Draw Media

وەفدێك لە هەرێمەوە بەفڕۆكەیەكی تایبەت دەچێتە تاران

وەفدێك لە هەرێمەوە بەفڕۆكەیەكی تایبەت دەچێتە تاران

2020-01-08 16:11:33


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
هەرێمی كوردستان لەژێر فشارێكی توندی تاران‌و واشنتۆندایە، هەردوولا داوا دەكەن خۆی یەكلابكاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ بارزانییەكان قسەدەكات، وەفدێكی یەكێتی-یش بەنیازە سەردانی تاران بكات.

موشەك لەنیوەشەودا
نیوە شەوی دوێنێ پەرەسەندنێكی نوێ لە عێراق رویدا، كۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر ناوی تۆڵەكردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، كە لەهێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە فڕۆكەخانەی بەغداد كوژرا، ژمارەیەك موشەكی ئاڕاستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان كرد.
دووان لە موشەكەكان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كەوتنەخوارەوە، كەس لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەكەوتووە، ئێران ئەمە بە تۆڵە ناودەبات، ئەمریكاش تۆڵەكردنەوەكەی بەمشێوەیە قبوڵكردووە، بەڵام رووداوەكانی دوێنێ شەو بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی دوچاری شڵەژان كرد.

هەرێم لەژێر فشاردا
ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) پێكەوە كۆبونەوە‌و دواتریش لەگەڵ سەركردەی حزبەكان دانیشتنێكیان كرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەدا باسلەوە كراوە، هەرێمی كوردستان لەژێر فشارێكی توندی سیاسی‌و دیپلۆماسی ئێران‌و ئەمریكادایە، بەرپرسانی هەردوو وڵات داوایان لێدەكەن خۆیان یەكلابكەنەوە.
ئەوانەی ئێستا نوێنەرایەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەكەن‌و بەرپرسانی دەرەكی پەیوەندییان پێوەدەكەن‌و داوای هەڵوێستان لێدەكەن، سێ كەسایەتی بارزانین، كە ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە (مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان).
بارزانییەكان ئێستا تاڕادەیەك رۆڵیان لەناوخۆیاندا دابەشكردووە، نێچیرڤان بارزانی ئیدارەی ئێرانییەكان‌و مەسرور بارزانیش ئیدارەی ئەمریكییەكان دەدات، مەسعود بارزانیش ئیدارەی دۆسیەی بەغداد دەدات‌و لەهەموو حاڵەتەكاندا كوڕو برازاكەی لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت بڕیارەكان دەگەڕێننەوە بۆلای ئەو.
لەماوەی یەك هەفتەی رابردوودا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئێران دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم قسەی كردووە‌و سەرچاوەكانی زانیاری باسلەوە دەكەن، هاوكات دووجاریش بەتەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانیدا قسەی كردووە.
ناوەڕۆكی قسەوباسەكانی ناو ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە تائێستا بەناڕوونی ماونەتەوە، سەبارەت بەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانە ئەوەی كە بەفەرمی هەیە تەنیا قسەكانی مەسرور بارزانییە كە دەڵێ:" لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان كردووە".

ئێرانییەكان چییان دەوێت ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی ئێرانی داوایان لە بەرپرسانی هەرێم كردووە لە دۆسیەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ هەڵوێستی لایەنە شیعەكانی عێراقدا یەكبخەن‌و داوای چوونەدەرەوەی ئەو هێزانە بكەن.
لەمبارەیەوە ئەوەی تائێستا هەیە قسەو زمانی دیپلۆماسییە‌و كار نەگەیشتووەتە سەر بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان.
رۆژی (5)ی ئەم مانگە، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێكدا بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، نوێنەرانی كورد بەشدارییان لەو كۆبونەوەیەدا نەكرد، كورد‌و سوننە بەشێوەیەكی گشتی پشتیوانی ئەو بڕیارەیان نەكرد كە نوێنەرانی شیعە بەزۆرینەی دەنگی خۆیان تێیانپەڕاند، لێرەوە وا دەركەوت هەرێمی كوردستان بۆ بەرەی ئەمریكا یەكلابوەتەوە.
بەیاننامەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم‌و لایەنە سیاسییەكانی كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر رەتكردنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق كرد بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان‌و بەكارێكی "تاكلایەنە"ی پێكهاتەی شیعە ناوی برد.
لە كۆبونەوەی حكومەتی هەرێمیشدا كە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكات، هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت لە شەڕی تیرۆر، بەیاننامەی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەش جەخت لەسەر بایەخی "پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بۆ بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر" دەكات، هەموو ئەمانە پەیامی ناڕاستەوخۆی هەرێمی كوردستانە بۆ ئێران لەبارەی ئەوەی هەرێم پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان ناكات.

ئەمریكا چی دەوێت ؟
ئەمریكییەكان لە قۆناغی یەكەمدا سەركەوتوو بوون لەوەی مەسعود بارزانی قایل بكەن بەوەی نوێنەرانی كورد بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكەن بۆ بڕیاردان لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەڵام هێشتا بەمەوە رانەوەستاون‌و خوازیارن هەرێم بەشێوەیەكی رونتر هەڵوێستی خۆی بۆ پشتگیری لە ئەمریكا یەكلابكاتەوە.
مەسعود بارزانی هێشتا نیگەرانییەكانی لە هەڵوێستی ئەمریكا لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017 نەڕەویوەتەوە، ئەو پێیوایە ئەگەر ئەمریكا هیچ گرەنتییەك نەدات، نابێت كورد خۆی بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەكانی واشنتۆن یەكلابكاتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش هەست بەوە دەكات ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە كە دەكرێت بەهانەی زیندووكردنەوەی پرسی ریفراندۆم‌و جیابونەوەی لە عێراق، بە كورد بدات، بۆیە وەكو سەرەتایەك لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەڵداوەتەوە‌و چیتر بە رق‌و توڕەییەكەی دوای ریفراندۆمەوە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكادا ناكات‌و هێڵی تەلەفۆنەكەی جارێكی تر بەڕووی بەرپرسانی واشنتۆندا كردوەتەوە. 
بەرپرسانی هەرێمی كوردستان نایانەوێت بە پشتیوانیكردن لە هەڵوێستی لایەنە شیعەكان بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەتەواوەتی عێراق رادەستی ئێران بكرێت، بەتایبەتیش كە لەدوای شەڕی "داعش" لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا هەڵوێست‌و مامەڵەی سیاسی‌و سەربازی دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق‌و ئێرانیان بینی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا متمانەی تەواویان بە ئەمریكییەكان نییە‌و ترسیان هەیە هاوشێوەی رۆژئاوای كوردستان ترەمپ لە نیوەشەوێكدا (بەكاتی كوردستان) بڕیار لەسەر كشانەوە بدات‌و هەرێم لەبەردەم چەپۆكی ئێران‌و شیعەی عێراقدا بەجێبهێڵێت.

كورد چی دەكات ؟
تائێستا سەرۆكایەتییەكانی هەرێم‌و لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتوونەتە هیچ بڕیارێك لەبارەی بارودۆخی ئێستا ناوچەكەوە، هەموان چاوەڕوانی تێپەڕینی كاتی زیاتر دەكەن بۆ ئەوەی تەپوتۆزەكە بنیشێتەوە‌و ئەودیو تونێلەكە بەشێوەیەكی باشتر ببینن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبوەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتییەكان‌و لایەنە سیاسییەكاندا پێشنیازێك هەبووە بۆ ئەوەی وەفدێك دروستبكرێت‌و بەنوێنەرایەتی هەرێم سەردانی بەغداد بكات‌و دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ لایەنە شیعی‌و سوننەكانی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوتی رووداوەكان، بەڵام ئەمە هێشتا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوەو كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ زیاتر قسەوباسی گشتگیری تێدا كراوە نەك بڕیاردان.
یەكێك لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی وت:" لە كۆبونەوەكەدا باسلەوە كراوە، هەرێم  نە بەلای ئەمریكاو نە بەلای ئێراندا یەكلا نەبێتەوە، لەوبارەیەوە پەیامی روون بە بەرپرسانی هەردوو وڵات بدات".
مەسعود بارزانی كە ئێستا هیچ پۆستێكی حكومی نییە، بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، لەكاتێكدا زۆرینەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان لەگەڵ ئەودا دەكرێن‌و سەرباری ئەوەش سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت برازاو كوڕی ئەون‌و وەكو مەرجەعێكی سیاسی هەموو بڕیارەكانی خۆیان بەر لە لایەنە كوردستانییەكان، بۆ بارزانی دەگەڕێننەوە.
بارزانی بە حوكمی پۆستەكەی وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبوو بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتییەكە بكات لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكان، بەڵام بۆ جاری سێیەم بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو لایەنە سیاسییەكان چاویان لەوەیە دواجار بارزانی بڕیار لەسەر هەڵوێستی هەرێم بدات.

وەفدێك دەچێتە تاران 
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)یان راگەیاند، بڕیارە سبەینێ وەفدێك لە هەرێمی كوردستانەوە بە فڕۆكەیەكی تایبەت بگاتە تارانی پایتەختی ئێران.
(درەو) پەیوەندی بە نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد لە تاران، ئەو بێئاگایی خۆی لە سەردانی هەر وەفدێك لە هەرێمەوە بۆ تاران راگەیاند.
(درەو) زانیویەتی، ئەو وەفدەی كە دەچێتە تاران، نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان.
وابڕیارە وەفدەكە بەمەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی قاسم سولەیمانی سەردانی تاران بكات، بەڵام پێدەچێت لە پەراوێزی ئەو سەردانەشدا چەند دیدارێكی سیاسی بەڕێوەبچێت، دیارنییە هیچ پەیامێكی فەرمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ خۆیان دەبەن یاخود نا.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێچەوانەی پارتییەوە بەشێوەیەكی هەستیارتر مامەڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەكات، ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی هەموو سنورەكەی بەستراوەتەوە بە ئێرانەوە، سەرباری ئەمەش یەكێتی هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان‌و ئەمریكادا هەیە.
نوێنەرانی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقیان نەكرد بۆ بڕیاردان لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەڵام لەئەگەری توندبوونەوەی بارودۆخەكەدا، فشارەكانی ئێران لەسەر یەكێتی توندتر دەبن وەك لە پارتی كە لەژێر هەژموونی توركیادایە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand