Draw Media

لەشەڕی نەوتەوە بۆ شەڕی غاز 

لەشەڕی نەوتەوە بۆ شەڕی غاز 

2020-02-02 16:01:41


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
كۆمپانیایەك كە رێژەی 40%ی پشكی ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی كۆرمۆری لە چەمچەماڵ بۆ دەرچووە، بەڵام هێزێكی چەكدار رێگری دەكات لەوەی كارەكەی بكات، ئەمە بووە بە هەڕەشە لەسەر سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی غازی ماڵان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، كێشەكە پەیوەندی بە ململانێی گرێبەستی گواستنەوەی غازەوە هەیە لەنێوان هەندێك بەرپرسی باڵای یەكێتیدا‌و قەیرانی غازی ماڵانی لە هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك دروستكردووە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.

قەیرانی غاز 
لەپاڵ قەیرانی كەمی كارەباو سوتەمەنی، چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستان قەیرانی غازی ماڵان دروستبووە، حكومەتی هەرێم دەڵێ: كۆمپانیایەك گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی لە كێڵگەی كۆرمۆر قۆرخكردووە، كابینەی نۆیەمی حكومەت دوای ئەوەی دەستبەكاربووە، گرێبەستەكەی لەو كۆمپانیایە وەرگرتووەتەوە‌و داویەتی بە كۆمپانیایەكی تر، ئەمە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی غازە.

قەیرانێكی سەرتاسەری
حكومەتی هەرێم باسلەوەدەكات، كێشەی كەمی غاز لە پارێزگای هەولێرو دهۆك هەیە‌و لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە گازی پێویست بۆ ئەو دوو پارێزگایە نانێردرێت.
بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو)، كێشە پارێزگای سلێمانیشی گرتوەتەوە، (درەو) پەیوەندی بە ژمارەیەك گازفرۆشەوە كرد لە سلێمانی، باسیان لەوەكرد، ئەوانیش غازیان دەستناكەوێت‌و رێژەیەكی كەم لە كارگەكان هەیە‌و قەیران دروستبووە. 

سەرچاوەی كێشەكە
بەپێی قسەی حكومەت، كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) سەرچاوەی ئەو كێشەیەیە كە لەبارەی دابینكردنی غازی پێویست بۆ هاوڵاتیان دروستبووە.
كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) لە ساڵی 2004 لە هەرێمی كوردستان دروستكراوە، كۆمپانیایەكی تایبەتە بە (كڕین، گواستنەوە، هەناردەكردن‌و هاوردەكردنی) سوتەمەنی.
ئەم كۆمپانیایە لە مانگی ئازاری ساڵی 2015وە لەگەڵ كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی غازی كۆرمۆری بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز) ئیمزاكردووە.
بەگوێرەی قسەی نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رۆژی 1/1/2020 گرێبەستەكەی كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) لەگەڵ كۆمپانیای (دانە غاز) تەواوبووەو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ماوەی یەك مانگ وادەی كاركردنی بۆ درێژكردوەتەوە تاوەكو كارەكانی رادەستی ئەو كۆمپانیا نوێیە بكات كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستی لەگەڵ كردووە.
ئەو كۆمپانیا نوێیەی كە كارەكەی گرتوەتەدەست ناوی (سورگاز)ە، ئەم كۆمپانیایە دوێنێ بەفەرمی دەستبەكاربووە، خاوەنەكەی پیاوێكە بەناوی (شێخ بەكر)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) شەوی هەینی، ژمارەیەك چەكدار كە جلوبەرگی فەرمییان لەبەردابووە، چونەتەسەر ماڵی شێخ بەكرو رفاندویانە‌و لێیانداوە‌و دواتر ئازادیان كردووە.
بەرەبەیانی دەستبەكاربوونی كۆمپانیا نوێیەكە لەناو كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادر كەرەم، ژمارەیەك چەكدار رێگرییان لەوە كردووە كۆمپانیاكە بەتانكەر غاز بگوازێتەوە.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) تۆمەتبار دەكات بەوەی، پاڵپشتی سەربازی هەیە‌و رێگری لەوەدەكات غاز بۆ شارەكانی كوردستان بگوازرێتەوە.
كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) وتەبێژی فەرمی نییە، بەڵام یەكێك لە بەرپرسەكانی كۆمپانیاكە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو)ی راگەیاند، ئەوەی رویداوە هیچ پەیوەندییەكی بە كۆمپانیاكەی ئەوانەوە نییە.
بەرپرسەكەی كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار وتی:" گرێبەستی ئێمە كۆتایی هاتووە‌و كارەكە دراوە بۆ كۆمپانیایەكی تر، ئەو كۆمپانیا نوێیەی كە دەستبەكاربووە بوتڵی پێوست‌و پارەی پێشەكی ئامادەی نەبووە، بۆیە ماوەی مانگێك كاركردنی ئێمە درێژكرایەوە، بەڵام ئێستا ئیتر كارمان تەواوبووە‌و هیچ پەیوەندییەكمان بەو چەكدارانەوە نییە كە رێگرییان لە كاری كۆمپانیا نوێیەكە كردووە".
وا دەردەكەوێت خاوەنی كۆمپانیاكان وازیان هێناوە‌و ئێستا ئەوانەی لە پشت كۆمپانیاكانەوەن شەڕەكە دەكەن.

قوباد تاڵەبانی دەستوەردان دەكات
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەستوەردانی كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە‌و كۆتایهێنان بە رێگریكردنی هێزە چەكدارەكە.
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان‌و پیشەسازی‌و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" تاوەكو ئەم ساتە گرفت‌و هەڕەشە بەردەوامە لەلایەن هێزێكی ئەمنی.. ناكرێت هێزێك بە جلوبەرگی ڕەسمی بڕواتە سەر كێڵگەی غازو ڕێگربێت لە ناردنی غازی ماڵان بۆ سەرتاسەری كوردستان".
عەلی حەمەساڵح باسلەوەدەكات، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لە هەوڵدان بۆ چارەسەری یەكجاری ئەم گرفتە.. ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ لادانی ئەم ڕێگریە كردویانە، بەڵام لەبەرامبەر هێزێكی گەورەی ئەمنی هەرئەوەندە كراوە‌و هەڕەشە لە سایەق‌و وەكیلەكان كراوە هەركەسێك غاز باربكات دەكوژرێت.
بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح، كۆمپانیای سورگاز كە گرێبەستەكەی بۆدەچووە، رێژەی 40%ی گرێبەستەكەی پشكی ئیدارەی گشتی یەكێتییە.
ئێستا بەفەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیوای نەوت‌و غاز رۆشیتون بۆ كێڵگەی كۆرمۆر بۆ پاسەوانیكردن.
عەلی حەمەساڵح دەڵێ:" ئێستا غاز باردەكرێت، بەڵام ئەو هێزە ئەمنیەی كە پێشتر ڕێگربووە، بەردەوام هەڕەشە دەكات" بەبێ ئەوەی ناوی هێزە ئەمنییەكە‌و بەرپرسی هێزەكە بهێنێت.

كێشەیەكی كۆن لە بەرگێكی نوێدا
كێشەی كۆمپانیاكان لەبارەی كڕین‌و گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی كۆرمۆر نوێ نییە.
ساڵی 2016 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بەپێی فەرمانێكی وزاری بە ژمارە (351) لە رۆژی 17/1/2016، گرێبەستی فرۆشتنی (800 تەن)ی رۆژانەی غازی شلی (LPG) بۆ ماوەی (90) رۆژ بە نرخی (275 دۆلار) بۆ هەر تەنێك، دایە كۆمپانیای (سورگاز).
ئەم گرێبەستەی ئاشتی هەورامی لەكاتێكدا بوو، ئەوكات كۆمپانیای (ساوس كوردستان) كە كاری گواستنەوەی گازی كێڵگەی كۆرمۆری دەكرد، تەنیا ماوەی (مانگ‌و نیوێك) وادەی گرێبەستەكەی مابوو، ئەوكات كۆمپانیای (ساوس كوردستان) وەكو كاردانەوەیەك دژ بە بڕیارەكەی ئاشتی هەورامی، هەناردەكردنی گازی بۆ پارێزگای سلێمانی راگرت، ئەوەش گرفتی كەمی غازی ماڵانی دروستكرد.
ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای (سورگاز) باسی لەوەكرد، هێزێكی چەكدار چووەتە كێڵگەی كۆرمۆرو رێگری كردووە لەوەی كۆمپانیاكەی كاربكات، ئەو ساڵە هێزەكانی ئاسایشی دەستوەردانیان كردو دۆخەكەی لە كێڵگەكە كۆنترۆڵكرا.
بەهۆی ناكۆكی ئەو دوو كۆمپانیاوە، چەند رۆژێكی ساڵی 2016 قەیرانی غاز دروستبوو، كارگەكانی غاز ناچاربوون روو لە شاری كەركوك بكەن بۆ دابینكردنی غاز‌و پێداویستی خەڵك لە سنوری سلێمانی.
ساڵی 2016 ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان باسیان لەوەدەكرد، گرێبەستەكەی ئاشتی هەورامی لەگەڵ كۆمپانیای (سورگاز) گەندەڵی تێدا كراوە، چونكە گرێبەستەكە بەبێ هیچ كێبركێیەك بەو كۆمپانیایە دراوە.
بەپێی قسەی پەرلەمانتاران، كۆمپانیای (سورگاز) بەر لە كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی غازی شلی هەبووە‌و بۆ هەر تەنێك بڕی (192 دۆلار)ی داوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ساوس كوردستان) كردووە بە پارەیەكی زیاتر‌و بەبڕی (200 دۆلار) بۆ هەر تەنێك، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە، كۆمپانیای سورگاز بە پارەیەكی كەمتر بەبەراورد بە كۆمپانیای پێش خۆی كاری گواستنەوەی گازەكەی وەرگرتووە.
دەستوەردانی بەرپرسانی حزبی‌و حكومی لە كاری كۆمپانیاكان، وایكردووە حكومەتی هەرێم لە داهاتی گازی شلدا مانگانە زیانێكی زۆری بەربكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو داهاتانە ناگەڕێندرێنەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە رێگاوبانەكانی ناوچەكەدا.

لەبارەی كێڵگەی كۆرمۆر-ەوە
كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە سنوری ناحیەی قادر كەرەم- لە نزیك چەمچەماڵ، بەپێی قسەی غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەم كێڵگەیە رۆژانە زیاتر لە (هەزار) تەن گازی شل بەرهەم دەهێنێت، جگە لە بەرهەمی خۆی، كێڵگەكە لە چەندین سەرچاوەی ترەوە گازی شلی دەستدەكەوێت، لەوانە لە پاڵاوگەكانی (كەڵەك)‌و (بازیان)‌و هەندێكی تریش لە كەركوكەوە.
بەرهەمهێنانی گازی شل لە كێڵگەی كۆرمۆر تایبەتە بە كۆمپانیای (دانەغاز)، حكومەتی هەرێم گازی شل لەو كۆمپانیایە دەكڕێتەوە، بەرهەمهێنەرو كڕیاری گازی شلی كێڵگەكە جێگیرن، ناكۆكییەكە لەسەر گرێبەستی گواستنەوەی گازە شلەكەیە لە كێڵگەكەوە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، رێگریكردنی ناوبەناوی دەرچوونی گاز لە كێڵگەكەوە بۆ شارەكان، بۆ فشاركردنە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی.
بەكۆی گشتی كۆی ئەو غازە شلەی كێڵگەكە، كە گواستنەوەكەی دراوە بە كۆمپانیای (سورگاز) زیاتر لە (هەزارو 400 تەن)ە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی پەرلەمانتار غالب محەمەد، هەرێمی كوردستان لە رۆژێكدا پێویستی بە كەمتر لە (700 تەن) گازی شل هەیە، هەرچەندە ئەمە بەپێی وەرزەكان گۆڕانكاری بەسەردادێت‌و ئاستی بەكارهێنانی گازی شل لە وەرزی زستان‌و سەرمادا زیاترە.
پێداویستی شارەكانی هەرێم بۆ گازی شل لە رۆژێكدا بەمشێوەیەیە:
•    13 تانكەر بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە
•    13 تانكەر بۆ پارێزگای هەولێر
•    6 تانكەر بۆ پارێزگای دهۆك 
هەر تانكەرێك زیاتر لە (20) تەن گازی شل لەخۆدەگرێت، دەبێت كۆمپانیای تایبەت بە گواستنەوەی گازەكە، هەر تەنێك لەو گازە بە بڕی (430 هەزار) دینار بدات بە كارگەكان.
كێڵگەی كۆرمۆر سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی پێداویستی غازی ماڵانە لە هەرێمی كوردستان.

مافیا لە كوردستان
ئێستا دەستەواژەی مافیا لە بواری ئابوری كوردستاندا تەنیا قسەوباسی ناو خەڵك نییە، حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ بەفەرمی ئەم دەستەواژەیەی بەكارهێنا.
جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی كێشەی گازی كۆرمۆرەوە دەڵێ:" بابەتی گواستنەوەی گاز لە كۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێم، كە لە لایەن كۆمپانیایێكەوە قورخ كرابوو، كرایە تەندەرو دوای ئەوەی بۆ كۆمپانیایەكی دیكە دەرچوو، بڕیار بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەكار ببێت، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان‌و سلێمانی رێگرییان لێ كراوەو وەك كارتێكی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆك وەك پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە".
وتەبێژەكە رایگەیاند:" حكومەتی هەرێم لە هەنگاوەكانی چاكسازی پاشگەز نابێتەوەو هەموو رێكارە یاساییەكان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخكاران‌و مافیاكان روبەڕووی یاسا بكرێنەوە".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand