عەین ئەسەدو هەریر
2020-01-08 12:53:20
درەو:
شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاوی كردەوە كە شەوی رابردوو ئێران (22) موشەكی ئاراستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد لەناو خاكی عێرا كە(17) موشەكی ئاڕاستەی عەین ئەسەد و(5)موشەكی ئاراستەی و بنكەی هەریر لە هەولێر كردوە، كە بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاندووە لەو دوو بنكەیەوە ئامادەكاری بۆ هێرشكردن بۆ سەر قاسم سلیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس كراوە.
هەردوو بنكەی سەربازی (عەین ئەلئەسەد) و (هەریر) ئەمڕۆ بوونە مانشێتی هەواڵی میدیاكانی جیهان، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن سوپای ئێرانەوە موشەكباران كران لە تۆڵەی كوژرانی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە. ئەو بنكە سەربازییانە دەكەونە كوێی عێراق؟ بایەخی ستراتیجییان چییە؟ رژێمی پێشو و دواتریش ئەمریكییەكان بۆ ئەو شوێنەیان هەڵبژاردووە وەك بنكەیەكی گرنگی هێزەكانیان لە عێراق؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە، لەم ڕاپۆرتە زانیارییەدا بخوێنەرەوە.
عەین ئەلئەسەد
• دەكەوێتەناحییەی (ئەلبەغدادی) لەپاریزگای ئەنباری خۆرئاوای عێراق.
• دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە عێراق، دوای بنكەی ئاسمانی (بەلەد).
• گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە خۆرئاوای عێراق.
• پێشتر بەناوی بنكەی ئاسمانی (ئەلقادسیە)ناسرابوو تا ساڵی 2003.
• جوگرافیای بنكەی ئاسمانیی(عەین ئەسەد) بایەخێكی ستراتیژی گرنگی هەیە.
• دەكەوێتە ناوچەیەك كە بەرزترین خاڵە لەسەر ئاستی ڕووی دەریای ناوچەكەیە
• بارەگای فەرماندەیی فیرقەی حەوتی سوپای عێراق لەخۆ دەگرێت.
• لەساڵی 1980دا لەلایەن كۆمپانییایەكی (یوگسلافی)ییەوە ، لەسەر ڕووبەڕی 44كیلۆمەتر دووجا دروستكراوە.
• جێگەی 5 هەزار سەربازی تێدا دەبێتەوە لەگەڵ بارەگای سەربازیی پێویست بۆ داڵدەدانیان هاوشێوەی پەناگە.
• گەنجیینەی پارێزراو، جێوڕێی سەربازی و، پەناگەو شوێنی بەهێز بۆ پاراستنی فرۆكە تێدایە.
• فرۆكەخانەیەكی ئامادەكراو هەیە بە فرۆكەی جەنگی و كۆپتەر.
• هێزی بەرگریی ئاسمانی و تاوەری چاودێری ئامادەكراو بەڕاداری تێدایە.
دەستنیشانكردنی شوێنی بنكە سەربازییەكە لە خۆرئاوای عێراق و لە خالێكی بەرزدا هۆكارەكەی ئەوەیە (سەدام حسێن) سەرۆكی ڕژێمی پێشوی عێراق ویستویەتی عێراق بپارێزێت لە هێرشی ئیسرائیل، هەروەها بۆ پاراستنی بەنداوی (حەدیسە) لەسەر ڕووباری فورات كە دەكەوێتە نزیك بنكەكە.
بنكەی سەربازی هەریر
• یەكێكە لە بنكە سەریازییە پێشكەوتووەكان كە موشەكی بەرگریی و فرۆكەی جەنگی و راداری پێشكەوتووی تێدا جێگیركراوە.
• 75 كیلۆمەتر لەسەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە .
• نزیكترین بنكەی سەربازی ئەمریكایە لە ئێرانەوە كە تەنها 115 كیلۆمەتر لێی دوورە.
• بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2015 بەكارهێنرا لەپرۆسە سەربازییەكانی هاوپەیماننان دژ ڕێكخراوی داعش.
• لەساڵی 2019دا سوپای ئەمریكا دەستیكرد بە فراوانكردنی بنكە سەربازییەكە و سەدان دۆنم زەوی تری ناوچەكە خراوەتە چوارچێوەی بنكە سەربازییەكەوە.
• پرۆسەی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی داعش لەناو قوڵایی خاكی سوریا لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەو هێزە ئەنجامیدا كە لەو بنكە سەربازییە جێگیرین.