پەرلەمان دەتوانێت عێراق لە رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا بهێنێتە دەرەوە؟
2020-01-05 08:04:18
رەحیم عێراق
🔹 رێککەوتنی ئەمنی بەشێکە لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە مانگی ۱۱ی ساڵی ۲۰۰۸ ئیمزاکرا- یاسای ٥۲.
🔹رێککەوتنەکە لە (۱۱) بەش پێکدێت، چەندین رێککەوتن لەخۆدەگرێت تایبەت بە هاوکاری سیاسی، رۆشنبیری، رێککەوتنی تر، لە هەمووی گرنگتر رێککەوتنی بەرگری و ئەمنییە (بەشی سێیەم).
🔹ئەم رێککەوتنە بە رەزامەندی و پەسەندکردنی (هەموو هێزە سیاسییەکان) کراوە، جگە لە رەوتی سەدرو حزبی شیوعی، هەموو هێزو کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەوکات (۲۰۰۸) کە تائێستاش لە دەسەڵاتدان، لە پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای دەنگ، پەسەندکرا.
🔹لەناو وردەکاری رێککەوتنەکەدا لەبەشی (سییەم)یەمدا- (۳) رێگە بەهەردوولا دەدات کۆتایی بەکارکردن بەم رێککەوتنە بهێنن لەڕێگەی ئاگادارکردنەوە لایەنی دووەم بەشێوەیەکی فەرمی، دوای ساڵێک لە پێشکەشکردنی ئاگادارکردنەوەکە، کارکردنی بە رێککەوتنەکە کۆتایی دێت، ئەمەش دەرفەتی ئەوە بە عێراق دەدات لە رێککەوتنەکە دەرچێت بەوشێوەیەی لەو بڕگەیەدا هاتووە، بەواتای ئەوەی پێویستمان بەوە نییە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، هەمووی ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە بەشێوەیەکی فەرمی داواکارییەک پێشکەشی لایەنی ئەمریکی بکرێت بۆ کۆتایهێنان بە رێککەوتنەکە، لەماوەی (ساڵێک) داواکارییەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، واتە هیچ پێویست بە شۆکردنی بەتاڵی پەرلەمان ناکات.
🔹لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت پەرلەمان دەنگ بدات لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا (تەنیا دەنگدان) وەکو نمایشکردنی شانۆگەرییەک لەبەردەم جەماوەردا وەکو ئەوەی راهاتوین لەسەری.
🔹 بەڵام هەندێک بابەت هەن دەبێت گرنگییان پێبدرێت.
🔸 ئەو رێککەوتنە ئەمنییە کە ئیمزاکراوە، (هەموو لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان بەبێ جیاوازی) پەسەندیان کردووە.
🔸رێککەوتنی ئەمنی گرێبەستی پێدانی چەک و راهێنانی فڕۆکەی ئێف ۱٦و تانکی ئەبرامزو جۆرەکانی تر لەخۆدەگرێت- بەبەهای (۱٤۰ ملیار دۆلار) کە بە قیستی درێژخایەن پارەکە دەدرێت و تائێستا عێراق جگە لە بەشی تایبەت بە پێدانی فڕۆکەی ئێف ۱٦ هیچ پارەیەکی نەداوە، بەواتای ئەوەی عێراق دەبێت بە بارمتەی ئەو قەرزو گرێبەستانەو دەبێت پابەندبێت بەوەی لەسەریەتی.
🔸 بەندەکانی پێدانی چەک لە رێککەوتنەکەدا رێگە بە عێراق نادات جۆراوجۆری بکات لەسەرچاوەکانی چەکدا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی ئەمریکی.. کۆنترۆڵی لایەنی ئەمریکی بەسەر تەکنیکی هاتوچۆی ئاسمانی و جوڵەی فڕۆکەوانی سەربازی لەچوارچێوەی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش.
🔸 رێککەوتنەکە سەقفێکی دیاریکراوی بۆ کشانەوە هێزەکانی ئەمریکا دیارینەکردووە لەدوای ئەو ساڵەی کە رێککەوتنەکە چەسپێندراوە.
🔴 شکستەکانی لایەنی عێراقی لەکاتی رێککەوتنەکەدا:
لەژێر فشارێکی سیاسی بێ بەهانەدا، لایەنی عێراقی جەختی کرد لەسەر کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەهەر رێگایەک بێت، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ نیشاندان هێزی ماسولکەی سیاسی لەناوخۆی عێراق لە نەزانی و نەبوونی شارەزاییەوە لە دانوستان و بنیادنانی ستراتیژیەتێک کە بەرژەوەندی عێراق وەکو بەهایەکی باڵا هەڵگرێت و دانوستاندنی لەسەر نەکات، لایەنی عێراقی شەڕی لەسەر هەندێک لایەن کردووە کە بەهای باڵایان نییە لە رێککەوتنی لەم چەشنەدا، لەوانە جەختکردن لەسەر پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوان لەلایەنی ئەمریکییەکان- سەپاندنی ویلایەتی دادوەریی عیراق بەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا- هەڵگرتنی پارێزبەندی یاسایی (حەسانە) لەسەر کارمەندەکانیان- خەمی گەورە بووە لەلای لایەنی عێراقی (سیاسییەکان) کە گۆرانییان دەوت بەم دەستکەوتانەیاندا. لەحاڵێکدا ئەمانە لای ئەمریکا هیچ قورساییەکی نەبووەو وەکو دەستکەوتێکی گەورە بۆی جێهێشتوون.