Draw Media

مەرجی تەمەن‌و خزمەت لەسەر خانەنشینی پلەباڵاكان لابرا

مەرجی تەمەن‌و خزمەت لەسەر خانەنشینی پلەباڵاكان لابرا

2020-01-07 13:44:25


(درەو):
بەپێی دواین رەشنوسی راپۆرتی لیژنەی دارایی لەبارەی پرۆژەی چاكسازی كە ئەمڕۆ پەسەندكرا، مەرجی (تەمەن)‌و (ساڵی خزمەت) بۆ خانەنشینبوونی پلەباڵاكان لابراوە. 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لەبارەی (پڕۆژە یاسای چاكسازی و لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان/ عێراق) لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و قوباد تاڵەبانی جێگری‌و دواتریش لەناو بینای پەرلەمان لەگەڵ تیمێكی حكومەت كۆبووەوە.
دوای ئەم دوو كۆبونەوەیە، لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەیاسا كێشەلەسەرەكە پەسەندكرد، سبەینێ لیژنەی دارایی لەگەڵ لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمان كۆدەبێتەوە، دوای ئەو كۆبوونەوەكەی سبەینێ راپۆرتەكە بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی كاری پەرلەمان‌و دەنگدانی لەسەر بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی.
بەپێی زانیارییە بەراییەكان كە دەست (درەو) كەوتوون، لیژنەی دارایی لە راپۆرتەكەیدا مەرجی (تەمەن)‌و (خزمەت)ی بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتارو پلەباڵاكان هەڵگرتووە، واتە پەرلەمانتار ئەگەر تەمەنی یاسایشی بۆ خانەنشینبوون تەواو نەكردبێت‌و ساڵی خزمەتیشی نەبێت، بەرێژەیەك لە موچە گشتییەكەی خانەنشین دەكرێت، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە لەكابینەی پێشووی حكومەتدا رەخنەی زۆری لێگیراو حكومەت ناچاركرا یاساكە بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان.
لە رەسنوشەكەدا لەبارەی موچەی خانەنشینییەوە ئەوە جێگیركراوە كەمترین موچەی خانەنشینی بڕی (300 هەزار) دینار بێت، واتە بڕەكە لە (220 هەزار) دینارەوە كە ئێستا كاری پێدەكرێت، زیادكراوە.
(درەو) وردەكاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان بڵاودەكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand