Draw Media

بەچەكەوە رێگرییان لە بارهەڵگرە ئێرانییەكان كردووە 

بەچەكەوە رێگرییان لە بارهەڵگرە ئێرانییەكان كردووە 

2020-02-04 17:16:14


 (درەو):
ژمارەیەك شۆفێری مەرزی باشماخ، رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم‌و ئێران دەخەنە مەترسییەوە‌و كوسنوڵگەری ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.
ژمارەیەك سەرچاوەی ئاگادار لە مەرزی باشماخ بە (درەو) یان راگەیاند، چەند شۆفێرێكی بارهەڵگرە فلاتەكانی سنوری مەرزەكە، رۆژی یەكشەممەی رابردوو، لەڕێگای نێوان پێنجوێن- سلێمانی بەچەكەوە رێگرییان لەو بارهەڵگرە ئێرانییانە كردووە كە شوشە لە ئێرانەوە دەگوازنەوە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێراندا كراوە، سێ جۆر كەلوپەل هەن دەبێت لەكاتی هاتنیان لە ئێرانەوە بۆ هەرێم، لە مەرزەكان دانەگیرێن‌و هەر بە ئۆتۆمبیلی ئێرانی بگەیەندرێنە شارەكانی هەرێم، ئەو كەلوپەلانە بریتین لە:
•    پتمۆس- ئەمە مادەیەكە هاوشێوەی پەینی كیمیاییە، ئەم مادەیە ئەگەر لە ئۆتۆمبیلێكەوە بگوازرێتەوە بۆ یەكێكی تر، كوالیتییەكەی خۆی لەدەستدەدات.
•     ئەساسی مۆبیلیاتی ناوماڵ- ئەمە ئێرانییەكان پێی دەڵێن "سەڵتەنە"، ئەمانەش كەلوپەلی ناسكن‌و لە گواستنەوەدا زۆرجار دووچاری شكان دەبن.
•     شوشەی گەورە- ئەمە بریتییە لەو تەبەقە شوشانەی كە بۆ پەنجەرەی ماڵ‌و بینا گەورەكان بەكاردەەهێنرێن.
شۆفێری بارهەڵگرە فلاتەكانی مەرزی باشماخ نیگەرانن لەم رێككەوتنە، چونكە پێیانوایە شۆفێرە ئێرانییەكان كاری ئەوانیان لە مەرزەكە راگرتووە‌و داوا دەكەن ئەوان ئەو جۆرە كەلوپەلانە بگوازنەوە.
چەندجارێك نوێنەری ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرە فلاتانە لەگەڵ لیوا مەریوان شێخ كەمال بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ كۆبونەتەوە، بەڕێوەبەری دەروازەكە ئاگاداریكردوون ئەوە رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و ئێرانە‌و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ئۆتۆمبیلە ئێرانییەكان ئەو جۆرە بارانە دەگوازنەوە، بەڵام ئەم كۆبونەوانە كۆتایی بە نیگەرانی شۆفێرەكان نەهێناوە.
چەند جارێكە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی باشماخ هێزی پۆلیس لەگەڵ بارهەڵگرە ئێرانییەكان دەنێرێت تا ئەوكاتەی بارەكانیان دەگەیەننە سلێمانی.
بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ئەو رووداوەی كە رۆژی یەكشەممە روویداوە، (درەو) پەیوەندی بە لیوا مەریوان شێخ كەمال بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخەوە كرد، لیوا مەریوان زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە.
بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، لەسەر ئەو رووداوە، لەلایەن بەرپرسانی مەرزەكە لە دیوی ئێران‌و هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەری نوسینگەی مەهدی شوشتری كونسوڵی ئێران لە سلێمانی، پەیوەندییان پێوەكراوە‌و ناڕەزایەتییان لەبارەی رووداوەكەوە دەربڕیوە.
لیوا مەریوان وتی:" ئێمە پێشتر كە ئۆتۆمبیلە ئێرانییەكان دەهاتن، بۆ پاراستنیان هێزی پۆلیسمان لەگەڵ دەناردن، بەڵام رۆژی یەكشەممە كە هاتوون، ئێمەیان ئاگادارنەكردووە‌و بەبێ پۆلیس رۆیشتوون، بۆیە ئەو شۆفێرانەی مەرزەكە لەڕێگەی نێوان پێنجوێن- سلێمانی رێگرییان لێكردوون".
ئەو كەسە كە بەچەكەوە رێگری لە بارهەڵگرە ئێرانییەكان كردووە، ناوەكەی لای (درەو) پارێزراوە‌و ئەنجومەنی شۆفێرە بارهەڵگرە فلاتەكانی مەرزی باشماخە، ئێستا رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر گیراوەتەبەرو دادوەر بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی كردووە، بەڵام دەستگیرنەكراوە.
رێگرەكان لەدوو لاوە لە بنكەی پۆلیسی پێنجوێن سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە، لەلایەك، لەلایەن شۆفێرە ئێرانییەكانەوە، لەلایەكی تر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی مەرزی باشماخەوە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand