Draw Media

كێن ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن ؟

كێن ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن ؟

2020-02-06 14:03:32


(درەو):
ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی دەرەوە، (151) دەزگای راگەیاندن‌و رۆژنامەنوس پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە، هەولێرو سلێمانی‌و كەركوك پێشەنگی پێشێلكارییەكانن، پارێزگای هەڵەبجە خاوێنترین ناوچە بووە، زۆرترین حاڵەتی پێشێلكاریی لە شێوەی رێگریكردن بووە لە روماڵكردنی رووداوەكان‌و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، زۆرترین پێشێلكارییەكان لەبەرامبەر رۆژنامەنوس‌و میدیاكارانی كەناڵی (NRT)  كراوە.

ئامارێكی نوێ
لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادی رۆژنامەنوسی‌و مافی رۆژنامەنوسان كە سەربە ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانە، راپۆرتی خۆی لەباری پێشێلكراییەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2019دا بڵاوكردەوە.
بەپێی راپۆرتەكە ساڵی رابردوو بەشێوەیەكی گشتی (66) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر بە دەزگاكانی راگەیاندن‌و رۆژنامەنوسان تۆماركراوە‌و ئەو پێشێلكارییانە (151) دەزگای راگەیاندن‌و رۆژنامەنوسی گرتوەتەوە.
جۆری پێشێلكارییەكان كە ساڵی رابردوو تۆماركراون، ئەمانە بوون:
•    دەستگیركردن: 19 حاڵەت
•    رێگەنەدان بە روماڵكردنی هەواڵ: 24 حاڵەت
•    هێرش‌و سوكایەتی: 10 حاڵەت
•    لێدان: 2 حاڵەت
•    داخستنی نوسینگە: 2 حاڵەت
•    دەستبەسەركردن (توقیف): 4 حاڵەت
•    هەڕەشە: 4 حاڵەت
•    داوای پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاری كەسیی‌و ئەمنی: 1 حاڵەت
رێگەنەدان بە رووماڵكردنی رووداوەكان لەلایەن میدیا‌و رۆژنامەنوسانەوە لە ساڵی رابردوودا دیارترین پێشێلكاریی بووە كە رێژەی (41%)ی كۆی ئەو پێشێلكارییانە پێدەهێنێت كە لەو ساڵەدا تۆماركراون، لەدوای ئەویش پێشێلكاری دەستگیركردنی رۆژنامەنوسانە كە رێژەی (24%)ی كۆی پێشێلكارییەكان پێكدەهێنێت.

پێشێلكاریی بەپێی ناوچە
بەپێی راپۆرتەكە، زۆرترین رێژەی پێشێلكاری بەرامبەر بە میدیاكان‌و رۆژنامەنوسان لە ساڵی رابردوودا لە پارێزگاكانی (هەولێر- سلێمانی- كەركوك) بووە، كەمترین رێژەش لە پارێزگای هەڵەبجە بووە.
ساڵی رابردوو بەپێی دابەشبوونی جوگرافی، پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە میدیا‌و رۆژنامەنوسان بەمشێوەیە بووە:
•    هەولێر: 17 حاڵەت
•    سلێمانی: 17 حاڵەت
•    كەركوك: 17 حاڵەت
•    دهۆك: 8 حاڵەت
•    هەڵەبجە: 1 حاڵەت
•    خانەقین: 1 حاڵەت
•    بەغداد: 1 حاڵەت
•    موسڵ: 1 حاڵەت
 
پێشێلكاریی بەپێی رەگەز
بەپێی رەگەز بەپێی ئامارەكەی لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادی‌و مافی رۆژنامەنوسان، ساڵی رابردوو زۆربەی ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە، لەدژی ئەو رۆژنامەنوسانە بووە كە رەگەزییان (نێر) بووە، بەجۆرێك رێژەی (97%)ی ئەوانەی پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە لە رەگەزی (نێرینە)بوون، لە رەگەزی (مێ) تەنیا رێژەی (3%) تۆماركراوە.

پێشێلكاریی بەپێی دەزگاكانی راگەیاندن
راپۆرتەكە ناوی ئەو رۆژنامەنوس‌و دەزگایانەی بڵاوكردوەتەوە كە ساڵی رابردوو پێشێلكارییان لەدژ كراوە، بەمشێوەیە:
•    پێشێلكاریی لە شێوەی دەستگیركردندا: ئەم شێوازەی پێشێلكاریی لە ساڵی رابردوودا زۆربەی لەدژی رۆژنامەنوس‌و میدیاكارەكانی كەناڵی (NRT) بووە.
•    پێشێلكاریی لەشێوەی فەرمانی دەستبەسەركردندا: دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (NRT)‌و ئەوی تر بەرامبەر ستافی سایتی (درەو)‌و چەند رۆژنامەنوسێكی ترە.
•    پێشێلكاریی لەشێوەی رێگەنەدان بە رووماڵكردنی رووداوەكان: زۆرینەی پێشێلكاریی لەم جۆرە بەرامبەر بە  رۆژنامەنوسانی كەناڵی (NRT) بووە كە (14) حاڵەتە، لەدوای ئەویش كەناڵی (كوردسات) دێت كە (5) حاڵەتە، پاشان كەناڵی (رۆژتیڤی) كە (4) حاڵەتە، (3) حاڵەتیش بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی كوردستان 24 بووە.
•    پێشێلكاری لە شێوەی هێرش‌و سوكایەتی: زۆرترین پێشێلكاری لەم شێوازە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (وار) تۆماركراوە كە (3) حاڵەتە، لەدوای ئەویش كەناڵی (سپێدە)‌و (كوردسات) دێت كە هەریەكەیان (2) حاڵەتیان لەدژ كراوە.
•    پێشێلكاریی لەشێوەی لێداندا: ئەم شێوازە دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (سپێدە) بووە‌و ئەوی تر لەدژی پەیامنێری كەناڵی جەزیرەی قەتەری بووە لەكاتی كوشتنی دیپلۆماتكارەكەی توركیا لە هەولێر.
•    پێشێلكاریی لەشێوەی داخستنی نوسینگە‌و كەناڵ: دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە كەناڵی (NRT) بووە‌و ئەوی تر بەرامبەر بە كەناڵی كوردستان 24 كراوە لە رۆژئاوای كوردستان.
•    پێشێلكاریی لەشێوەی پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاریی كەسیی‌و ئەمنی: ئەم شێوازە سێ حاڵەت تۆماركراوە كە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی هەرسێ كەناڵی (رۆژتیڤی- گەلی كوردستان- كوردستات) تۆماركراوە.
•    پێشێلكاریی لەشێوەی هەڕەشە: چوار حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (NRT) لە بەغداد تۆماركراوە، یەك حاڵەت بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (كەركوك)، یەك حاڵەت بەرامبەر بە كەناڵی (وار)، یەك حاڵەت بەرامبەر بە كەناڵی كوردستان 24.

كێن ئەوانەی پێشێلكاریی دەكەن
ئەوەی لە راپۆرتەكەدا تۆماركراوە، ئەوانەی ساڵی رابردوو پێشێلكاریی جۆراوجۆریان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كردووە بریتی بوون لە:
•    هێزە ئەمنییەكان لە شیلادزێ- دهۆك
•    هێزەكانی ئاسایش- دهۆك
•    پۆلیس‌و بەڕێوەبەری ناحیەی تەكیە- سلێمانی
•    هێزەكانی حەشدی شەعبی- خانەقین
•    هێزەكانی ئاسایش- سلێمانی
•    هێزەكانی سوپای عێراق- كەركوك
•    هێزەكانی سوپای عێراق- موسڵ
•    هێزە ئەمنییەكان- هەولێر
•    هێزی 8ی تەواری- خانەقین
•    راكان جبوری پارێزگاری كەركوك
•    بەرپرسی ئەمنی نیشتمانی- خانەقین
•    هێزی فیرقەی چواری مغاویری سوپای عێراق- كەركوك
•    پۆلیسی نەخۆشخانە- دهۆك
•    هێزەكانی سوپای عێراق- مەخمور
•    هێزەكانی پۆلیسی سۆران
•    ئاسایشی گەرمیان- كەلار
•    ئیستخباراتی كەركوك
•    سەرپەرەشتیاری یاری نێوان یانەی سەیدسادق‌و یانەی خاك لە 7/12/2019
•    خۆپیشاندەران لە كەركوك رۆژی 15/10/2019
•    مستەفا حەسەن گەورە لە 11/10/2019
•    بەشی راگەیاندنی شارەوانی گەرمیان
•    هێزی دژە تیرۆر- هەولێر
•    ئیدارەی باكوری سوریا- رۆژئاوای كوردستان
•    لیوای 61ی سەرۆك وەزیران- كەركوك

دەربازبوون لە سزا
لە هەرێمی كوردستان بەردەوام ئەوانەی كە پێشێلكاری لەبەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجام دەدەن، لە سزای یاسایی دەرباز دەبن، راپۆرتی لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنوسان لە راپۆرتی خۆیدا هیچ حاڵەتێكی تۆمارنەكردووە لەبارەی سزادانی ئەوانەی كە ساڵی 2019 پێشێلكارییان بەرامبەر بە میدیاكان‌و رۆژنامەنوسان ئەنجامداوە.

بەراوردكارییەك
بەپێی ئاماری هەمان لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم (131) حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كورد تۆماركراون، واتە ساڵی رابردوو حاڵەتەكانی پێشێلكاری دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە‌و لە (131) حاڵەتەوە دابەزیوە بۆ (66) حاڵەت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand