Draw Media

لەدەرەوەی یاسا پارەی لە ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینەكانی وەرگرتووە

لەدەرەوەی یاسا پارەی لە ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینەكانی وەرگرتووە

2020-01-07 18:17:56


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
پارەی لەو ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینانە وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون، لە مۆڵەتی كاركردنیدا وەرگرتنی ئەم پارەیە بەشێوەی خۆبەخشانە دیاریكراوە، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت بەزۆر پارە لەخەڵك وەرگیراوە، ئەمە چیرۆكی كاركردنی كۆمپانیایەكە كە بەهۆیەوە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان دەستبەسەركراوە. 

كاری كۆمپانیایەك راگیرا
تەنیا لە هەردوو مەرزی (پەروێزخان)‌و (باشماخ) لە سنوری سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیان (17) كۆمپانیا هەن كە لە بواری جۆراوجۆردا كار دەكەن، هەندێك لەوانە كۆمپانیای بواری (دڵنیایی)ن، بەپێی قسەی بەرپرسان زۆرێك لەم كۆمپانیایانە سەرپێچی هەیە لە كاركردنیاندا‌و لەدەرەوەی یاسا باج لەو ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینانە وەردەگرن كە لە دەرەوەی هەرێمەوە دێنەناوەوە.
ئێستا یەكێك لەو كۆمپانیایانە بەناوی (كۆمپانیای دڵنیا بۆ دڵنیایی) كە لە هەردوو مەرزەكەدا ئۆفێسی هەیە‌و كاردەكات، روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی كراوەتەوە.
كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو سكاڵایەكی یاسایی لەدادگای بەرایی خانەقین- قۆرەتوو لەسەر كۆمپانیای (دڵنیا) تۆماركردووە، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە، دوێنێ عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەركرا.
(درەو) پێشتر پەیوەندی بە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخانەوە كرد، ئامادەنەبوو لەبارەی دۆسیەكەیەوە هیچ قسەیەك بكات.
(درەو) زانیویەتی، عەلی تۆفیق لەسەر بنەمای سكاڵاكەی كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە كاری كۆمپانیای (دڵنیا)، دەستبەسەركراوە.
لەسكاڵاكەیدا، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، كۆمپانیای (دڵنیا) تۆمەتبار دەكات بەوەی لە دەرەوەی یاسا‌و بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیل‌و سەرنشینان وەرگرتووە، لەكاتێكدا بەپێی ئەو نوسراوەی كە مۆڵەتی كاركردنی پێداوە، مافی ئەوەی پێنەدراوە بەزۆر پارە لە خەڵك وەربگرێت‌و خەڵك سەرپشككراون لەوەی لەبەرامبەر سودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیاكە پارەبدەن.
كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خاوەنی سكاڵا یاساییەكەیە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" كۆمپانیا دڵنیا لەماوەی رابردوودا لە مەرزەكان‌و لە هەندێك بازگەدا ئاسانكاریی بۆ كراوە‌و بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیل‌و سەرنیشان وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتونەتە ناوەوە".
بەپێی قسەی سكاڵاكار، كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان لەكاتی هاتنەناوەوەی كەسانی غەیرە كورددا، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (20 هەزار) دینار‌و بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دیناری وەرگرتووە، لە مەرزی باشماخ-یش بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (25 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دینار‌و بەبێ وەسڵی ئەو كۆمپانیایە رێگە بەهاتنەناوەوەی هیچ ئۆتۆمبیلێك نادرێت.
ئێستا كاری كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان راگیراوە، بەڵام لە مەرزی باشماخ هێشتا كاری خۆی دەكات.

خاوەندارێتی كۆمپانیاكە
ئەم كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی پشكدارییە‌و بەپێی نوسراوی مۆڵەتپێدانی بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، خاوەنی سەرەكی  ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، رێژەی 60%ی كۆمپانیاكە پشكی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) ە‌و رێژەی 40%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (نۆكان)ی سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگەڕێتەوە.
كۆمپانیای (دڵنیا) لە سلێمانی ئۆفیسێكی هەیە، (درەو) پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەكەیەوە كرد، ئەو كەسەی وەڵامی دایەوە لەبارەی كۆمپانیاكەوە وتی:" ئەمە كۆمپانیایەكی موساهەمەیە، ئەو ناتوانێت لێدوان بدات‌و یاخود ژمارە تەلەفۆنی كەسمان پێبدات‌و دەبێت لەگەڵ ئیدارەی كۆمپانیاكە قسە بكەین".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا كە سكاڵا یاساییەكەی تۆماركردووە، داوا دەكات كاری ئەو كۆمپانیا رابگیرێت‌و ئەو پارەیەی كە لەماوەی رابردوو بەشێوەی نایاسایی پەیدای كردووە لێی وەربگیرێتەوە‌و پارەكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەناوچەكە خەرج بكرێت، ئەوانەشی كە لەو كارەدا هاوكاری كۆمپانیاكەیان كردووە لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكرێت.

كێشەیەكی یاسایی
كۆمپانیای (دڵنیا) لەلایەن لیژنەی مۆڵەتپێدان بۆ كاری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە، وەزارەتی پیشەسازی‌و بازرگانی كە مۆڵەتی كۆمپانیاكان دەدات، ئاگاداری كێشەی كۆمپانیاكە‌و ئەو كۆمپانیایانەی تر نییە كە هاوشێوەن‌و لە مەرزەكاندا كاردەكەن، بۆ ئەوەی وەزارەتی پیشەسازی‌و بازرگانی دەستوەردان لە دۆسیەكەدا بكات، پێویستە خەڵك یان بازرگاكان لەلای ئەو وەزارەتە سكاڵا تۆماربكەن، بازرگانەكان كە ئەو كۆمپانیایانە تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئاستەنگ بۆ كاروبارەكانیان دروستدەكەن، تائێستا كەسیان لە وەزارەتی پیشەسازی‌و بارزگانی سكاڵایان تۆمار نەكردووە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی رایگەیاند، هیچ سكاڵایەك لەبارەی كاری ئەو كۆمپانیایەوە لە مەرزەكان بەوان نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر دۆسیەكە ئاڕاستەی ئەوان بكرێت لەچوارچێوەی یاسای كارپێكراودا رێوشوێن دەگرنەبەر.
لەبارەی پێدانی مۆڵەت بۆ كۆمپانیاكان، وەزیر باسی لەوەكرد، هەندێك تێكەڵی لە بابەتی پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكان هەیە‌و هەندێك كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، ئەوان كار لەسەر رێكخستنەوەی ئەو دەسەڵاتانە دەكەن. 

فەرمانێك لە نێچیرڤان بارزانییەوە
بابەتی وەرگرتنی پارە لە خەڵك لە دەرەوەی یاسا نوێ نییە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مانگی چواری 2018 واتە ساڵێك بەرلەوەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نەمێنێت، فەرمانێكی دەركرد‌و تێیدا بەمەبەستی "رێگریكردن لەوەرگرتنی پارە بە ناقانونی" چەند بڕیارێكی دەركرد كە ئەمانەن:
1-    نابێت هیچ كەس‌و لایەنێك لەژێر هیچ ناو و پاساو و بیانویەك هیچ بازگەیەكی ناقانونی دابنێت یان هیچ بڕە پارەیەك بە ناقانونی لە هاوڵاتیان وەرگرێت جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەت‌و فەرمانگە‌و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لەبەر رۆشنایی یاسا‌و پەیڕەو و رێنماییە بەركارەكان وەریدەگرن‌و دواتریش داهاتیان بەپێی پسوڵەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئابوری.
2-    لەكاتی سەر سەرپێچیكردنی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیكار روبەڕووی رێكاری قانونی دەبێتەوە‌و راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێت بۆ لێپرسینەوە‌و سزادان بەپێی یاسا سەرەڕای پابەندكردنی بە گەڕانەوەی هەر بڕە پارەیەك كە بە سەرپێچی لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە وەریگرتبێت.
3-    پێویستە لەسەر هاوڵاتیان‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەكاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەك لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە هیچ پارەیەك نەدەن بە سەرپێچیكاران‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكەنەوە‌و بەڵگەی پێویستیان بخەنەبەردەست.
4-    وەزارەتی ناوخۆ‌و هێزەكانی ئاسایش بەهەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان‌و داواكاری گشتی‌و دەستەی دەستپاكی بڕگەكانی ئەم بڕیارە لەرۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ بكەن.
لەدوای ئەم بڕیارەی حكومەتەوە هیچ كۆمپانیایەك نییە كە روبەڕووی دادگاكرابێتەوە لەسەر ئەوەی لەدەرەوەی یاسا پارەی وەرگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانتاران بەردەوام باس لە سەرپێچی كۆمپانیاكان دەكەن.

كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان
ئەمساڵانەی دوایی تادێت ژمارەی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان روو لە زیادبوون دەكەن، لەناویشیاندا كۆمپانیاكانی بواری دڵنیایی، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە (29هەزارو 400) كۆمپانیا لە هەرێم هەن، لەوانە:
•     (4 هەزارو 100) كۆمپانیایان بیانین
•    ئەوانەی تر كۆمپانیای ناوخۆیین
زۆربەی كۆمپانیا ناوخۆییەكان خاوەندارێتییان بۆ بەرپرسان دەگەڕێتەوە یاخود بەرپرسان تێیدا پشكدارن یان بەجۆرێكی تر باجی نایاساییان لێوەردەگرن لەبەرامبەر پاراستن‌و رێگەدان بەكاركردنیان، ئەمە وایكردووە زۆرێك لە كۆمپانیاكان پابەند نەبن بە مۆڵەتی كاركردنەكانیانەوە‌و لەدەرەوەی سنوری رێگەپێدراو پارە كۆبكەنەوە.
وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكان چیرۆكێكی ترە، بابەتی وەرگرتنی مۆڵەتی پرۆژە‌و فرۆشتنەوەی لەناو كۆمپانیاكاندا پرسێكی باو و ئاشكرایە، بۆ ئەمەش بەتەواوەتی سود لە كەڵێنی ناو یاسا كارپێكراوەكان وەردەگیرێت.
لە هەرێمی كوردستان جگە لە كۆمپانیا ئەهلییەكان، لەبواری دڵنیایدا (سێ) كۆمپانیای حكومی هەبوون، ساڵی 2014 هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا، وەزارەتی دارایی‌و ئابوری كاركردنی ئەو كۆمپانیایانەی راگرت.
كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی لە مەرزەكاندا كاردەكەن، خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆ پێشكەش بە شۆفێرو هاوڵاتیان ناكەن، بەڵام لەبەرامبەردا پارەی خزمەتگوزاری وەردەگرن، هەندێك لەوانەی لەناو بوارەكەدا كاردەكەن بەجۆرێكی تر گوزارشت لەمە دەكەن‌و دەڵێن ئەو كۆمپانیایانە كارەكەیان ئەوەیە "تەنیا وەسڵ" دەفرۆشن.

گەندەڵی لە مەرزەكان
بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە قسەوباس لەبارەی گەندەڵی مەرزە سنورییەكان دەستیپێكردووەتەوە، پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان باس لە هاوردەكردنی نایاسایی هەندێك كاڵای وەكو (ئۆتۆمبیل- دوگ- هێلكە) دەكەن‌و دەوترێت بەرپرسان لەپشت ئەم جۆرە بازرگانیانەوەن، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە پەرلەمانتاران بەراشكاوی ناوی ئەوانەی نەهێناوە كە یاسا پێشێل دەكەن.
لە گومرگەكان كارگەیشتووەتە ئەوەی، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم وتویەتی:" لە گومرگەكان داوا لە كارمەندان دەكرێت چاویان دابخەن، كە بارە نایاساییەكان تێپەڕدەبن ئەوجا چاویان دەكەنەوە".
لەم هەفتانەی كۆتایدا لە بازگەی "دێگەڵە" دەست بەسەر بارێك هێلەكەدا گیرا، بەرپرسانی بازگەكە باسیان لەوەكرد، هێلەكان لە مەرزی باشماخەوە هاتونەتە ناوەوە‌و بەسەرچوون.
ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت مەرزەكانی باشماخ‌و پەروێزخانە كە یەكەمیان بەڕێوەبەرە گشتییەكەی سەربە یەكێتییە‌و ئەوی تریان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، هەردوو دەروازەكە دەكەونە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە.
لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو مەرز هەن كە بریتین (حاجی ئۆمەران‌و ئیبراهیم خەلیل)، یەكەمیان دەروازەی هەرێمە بەڕووی ئێران‌و ئەوی تریان بەڕووی توركیادا، ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازەیە، چونكە تاكە دەروازەیە كە نەك هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراق بەگشتی بە توركیاوە دەبەستێتەوە، لەم دەروازەیەوە نەوت بە تانكەر دەبرێتە توركیا، ئەمە لەكاتێكدا كوردستان بە هێڵی بۆری، نەوتی خوی بە توركیاوە بەستوەتەوە.
بەشێوەی فەرمی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەم چوار دەروازە سنورییە هەیە، سیانیان دەروازی سنورین لەگەڵ ئێران، ئێران بەمدواییە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكاوە لەناوخۆدا دوچاری قەیرانی دارایی‌و ئابوری هاتووە، قسەكردن لەسەر بەرفراوانبوونی گەندەڵی لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان دوای گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان هات بۆسەر ئێران.
ئەمریكا كۆتایی ساڵی 2018 كشانەوەی تاكلایەنەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند، هاوكات دەستیكرد بە كاراكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران.
ئەمریكا تائێستا عێراقی بواردووە لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی كە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق هەمان بڕیار دەیگرێتەوە، ئێستا هاوكات لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە بەغداد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی ئابوری دەكات بەسەر عێراقدا ئەگەر لەم ململانێیەدا عێراق بەلای ئێراندا بشكێتەوە، یەكێك لە سزا هەرە لەپێشینەكان كە پێشبنی دەكرێت ئەمریكا بەسەر عێراقیدا بسەپێنێت ئەوەیە چیتر واشنتۆن، عێراق لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران نەبوێرێت‌و پابەندی بكات بە راگرتنی بازرگانی.
نیسانی ساڵی رابردوو ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی گومرگی راپەڕینی كرد لە سنوری راپەڕین، كە گومرگێكی سنوریی هەرێمە لەگەڵ ئێراندا، كونسوڵ لەو سەردانەدا هۆشداریدا لەبارەی مەترسی خۆدزینەوە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.

هەرێمی كوردستان‌و ئێران
هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق‌و ئێراندا.  
لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە:
• دەروازەی پەروێزخان
• دەروازەی باشماخ
• دەروازەی حاجی ئۆمەران
جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە:
• دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌
• دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن
• دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە
رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاودا ئێران دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو.
دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand