۆژێكە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغدادەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، ئەو ئێستا ئیتر مەترسی پەلاماری خۆپیشاندەرە توڕەكانی گۆڕەپانی تەحریری بۆسەر كۆشكی سەلام پشتگوێ خستووە‌و ترسی لە چارەنوسی سیاسی خۆی هەیە لەناو یەكێتیدا.
چەند رۆژی رابردوو كەژاوەی ئۆتۆمبیلەكانی سەرۆك كۆمار لە شاڕێی سلێمانی- تاسلوجە بە "رۆنگ ساید" رۆیشت، دیمەنەكە هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆ رونكردنەوەیدا، وتی سەرۆك كۆماری پەلەی بووە فریای بەشداریكردن لە مەراسیمی رۆژی یادی شەهیدانی یەكێتی بكەوێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح دەیەوێت هاوشێوەی كۆنگرەی سێیەم، بە "تەزكیە" پۆستی سەرۆكی یەكێتیی لە كۆنگرەی چواردا پێبدرێت، واتە بەبێ هیچ ركابەرێك.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرهەم ساڵح داوای كردووە كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی، لە كۆنگرەدا هاوشێوەی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی پێشنیازی بەرهەم ساڵح بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی‌و بەبێ ركابەر لە كۆنگرەدا بەزۆرینەی دەنگ پەسەند بكرێت، بەڵام ئەو پێشنیازە تائێستا رەتكراوەتەوە.
كێشەی بنەڕەتی لە پۆستی سەرۆكی یەكێتیدا كە بەرهەم ساڵح چاوی لەسەریەتی ئەوەیە، هێشتا دیارنییە ئەم پۆستە راستەوخۆ لەناو كۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت یاخود لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن بەرهەم ساڵح دەیەوێت سەرۆكی داهاتووی یەكێتی راستەوخۆ لەناو كۆنگرەوە هەڵبژێردرێت‌و بەهۆی شەرعیەتی كۆنگرەوە دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبێت، بەڵام هاوكات نایەوێت بەبێ تەوافوقی پێشوەختە بچێتە بەردەم دەنگدەرانی كۆنگرەوە.
دۆستەكانی بەرهەم ساڵح دەڵێن، ئەو ئێستا چانسی باشی هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی یەكێتی، دوو جەمسەرە بەهێزەكە (ماڵباتی تاڵەبانی‌و ماڵی كۆسرەت رەسوڵ) كاندیدی بەهێزیان نیە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەرهەم ساڵح خۆی ترسی دۆڕانی هەیە لە كۆنگرەدا، چونكە دوای جیابونەوەو دواتر گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی یەكەمینجارە دەچێتە بەردەم ئاوێنەی ئەندامانی كۆنگرە‌و پەسەندكردنی گەڕانەوەكەی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەوە بەواتای ئەوە نییە لەسەر ئاستی كادیرانی حزبیش قبوڵدەكرێت‌و چانسێكی نوێی پێدەدرێت.
بەرهەم ساڵح لەم كۆنگرەیەدا روبەڕووی ئاڕاستەیەكی تریش دەبێتەوە كە ركابەرە سیاسییەكانیەتی‌و بریتین لە هەریەكە لە مەلا بەختیارو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەم ئاڕاستەیە دەیانەوێت بەرهەم ساڵح راستەوخۆو بەبێ تەوافوقی پێشوەختە لە كۆنگرەدا هەڵبژێردرێت، پێیانوایە ئەندامانی كۆنگرە سزای سەختی بەرهەم ساڵح دەدەن‌و دەنگی پێنادەن، ئەوانیش لەو رێگەیەوە تۆڵەیەكی مێژووی لە بەرهەم ساڵح دەكەنەوە.
هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، بەڵام بەپێی پرۆژەیەك كە ئێستا تاوتوێ دەكرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە پەیكەری بەڕێوەبردنی یەكێتیدا بكرێت، گۆڕانكارییەك كە لەگەڵ سروشتی ناكۆكییە زۆرەكانی ناو حزبەكەدا بگونجێت‌و شوێنی هەموان لە پەیكەرەكەدا زامن بكات.
ئەو پرۆژەیەی كە تاوتوێ دەكرێت، پێشنیاز دەكات كۆسرەت رەسوڵ ببێت بە مەرجەعی حزبەكە‌و پۆستێكی پێبدرێت بەناوی پۆستی سەرۆكی پاراستنی قەوارەی یەكێتی، هەندێكی تر بە سەرۆكی ئەنجومەن ناوی دەبەن، كۆسرەت رەسوڵ هێشتا بەتەواوەتی ئەم پێشنیازەی قبوڵنەكردووە، لەلایەك داوای چەسپاندنی دەسەڵاتەكانی ئەو پۆستە دەكات، لەلایەكی ترەوە چاوی لەوەیە لە كۆنگرەی چوارەمدا یەكێك لە كوڕەكانی لە پۆستێكی باڵای حزبدا جێگیر بكات.
پەیكەرەكە پۆستی سكرتێری لابردووە، كە ئەم دەستەواژەیە (44) ساڵە لە فەرهەنگی یەكێتیدا جێگەی گرتووە، ئێستا هەموان باس لە دەستەواژەی سەرۆك دەكەن، پۆستێك كە هەندێك دەڵێن بێ دەسەڵات دەبێت‌و راستەوخۆ لە كۆنگرەدا هەڵنابژێردرێت، بەڵكو سەركردایەتی هەڵیدەبژێرێت. 

شەڕی جێگر
یەكێك لە ناكۆكییە گەرمەكانی ئێستا ناوخۆی یەكێتی پرسی دانانی جێگرە بۆ سەرۆكی حزب، ئەمەش بابەتێكە كە هێشتا یەكلانەبووەتەوە‌و لەسەر رەشنوسی پرۆژەكە جێگیرنەكراوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی حزب یەك جێگری هەبێت، ئەو جێگرەش دەسەڵاتی هەبێت‌و دەسەڵاتەكانی دیاربكرێت، بافڵ تاڵەبانی چاوی لەم پۆستەیە، ئەو دەزانێت ئەگەر بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆكی حزب وەرگرێت، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ئەم وەكو جێگری سەرۆك، رۆڵی سەرۆكی حزب دەگێڕێت، چونكە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەو لە بەغداد ساڵەكانی داهاتووی تەواو دەكات.
ئەم هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن جەمسەرەكەی ترەوە (كۆسرەت رەسوڵ) روبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، چونكە ئەوان خوازیارن سەرۆك دوو جێگری هەبێت‌و یەكێكیان (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ) بێت.

چەك‌و پارە.. دوانەی كۆنگرە
دابەشكردنی چەك (دەمانچە)‌و پارە بۆ كڕینی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە جارێكی تر بووەتەوە بە باسی گەرم ناوخۆی سەركردەكانی یەكێتی.
دوێنێ بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لە سلێمانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی حزبەكەی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو كۆبونەوەیەدا باسی بابەتی بەخشینەوەی چەك‌و پارە كراوە بەسەر ئەندامانی كۆنگرەدا.
یەكێتی كە رۆژگارێك دروشمی "چەك، قەڵەم دوانەی خەبات"ی هەڵگرتبوو، ئێستا "چەك، پارە" بووە بە دوانەی كۆنگرەكەی‌و هەندێك كەس باس لە "بەڵێنی پۆست"یش دەكەن كە سەركردەكان دەیانەوێت لەڕێگەیەوە زامنی دەنگەكانی كۆنگرەی پێبكەن. 

یەكێتی‌و كۆنگرە
رۆژی (7) مانگی داهاتوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand