Draw Media

راپۆرت: ئارام مەحمود ڕەنگە هیچ هێزێك بە ئەندازەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەزمونی تاڵی لەگەڵ ڕێككەوتنی سیاسیدا نەبێت، بەجۆرێك هەر كات ناوی ڕێككەوتن دەهێنرێت، دەستەواژە بەناوبانگەكەی نەوشیروان مستەفا "عیبرەت لەجێەجێكردندایە" لەپاڵیدا وەك پاشگر قوتدەبێتەوە، دەستەواژەیەك وێڕایی ئەوەی بێمتمانەیەكی قوڵ لەپشتیەوە خۆی مەڵاسداوە، دەستخەڕۆیی‌و نەبوونی هیچ گەرەنتییەك بەشێكی تر لەوێنە گشتییەكەی. بزوتنەوەی گۆڕان لەتەمەنی خۆیدا چوار ڕێككەوتنی سیاسی كردووە، سیانیان (نەوشیروان مستەفا) ڕێكخەری پێشوی بزوتنەوەكە هێشتا لە ژیاندابووە.  یەكەم: ڕێككەوتنە 25 خاڵییەكەی دەباشان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 17/5/2016. دووەم: ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە  ساڵی 2014. سێیەم: ڕێككەوتنی (پێكهێنانی كابینەی هەشتەم) لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە 17/4/2014. چوارەم: ڕێككەوتنی 18ی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كە لە پیرمام ئیمزاكرا.   ڕێككەوتنی یەكەم لەگەڵ یەكێتی، تەنها یەك خاڵی لێ جێبەجێكرا، ئەویش بڵاوكردنەوەی دەقی ڕێككەوتنەكە بوو بۆ ڕایگشتی، ڕێككەوتنی دووەم گەرچی ئاڵوگۆڕی تەواوەتی نەكرا لە پۆستەكان بەوشێوەیەی لەسەری ڕێككەوتبون، دوای كێشمەكێشێكی زۆر بەشێك لە بڕگەكانی جێبەجێكرا‌و یەكێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی رادەستی گۆڕان كرد.  ڕێككەوتنی سێیەمیش، دوای توندبونەوەی ململانێی پارتی‌و گۆڕان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پارتی تاكلایەنە هەڵیوەشاندەوەو،  تیمی گۆڕانی لە حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان دورخستەوە.   ڕێككەوتنێكی جیاواز ! زۆرێك پێیانوایە ئەم ڕێككەوتنە نوێیەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕێككەوتنێكی جیاوازە لەوانەی پێشخۆی‌و، ئەگەری سەركەوتن‌و بەردەوامبوونی زیاترە، لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كە ڕەنگە دیارترینیان ئەمانە بن: * یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و لەكۆڵكردنەوەی ئەو كێشەیە گەورەیە بێت كە بووبوو بە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ پارتی، لەڕێی پرۆژە یاسایەكەوە كە فراكسیۆنی گۆڕان لەخولی پێشوودا پێشكەشیكردو، كۆتایی بەو مشتومڕە قوڵە هێنا، كە بووە هۆكاری تەقینەوەی كێشەكان و لێكترازانی گۆڕان و پارتی لە ڕابردوودا. * لە وجودی نەوشیروان مستەفادا، یەكێك لەو پرنسیپانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرسەختانە بەرگریی لێدەكرد، دەستكاریكردنی (سیستمی سیاسی)بوو، گۆڕان لەڕابردوودا شەڕێكی گەورەی كرد لەسەر پرسی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە (سەرۆكایەتی)یەوە بۆ (پەرلەمانی)ی، گەرچی ئەم خولە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت، بەڵام گەرەنتی نییە بۆ خولەكانی داهاتوو هەر بەوشێوە بڕوات، پێناچێت بۆ گۆڕان ئەم پرسە هاوشێوەی جاران جێی بایەخ بێت، بەوپێیەی لەم خولەدا گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێت‌و، بەپێی زانیارییەكانیش لە دانوستەكاندا گۆڕان دوایكردووە جێگری سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی هەبێت، پارتیش پەسەندی كردووە، ئەگەر جێگر دەسەڵاتی هەبێت، بێگومان سەرۆك دەسەڵاتەكانی زیاترە، ئەوەش پێچەوانەی داواكانی ڕابردووی گۆڕانە، كە تەئكیدی دەكرد دەسەڵاتەكانی سەرۆك دەبێ تەشریفاتی بێت، ئەمە بەهەموو پێوەرێك گۆڕانی گەورەیە لە ڕوئیاو دونیابینی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدوای نەوشیروان مستەفاوە.  ئەم دوو هۆكارە بەپلەی سەرەكی وادەكەن گۆڕان‌و پارتی كەمتر بەریەكبكەون‌و زیاتر بەگیانی تیمێكی هاوبەش كاربكەن.   پارتی مەحكومە بچێتە ژێرباڵی كۆمەڵێك هۆكاری بابەتی هەن پارتی مەحكوم دەكەن دەستی بەباڵی گۆڕانەوەبێت‌و بەپێچەوانەی ڕابردوو لەبری كەنارخستنی، هەوڵی بەهێزكردنی بدات، یەكێك لەو ئەگەرانەی پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا لە گۆڕپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بێتەگۆڕێ‌، گۆڕانكاری جەوهەرییە لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە سنوری تۆڵەكردنەوە تێدەپەڕێنێت لە ڕوداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرو، ململانێكانی نێوانیان لەسەر پۆستەكانی بەغداد. بەقسەی زۆرێك لە بەرپرسانی پارتی، كێشەی گەورەی حزبەكەیان لەگەڵ یەكێتی لەدەستدانی متمانەیە، لەدوای ڕیفراندۆمەوە پارتی بەگومان‌و ترسێكی گەورەوە (خۆیان وتەنی) لە هەنگاوەكانی "جەلالییە تازەكان" دەڕوانن، ماوەیەكی زۆر ترسی ئەوەیان هەبوو  كە "بەیانی لەخەو هەستان هەستان، حەشدی شەعبیان بردبێتە سەریان لە هەولێر".   خێری لە شەڕ بینی ڕەنگە دووكەس نەدۆزیتەوە ناكۆك بێت لەسەر زۆرو زەوەندی ئەو پۆستانەی دەست گۆڕان كەوتوون لەكابینەی نۆیەمدا، دوای هەستكردنێكی درێژ بە مەغدوریی، ئێستا گۆڕان دەستی لەملی سەركەوتندایە، بەرپرسانی ئەو حزبە پێیانوایە ئەو "گزییەی" لە هەڵبژاردنەكاندا لێیانكرا، لە دانوستانەكاندا بەدەستیهێنایەوە، كە بە ئازایەتی و لێهاتویی وەفدی دانوستكارەكەیان دەزانن.   بەدەر لەمە، پرسیارێك بۆ زۆرێك كەس دروستبووە‌و كە دەپرسێت" ئاخۆ پێوەری سەركەوتن لای گۆڕانیش هاوشێوەی هێزەكانی تر بوەتە بچڕینی زۆرترین پۆست، وا بەوشێوەیە لە سەركەوتن دەڕوانێ‌ ؟"، لەكاتێكدا پێشتر پۆستی ئەكردە قوربانی لەپێناو پرنسیپەكانی !، بەستنەوەی دەستكەوتەكان بە لێهاتویی‌و شارەزایی دانوستكارەكانی، ڕاكردنێكی ئاشكراو بێتەمومژە لەوەڵامی كۆمەڵێك پرسیار، كە دیاترینیان، گۆڕان چۆن بە 12 كورسی ئەم سەركەوتنەی تۆماركرد، لەكاتێكدا بە 24 كورسی‌و لەحزوری نەوشیروان مستەفادا ئەوە بەدەستنەهات؟ ئەمە بەفیعلی بەرهەمی دانوستانە یان پاداشتی هەڵوێستەكانێتی؟ چی گۆڕاوە ؟، پارتی تێڕوانینی بۆ گۆڕان گۆڕاوە ؟ یان ئەوە گۆڕانە بەفیعلی گۆڕاوەو چیتر ئەو هێزە نەماوە ئەگەری دروستكردنی مەترسی لێبكرێت؟  پرسیاری هەرە جەوهەری ئەوەیە، گۆڕان لەكوێی ئەو بێمەنەتییەدا، كە پارتی پیشانی یەكێتیدا لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان؟ وەك هەندێك دەڵێن وەڵامەكان هەرچییەك بن، دواجار سیاسەت دەرفەتە‌و، گۆڕانیش لەكاتێكی گونجاودا هەلەكەی قۆستەوەو، توانی سود لە ناكۆكیی‌و ململانێكان یەكێتی و پارتی وەربگرێت، هەروەك چۆن یەكێتی‌و پارتی-ش لە زیاد لەوێستگەیەدا گۆڕانیان لە دژی یەكتر بەكارهێناوەو، توانیویانە دەستكەوتی سیاسی زیاتر بچننەوە. گۆڕان لەم یارییەدا وەرەقەیەكی بەنرخ بوو بۆ پارتی، بۆیە لە قەبارەی ئێستای وەك حزب‌و ژمارەی كورسییەكانیشی لەپەرلەمان زۆر زیاتر حسابی بۆ كرد، ئەمە بەڕای زۆرێك جەوهەری مەسەلەكەیە نەك هۆكارێكی تر.  ئەو سەخاوەت و دەستبڵاوییە لەگەڵ گۆڕان، لە گەڕی یەكەمی یارییەكەدا دەرفەتی ئەوەی بۆ پارتی ڕەخساند چیتر چاوەڕێی یەكێتی نەكات‌و، لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێمنەتانە مامەڵەی لەگەڵ بكات، دووریش نییە لە گەڕی دووەمی یارییەكە‌و، لەحاڵەتی پێداگری یەكێتی لەسەر هەڵوێستەكانی، بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و دابەشكردنی وەزارەتەكانیش پارتی هەمان سیناریۆ دوبارەنەكاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكراون، ئەگەر هەیە هاوشێوەی سەرۆكی پەرلەمان، پشكی یەكێتی لە وەزارەتەكانیش بە وەكالەت پڕبكاتەوە، تا ئەوكاتەی یەكێتی دێتە ژێربار.   پارتی ئەگەر هەردوو گەڕەی یارییەكەش بەرێتەوە، پێناچێت هەر بەوەوە بوەستێت، سەخاوەتی پارتی لەگەڵ گۆڕان تەنها كۆمەڵێك پۆست نیە، بەڵكو ڕوئیایەكی سیاسی تازەشی لەپشتە‌و پێدەچێت بەشێك بێت لە ستراتجی پارتی لەقۆناغی داهاتوودا، كە ئەگەر نەتوانێت گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی، ئەوا لایەنی كەم ئەیكات بەهێزێك كە سەنگ و قورسایی هاوتای یەكێتی بێت لەدەسەڵاتدا‌و، وەك ڕكابەر و شەریك‌و  مەترسییەكی هەمیشەیی بەرامبەری ڕایگرێت. 


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازڵ حەمەرەفعەت لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتی‌و پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت، (درەو میدیا) وردەكارییەكان بڵاودەكاتەوە. سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵوێستی خۆی بۆ كادیرانی حزبەكەی سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان‌و پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان روندەكاتەوە. لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی ئاشكرایكرد، كۆبونەوەكەی كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كۆبونەوەیەكی فراوان لەگەڵ ئەنجومەنی ناوەندو مەڵبەندو كۆمیتەكان ئەنجام دەدات. بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، كۆبونەوەكە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی‌و حاكم قادر حەمەجانەوە بەڕێوەدەبرێت‌و مەكتەبی سیاسی هەڵوێستەكانیان لەبەرامبەر پارتی بۆ كادیرەكانی یەكێتی روون دەكەنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پارتی بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمانی بەڕێوەبرد‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی هەڵبژارد. یەكێك لەو سەرچاوانە بە (درەو میدیا) وت:" ئامانج لە كۆبونەوەكە ئەوەیە مەكتەبی سیاسی هەڵوێستەكانی لە داهاتوودا بەرامبەر بە پارتی بكات بە هەڵوێستی هەموو یەكێتی، نەك تەنیا دوو ناوەند لەناو یەكێتیدا كە مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتییە". ئەو كۆبونەوەیەی سبەینێی تەلاری هونەر، لە شێوەی مانورێكی جەماوەریدا بەڕێوەدەچێت، یەكێتی دەیەوێت لەو رێگەیەوە پەیامێكی سیاسی بۆ پارتی بنێرێت. باسی كۆنگرە دەكرێت (درەو میدیا) زانیویەتی، هەندێك لە كادیرەكانی یەكێتی دەیانەوێت كۆبونەوەكەی سبەینێی تەلار هونەر بقۆزنەوە‌و لەو كۆبونەوەیەدا داوا لە مەكتەبی سیاسی بكەن پەلەبكرێت لە سازدانی كۆنگرەی یەكێتی، چونكە بەپێی وتەی ئەوان تەنیا كۆنگرە چارەسەری دەردی یەكێتی دەكات. ئەوانەی دەیانەوێت لەبارەی كۆنگرەوە لە كۆبونەوەكەدا قسەبكەن، داوا دەكەن تاوەكو نەورۆز یاخود لانی كەم تاوەكو یادی دامەزراندنی یەكێتی كە لە مانگی حوزەیراندایە، یەكێتی كۆنگرە ببەستێت بۆ هەڵبژاردنی سكرتێرو دەستەی نوێی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و كۆتایهێنان بە كێشە ناوخۆییەكان. مەلا بەختیار پرۆژەكەی رادەگەیەنێت هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی (درەو میدیا)دان، سبەینێ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەكەی تەلاری هونەر، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەكە زویرە‌و بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی ناكات، پرۆژەی خۆی تایبەت بە سازدانی كۆنگرەی یەكێتی رادەگەیەنێت. مەلا بەختیار كە ماوەیەكە لەرێگەی میدیاكانەوە جەخت لەسەر سازدانی كۆنگرەی یەكێتی دەكاتەوە، پێیوایە سەركردایەتی یەكێتی شكستیهێناوە لە دانوستانەكانیدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق‌و لە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ پارتی سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دوچاری ئەو دۆخە بووە كە تێیكەوتووە‌و تەنیا چارەسەر بەوتەی ئەو كۆنگرەیە. دواین هەڵوێستی یەكێتی سەبارەت پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و پارتی، هێشتا یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت پارتی بە نوسراو گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بدات بۆ كەركوك، بەبێ ئەم گەرەنتییە یەكێتی ئامادە نییە بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بكات. فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانی نەكرد، ئەمڕۆش بەشداری لە كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكان نەكرد. زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لەژێر فشاری یەكێتیدا سەرۆكایەتی پەرلەمان لیژنەی یاسایی هەڵنەبژاردووەو دوایخستووە بۆ كاتێكی تر، لیژنەی یاسایی رۆڵی سەرۆكی دەبێت لە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا، كە پارتی چاوی لێیەتی. پارتی دڵنیایی دەدات سەرباری ناكۆكییەكان، بەڵام هێشتا هێڵی گەرمی پەیوەندی نێوان بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی رانەوەستاوە، پارتی دەیەوێت یەكێتی قایل بكات بە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا وەفدێكی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی سەردانی یەكێتی بكەن لە سلێمانی. وەفدەكەی پارتی دەیەوێت دڵنیایی بە یەكێتی بدات كە پارێزگاری داهاتوو كەركوك كەسێك دەبێت لە یەكێتی. (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی ناوی هەریەك لە (ئاسۆ مامەند، رزگار عەلی،  شاڵاو عەلی عەسكەری و خالید شوانی) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دیاریكردووە. 


 درەو میدیا: رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە " بەدانانی مونا  قەهوەچی بەسكرتێری پەرلەمان هەموو شت كۆتایی پێهات و پارتی هەموو سەرۆكایەتیەكانی كۆنترۆڵكرد" د. ئیسماعیل نامیق    لە نوسێنكدا بەناوی " مەترسیە گەورەكە" ئاماژەی بەوەكردووە" پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی حكومەت وسەرۆكایەتی هەرێم وسەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری كۆنترۆڵكردوەو بەویستی خۆی هەڵیسوڕاندون وهەڵیاندەسوڕێنێ، سەرۆكایەتی پەرلەمان تاكە سەرۆكایەتی بو كە نەكەوتبوە ژێر كۆنترۆڵی پارتیەوە، لایەنەكانی تر دەیانتوانی جار جار وەكو كڵاورۆژنەیەك بەكاری بهێنن ولەرێگەیەوە هەناسەیەك بدەن وتاڕادەیەكیش روبەڕوی پرۆژەكانی پارتی رابوەستن و تەسلیمی هەموو ویستەكانی نەبن، بەڵام لەكۆبونەوەی 18/ 2/ 2019 پارتی دەستی بەسەر ئەو كڵاو رۆژنەیەشدا گرت وهەموو لایەنەكانی تری ئاخنیە سوچێكی تاریك وچراكەشی بەدەستی خۆیەوە گرت، تا هەموومان ناچار بین لەدوایەوە بڕۆین وبڵێین لەكوردستان تۆمان هەبی بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی!!! " رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستۆتە روو كە" پارتی  بەجوڵەیەكی زۆر سادە كردی ئەویش بەدانانی مونا  قەهوەچی بەسكرتێری پەرلەمان وەكو نوێنەری پێكهاتەی توركمان. ئیتر حەز ئەكەن كێ ئەكەن بەسەرۆكی پەرلەمان بیكەن، ئەملای هەورامی و ئەولای قەهوەچی، پێم بڵێن چی پێ ئەكرێ چی؟" د. ئیسماعیل نامیق ترسی هەیەو دەڵێت" ترسە گەروەكە بریتیە لەوەی پارتی پێدانی سكرتێری پەرلەمان بكات بەبنەمایەكی یاسایی پیرۆز، یان عورفێكی پەرلەمانی پیرۆز كەس جورئەت نەكات باسی دەستكاریكردن وهەمواركردنی بكات، وەكو ئەوەی بۆ كۆتای پێكهاتەكان كردوێتی.  دەشڵێت"  من خەمی ئەم خولەم نیە، چونكە لەم خولەدا پارتی زۆرینەیە وچی بوێت لەپەرلەماندا دەتوانێت بیكات، جا سەرۆكایەتی لای ئەو بێت یان نا، من خەمی ئەوەمە لەخولەكانی تردا، پێدانی سكرتێر بەپێكهاتەكان دەبێتە بنەمایەكی یاسایی پیرۆز یان عورفێكی پەرلەمانی پیرۆز كەس ناتوانێت باسی گۆڕینی بكات. بەڕای من بەدەر لەوەی كێ ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، یان كێَ لەداهاتوودا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، پێویستە بەبنەمایەكی یاسایی لەهەموو خولێكدا پۆستی سكرتێری پەرلەمان بدرێت بە ئۆپەزسێون، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی جۆرێك لەهاوسەنگی ودادپەروەری لەسەرۆكایەتی پەرلەماندا، چونكە پەرلەمان نوێنەرایەتی هەمووان دەكات، نەك تەنها حكومەت، هەروەها ئەمە هاندەریش دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆنبون و كاری ئۆپۆزسیۆنیش باشتر رێكدەخرێت وپەیوەندی نێوان ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات جۆرێك لەنەرمی ولێكتێگەیشتنی تێدا دروست دەبێت. لەجیاتی پۆستی سكرتێری پەرلەمان پۆستێكی تر بدرێت بە پێكهاتەكان"  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دواجار ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا، رویدا، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەبێ یەكێتی نیشتمانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانیان بەڕێوەبرد‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان هەڵبژارد. بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان زیاتر لە چوار مانگ دواكەوت، بەڵام ئەو كاتە زۆرە، نەیتوانی چارەسەری كێشەكان بكات‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی خەڵكەوە، لەبری چارەسەر، كێشەكانی قوڵتر كردەوە. پارتی سێجار داوای یەكێتی رەتكردەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لەناو پارتی‌و یەكێتی دەستیكەوتووە، بەیانی ئەمڕۆ بەر لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان‌و پارتی، یەكێتی داوای لە پارتی كردووە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی (48) كاتژمێر دوابخات، بەڵام پارتی داواكەی رەتكردوەتەوە. پاش ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان‌و پارتی، یەكێتی جارێكی تر داوای لە پارتی كردووە كۆبونەوەی پەرلەمان بۆماوەی (24) كاتژمێر دوابخرێت، بەڵام پارتی بەم داوایەش قایل نەبووە، لە دوا ساتەكاندا یەكێتی داوایكردووە دانیشتنەكە بۆ كاتژمێر (7)ی ئێوارە دوابخرێت، پارتی ئەم پێشنیازەشی رەتكردوەتەوە. پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و گۆڕان هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون باسلەوەدەكەن، پارتی دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ گۆڕان لەبەردەم چاوی كامێراكاندا، بەتەواوەتی دڵنیابوەتەوە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پشتی تێناكات، بۆیە بەتەواوەتی لە یەكێتی بێمنەت بووە‌و بەبێ یەكێتی كۆبونەوەكەی پەرلەمانی كردووە. بەپێی ئەو بەدواداچونانەی كە (درەو میدیا) كردویەتی، هەنگاوەكەی پارتی بۆ سازدانی كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ یەكێتی، زۆرینەی سەركردەكانی یەكێتی شۆك كردووە، چونكە زۆربەیان پێشبینی ئەوەیان نەكردووە پارتی تا ئەو رادەیە لە یەكێتی بێمنەت بێت، تانەت بەپێی زانیارییەكان هەندێك لە پەرلەمانتارانی پارتیش پێشبینییان نەكردووە حزبەكەیان بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمان بكات. هەندێك لە یەكێتییەكان، هۆكاری ئەو بێمنەتییەی پارتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەگێڕنەوە، لەمەشدا سەرزەنشتی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی دەكرێت كە لەماوەی رابردوودا هەوڵی لێكنزیكبونەوەی یەكێتی‌و گۆڕانیان داوە. كۆبونەوەكەی سەركردایەتی (درەو میدیا) زانیویەتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كە هاوكات بوو لەگەڵ ساتی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی پەرلەمان، زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لۆمەی گروپێك لە سەركردەی حزبەكەی خۆیان كردووە كە لەماوەی رابردوودا هاوسۆز بوون لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەمەشدا بەهانەیان بەوە هێناوەتەوە كە ئەوە دووەمینجارە بزوتنەوەی گۆڕان كارتەكانی دەستی یەكێتی دەسوتێنێت‌و كاتێك یەكێتی دەیەوێت فشارێك لە پارتی بكات، گۆڕان جادووی هەنگاوە سیاسییەكانی بەتاڵدەكاتەوە، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم. لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، هەندێك بۆچونیان وابووە بەتەواوەتی پێداچونەوە بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، تا ئەو ئاستەی پۆستەكانیان لە سنوری ئیدارەی سلێمانی لێوەربگرنەوە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی. هۆشدارییەكی پێشوەختە بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەر لە رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بەشێوەیەكی فەرمی پەیامی حزبەكەی بە كەسی یەكەمی بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە‌و هۆشداری پێداوە بەبێ یەكێتی رێككەوتن لەگەڵ پارتی نەكەن. هەر لەچەند رۆژی رابردوودا یەكێتی لەچەندین كەناڵی ترەوە ئەو پەیامەی بە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە، لەسەر بنەمای ئەم هەڕەشە بێدەنگانەی یەكێتی، كەسێكی بڕیاربەدەستی بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ بە تەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسەی كردووە‌و ئاگاداری كردووە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر فشاردایە، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێداون كە پارێزراو دەبن.    پارتی زیاتریش دەڕوات دوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، ئومێد خوشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی: دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت خێراتر دەبن. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی سورە لەسەر هەنگاوەكانی‌و بەنیازە دوای كۆبونەوەی پەرلەمان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتیش بەبێ یەكێتی دەستپێبكات. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی پارتی‌و یەكێتی، بەتەواوەتی لە یەكێتی بێئومێد بووە، بەو سەركردانەی یەكێتیشەوە كە پێشتر مامەڵەی لەگەڵدا دەكردن. پارتی دەیەوێت دۆسیەی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك تێكەڵ بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم نەكات‌و ئەو دۆسیەیە هاوشێوەی پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێتەوە، یاخود لانی كەم لە دانانی پارێزگاری كەركوكدا پارتی قسەی كۆتایی بكات.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان كاتژمێرە سەختەكانی بەڕێدەكات، كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی (5) كاتژمێر دواخراوە، گرێكوێرەی كەركوك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا هێشتا نەكراوەتەوە، پارتی لە دەرگای بەرهەم ساڵح دەكات‌و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، كۆسرەت رەسوڵیش پەیامی كۆتایی بۆ بارزانی دەنێرێت. كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان تا كاتژمێر (3)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دواخراوە‌و ئەگەر هەیە كاتەكە لەوە زیاتریش درێژبكرێتەوە. بەپێی دواین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، تائێستا گفتوگۆی چڕ لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك. نوێترین پەرەسەندنەكان (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی داوایكردووە كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی (48) كاتژمێر دوابخرێت، بەڵام پارتی بەم داواكارییە رازی نەبووە‌و سورە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ كۆبونەوەكە بكرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان. لەبارەی پرسی پارێزگاری كەركوكەوە، پارتی تائێستا سورە لەسەر دەقی ئەو نوسراوەی كە دوێنێ شەو وەفدی پارتی لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ خستویانەتەڕوو، پێشنیازەكەی پارتی لەبارەی پرسی پارێزگاری كەركوكەوە دەڵێ:" پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵدەبژێردرێت‌و ئەو پرۆسەیە بە تەوافوق دەبێت‌و موراعاتی یەكێتی تێدا دەكرێت"، یەكێتی بەم دەقە رازی نییە.  یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت پارتی بە نوسراو گەرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بدات، پارتی تائێستا بەشێوەی زارەكی بەڵێن دەدات‌و نایەوێت هیچ شتێك بكات بە نوسراو. بڕیارە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی ئەم ئێوارەیە پەیامێك لەبارەی كێشەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بنێرێت. یەكێتی چی دەكات ؟ سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئێستا یەكێتی پلانێكی سێ قۆناغیی ئامادەكردووە بۆ ئیدارەدانی بارودۆخەكە، پلانەكە لە سێ قۆناغ پێكدێت: (قۆناغی A، قۆناغی B، قۆناغی C). •    قۆناغی A لە پلانەكەی یەكێتی خۆی دەبینێتەوە لەوەی كێشەكەی كەركوك چارەسەربكرێت‌و زامنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بكرێت‌و یەكێتیش بەشداری حكومەت بكات. •    قۆناغی B لە پلانەكەی یەكێتی ئەوەیە، ئەگەر لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن، یەكێتی بەشێوەیەكی روكەش بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا بكات، بەڵام بەشێوەی كردەیی رۆڵی حكومەت لە زۆنی سەوزدا لاوازبكات‌و لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە كێشەی كەركوك چارەسەربكات‌و ئیدارەی ناوچەی قەڵەمڕەویی خۆی بدات. •    قۆناغی C لە پلانەكەی یەكێتی قۆناغە سەختەكەیە‌و یەكێتی بڕیاریداوە ئەگەر پلانی (Aو B)  سەركەوتوو نەبوو، لە قۆناغی Cدا "دوو ئیدارەیی" رابگەیەنێت‌و بەتەواوەتی لە حوكمڕانیدا لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیاببێتەوە. لە قۆناغی (C) دا، یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت تەواوی پۆستە ئیدارییەكان لە زۆنی سەوز لە بزوتنەوەی گۆڕان بسەنێتەوە‌و كەسانی خۆی تێدا جێگیر بكات. گۆڕان دوو دڵە ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی فەرمی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆ كرد، ئەمە لەكاتێكدایە پارتی‌و یەكێتی هێشتا نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن. پارتی بڕیاریداوە بەبێ یەكێتیش ئەمڕۆ كۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی خۆی لە شەڕی یەكێتی بپارێزێت داوای كردووە كۆبونەوەكەی پەرلەمان دوابخرێت تاوەكو نیگەرانییەكانی یەكێتی دەڕەوێتەوە. ئێستا گۆڕان لەنێوان بەرداشی پارتی‌و یەكێتیدایە، كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ بەشداری یەكێتی بەڕێوەبچێت، دەبێت گۆڕان بەپێی رێككەوتنی سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی بەشداری كۆبونەوەكە بكات، ئەمەش بەزیان بۆسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی كۆتایی دێت. (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، یەكێتی هۆشداری بە ژمارەیەك لە سەركردەكانی گۆڕانداوە بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكەن بەبێ یەكێتی، بەپێچەوانەوە پەیوەندییەكانیان تێكدەچێت. لەسەر بنەمای ئەم هۆشداریدانانە، دوێنێ یەكێك لە بڕیاربەدەستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە تەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسەی كردووە‌و ئاگاداری كردووە لە هەڕەشەكانی یەكێتی. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە كە پارێزراو دەبن. پارتی پەنا بۆ بەرهەم ساڵح دەبات لە نوێترین هەنگاویدا بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی حكومەت، پارتی دیموكراتی كوردستان پەنای بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی بردووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی لە چەند كەناڵێكی جیاوازەوە داوای لە بەرهەم ساڵح كردووە رۆڵبگێڕێت لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتی‌و یەكێتی، بەڵام بەرهەم ساڵح رەتیكردوەتەوە‌و رایگەیاندووە، ئێستا یەكێتی ناوەندی بڕیاری هەیە‌و لەو ناوەندەوە بڕیار لەسەر پرسەكان دەدرێت.  ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە، هێشتا پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و بەرهەم ساڵح ئاسایی نەبوەتەوە، كە لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆماری عێراق بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە، ئاڵۆزی تێكەوتووە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتدا، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و (4) وەزارەت‌و (2)دەستە‌و (48) پۆستی راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و (4) پۆستی بریكاری وەزیر و ( 2)نوێنەرایەتی دەرەوە وەردەگرێت. كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات، ئەو جڤاتە كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، رێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان‌و پارتی پەسەندكرد بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەناو جڤاتی نیشتمانیدا تەنیا (5) كەس دژی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان بوون لە كابینەی نوێدا‌و زۆرینە بڕیاری بەشداریكردنیان پەسەندكردووە.   رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتی دوێنێ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دواین كۆبونەوەی دانوستانەكانی نێوانیان كرد لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. لەو كۆبونەوەیەدا پارتی‌و گۆڕان دواین خاڵیان لەسەر پیتەكان دانا‌و لەسەر بەرنامەی حكومەت‌و پەیوەندییەكانی نێوانیان‌و پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی نوێدا رێككەوتن. (درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان زانیویەتی كە هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كرۆكی رێككەوتنەكە بۆ رایگشتی بڵاونەكرێتەوە. بەڵام (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لەناو پارتی هەندێك زانیاری لەبارەی كرۆكی رێككەوتنەكە دەستكەوتووە.   ئەنجومەنێك بۆ چاكسازی بەپێی زانیارییەكان، لەسەر چۆنیەتی ئیدارەكانی فایلی (عێراق، ناوچە جێناكۆكەكان، چاكسازی لە حكومەتی هەرێم، پەیوەندییەكانی دەرەوە)، پارتی رازیبووە بەوەی پاكێجەكانی گۆڕان بكات بە بەشێك لە بەرنامەی حكومەتی داهاتوو. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە یەكێك لە پاكێجەكانیدا بزوتنەوەی گۆڕان داوای دروستكردنی (ئەنجومەنی چاكسازی)ی كردووە هاوشێوەی ئەوەی بەمدواییانە عادل عەبدولمەهدی لە بەغداد دروستیكرد، پارتی بۆ پێدانی دڵنیایی بە بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاریداوە ئەو ئەنجومەنە دروستبكرێت، لەوەش زیاتر بڕیاریداوە سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە كە پلەكەی (وەزیر) دەبێت‌و وەكو (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری چاكسازیی)، بدرێت بە كەسێك لە بزوتنەوەی گۆڕان. عەلی حەمەساڵح ئەندامی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان لە رونكردنەوەیەكدا بۆ دەنگدەرانی بزوتنەوەكەی، بەبێ ئەوەی باس لە وردەكاری رێككەوتنەكە بكات لەگەڵ پارتی رایگەیاند" بەدڵنیایی لە 100 ڕۆژی یەكەمی حكومەتدا، ئاسۆی چاكسازیی بە هەنگاوی كردەی دەبیندرێت‌و یەكەم یاساش چاكسازییە"، رەنگە عەلی حەمەساڵح بە دیاریكراوی مەبەستی لەو ئەنجومەنەبێت كە بڕیارە بۆ چاكسازی دروستبكرێت.   پشكی گۆڕان لە سەرۆكایەتییەكاندا بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەكانی ئەمدواییەدا لەگەڵ وەفدی پارتی، جەختی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكردەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی، یەكێتی نیشتمانی لە خولی پێشوودا بەپێی كورسی هێزی سێیەم بووە‌و پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، ئێستا گۆڕان هێزی سێیەمە‌و دەبێت ئەو پۆستە بۆ گۆڕان بێت. وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لە دانوستانەكانیدا هاوكات داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كرد، بەڵام پارتی نە پۆستی جێگری سەرۆك حكومەت‌و نە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بە گۆڕان نەداوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی بۆ قایلكردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و دەستبەرداربوونی لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پەرلەمان، رازی بووە بەوەی پۆستی تر بۆ بزوتنەوەی گۆڕان زیاد بكات. (درەو میدیا) زانیویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان قایل بووە بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەمەرجێك جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی بۆ دیاریبكرێت.   پشكی گۆڕان لە پەرلەمان بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا هیچ پۆستێك وەرناگرێت، بەڵام بۆ قەرەبوكردنەوە، پارتی رازی بووە بەوەی پۆستی (وەزیری حكومەت بۆ كاروباری پەرلەمان) بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ پۆستێكی (بەڕێوەبەری گشتی) لەناو پەرلەماندا.   پشكی گۆڕان لە وەزارەتەكان دابەشكردنی پشكی پۆستە وزارییەكان لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەتەواوەتی یەكلانەبوەتەوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنی كۆتاییان نەكردووە‌و پۆستەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشنەكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان ئەم وەزارەتانە وەردەگرێت: •    وەزارەتی دارایی •    وەزارەتی پیشەسازی •    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •    پۆستێكی وزاری تر كە هێشتا یەكلانەبوەتەوە  •    دەستەی وەبەرهێنان •    دەستەی دەستپاكی •    پۆستێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان •    هەموو ئەو وەزارەتانەی كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، پۆستی بەڕێوەبەری دیوان‌و بەڕێوەبەری گشتی لەو وەزارەتانە هەر لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە پڕدەكرێتەوە •    24 پۆستی راوێژكار (لە هەرێمی كوردستان 200 پۆستی راوێژكار هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان 12%ی ئەم رێژەیەی بردووە) •    24 پۆستی بەڕێوەبەری گشتی (لە هەرێمی كوردستان 200 پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان 12%ی ئەو رێژەیەی بردووە) گۆڕان سەركەوت ! بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە (درەو میدیا) لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان قسەی كرد، زۆربەیان پشتیوانی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان بوون لە حكومەت، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان، ئەو دەستكەوتەی ئەمجارە بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بەدەستیهێناوە، زۆر زیاترە لە پشكەكانی گۆڕان لە كابینەی پێشوودا كە ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان (24) كورسی لە پەرلەمان هەبوو، رێكخەرەكەشی (نەوشیروان مستەفا) هێشتا لە ژیاندا بوو. پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی پارتی بە (12) كورسییەوە پۆستی زیاتر بە گۆڕان دەدات لەوكاتەی كە خاوەنی (24) كورسی بوو لە پەرلەماندا. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، هەڵوسڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لێكدانەوەی جیاجیا دەكەن، كە دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە: •    ئەوەی رویداوە سەركەوتنی تیمی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانە‌و توانیویانە لە دانوستانەكاندا خواستەكانی بزوتنەوەكە بچەسپێنن. •    هەندێكی تر هۆكاری ئەو دەستكەوتانەی گۆڕان لە حكومەتی نوێ بۆ ئەو ناكۆكییە سیاسییە دەگێڕنەوە كە ئێستا لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا هەیە، پێیانوایە پارتی بەم رێككەوتنە لەگەڵ گۆڕان پەیامێكی بە یەكێتی داوە كە ئەگەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەكبخات، بزوتنەوەی شوێنەكەی پڕدەكاتەوە. •    هەندێكی تر لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان كە دژی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیانن لە حكومەت دەڵێن، پارتی ئەو پۆستە زۆرانەی بە گۆڕانداوە، چونكە ئیتر پارتی لە گۆڕان ناترسێت‌و لەوە تێگەیشتووە ئەو گۆڕانەی كە ئێستا هەیە، گۆڕانی سەردەمی (24) كورسییەكە‌و نەوشیروان مستەفا نییە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف جوڵانەوەی نەوەی نوێ سیناریۆكەی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پارتی دیموكراتی كوردستان تێكدەدات، ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكات، پارتی ناچار دەبێت كۆبونەوەكە دوابخات، نەوەی نوێ بەم هەنگاوە خزمەتێكی گەورە بە یەكێتی كرد. جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە خاوەنی (8) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ رایگەیاند، بەشداری كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات‌و كاندیدی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت. ئەم هەنگاوەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەكاتێكدایە هێشتا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری نەداوە بەشداری كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان بكات‌و چاوەڕێی وەڵامێكی نوسراو دەكات لەپارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك. دوبارەكردنەوەی سیناریۆ كۆنەكە ! ئەگەر لە چەند كاتژمێری داهاتوودا پارتی‌و یەكێتی نەگەنە رێككەوتنی كۆتایی، یەكێتی نیشتمانی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات، پارتی وای دانابوو ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكات، هاوشێوەی خولی پێشوو، دەستەی سەرۆكایەتی لە كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەماندا هەڵبژێردرێت‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ یەكێتی دانراوە، بەبەتاڵی بەجێبهێڵدرێت تا ئەوكاتەی یەكێتی پەیوەندی بە پەرلەمان‌و كابینەی نوێی حكومەتەوە دەكات. كێشەیەكی نوێ ئەم تێڕوانینەی پارتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ یەكیتی ئەمڕۆ دوچاری گرێگۆڵ بووەوە، كاتێك جوڵانەوەی نەوەی نوێ  رایگەیاند كاندیدی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت. خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتاییەكانی تەمەنی خۆیدا پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەمواركردەوە، بەپێی بڕگەی (حەوتەم) لە ماددەی (14)ی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەگەر بۆ هەریەك لە پۆستەكان (سەرۆكی پەرلەمان- جێگری یەكەم- جێگری دووەم)، تەنیا یەك پاڵێوراوی بێ ركابەر هەبوو، سەرۆكی یەكەم دانیشتن، راستەوخۆ بە ناولێنان، پاڵێوراوەكە، بۆ پۆستەكە، بە سەركەوتوو، رادەگەیەنێت. واتە ئەگەر سبەینێ یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان نەكات‌و كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەبێت‌و هیچ لایەنێكی تریش كاندیدی بۆ ئەو پۆستە پێشكەش نەكەن، راستەوخۆ بەبێ دەنگدان، تاكە كاندیدەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەكو سەرۆكی پەرلەمان ناوی لێدەنرێت. بەتاڵكردنەوەی جادووەكە بەڵام بەپێی زانیارییەكان، پارتی‌و یەكێتی ئەگەر تاوەكو بەر لە وادەی كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان نەگەنە رێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ ماوەی (48) كاتژمێر دوادەخەن، بەمەش جادووی بڕیارە سیاسییەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەتاڵدەكەنەوە. نەوەی نوێ بەم هەنگاوە كۆتایی بە یارییەكەی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەماندا هێنا، بەڵام خزمەتێكی گەورەشی بە یەكێتی كرد، كە تائێستا خۆی یەكلانەكردوەتەوە بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنەكەی سبەینێ. بە دانانی كاندید بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، نەوەی نوێ پارتی‌و یەكێتی ناچاركرد، بەرلەوەی بچنە ناو دانیشتنی پەرلەمانەوە، كێشەی كەركوك لەنێوان خۆیاندا چارەسەربكەن.  ئەگەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێشوەختە دەستی خۆی ئاشكرانەكردایە لەبارەی دانانی كاندید بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، رەنگە بیتوانیایە لە دانیشتنی سبەینێدا پارتی غافڵگیر بكات.


راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف  17ی شوبات ئەگەر بە خۆپیشاندانێكی ئاسایی كۆمەڵێك چالاكوان و رۆشنبیر و گەنجی خوێن گەرم دەستی پێكردبێت و بە شەهید بوون و برینداربوونی سەدان كەس كۆتایی هاتبێت، رووداوێكی ئاسایی و سەرپێی نەبوو، بەڵكو 17ی شوبات دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بوو لە چالاكی مەدەنی و شۆڕشی مەدەنی، دەچێتە چوارچێوەی ئەو رووداوانەی كە كاریگەریان لەسەر مێژووی جولانەوەی رزگاری خوازی كورد هەبووەو، بەو پێوەدانگەی ئەگەر 6ی ئەیلولی 1930 ی بەردەركی سلێمانی قۆناغێكی نوێی لە مێژووی جولانەوەی رزگاری خوازی گەلی كوردا، هەبووبێت بەوەی بۆ یەكەمجار شۆرشی خەباتی چەكداری لە شاخەوە گواستەوە بۆ ناو سەنتەری شارو لەبری شێخ و كەسایەتییەكان، رۆشنبیران و شاعیران و روانكبیران پێشرەویان دەكرد، ئەوا 17ی شوباتیش چەمكی خەبات و شۆرش و قوربانیدانی لەبەرنگاری داگیركەرانەوە گواستەوە بۆ خەبات و شۆڕش دژ بە گەندەڵی و ستەم و زوڵمی دەسەڵاتی كوردی. بۆیە ناكرێت 17ی شوبات تەنها وەك رووداوێكی عەفەوەی و ئاسایی لێكبدرێتەوەو هەڵوێستە تەنها لەسەر شەهیدبوونی چەند گەنجێك و خوێندنەوەی چەند وتارێكی حەماسی بكەیت، بەڵكو 17ی شوبات رووداوێكی فرە رەهەندەو پێویستی بە خوێندنەوەی زیاد لە رەهەندێكی ئەو رووداوەیە، چونكە ئەو رووداوە، بۆخۆی دەسەڵاتی جوت حیزبی لە هەرێمی كوردستان بەخەبەر هێنایەوە، كە دوای شەری براكوژی و ململانێی خوێناوی رێكدەكەون بۆ دابەشكردنی پۆست و سامانی وڵات لە نێوان خۆیاندا. هەنگاوەكانی پێش 17ی شوبات خۆپیشاندانی رۆژی 17ی شوباتی 2011 تەنها خۆپیشاندانێكی ئاسایی نەبووەو تایبەت بێت بە كۆمەڵێك درووشم و داواكاری ئاساییەوە كە لەو رۆژەداو لەبەردەركی سەرای سلێمانی وترانەوە، بەڵكو 17ی شوبات دەیان فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكی رۆڵی هەبووە لە خوڵقاندنیدا، ناكرێت رووداوی 17ی شوبات بە رەهەندەكانەوە ببەسترێت و تەواوی رەهەندەكانی تر پشتگوێ بخرێت. یەكەم/ فاكتەرە دەرەكیەكان خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات كاریگەری گەورەی بەهاری عەرەبی و شۆڕشەكانی وڵاتانی عەرەبی لەسەر بوو، بەوەی هۆشیاری هاوڵاتیان و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان كەناڵە ئاسمانیەكان راستەوخۆ خۆپیشاندان و رووداوەكانی میسر و تونسیان دەگواستەوەو روحیەتی خۆپیشاندان و رووبەرووبونەوەیان لای تاكی كوردی درووست دەكرد، بەوەی رووخانی دەسەلاتەكانی 24 ساڵەی بن عەلی لە تونس و 30 ساڵەی حوسنی موبارەك لە میسر، بەتەواوی ناخی تاكی كوردی هەژاند، بەو پێوەدانگەی بەشێكی زۆری ئەو هۆكارانەی كە شۆرشی میسر و تونسی لەپێناودا هەڵگیرسا لە هەرێمی كوردستانیش بوونیان هەبوو، هەربۆیە خەڵكی كوردستان بە پەرۆشەوە چاودێری دۆخی ئەو ولاتانەیان دەكرد و بەسەركەوتنی شۆرشەكانی میسر و تونس، كاریگەری گەورەی لەسەر جوڵەی شەقامكرد لە هەرێمی كوردستان. سیما هاوبەشەكانی وڵاتانی بەهاری عەرەبی و هەرێمی كوردستان  هۆكارەكانی شۆڕشی ولاتانی عەرەبی هۆكارەكانی خۆپیشاندانی 17ی شوبات 1 شێوازی حوكمڕانی لە وڵاتە عەرەبیەكاندا، ئیستبدادی تاك رەوی تاك حیزبی . شێوازی حوكمرانی جوت حیزبی ئیستبدادی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و دەنگی نارازی 2 كۆنترۆڵكردنی تەواوی دام و دەزگاو فەرمانگەكان لەلایەن حیزبی باڵا دەستەوە كۆنترۆڵكردنی تەواوی پۆست و دام و دەزگاكان لەلایەن حیزبی فەرمانرەواوە لەهەرناوچەیەكدا 3 بەهەر شێوەیەك بوبێت لە هەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگیان بەدەست دەهێنا، لە تونس 2009 بن عەلی 89% ی دەنگەكان و 2005 لە میسر موبارەك 88% ی دەنگەكانیان هێنا لە هەڵبژاردنی 2009 دا سەرۆك لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 70% ی دەنگەكانی هێنا. 4 كۆنترۆڵكردنی سەروەت و سامان و بازرگانی ولات لە تونس لەیلا تەرابلوسی ژنی سەرۆك و لە میسر كۆڕانی سەرۆك لە هەرێمی كوردستانیش تەواوی سەروەت و سامان و بازرگانی لەلایەن بەرپرسانەوە كۆنترۆڵكراوە 5 بڵاو بوونەوەی گەندەڵی لە 2011 دا لە تونس گەندەڵی 80% بووەو لە میسریش 64% بووە لە هەرێمی كوردستان گەندەڵی بەرێژەیەكی زۆر هەبووە لە 182 دەوڵەتی جیهان عێراق بە كوردستانەوە لە 175 مین بووە 6 بێكاری بەردەوام لە هەڵكشاندا بووە بەتایبەت لای گەنجان لە توسن 18% بووەو لە میسر 34% . رێژەی بێكاری لە هەرێم زۆر بەرزبووە لە 2011 لە هەرێمی كوردستان بێكاری 18% بووە. 7 رێژەی هەژاری لە ئاستێكی بەرزدا بووە لە 2011 لە تونس رێژەی هەژاری 24% بووەو لە میسریش 40% بووە. لە هەرێمی كوردستان هەژاری لە 2011 رێژەی كەی لەچاو ئەو بودجەیەی هەی بووە بەرز بووە كە 10% بۆ 12% بووە. 8 سەركردەو حیزبەكانی میسر و تونس لەرێی شۆرشەوە هاتنە سەر دەسەلات و بەردەوام شۆڕشیان بەخەڵك دەفرۆشتەوە. لە كوردستانیش سەركردەوە حیزبە فەرمان رەواكان لە رێی شۆرشەوە هاتوون و بەردەوام شۆڕگێری دەفرۆشنەوە  9 توندووتیژی و روبەرووبونەوەی توندی خۆپیشاندەران لە تونس 300 كەس كوژران و لە میسر 360 كەس كوژران لە 17ی شوباتیشدا دەسەلات بە توندی رووبەرووی خۆپیشاندەران بووەو 10 كوژراو هەزاران بریندار هەبوون دووەم/ هۆكارە ناوخۆییەكان  دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان هەمیشە دۆخێكی ناجێگیر و ناسەقامگیر بووە، ناسەقامگیریەكە هێندەی پەیوەندی بە خودی سیاسەت و ستراتیژی حیزبە باڵادەستەكانەوە هەبووە هێندە پەیوەندی بە هەژموون و فشاری دەرەكی و هێزە دراوسێكانەوە نەبووە. یەكەم/ لەرووی سیاسیەوە لەسەر ئاستی سیاسی، لەگەڵ ئەوەی دەیان حیزب و پارتی سیاسی هەبووەو هەریەكەیان خاوەنی میدیا و ئۆرگانی خۆی بووە و ئازاد بوونە لە كاركردن، بەڵام بەهۆی كۆنترۆڵكردنی تەواوی كایە ئابوری و سەربازی و سیاسیەكانەوە هەمیشە دەسەڵات لەدەستی دووحیزبی فەرمانرەوادابوو، بەجۆرێك لە دابەشكردنی پۆست و سەروەت و ساماندا رێكەوتنی ستراتیژیان مۆركردووە، بەهۆی كۆنترۆلی ئەو حوكمرانیشیەوە هەمیشە لە هەڵبژاردنەكاندا زۆرینەیان بردووەو لە پەرلەمانیشدا چی پرۆژەیەكیان ویستبێت تێیان پەراندووە. دووەم/ لەرووی ئابوریەوە لە رووی ئابوریەوە تەواوی سەروەت و سامان و بودجە لەبەرژەوەندی هەردوو حیزب خەرجكراوەو بەكاریان هێناوە بۆ بەرژەوەندی حیزبی خۆیان، بەجۆرێك لە ساڵی 2004‌وە تا سەرەتای ساڵی 2010، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان مانگانە هەریەكەی 35 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردووە،‌ واتا بە هەردوو پارتەكە مانگانە 70 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردووە، بەو پێیەش ساڵی 840 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردوە،واتە لە ساڵی 2004 تا 2010 ، یەكێتی‌و پارتی 5 ملیارو 40 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردووە، ئەمە سەرەرای كۆنترۆڵكردنی تەواوی بازارو كۆمپانیا و پرۆژەكان لەلایەن بەرپرسە باڵا حیزبیەكانەوە. سێیەم/ لە روووی كۆمەڵایەتیەوە  لەرووی كۆمەڵایەتیەوە، دۆخی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان دابەشبووبوو بەسەر دوو توێژدا كەمێنەیەكی دەسترۆیشتوو كە دەستی گرتووە بەسەر سەروەت و سامانی وڵات و زۆرینەی سەروەت و سامانی لەدەستدایەو زۆرینەیەك كە بەشێكی زۆری گەنجەكانی بێكار و هەژارن، ئەمە سەرەرای گەندەڵیەكی زۆر لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەتدا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لای گەنجەكان ، ناعەدالەتی كۆمەلایەتی لەتەواوی كایەكانی ژیانی كۆمەڵگی كوردی داگیركردبوو، دۆخێكی خوڵقادبوو كە هیچ تاكیكی دەرەوەی حیزبە باڵادەستەكان هەستی بە عەدالەتی كۆمەلایەتی نەدەكرد. هەموو ئەو هۆكارانە رێگە خۆشكەر بوون بۆ درووستكردنی دۆخێكی نالەبار لە هەرێمی كوردستان و دواجار خۆپیشاندانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی لێكەوتەوە. 17ی شوبات  رۆژی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكەی 17ی شوبات بە وەرگرتنی مۆلەَت لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ( تۆڕی بەرگری لە ماف و ئازادیەكانی خەڵكە)ەوە دەستیپێكرد، كە داوایانكرد گردبوونەوەیەك لەبەرسەرای سلێمانی ئەنجامبدەن بۆ پیرۆرزباییكردن لە سەركەوتنی شۆرشی تونس و میسر، كە هەردوو شۆرشەكە بە روخانی سیستمی حوكمرانی ئەو ولاتانە كۆتایی هاتبوو، بەڵام كاتێك كاتژمێر 2 خۆپیشاندانەكە لەبەردەركی سەرای سلێمانی دەستی پێكرد، هیچ هێزێكی ئەمنی لەوێ ئامادە نەبوون كە ئەركی پاراستنی هەر گردبوونەوەو خۆپیشاندانێكی مۆڵەتدار دەبێت هێزی پارێزگاری هەبێت. لە ساتی خۆپیشاندانەكەدا و لە كاتی وتارەكاندا حەماسەتێكی زۆر بەدیدەكراو خۆپیشاندەرانیش بە گروتینێكی زۆرەوە درووشمەكانیان دەوتەوە لە دیارترین درووشمەكانیش ( ئێرە مەیدانی تەحریرە..... موبارەكتان لەبیرە ،،،، ئێرە كوردستانە .... مەرگی گەندەڵكارانە ) .. دوای خوێندنەوەوەی وتارەكان و تەواوبوونی گردبوونەوەكە، بەشێك لە خۆپیشاندەران، بەرەو شەقامی سالم بەریدەون و تا لقی چواری پارتی تێدەپەرێنن و دەگەنە بەردەم مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتیەكان، دواتر لەناو بارەگای لقی چوارەوە بەردە دەگرێتە یەكێك لە خۆپیشاندەران و سەری دەشكێت، دواتر خۆپیشاندەران دەگەڕێنەوەو بەردەگرن لقی چوار و جامی بیناكە دەشكێنن، دواتر لەسەر لقی چوارەوە بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەران دەدرێتەوە، لەو دۆخەشدا رێژوان شەهید دەبێت و 53 كەسی تریش بریندار دەبن ( بە وتەی بەرێوەبەری تەندرووستی سلێمانی) بەڵام هەندێك لە بریندارەكان نەیانوێرابوو بچنە نەخۆشخانە چارەسەروەرگرن بەهۆی ئەوەی نەوەك دەستگیر بكرێن بۆیە بەپێی ئامارە نارەسمیەكان 57 بریندار و شەهیدێك هەبووە. بەپێی وتەی هیوا ئەحمەد كە لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵێكی زاگرۆزدا ساڵی دواتر لەگەڵ كرابوو رایگەیاند خۆپیشاندەران بەردەم لقی چواریان تێپەراندبوو، بەڵام دواتر گەرانەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، كە یەكەمجار تەقە لەناو خۆپیشاندەرانەوە كراوە لە لقی چوار، بەڵام كاتێك بێژەرەكە لێی پرسی بەڵگەتان هەیە وتی نەخێر. سەبارەت بە فەرمانی تەقكردنیش لەخۆپیشاندەران دوو تیڕوانین هەیە هەندێكیان پێیان وایە بە فەرمانی هیوا ئەحمەد بەرپرسی لقی چوار بووەو هەندێكیش پیًیان وابووە كە هیوا ئەحمەد لەگەڵ فازل میرانی قەسی كردووەو بە فەرمانی بەرپرسی پاراستنی لقی چوار تەقەكان كراوە. لەنێوان تەقەكانی لقی چوار و روداوەكانی مێژوودا  لەبەرامبەر شكاندنی 48 قاڵب جامی بارەگای لقی چوار، پارتی دیموكراتی كوردستان 58 گەنجی سلێمانی خەڵتانی خوێنكرد، ئەمە لە مێژووی شاری سلێمانیدا، جگە لە 6ی ئەیلولی 1930 لە هیچ سەردەمێكدا هێزە ئەمنیەكانی رژێمە یەك لەدوایی یەكەكانی عێراق بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان نەداوەتەوە، سلێمانی مێژوویەكی درێژی لە خۆپیشاندان‌و قوربانیدان هەیە، بەڵام رەنگە هیچ خۆپیشاندانێك بەقەد خۆپیشاندانەكەی 17ی شوبات قوربانی لێنەكەوتیبێتەوە، بەدەستی هێزێكی كورد، لە بەهاری ساڵی 1983 لە لە هەردوو شەقامی تووی مەلیك و ئیبراهیم پاشاوە خوینكاران و لاوانی ئەوسەردەمە بە خۆپیشاندان بەرەو ڕووی مونەزەمەی بەعس دەچن لە فوولكەی كاوەی ئاسنگەر لە شوێنی ئاساییشی گشتی ئێستا، لە بەرامبەر منەزەكە باڵەخانەیكی دوو نهۆمی لیبوو بۆ بەرگری دایان نابوو مەفرەزەی جەیش شەعبی لێ بوو، پاش كۆبوونەوەی خەڵكیكی زۆر هوتافیان دەكێشا دژی حیزبی بەعس كە ئەو كات حیزبی بەعس لەو پەری بەهێزیدا بوو دروشمەكانیشیان بریتی بوو لە : بژی گەل ، هێزی گەل ، حكومڕانی گەل بۆ گەل ، تانك و تۆپ و تەیارە دەرمان ناكا لەم شارە ، بڕوخێ حزبی بەعسی فاشی، خۆپیشاندەران كەوتنە بەردبارانی منەزەمەو بۆ جەیش شەعبیەكان چوونە سەرەوە و یەكێكیشیان كە زۆر خراپ بوو لەسەربانەوە هەڵیان دایە خوارەوە بەڵام كەسی تیا نەكوژرا جەیش شەعبیەكان ئامادە نەبون تەقە بەناو خۆپیشاندەراندا بكەن هاوكات دواتر قوات خاسەش كە هات بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەلام تەنها تەقەیان بە ئاسماندا كردوو كەسی تیا نەكوژرا .  بەڵام لە ساڵی 1993 و لە كاتی شەری پارتی و حسك لە خۆپیشاندانێكی لایەنگرانی حسك بۆ بەردەم لقی چواری پارتی لە سلێمانی هێزە ئەمنیەكانی پارتی نەك هەر بەگووللە بەڵكو بە ئاربیجی بلاوە بە خەڵكی كراو ئاربیجیان نا بە خۆپیشاندەرانەوە  هاوكات لە ساڵی 2005و كاتێك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەجیا چووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەهۆی ئەو جموجۆڵە زۆرەی كەلە شاری دهۆكدا هەیبوو، بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەزمنەكرا‌و پەلاماری بارەگای سەرەكی ئەو هێزەیان داو سەرەڕای سوتان‌و تاڵانكردنی بارەگاكەیان ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەو چوار كادرو ئەندامی دیكەیان كوژران، لەنێوان ئەو دوو ڕووداوەدا چەندین خاڵی لێكچوون‌و جیاوازی هەیە، ئەوەی جیاوازییە ئەوەیە لەسلێمانی خۆپیشاندەران بەردبارانی بارەگای پارتی دەكەن، لەدهۆك خۆپیشاندەرانی پارتی بەردبارانی بارەگای یەكگرتوو دەكەن. لەسلێمانی پاسەوانەكان هاوڵاتیان دەكوژن، لەدهۆك خۆپیشاندەرانی پارتی پاسەوانەكان دەكوژن، واتا پارتی كاتێك كە خۆپیشاندەرەو كاتێكیش لەناو بارەگایە هەر دەكوژێت. ئەگەرەكانی دووبارە بوونەوەی 17ی شوبات  لەدوای 62 رۆژ لە خۆپیشاندان و نارەزایی و شەهید بوونی 10 كەس و برینداربوونی هەزارانی تر، دوای دەركردنی بریاری ژمارە یەك و دووی پەرلەمان و چوار بریاری سەرۆكی هەرێم و حكومەت، تا ئێستا بچوكترین و سەرەتاییترین داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێنەكراوە، كە ئەویش دادگاییكردنی تۆمەتبارانە، كە دەبوو حیزبەكان خۆیان بۆ پاراستنی سەروەری یاسا تۆمەتبارانیان حەشار نەدایەو بیانبردایەتە بەردەم دادگا، ئەمە سەرەرای ئەوەی تا ئەمرۆش ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی، گەندەڵی بێكاری ، خراپی خزمەتگوزاری، كۆنترۆڵی سەروەت و سامانی وڵات لەلایەن بەرپرسانەوە، هیچ یەك لەو پرسانە یەكلانەكراوەتەوەو بگرە خراپتریش بووە، بەڵام لەهەمووی كاریگەرتر ئەوەیە تا ئەمرۆش دەسەڵات هەمان كلتوری دوێنی هەیە لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، لە خۆپیشاندانی هاولاتیانی سەیدسادق بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری، لە 2/1/2014 گەنجێك بەناوی بریار شەهید بوو لەگەڵ دەستگیركردنی دیەانی تر، لە خۆپیشاندانەكانی رانیەو قەڵادزێ دوو گەنج شەهید بوون لە خۆپیشاندانەكەی كۆیە مامۆستا هێرش شەهید بوو. رەنگە هۆكاری ئەم تەقەكردنەی هێزە ئەمنیەكان دوولایەن بێت، بەشێكی پەیوەندی بە عەقڵیەتی دەسەڵاتدرانی كوردستانەوە بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و فەرمانكردن بە هێزە ئەمنیەكان لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و بەشێكیشی پەیوەندی بە نەشارەزایی هێزە ئەمنیەكانەوەهەبێت لەگەڵ خۆپیشاندەران بەوەی هێزە ئەمنیەكان رانەهێنراون لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران، هەروەك محەمەد حسین هەیكەل، سیاسەتمەدارو ئەدیبی گەورەی میسر لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، لە موشیر تەنتاوی وەزیری بەرگری میسرم پرسی بۆچی، رێگەت نەدا سوپا رووبەرووی خۆپیشاندەران ببێتەوە رێگریان لێبكات، وتی لەبەر ئەوەی ئەو سوپایە بۆ رووبەرووبوونەوەی هیزی دەرەكی و بەرگری دوژمنی دەرەكی ئامادەكراوە، هیچ لە شێوازی رووبەرووبوونەوەی خۆپیشاندانی مەدەنی ناوخۆ نازانێت، خۆ ئەگەر رێگەمان بدایە سوپا رووبەروویان ببوایەتەوە ئەزانی چی لافاوێكی خوێن درووست دەبوو. بۆیە لەم دۆخەی ئەمرۆش كوردستانیشدا كە هەمان دۆخی ساتەكانی 17ی شوباتە، لە دوای 19ی نیسانی 2011 شەوە نارەزاییەتیەكان لەسەر شەقامەوە گوازرایەوە ناوناخی تاكەكان، بۆیە لەهەر سات و كاتێكدا بێت ئەگەری دەربرینی نارەزایی هەیە بە فۆرم و شێوازی جیاوازتر لە 17ی شوبات. 17ی شوبات و نائومێدی لە ئێستادا كە یادی هەشت ساڵەی خۆپیشاندانەكانی 17 شوبات دەكرێتەوە، ئەو هێزانەی كە دوێنی پشتیوانیان لە خۆپیشاندەران دەكرد و لە پشتیانەوەبوون ئێستا لە هەوڵی رێكەوتندان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی كە تەقەی لە خۆپیشاندەرانكرد رێبكەوێت بۆ چوار ساڵی دیكە. بەپێی هەموو ئاماژەكان هێزە دەسەڵاتدارەكان هیچ گۆڕانكاریەكی جدیان نەكردووە تا ئومێدیان لەسەر هەڵبچنرێ بۆیە چونە ناو ئەو حكومەتە بەپێی لێكدانەوەی زۆرێك لە چالاكان ونكردنی شوناسی ئەو هێزانەیە، چونكە تەواوی بڕیارە سیاسی و ئابوریەكانی هەرێم هێشتا لە دەستی دەسەڵاتدایە، گۆڕانكاری جدی ئەستەمە . رەنگە لە نێوان 17 ی شوبات و ئێستا گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ لە عەقڵیەتی هێزە دەسەڵاتدارەكاندا روینەدابێت، بەو پێیەی لەدوای 17ی شوباتەوە چەندین گەنجی دیكە لە خۆپیشاندانەكاندا شەهید بوون، ئەوەتا ئەمرۆش هەر ئەو دەسەڵاتە نزیكەی مانگێكە ژمارەیەك چالاك و خۆپیشاندەری خزاندۆتە كونجی زیندانەوەو ئازادیان ناكات. بۆیە 17ی شوبات تەنها روداوێكە نەبوو رابردوبێت و كۆتایی هاتبێت، بەڵكو ئەگەرێكە بەردەوام لە پێشمانەوەو هەموو كات ئەگەری دوبارەبوونەوەی هەیە.    


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت تاوەكو پارتی بە نوسراو زامنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك نەكات، هیچ رێككەوتنێك ئیمزا ناكرێت‌و یەكێتی تا دوو ئیدارەیی لەگەڵ پارتی دەڕوات، ئەمە كرۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو.  كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆتایی هات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەكۆی دەنگ بڕیاریداوە تاوەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوسراو گەرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك نەدات، یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات، كە بڕیارە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دانراوە. ترسی تۆڵەكردنەوە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێی وەفدی دانوستانكاری پارتی‌و یەكێتیدا، وەفدی پارتی تەنیا بە زارەكی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كەركوكیان داوە، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی داوای بەڵێنی نوسراو دەكەن‌و ترسیان هەیە پارتی لە دۆسیەی كەركوكدا تۆڵەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق (بەرهەم ساڵح)یان لێبكاتەوە كە بەبێ رێككەوتنی پێشوەختەی لایەنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.  جارێكی تر دوو ئیدارەیی ! دواین زانیارییەكان كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئاماژە بەوە دەكەن، ئەگەر تاوەكو بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوسراو هیچ گەرەنتییەك بە یەكێتی نەدات لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك، یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان ناكات. سەركردەیەكی یەكێتی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەوان بەبێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی ئیمزا ناكەن‌و ئەمجارە تا حاڵەتی "دوو ئیدارەیی" لەگەڵ پارتی دەڕۆن. وتەبێژێكی نوێ بۆ یەكێتی هەر لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا سەعدیی ئەحمەد پیرە دەستی لە پۆستی وتەبێژی یەكێتی كێشایەوە‌و بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە شوێنكەی ئەو (لەتیف شێخ عومەر) دانراوە. هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەعدی پیرە لەژێر فشاردا دەستی لە پۆستی وتەبێژ كێشاوەتەوە‌و زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ناڕازیبوون لە وتەكانی، بەتایبەتیش كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دوێنێی لەگەڵ مەحمود محەمەد وتەبیژی پارتی كە وتی"یەكێتی‌و پارتی رێككەوتوون"، هەر دوای ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە لە راپۆرتێكدا (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، یەكێتی‌و پارتی نەگەیشتونەتە رێككەوتن.


(درەو میدیا): یاری ئەلیكترۆنی (PUBG) بەكارهێنەرانی بەشێوەیەك لە عێراق زیادیكردووە، لە چەندین لاوە داوا لە حكومەتی عێراق كراوە ئەو یارییە قەدەغە بكات. لە نوێترین پەرەسەندندا كێشەی پۆبجی گەیشتوەتە ناو ریزەكانی سوپای عێراق، فەرماندەكانی سوپا دەناڵێنن بەدەست سەرقاڵبوونی سەربازەكانیان بە یاری پۆبجییەوە لەكاتی دەوام‌و پاسەوانیكردندا. ئەمە وایكردووە فەرماندەكانی سوپا سزا بەسەر ئەو سەربازانەدا بسەپێنن كە ئەو یارییە ئەلیكترۆنییە دەكەن، بەپێی راپۆرتێك كە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی قەتەری بڵاویكردوەتەوە، ئێستا لەناو سوپادا داواكاری هەیە بۆ ئەوەی بەیەكجاری یاری پۆبجی لە هێزە ئەمنییەكان قەدەغە بكرێت‌و وەزارەتی بەرگری لە سەروبەندی توندكردنەوەی رێوشوێنەكاندایە لەناو دامەزراوەی سەربازی لەبارەی ئەو یارییەوە. ئەفسەرێكی سوپای عێراق بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە:" سەرقاڵبوونی سەربازەكان بە یاریكردن‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەڕێگەی تەلەفۆنەكانیانەوە بەتایبەتیش یاری پۆبجی لەكاتی پاسەوانیكردنی شەوانەدا یاخود ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژدا، كێشەی زۆری دروستكردووە". ئەفسەرەكە باسلەوەدەكات، ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی سوپای عێراق ئالودەی یاری پۆبجی بوون، بۆیە زۆرێك لە ئەفسەرەكان ئەو سەربازانەی كە بەهۆی یاری پۆبجییەوە كەمتەرخەمی دەكەن، سزا دەدەن، لەنمونەی زیندانكردنیان یاخود مۆڵەتی پشوویان پێنادەن. بەڵام وەكو ئەفسەرەكە دەڵێ، ئەم جۆرە سزادانانە نەبووەتە هۆی ریشەكێشكردنی تەواوەتی یاری پۆبجی لەناو سەربازاندا. مەترسی سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەكان بە یاری پۆبجییەوە گەیشتووەتە ئاستێك، داوا بكرێت لەناو دامەزراوە ئەمنییەكاندا موبایل لە كارمەندان بسەنرێت. سەربازانی سوپای عێراقی بەهانەیان هەیە بۆ یاریكردن بە موبایلەكانیان، ئەوان دەڵێن" كەشوهەوای ناو سەربازگەكانیان زۆر بێزاركەرە، بۆیە بەدوای شتێكدا دەگەڕێن كە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن". لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق ڤیدیۆی سەربازێك بڵاوبوەوە كە لەكاتی پاسەوانیكردنیدا یاری پۆبجی دەكات‌و كاتێك ئەفسەرەكەی پێی دەزانی ناچاری دەكات موبایلەكەی بشكێنێ.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتی‌و یەكێتی رێكنەكەوتن، ئەمە ناونیشانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لە شاری سلێمانی، پارتی نایەوێت هیچ گرەنتییەك لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بە یەكێتی بدات، بەبێ ئەمە یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات‌و هۆشداریش بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدات بەشداری تێدا نەكات. ئەمڕۆ لە سلێمانی جارێكی تر وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە. تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ وادەی دیاریكراوی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بڕیاری یەكێتی ئەوەیە بەشداری كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی دانوستانكاری پارتی‌و یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك رێكنەكەوتوون، وەفدی پارتی هیچ بەڵێنێكیان بە یەكێتی نەداوە لەبارەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ ئەو شارە. لەبەرامبەردا وەفدی یەكێتی بە پارتییان راگەیاندووە" ئەگەر لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا لەبارەی پرسی كەركوكەوە وەڵامی تەواوەتی وەرنەگرن، بەشداری كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكەن". سەرباری پرسی كەركوك، پارتی‌و یەكێتی هێشتا بەتەواوەتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان یەكلانەبونەتەوە، بەڵام وەفدی پارتی وتویانە لەسەر پۆستە وزارییەكان كێشەمان نابێت‌و هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین. یەكێتی چی دەكات ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر پارتی بەر لە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی روونی خۆی بۆ پشتیوانیكردن لە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار رانەگەیەنێت، یەكێتی جگەلەوەی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان ناكات، چەند هەنگاوێكی سیاسی تر هەڵدەگرێت. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە یەكەم هەنگاودا یەكێتی بەنیازە خۆی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوربخاتەوە‌و لەڕێگەی سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی ناوەندی عێراقەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و وەزیری دادی عێراق لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە. یەكێتی نایەوێت ئەزموونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی پێشووی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان دوبارە بكاتەوە، واتە پارتی پۆستەكان بە بەتاڵی بۆ یەكێتی جێبهێڵێت‌و دواتر یەكێتی بەناچاری پەیوەندی بە حكومەتەوە بكات‌و پۆستەكانی پڕ بكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەنگاوێكی تری یەكێتی كە ئێستا سەرقاڵیەتی بریتییە لە ئاگاداركردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەوەی "نابێت تاكلایەنە لەگەڵ پارتیدا بچێتە ناو پرۆسەكەوە‌و بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكات"، یەكێتی هۆشداری بە گۆڕان دەدات كە بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی پەرلەمان لەگەڵ پارتی‌و بەبێ یەكێتی، "مەترسی لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوو حزب‌و بارودۆخی ناوچەكە دروستدەكات". بڕیاری كۆتایی پارتی ! پارتی تاوەكو ئەم ساتە هیچ بەڵێنێكی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە بە یەكێتی نەداوە، پارتی سەرباری ئەوەی بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پێویستییەكی گەورەی بە یەكێتی هەیە، بەڵام هاوكات ناشیەوێت بە پشتیوانیكردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەردەیەك بەسەر دۆسیەی "روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا" بدات، كە پارتی ئەو روداوانە وەكو "خیانەت" دەناسێنێت. پێشبینی دەكرێت لە دواین ساتەكاندا‌و بەر لە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، دواجار پارتی لەپێناو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، مل بۆ خواستەكانی یەكێتی بدات لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە. چارەنوسی كۆبونەوەكەی یەكێتی بەپێی زانیارییەكان بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌و دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزارەتەكان، بەڵام سازدانی ئەم كۆبونەوەیە پێشوەختە وابەستەیە بە وەڵامدانەوەی پارتی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسی كەركوك، ئەگەر ئەمشەو تاوەكو سبەینێ بەیانی پارتی وەڵامێكی روونی یەكێتی بداتەوە، پێدەچێت سبەینێ یەكێتی كۆبونەوەكەی خۆی بكات. واتە ئەوەی وتەبێژی پارتی‌و یەكێتی دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیاندا بە رۆژنامەنوسانیان وت كە "رێككەوتوون"، تەنیا دیوی دەرەوەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ بوو، نەك كرۆكەكەی. چارەسەری كێشەی وەزارەتی داد یەكێك لە دۆسیە جێناكۆكەكانی تری نێوان پارتی‌و یەكێتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بریتییە لە یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی كوردە‌و تائێستا بە بەتاڵی ماوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیدا ئەم كێشەیەش بەتەواوەتی یەكلانەكراوەتەوە. سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، دۆسیەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی وەزارەتی داد كە یەكێتی بەپشكی خۆی دەزانێت، رادەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە تاوەكو بە یەك پاكێج لەگەڵ دۆسیەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح) چارەسەر بكات، ئەمەش رێوشوێنەكانی تائێستا روون نییە. 


(درەو میدیا): نوێنەری خامنەیی داوای دروستكردنی هێزێك دەكات لەسنوری كەركوك بۆ روبەڕووبونەوەی هێزەكانی ئەمریكا. رۆژی 9ی ئەم مانگە موجتەبا حوسەینی نوێنەری عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی قەزای دوزخورماتووی سەربە پارێزگای سەلاحەدین‌و قەزای داقوق و ناحیەی تازە خورماتووی سەربە پارێزگای كەركوك‌و گوندی بەشیری كرد. لەم سەردانەدا بۆ ناوچەكە، ئیقباڵ پور فەرماندەی هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران هاوڕێیەتی نوێنەرەكەی خامنەیی دەكرد. سەرچاوەیەكی ئاگادار ناحیەی تازە خورماتوو بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەسەردانەكەیدا بۆ تازە خورماتوو، نوێنەرەكەی خامنەیی داوای دروستكردنی هێزێكی (300) كەسیی لە خەڵكی شیعەمەزهەبی ناوچەكە كردووە بۆ روبەڕوونەوەی هێزەكانی ئەمریكا. ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە ئەمریكا دوای كشاندنەوەی لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، بەشێك لە هێزە سەربازییەكانی لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق جێگیر بكات.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان نەكات، پارتی كۆبونەوەكە دەكات ؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە دەكات یاخود نا ؟ پارتی چۆن دەیەوێت دۆسیەی كەركوك لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات ؟ كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی سەركەوتوو بوو؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە.  سبەینێ كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دەكرێت، پارتی لە رێككەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پاشەكشە دەكات، یەكێتیش بەبێ رێككەوتنی سیاسی پێشوەختە ناچێتە ناو كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانەوە. پێدەچێت جارێكی تر سیناریۆی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە پرۆسەی پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و كابینەی نوێی حكومەتدا خۆی دووبارە بكاتەوە.   لەبارەی كۆبونەوەكەی گۆڕان‌و پارتی ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی لە پیرمام كۆبونەوە، پارتی لەماوەی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی ناكۆكییەكانی لەگەڵ یەكێتی، موجامەلەی زۆری گۆڕانی كردووە، هەندێك پێیانوایە كۆبونەوە‌و موجامەلە بەردەوامەكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان، تەنیا بۆ نیشاندانی كارتە بەرامبەر بە یەكێتی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پارتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی بەرنامەو پاكێجەكان هاوڕابوون، بەڵام لە پرسی دابەشكردنی پۆستەكاندا ناكۆك بوون‌و لەبارەی پۆستەكانەوە پارتی هیچ بەڵێنێكی بە گۆڕان نەداوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان چوار فایلی لەبارەی تێروانینەكانی بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی  دۆسیەكانی (عێراق، كەركوك، پەیوەندییەكانی دەرەوە، حكومەتی هەرێم) خستوەتە بەردەستی پارتی، پارتی لەسەر فایلەكانی (دەرەوە، كەركوك، عێراق) هاوڕای گۆڕان بووە، بەڵام لەسەر فایلی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتیش پرسی "شەراكەتی راستەقینە" لەگەڵ وەفدی گۆڕان ناكۆك بووە. هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەر پشكەكان، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری حكومەت یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، بەڵام پارتی رازی نەبووەو بڕیاریداوە جێگری سەرۆكی هەرێم بە گۆڕان بدات كە بەلای بزوتنەوەی گۆڕانەوە پۆستێكی تەشریفاتییە. ئەم زانیارییانە بەتەواوەتی پێچەوانەی لێدوانی یەكێك لە ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانە كە دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە لێدوانی بۆ میدیاكان داو وتی:" برایانی پارتی لە هیچ خاڵێكدا لەگەڵ گۆڕان ناكۆك نەبوون".   كۆبونەوە چارەنوسسازەكە ! رۆژی 5ی ئەم مانگە، پارتی‌و یەكێتی لە كۆبونەوەیەكدا لەسەر زۆرێك لە پرسەكان رێككەوتن، بەدیاریكراویش پرسی سازدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا، واتە دوو كۆبونەوەی جیاواز لە یەك رۆژدا. بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی یەكێتی، ئێستا پارتی لەو رێككەوتنە پاشگەزبوەتەوە، بەدیاریكراوی لە پرسی سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و دواجار هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك. قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند:" پارتی بەشێك لە بڕگە سەرەكییەكانی پرۆژەكەی یەكێتی رەتكردوەتەوە"، پرسی كەركوك‌و بەغداد (یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزیری دادی عێراق كە پشكی كوردە) ناكۆكی دیاری نێوان پارتی‌و  یەكێتییە، پارتی نایەوێت فایلی كەركوك‌و بەغداد تێكەڵی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمان بكرێت،  یەكێتیش بە پێچەوانەوە، بۆیە لە ئێستادا سپەیسی نێوان پارتی‌و یەكێتی زیاتربووە. بەرپرسانی پارتی پێیانوایە یەكێتی "كات دەكوژێت"و دەیەوێت كۆسپ بۆ بەردەم پێكهێنانی حكومەت دروست بكات كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.   كەركوك.. پاشكۆیەك لە دەرەوەی رێككەوتن بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" لەدوای رێككەوتنەكەی 5ی مانگەوە، پارتی پاشەكشەی لە یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك كردووە، ئێستا پارتی دەڵێت نامانەوێت پرسی كەركوك‌و بەغداد بخرێتە ناو رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتەوە، پارتی داوا دەكات یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك وەكو پاشكۆیەك لەدوای رێككەوتنەكەوە بنوسرێت، یەكێتیش گرەنتی دەوێت‌و دەیەوێت بەڕوونی لە رێككەوتنی نێوان هەردوولادا پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلاكرابێتەوە".    كۆبونەوەكەی كۆسرەت رەسوڵ‌و بارزانی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووی نێوان مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵدا كە لە بارەگای بارزانی بەڕێوەچووە، كۆسرەت رەسوڵ پێشنیازیكردووە" كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پردێ یاخود قەرەهەنجیر بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی لانی كەم بەشێك لە ئەندامانی عەرەب‌و توركمان بەشداربن، بەوپێیەی ئەگەر كۆبونەوەكە لە هەولێر بكرێت، عەرەب‌و توركمان بەشدار نابن"،  لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی وتویەتی:" ئێمە كێشەمان نیەو ئاساییە لەو شوێنانە كۆبونەوەكە بكرێت"، بەڵام سەركردایەتی پارتی لەژێر فشاری ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و لایەنگرانیان لە كەركوك بەجۆرێك لە جۆرەكان لە پرسی كەركوكدا پاشەكشەیان كردووە.   بەرپرسانی یەكێتی بە پارتیان راگەیاندووە، ئاساییە پێش كۆبونەوەی 18ی مانگ، ئەندامانی لیستی برایەتی (لیستی لایەنە كوردییەكان لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك) لە هەولێر كۆببنەوەو كۆبونەوەی راوێژكاریی بكەن‌و خۆیان ئامادە بكەن بۆ كۆبونەوەی 18ی مانگ، بەڵام پارتی بەمە رازی نەبووە.   شەراكەتی راستەقینە یەكێتی پێیوایە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستاندا هیچ دەستكەوتێكی نابێت‌و پرۆسەكە هەمووی دەچێتە خزمەتی پارتییەوە، چونكە پارتی سەرۆكی هەرێم‌و حكومەت‌و پۆستە هەستیارەكانی وەك نەوت‌و ناوخۆو ئاسایش‌و دەرەوەی لەدەستدا دەبێت، ئەوەی بۆ یەكێتی دەمێنێتەوە تەنها سەرۆكی پەرلەمانە، كە ئەویش لەبەردەم دوو جێگری پارتی‌و (45) كورسی پارتیدا لەناو پەرلەمان پێگەیەكی تەواو لاوازی دەبێت، بۆیە یەكێتی فایلی بەغدادو كەركوكی بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە گرێداوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، یەكێتی بەڕوونی بە پارتییان راگەیاندووە" شەراكەتی راستەقینەیان دەوێت، بەتایبەتیش لە پرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، كە پارتی بە نیازە بیكات بە وەزارەتی كاروباری دەرەوە، لە پرسی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی دادوەری، بڕیاری سیاسی‌و نەوت ..."، كە ئێستا هەمووی لە دەستی پارتیدا كۆبوەتەوە، بۆیە یەكێتی پەلەكرددنی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش هەستیاری نێوان پۆستەكانی (نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی) بەهەلدەزانێت بۆ چەسپاندنی خواستەكانی خۆی.   كۆبونەوەی 18ی مانگ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئێمە سورین لەسەر دواكارییەكانمان‌و سازش ناكەین، بەلاشمانەوە گرنگ نیە كۆبونەوەی 18ی مانگ بكرێت یان نا، بەبێ رێككەوتنی پێشوەخت لەسەر هەموو پرسەكانی هەرێم‌و كەركوك‌و بەغداد، ئامادەی كۆبونەوەی 18ی مانگ نابین". پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان دوابكەوێت، بۆیە كار بۆ ئەوەدەكات بزوتنەوەی گۆڕان بكاتە بەدیلی یەكێتی‌و ئەگەر لە كۆبونەوەی سبەینێدا لەگەڵَ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن، لەگەڵ گۆڕان رێككەوتن بكات‌و پێكەوە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمان بكەن. پلانی پارتی ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی نەكرد، لە كۆبونەوەكەدا جێگری یەكەم‌و دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بەتاڵی بۆ یەكێتی جێبهێڵدرێت، بەڵام سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پێناچێت گۆڕان بە ئاسانی لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت، ئەگەر پارتی سوربێت لەسەر سەركێشی‌و بێمنەتی‌و بە بڕیاری تاكلایەنە كۆبونەوەی پەرلەمان بكات‌و زەمانەتی شەراكەتی راستەقینە نەكات. پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر پارتی بەبێ بەشداری یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمان بكات‌و سیناریۆی خولی پێشوو دوبارە بكاتەوە چی رودەدات ؟ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" ئەمجارە یەكێتی بێدەنگ نابێت‌و هەنگاوی تر دەگرێتە بەر، تا ئاستی دوو ئیدارەیی سازش ناكات بۆ پارتی، چونكە ئەگەر ئێستا پارتی ناچارنەكرێت شەراكەتی راستەقینە قبوڵ بكات، سبەی بەتەواوی كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات".


راپۆرتی: درەو میدیا گۆڕانكاریيەكان بەخێرایی دەڕۆن، هێشتا ناكۆكی زۆر لەنێوان یەكێتی و پارتی ماوەو متمانە لە نێوانیاندا دروست نەبووە بۆ ئەوەی رێككەوتنی سیاسی واژوو بكەن، پارتی جدییە لەسەر كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان، یەكێتیش سورە لەسەر ئەوەی دەبێت پێش 18ی شوبات رێككەوتن سیاسی واژوو بكرێت و هەموو پرسەكان پێكەوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، هەردولا چاویان لە كۆبونەوەی رۆژی هەینیيە كە بڕیارە لە نێوان وەفدی هەردولادا گرێبدرێت.  چارەنوسی كۆبونەوەی 18ی شوبات لە پەیوەندییە نارەسمیيەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی بەرەسمی بە یەكێتیان راگەیاندووە" ئەوان سورن لەسەر كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر یەكێتی بەشداری نەكات، ئەوا پارتی كۆبونەوەكە دەكات و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات و شوێنی یەكێتی بە بەتاڵی جێدەهێڵێت و هەردوو جێگرەكە هەڵدەبژێرێت"، لەبەرامبەردا یەكێتی بەرەسمی بە پارتیان راگەیاندووە" دەبێت پێشتر رێككەوتنی سیاسی بكرێت". لە راگەیەنراوی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بەڕوونی وەڵامی پارتیياندایەوە كە " كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی سیاسی لە نێوان یەكێتی و پارتی وەك یەك پاكێج بۆ هەرێم و بەغداد و كەركوك و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان".  گرێدانی تەواوی كێشەكان پێكەوە لەلایەن یەكێتیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەكێتی پێی وایە ئەگەر ئێستادا كێشەكانی لەگەڵ پارتی یەكلانەكاتەوە، لەدوای پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان پارتی ملنادات بۆ كێشەكان و خواستەكانی، رەنگە كێشەكانی كەركوك و بەغداد هەروا بەهەڵواسراوەی بمێننەوە. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" یەكێتی دەیەوێت رێگری بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم درووست بكات، بۆیە بیانوو درووست دەكات، ئێمەش چیدیكە چاوەڕیی یەكێتی ناكەین و هەنگاوەكان بە ئاراستەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكەین، تا سەر لەسەر یەكێتی ناوەستین و كۆبونەوەكەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، خۆ ئەگەر یەكێتی نەهات ئەوا شوێنی یەكێتی جێدەهێڵین و پۆستەكانی تر هەڵدەبژێرین".  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان پارتی دیموكراتی كوردستان نەخشەی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆكایەتیيەكەی داڕشتووە بەجۆرێك جێگری یەكەمی بۆ خۆی یەكلاكردۆتەوەو پێدەچێت جێگری دووەمیش بۆ پێكهاتەكان بكات بەنەریت و بیچەسپێنێت، هەربۆیە كۆنترۆڵی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات و سەرۆكی پەرلەمان پێگەیەكی لاوازی دەبێت. یەكێتی دركی بەم بەرنامەیەی پارتی كردووە، بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتیيەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی بەلاوە گرنگ نیە، تا ئێستاش بە جدی قسەی لەسەر كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان نەكردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە، یەكێتی ئەگەر بەدیلێكی باشتری هەبێت لە پۆستە باڵاكاندا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی ناوێت، چونكە پێی وایە لە پەرلەمانێكدا كە پارتی هەردوو جێگرەكەی لابێت و 45 ئەندامی هەبێت و بەشێك لە كۆتاكانی لابێت، سەرۆكی پەرلەمان پێگەیەكی لاوازی دەبێت، یەكێتی لە ئێستادا دەیەوێت بەغداد و كەركوك یەكلابكاتەوە چونكە بۆی روونبوەتەوە پارتی تەواوی پۆستە باڵاكانی هەرێمی بۆخۆی كۆنترۆڵكردووە. بەشداريكردنی یەكێتی لە كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان بەستراوەتەوە بە كۆبونەوەی رۆژی هەینی نێوان وەفدی یەكێتی و پارتییەوە، ئەگەر لەو كۆبونەوەیەدا گەیشتنە ئەنجام، ئەوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێككەوتنی نێوان هەردوولا واژوو دەكرێت و یەكێتی بەشداری دەكات، ئەگەر رۆژی هەینی نەگەنە ئەنجام، ئەوا پارتی كۆبونەوەی 18ی شوبات دەكات و رێگە خۆشدەكات بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دواتریش راسپاردنى مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.     پارتی و كێشەی بەرهەم ساڵح سەرچاوەیەكی باڵای لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاستی باڵا بەرەسمی بە یەكێتیيان راگەیاندووە، كێشەیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەماوەو ئامادەن لە شاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆك كۆماری عێراق بكەن، بەڵام یەكێتی بە پارتیيان راگەیاندووە، پێگەی سەرۆك كۆمار پێگەیەكی بەهێزەو پێویستە پێشتر وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی سەرۆك كۆمار بكات لە شاری بەغداد وەك هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیيەكانیان، بەڵام پارتی تا ئێستا ئەو هەنگاوەی نەناوە،  پرسی كەركوك  لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی، یەكێتی پرسی چارەسەری كێشەی كەركوكیان بەستوەتەوە بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، ئەوان چەند جارێك رایانگەیاندووە پرسی كەركوك لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گرنگترە. رەنگە ئەو پێداگریيەی یەكێتی لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت كە باڵی كەركوكیيەكان و باڵی لاهوری شێخ جەنگی لەناو مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بەهێزبن و بیانەوێت روداوەكانی16ی ئۆكتۆبەر تێپەڕێنن بە دانانی پارێزگاری كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لەلایەكی تریش ئێستا بە هەلێكی باش دەزانن بۆ فشارخستنە سەر پارتی بۆ ئەوەی رازی بێت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، چونكە لە ئێستادا پارتی پێویستی بەیەكێتیيە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پرۆسەی دانانی سەرۆكایەتی هەرێم كە رەنگە كێشەكە بۆ پارتی و خانەوادەی بارزانیش جدی بێت و نەیانەوێت لەوە زیاتر درێژە بكێشێت.  ئەگەرچی پارتی پێشتر هێلی سوری لەسەر ئەو كەسانە هەبوو كە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، بەڵام ئێستا هێلە سورەكەی كاڵكردوەتەوە، ئێستا كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك رزگار عەلی-يە، پێدەچێت پارتی كەمتر تێبینی لەسەری هەبێت، تەنها تێبێنی دەگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێگای كەركوك بووە، كە زۆر توندبووە بەرامبەر بە پارتی لەو شارە. 


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ دوای 17 ساڵ لە شەڕو پێكدادان، دواجار ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناچاربوو بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگە دوورودرێژە لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دابنیشێت و بڕیارە دوا گەڕی ئەو دانوستانە كۆتایی ئەم مانگە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت. كێ‌ نوێنەرایەتی تاڵیبان دەكات؟ بزوتنەوەی تاڵیبان رۆژی سێشەممە ناوی ئەو 14 كەسایەتییەی بزوتنەوەكەی ئاشكراكرد كە ئەم مانگە لەگەڵ وەفدی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی زەڵمای خەلیلزاد لە دەوحە كۆدەبنەوە. بە گوێرەی تۆڕی " میدڵ ئیست ئۆنلاین" لەو 14 ئەندامەی بزوتنەوەی تاڵیبان، پێنج ئەندامیان پێشتر لە گرتوخانەی گوانتانامۆی ئەمریكا زیندانی بوون و یەكێكیشیان ئەندامێكی باڵای تاڵیبانەو ئێستا لە زینداندایە لە ئەفغانستان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تۆمەتباری دەكەن بە پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی " حەقانی" كە لەلایەن واشنتۆنەوە خراوەتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە. لەوەفدی دانوستانكاری تاڵیباندا " ئەنەس حەقانی" هەیە كە لە ساڵی 2014ەوە دەستگیركراوە، لەگەڵ برابچوكی سەرۆكی تاڵیبان و فەرماندەی تۆڕی حەقانی" سیراجەدین حەقانی". كابوڵ حەقانی ئازاد ناكات هارون شاخانسوری، وتەبێژ بەناوی  ئەشرەف غەنی، سەرۆكی ئەفغانستان كە حكومەتەكەی بانگهێشتی ئەو دانوستانە نەكراوە، رەتیكردەوە كابوڵ نیازی ئازادكردنی ئەنیس حەقانی هەبێت. شاخانسوری لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند:" ئەنەس حەقانی لە زینداندایە و هیچ بڕیارێك بۆ ئازادكردنی نەدراوە". جەختیشیكردەوە كە گەلی ئەفغانستان دڵنیابن لەوەی دادپەروەریی گەرەنتیكراوە. بەردەوام بزوتنەوەی تاڵیبان داوای ئازادكردنی ئەنەس حەقانی دەكات و دەڵێت ناوبراو خوێندكارە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان تۆمەتباری دەكەن بەوەی كە رۆڵێكی بەرچاوی لە تۆڕی حەقانیدا گێڕاوە. تاڵیبان بە مەرج دانوستان دەكات چاودێرانی دۆخی ئەفغانستان رایدەگەیەنن یەكێك لە مەرجەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا، ئاڵوگۆڕكردنی زیندانییەكان و ئازادكردنیانە. واشنتۆن تۆڕی حەقانی كە سەر بە بزوتنەوەی تاڵیبانە بە رێكخراوی تیرۆریستی ئەژماردەكات و ئەو تۆڕە تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2001ەوە خوێناویترین هێرشی لەسەرتاسەری ئەفغانستاندا ئەنجامداوە. زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لەو بارەیەوە رایگەیاند" ئەمریكییەكان ئەنەس حەقانیان دەستگیركردووە و  پێویستە ئازادبكرێت، بۆئەوەی ئەوە ببێتە هۆكارێكی یارمەتیدەر بۆسەركەوتنی دانوستانەكان". تاڵیبان دانوستان لەگەڵ حكومەتدا رەتدەكاتەوە چاوەڕوان دەكرێت كە كۆتایی ئەم مانگە وەفدی دانوستانكاری تاڵیبان و ئەمریكا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر كۆببێتەوە و تاڵیبان كە لەو وڵاتە نوسینگەیەكی سیاسی هەیەو ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی ئەشرەف غەنی رەتدەكاتەوە و جەختدەكاتەوە ئەو حكومەتە " بوكەڵەیە" كە بەدەستی واشنتۆنەوە. هەرچەندە تاڵیبان دانوستان لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان رەتدەكاتەوە، بەڵام هەفتەی رابردوو وەفدێكی ئەو بزوتنەوەیە لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا لەگەڵ وەفدێكی باڵای بەرپرسانی ئەفغانستان و كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتەكەی ئەشرەف غەنی كۆبوونەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand