Draw Media

12وڵات لەسەر خاكی عێراق هێزیان هەیە 

12وڵات لەسەر خاكی عێراق هێزیان هەیە 

2020-01-06 20:35:26



(درەو):
بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (12) وڵات دەگرێتەوە كە هێزیان هەیە لەسەر خاكی عێراق، 
تائێستا حكومەتی عێراق هیچ ئامارێكی فەرمی یان زانییارییەكی لەبارەی ژمارەی ئەو هێزە بیانیانە بڵاونەكردوەتەوە كە لەخاكی عێراقدا بونیان هەیە، بەڵام بەپێی هەندێك ئاماری نا فەرمی زیاتر لە (17 هەزار) سەرباز كە نوێنەرایەتی (12) دەوڵەت دەكەن لەناو خاكی عێراقن و، لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق جێگیربوون.
زۆرینەی ئەو هێزانە ئەركیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدایە بۆ شەڕی داعش، لەدوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ئەوەی دەمێنێتەوە، وەڵامدانەوەی هەریەك لەم وڵاتانەیە بە بەجێهشتنی خاكی عێراق و بەكارنەهێنانی خاك و ئاو و ئاسمانی.
بەپێی ئامارێك كە (ئیندپێندنت عەرەبی)ئەنجامیداوە لەسەر بنەمای زانیاری لەسەرچاوەی باوەڕپێكراو، نزیكەی( 8 هەزار) سەرباز و ڕاوێژكار و ڕاهێنەری ئەمریكی لە عێراق بوونیان هەیە. 

پشكی شێر ئەمریكییەكانن   
دیارترین پێگەی ئەمریكییەكان لە عێراق لە پارێزگای (ئەنبار)ە، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی سوننە مەزهەبن، هێزەكانی ئەمریكا لەم پارێزگایە ڕووبەڕێكی گەورەی هەردوو بنكەی سەربازی (عەین ئەلئەسەد و تەقەدوم)یان بەدەستەوەیە.
بەوتەی سەرچاوەتایبەتەكان، هێزەكانی ئەمریكا دەستكاری بنەڕەتی ژێرخانی هەردوو بنكەكەیان كردووە بەجۆرێك ڕێگە بە فرۆكەی گەورە بدات بۆ نیشتنەوەو فڕین.
سێیەم بنكەی ئەمركییەكان بنكەی ئاسمانی (گەیارە)یە لەنزیك شاری موسڵ، لەم بنكەیەدا ئەمریكا خاوەنی هێزێكی 1000 سەربازییە، بۆ پاراستنی ئەو ڕاوێژكارانەی كە سەرپەرشتی ڕاهێنانی هێزەكانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەكەن. 
لەڕووی كردارییەوە، ئەمریكا هیچ بونێكی تری نییە لەهیچ ناوچەیەكی عەرەبی لە عێراق، جگە لە دەوروبەری بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا نەبێت لە بەغداد، ئەوەش دوای پێشهاتەكانی ئەم دواییە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا هێزەكانی ئەمریكا بنكەیەكی سەربازییان لە ناحییەی (بەلەد)ی باكوری بەغداد چۆڵكرد بەهۆی پەلاماردانی لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە.

ئێران
ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خاوەنی زۆرترین هێزی سەربازی بێت لە عێراق،  ئەوە ئێران لە پلەی دووەم دێت لەڕووی ژمارەی سەرباز بە ناونیشانی ڕاوێژكاری ئەمنیی و سەربازیی، بوونی سەربازی ئێران لەعێراق بونێكی زۆر نهێنیە، ئەم هێزانە بە ئاشكرا دەرناكەون، هەموو جوڵەكانیان بە یاوەری حەشدی شەعبیەو هیچ سەربازگەو بنكەیەكی تایبەت بەخۆشیان نییە.
ئێرانییەكان دەڵێن، ئەوان لەهێڵەكانی پێشەوەو بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ شەڕناكەن، بەڵكو ڕێنمایی و پلانی سەربازی و سەرپەرشتی حەشدی شەعبی دەكەن كە بە پێی زانیارییە نارەسمییەكان ژمارەیان نزیكەی (6 هەزار) سەرباز هەیە . 

توركیا 
بوونی سوپای توركیا لەسەر خاكی عێراق وەك سێیەم هێز دێت لەڕووی ژمارەوە، كە ناوچە لە سنوری پارێزگای (نەینەوا) نیشتەجێیە، ژمارەی هێزەكەی توركیا لەم سنورەو ئەوەی بەدیاریكراوی لەناوچەی (باشیك) جێگیرە، نزیكەی 700 سەربازە، بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پشتیوانیان پێدەگات لەلایەن 300 سەربازی ترەوە، ئەوەش وایكردووە زۆربەی كاتەكان ئەو ژمارەیە بگاتە 1000 سەرباز.
ئەركی ئەم هێزانە بەدیاریكراوی نازانرێت چییە، بەلای حكومەتی عێراقەوە زیاتر لە داگیركارییەوە نزیكە، كە لەدوای هێرشی داعش و داگیركردنی یەك لەسەرسێی خاكی عێراق، ئەم هێزەش بە ئاشكرا هاتۆتە ناو خاكی عێراق بەناوی پاراستنی سنورەكانی، بەڵام دوای كۆتایهاتنی داعش، ئەركێكی تری بۆخۆی دەستنیشانكردووە كە ئەویش ڕاهێنانی نزیكەی 3 هەزار چەكداری سونە مەزهەبە لە پارێزگای موسڵ، لە چوارچێوەی هێزەكانی پۆلیسی عێراقدا.

فەرەنساو بەریتانیا
ئامارە تایبەتەكانی (ئیندپێندنت) ئاماژە بەوەدەكەن، فەرەنسا خاوەنی نزیكەی 400 سەربازە لە عێراق، لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە زۆرینەیان لەبەشی باكوری عێراق نیشتەجێن. 
بەشێك لەم هێزانە پشتیوانی موشەكییان بۆ هێزە عێراقییەكان دابینكرد لەو جەنگانەی هەردوو پارێزگای (نەینەواو  ئەنبار) دژی ڕێكخراوی داعش بەخۆیەوە بینی، بەشێكی تری ئەو هێزانەش بەدوای ئەو توندەڕوانەوەن كە هەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسین لە عێراق و سوریا.
بەریتانیاش خاوەنی ژمارەیەكی هاوشێوە سەربازە لە عێراق، زۆرینەیان لە بەغدادی پایتەخت و هەرێمی كوردستانن، ئەركی سەرەكییان پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی دعش.


ڕوسیا
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ڕوسیا خاوەنی نزیكەی 200 شارەزاو ڕاوێژكار و سەربازە لەعێراق، لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی هاوبەشی چوارقۆڵی كە هەریەك لە سوریا و ئێران و عێراق و ڕوسیا ئەنجامیانداوە.
سەربازەكای ڕوسیا لە هیچ سەربازەگەیەكی عێراقدا نیشتەجێنەكراون، بەڵكو شوێنی تایبەتیان هەیە لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لەبەغدادو هەرێمی كوردستان.   

   ئیتاڵیا
وڵاتی ئیتاڵیا تاكە وڵاتی خۆرئاواییە كە خاوەنی زۆرترین سەربازە لە عێراق و ژمارەیان دەگاتە 450 كەس، بەڵام سروشتی ئەو ئەركەی ئەنجامیدەدەن جیاوازە، ئەم هێزە لەنزیك بەنداوی موسڵ نیشتەجێن، كە مەترسی داڕمانی بەردەوامی لەسەرە، ئەركی چاككردنەوەی ئەم بەنداوە سپێردراوە بە كۆمپانیاییەكی ئیتاڵی، ئەركی سەرەكی زۆینەی هێزە ئیتاڵیەكەش خۆی لەپاراستنی ئەندامانی ئەو كۆمپانیایەدا دەبینێتەوە كە سەرقاڵی پاراستن و چاككردنی بەنداوی موسڵن. 

ئەڵمانیاو هۆڵنداو دانیمارك و ئوسترالیا و سوید  
  
نزیكەی 750 سەربازی ئەم وڵاتانەش لەعێراق بڵاوكراونەتەوە، ئەركیان پشتیوانیكردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand